هەرێمی كوردستان سەركۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگە دەكات راپۆرت و شیکاری

نوچە نێت

ئامادەكردنی: ئەحمەد زرار

ناکۆکی ئێران و ئیسڕائیل ڕیشەیەکی کۆنی هەیە و بۆ سەرەتای دروستبوونی شۆڕشی دەوڵەتی ئیسلامیی ئێران دەگەڕێتەوە، گرژییەکان لە سەرەتای ساڵانی (1979) و پاشان لە ساڵانی هەشتاکان و بە دیاریکراوی لە (1982)ەوە دەستیان پێکرد، کاتێک حیزبوڵڵای لوبنان لەلایەن ئێرانەوە هاوکاری دەکرا بۆ جەنگی دژی ئیسڕائیل، لێرەوە پەیوەندیی ئەم دوو وڵاتە لە دۆستایەتییەوە گۆڕا بۆ دوژمنایەتی. 

 

سەرهەڵدانەوەی گرژییەکان

سەرەتای شەڕە ڕاستەوخۆکە لە (1/4/2024) دەستی پێکرد، کاتێک ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا. لەم هێرشەدا (16) کەس کوژران، کە دیارترینیان "محەممەد ڕەزا زاھیدی" فەرماندەی باڵای فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و حەوت ئەفسەری دیکە بوون. دوای (12) ڕۆژ، بە دیاریکراوی لە شەوی ( 13لەسەر 14/4/2024)، بۆ یەکەمجار ئێران لە مێژوودا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ناو خاکی خۆیەوە هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، کە ناوی لێ نرا (بەڵێنی ڕاستەقینە) تێیدا زیاتر لە (300) درۆن و مووشەکی بالیستی و کرۆز ئاڕاستەی ئیسرائیل کران. دواتر ئەمەریکا بە بەستنی ڕێککەوتننامەیەکی ئاشتی لە نێوانیان کۆتایی بە گرژییەکانی نێوانیان هێنا. پاشان لە بەرەبەیانی (28/2/2026) هێزەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیل نزیكەی (900) هێرشی ئاسمانییان لە ماوەی (12) کاتژمێر کردە سەر ئێران. هەر ڕۆژی دواتر ئێران بە هەڵدانی سەدان مووشەکی بالیستی و هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئیسڕائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە (وەک بەحرەین، ئوردن، کوێت، قەتەر، و تورکیا) وەڵامی دایەوە. 

 

هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بەرامبەر جەنگەكە

هەر لە سەرەتای دەستپێکردنەوەی گرژییەکان، هەرێمی کوردستان بێبەش نەبووە لە زیانی جەنگ و بەردەوام ئاڕاستەی درۆنەکانی هێزی (حەشدی شەعبی) ڕووە و ئاسمانی هەرێمی کوردستان بووە بە تایبەت بۆ پارێزگاکانی (هەولێر و سلێمانی). زیانەکان تەنیا ماددی بوون، تا ئەوەی لە بەرەبەیانی (24/3/2026) لە دوو هێرشی جیاواز دا، بۆ بارەگایەکی فیرقەی (7)ی پیادەی دەڤەری (1) و هێزێکی فرقەی (5)ی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران، لە کردەوەیەکی دوژمنکارانە، دوور لە هەموو ئاکارێکی مروڤایەتی و دراوسێیەتی، بەر هێرشی (6) موشەکی بالیستی ئێرانی کەوتن و لە ئەنجامدا (6) پێشمەرگەی قارەمان شەهید بوون و (30) پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون. 

ڕۆژی (24/3/2026) سەرۆک مەسعود بارزانی لەبارەی ئەو هێرشەوە ڕایگەیاند، "ئەو پەلامارە دوژمنكارانەیە و هیچ پاساوێك هەڵناگرێت. ئەوە بۆ جاری چەندەمە ئەم جۆرە هێرشانە بەبێ گوێدانە بنەماكانی دراوسێتی و یاسای نێودەوڵەتی بەرانبەر هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت. ئەوە لە حاڵێكدایە كە هەرێمی كوردستان بەشێک نەبووە لەم شەڕەی ئێستا لە ناوچەکەدا هەیە و هیچكات هەڕەشە نەبووە بۆ سەر دراوسێکان" بۆیە ئێمە لە هەرێمی کوردستان زۆر بە تووندی ئیدانەی ئەو هێرشە دەکەین " کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە موشەکی ئێرانی كرایە سەر بارەگاكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. بە داخێكی زۆرەوە لە ئەنجامدا ژمارەیەك پێشمەرگەی قارەمان شەهید و ژمارەیەكی تریش بریندار بوون. پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادەی شەهیدانی ئەو پەلامارە ناڕەوایە دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم و هیوای چاكبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازم."

هەر لەم بارەیەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، کە "هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری ئارامی و سەقامگیری بووە. ئێمە پابەندین بە سیاسەتی تێوەنەگلان و دوورکەوتنەوە لە ململانێکان، بە هیچ شێوەیەکیش هەڕەشە نین بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ. بۆيه‌ ئەم هێرشە، دەستدرێژییەکی دوژمنکارانەی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەروەریی وڵات و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و تەواو پێچەوانەی بنەماکانی دراوسێیەتیی باشە."

هەروەها مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە بێلایەنی هەرێمی کوردستان لەم جەنگەدا کردەوە و ڕایشیگەیاند، "هەموو ڕێکارێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دوژمنکاریەی دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان دەگرینە بەر و داوا لە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین سنوورێک بۆ ئەم هێرشە دوژمنکارانەی سەر هەرێمی کوردستان دابنێن" بۆیە ئێمە وەک هەرێمی کوردستان هێرشی "سەر بارەگاکانی پێشمەرگە شەرمەزار و سەرکۆنە دەکەین کە (6) پێشمەرگەی قارەمان شەهید بوون" لای خۆشمەوە "سەرەخۆشی لە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دەکەم و داوای چاکبوونەوەش بۆ برینداران لە خودای گەورە دەکەم."

ڕاستەوخۆ دوای هێرشەکە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند، "بە توندی ناڕەزایەتی خۆمان دەردەبڕین بە شەهیدبوون و برینداربوونی ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمان" وەک یەکێتی نیشتمانی  "ئەو هێرشە "سەرکۆنەی دەکەین و داوا لە حکومەتی عیراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەر جۆرە هێرشێکی هاوشێوە."

هەر لەم بارەیەوە قوباد جەلال تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "لەگەڵ ئەوەی هەر لە دەستپێکی ئەم جەنگەوە، بە ڕاشکاوی هەڵوێستی خۆمان بۆ هەموو لایەک ڕوون کردەوە کە هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەشێک نییە لەم جەنگە، کەچی بەداخەوە لەم ماوەیەدا هەرێمی کوردستان بە دەیان جار کراوەتە ئامانج و لە دواین حاڵەتیشدا بەهۆی هێرشی موشەکییەوە لە سنووری سۆران، شەش پێشمەرگەی کوردستان شەهید بوون و ژمارەیەکیش بریندار بوون".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین