گوتەبێژی پنتاگۆن: بەلەمەكانى ئێران هەڕەشە و مەترسی جددین ئێران

نوچه‌نێت

جۆن کربی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەبارەت بەوەی کە بە "ڕەفتارە ئازاردەرەکانی بەلەمە خێراکانی سوپای پاسداران" وەسفی کرد، گوتی ئەو بەلەمانە جۆرێک هەڕەشە و مەترسی جددین. هۆشداریشی دا کە هەر جۆرە هەڵەیەک لە هەڵسەنگاندنەکاندا دەتوانێ دۆخەکە بەرەو حاڵەتی نائاسایی ببات و ئەوەش بۆ ئاسایشی هیچ لایەنێک سوودمەند نابێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٢ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دەنگی ئەمریکا" بڵاوی کردەوە، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دوێنی سێشەممە لە میانەی کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کە بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوە دەچوو، لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئەو بەلەمانەی سوپا تەنیا خێران و مەگەر بەلەمی خێرا چ مەترسیێکی هەیە؟، گوتی، "هیچ ترسێک لە هێرشی بەلەمە خێراکان نییە، نیگەرانییەکان لە پاراستنی هێزەکان، داراییەکان و کەشتییەکانمانە و ئەوەی کە ئەو هەڵسوکەوتە ئازاردەرانە دەتوانێ هەڕەشە بە هەژمار بێت".

جۆن کربی گوتیشی، "بەو جۆرەی کە گوتم، ئەوە دەتوانێ هەڵەی هەڵسەنگاندنی لێ بکەوێتەوە و دۆخەکە بە ئاقارێکی تردا ببات و ئەوەش بۆ ئاسایشی هیچ لایەنێک سوودی نابێت. ئەو بەلەمانە پڕچەکن. من شارەزای هێزی دەریایی سوپای پاسداران نیم بەڵام ئەو بەلەمانە پڕچەکن و دەتوانن زیان بگەیێنن و بە پێی خواست و داوای فەرماندەکانیان، دەتوانن هەڕەشە و مەترسی بۆ هێزکان و داراییەکانمان و کەشتییەکانی هاوپەیمانان درووست بکەن".

گوتەبێژی پنتاگۆن گوتی، "ناکرێ بە ئاسانی چاوپۆشی لێ بکرێت. پرسەکە ترس نییە، بەڵکو خۆپاراستنە. دەمانەوێ بە ڕاشکاوی بڵێین ئێمە مافی بەرگریکردن لە خۆمان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا هەیە".

گوتەبێژی پنتاگۆن ڕۆژێک پێشتر ڕایگەیاند بوو نزیکەی ١٣ بەلەمی خێرای سوپای پاسداران بە پێشێلکردنی یاسای پاراستنی تەندروستی و ئاسایشی ئاوە نێودەوڵەتییەکان لە کەشتییەکانی ئەمریکا نزیک بوونەوە و دوای تەقاندنی ٣٠ فیشەکی ئاگادارکردنەوە، کۆتاییان بە هەڵسوکەوتە مەترسیدارانەکەیان هێنا.

 


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین