عەلى حسێن: سەردانى سەرۆکى هەرێم بۆ لاى حیزبەکان بۆ دروستکردنى کۆدەنگى کوردە لە بەغدا میدیا

نوچەنێت:

لە بارەى جموجۆڵە سیاسییەکانى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لە کوردستان، عەلى حسێن بەرپرسى مەکتەبى پەیوەندییە نیشتیمانییەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رووداو لە (4) ئایارى (2021)دا، پێیوایە گرنگ نییە کورد یەک لیست بێ یان چەند لیستێک بێت، چونکە هەڵبژاردنى ئەمجارە جیاوازە لە هەڵبژاردنەکانى پێشوو، وەک خۆشى دەڵێت، گرنگ ئەوەیە دەنگى بە کورد بە فیڕۆ نەڕوات، ئەوە گرنگ نییە کورد چۆنە و چەند لیستن، چونکە بابەتەکە ئەمجارە لیست نییە دەنگە، دەنگ بە تاک دەدرێت، نەک بە لیست.

دەقى دیمانەى عەلى حسێن بەرپرسى مەکتەبى پەیوەندییە نیشتیمانییەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان:

ــ ئامانج لەم جموجۆڵە سیاسییانەى نێچیرڤان سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەم کاتەدا چییە، بۆچى دەیەوێ سەردانى لایەنە سیاسییەکان دەکات و دەیەوێ چى بکات؟

عەلى حسێن: وەک دەزانین ئەمڕۆ لە عێراق بە گشتى، لە کورستان و ناوچەکەش بەتایبەتى جووڵەیەک هەیە، جووڵەى سیاسى و ئەمنى و ئابوورى هەیە، بە شێوەیەکى گشتى عێراقیش بەرەو هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەنى نوێنەران دەچى، بێگومان هەرێمى کوردستان و لایەنە سیاسییەکانیش ڕۆڵى گرنگ دەبینین، لە ئاستى سەرۆکایەتیى هەرێم و حکوومەت و پەرلەمان و دامەزراوەى ترى حکوومەتى هەرێمى کوردستان. 

ئێمە بۆ داهاتووى عێراق پێویستمان بە کۆدەنگى هەیە، کۆدەنگى لەسەر ئاستى کوردستان بۆ خاڵە هاوبەشەکانى پەیوەست بە گرفتەکانى نێوان ئێمە و بەغدا، بێگومان ئێمە دەمانەوێ ئەو ماددانەى دەستوور ئەوەى پەیوەندى بە ماف و شایستە داراییەکانى کوردەوە هەیە جێبەجێ بکرێ، بێگومان ئەوەش پێویستى بەوەیە ئێمە هەوڵبدەن پێگەى هەرێمى کوردستان و پێگەى لایەنە سیاسییەکان و کورد و کوردستانیان، کە لێرە پێکەوەین پێگەیەکى بەهێز بێ، ئەو پێگە بە هێزە بێگومان بە دیالۆگ و هەماهەنگى دروست دەبێت.

پێش هەڵبژاردنەکان چەند خاڵێکى هاوبەش هەیە ئەوەى کە پەیوەستە بە کۆدەنگى، لەوە بتوانین کۆدەنگبین، بۆیە لەسەر ئاستى لایەنە سیاسییەکان، لەسەر دامەزراوەتى تریش، لە ئاستى سەرۆکایەتیى هەرێم لەو ماوەیە جووڵەکانى کاک نێچیرڤان بارزانى بۆ ئەوەیە تاوەکو هەم لێرە کە هەموو لایەنە سیاسییەکانى بینیووە هەم سەردانى بەغداشى کردووە و لایەنە سیاسییەکانى عێراقى بینى، ئەو سەردانانەش بە تاکید دەرەنجامى ئەو کۆبوونەوە فراوانەى سەرۆکایەتیى هەرێمە لە (8-4-2021)دا ئەنجام درا، بۆیە لەو جەولە سەردانییە دەمانەوێ کۆدەنگییەک دروست بکەین، بۆ ئەوەى بتوانین خاڵە هاوبەشەکانى هەڵبژاردنى داهاتووە، وە لە خاڵە هاوبەشەکانى پێکەوەکاردن لە بەغدا بتوانین کۆدەنگ بین.

ــ بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو ئەگەر دەتانەوێ کۆدەنگ بن، بۆچى نەتوانرا بەلایەنى کەم لە ناوچەکێشە لەسەرەکان و ناوچەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان لیستى هاوبەش دروست بکەن، هەوڵدرا، مەسەلەن بزووتنەوەى گۆڕان دەڵێ دەسپێشخەریمان کرد ئەنجامى نەبوو، یەکێتى دەڵێ دەمانوست لە ناوچە کێشە لەسەرەکان یەک لیستى هەبێ، بەڵام نەبوو، بۆچى نەتوانرا کورد بە یەک دەنگ دابەزێ، بۆ ئەوەى بەلایەنى کەم کورد بتوانێ لە دواى (16) ئۆکتۆبەرەوە بە قورساییەکى زیاترەوە لەو ناوچانە ئامادەیى هەبێ؟

عەلى حسێن: هەڵبژاردنى ئەوجارە، هەڵبژاردنى لیست نییە هەڵبژاردنى تاکە لەسەر ئاستى بازنە، هەموو کاتێک هەتاوەکو ڕۆژەکانى پێش هەڵبژاردنیش دەتوانین ئێمە هاوکارى یەکتر بین لە ناوچانە، بەتایبەتى ناوچەکانى ماددەى (140) دەتوانین لەو ناوچانەى کە زۆرینەى کوردە، وە ئاراستەیەکیش هەیە مسەلەن ئەو لایەنانەى لێک نزیکن دەتوانن هاوکارى یەکتر بکەن، گرنگ ئەوەیە دەنگى بە کورد بە فیڕۆ نەڕوات، ئەوە گرنگ نییە کورد چۆنە و چەند لیستن، چونکە لیست نییە بابەتەکە دەنگە، دەنگ بە تاک دەدرێت.

ــ بەڵام هەر چەند کاندیدى لایەنەکان زیاتر بندەنگەکان بەرشوبڵاوتر دەبن، ئەمەیش کاریگەرى لەسەر ژمارەى کورسییەکان دەبێ لەو ناوچانە، ئەوە زیان بە کورد ناگەینی؟

عەلى حسێن: بێگومان ژمارەى کاندەدەکان زۆر نین، لێکتێگەیشتنیش هەیە، وە ئەم سەردانییانەى ئەمڕۆى کاک نێچیرڤان بارزانى بۆ لاى لایەنەکان، بێگومان ئەویش کاریگەرى دەبێ، دوایی لەوانەیە هەندێ کاندید لە هەندێ ناوچە هەر بکێشتەوە ئەگەر لە شوێنک دەرفەتى لێکتێگەیشتن هەبوو، چونکە هێشتا کاتەکە ماوە هەتاوەکو مانگى (10)یە، وەک باسمکرد هەڵبژاردنەکە لەسەر ئاستى تاکە، ئەوە نییە بڵێى دەنگ لە لیست دەدەم لێرە گرفت بۆ لیستەکە دروست دەبى، دەنگ بۆ تاکە، واتە دەتوانین لە هەر کاتێکى کە مەبەست بێت پێش هەڵبژاردنەکە لێکتێگەیشتن ئەنجام بدەین، ئاساییە لە شوێنێک کاندیدێک بکشێتەوە، دەکرێ لە شوێنێک هاوکارى لایەکى تر بکرێت، ئەو لێکتێگەیشتنەش هەیە، بەڵام ڕەنگە لەو دانیشتن و بەسەرکردنەوانە زیاتر هەبێ. 

گرنگ ئەوەیە دەنگى کورد پەرت نەبی، ئەو دەنگانە بۆ کورد بگەڕێتەوە، ئینجا چۆنە و بە چە شێوەیەکە، ئەوانەى شارەزانە لە بوارى هەڵبژاردن ئەوان لەڕووى هونەرییەوە باشتر دەزانن، بەتاکید دەزگاى هەڵبژاردنەکان کۆبوونەوە و لێک نزیکبوونەوە دەبێ، بۆ ئەوەى بتوانن دەنگى کورد بە فیڕۆ نەڕوات و دەنگەکان پەرت نەبى.

ــ بابەتى دەستوور یەکێکە لە بابەتە گەرمەکان، هەروەک دوێنێش سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ کۆمەڵى دادگەرى و یەکگرتووى ئیسلامیش باسیکردووە، ئەمڕۆش لەگەڵ لایەنەکان دەستوورى هەرێمى کوردستانە، پارتى دیموکراتى کوردستان بۆچوونى چییە لەسەر دەستوورى هەرێمى کوردستان، پێتانوایە لەم خولەى پەرلەمانى کوردستان دا ناکۆکییە سیاسییەکان ئەوەندە لێک نزیک دەبنەوە و کۆتاییان دێت، کە بتوانن دەستوور پەسند بکرێ؟

عەلى حسێن: دەستوور بۆ هەرێمى کوردستان زۆر گرنگە، بێگومان دەستوور دەبێتە کۆکەرەوەى لایەنەکان و بنەمایەکى گرنگیى پێکەوەکارکردن بۆ هەموو لایەک، دیارە زۆر گفتوگۆش لەسەر دەستوور کراوە، ئەو ڕەشنووسەى کە پێشتر ئامادەکرابوو بە ڕەزامەندى زۆربەى هەرە زۆرى لایەنە سیاسییەکان بوو، لە کۆتایی ئەوەبوو کە تێبەپەڕى و لە پەرلەمان دەنگى بۆ بدرێت و ڕاپرسى لەسەر بکرێ. زۆر گرنگە لەم خولە هەموومان هەوڵى بۆ بدەین، ئەوە دیدگاى پارتى دیموکراتى کوردستانە، پێشبینى دەکەین لایەنەکانى تریش هەمان بۆچوونیان هەبێ، بەڵام ڕەنگە هەندێ تێبینى لێرە و لەوێ هەبێ ئەویش قابیلى گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنە، لە کۆبوونەوەکانى ڕابردووى سەرۆکى هەرێمى کوردستانیش زیاتر باسى ئەو بابەتە کراوە، ئەمڕۆش ڕەنگە زیاتر قسەى لەسەر بکرێ.

ــ پارتى دەیەوێ دەستوورێکى چۆن بێ لە هەرێمى کوردستان؟

عەلى حسێن: بە تاکید دەبی دەستوورێک بێ گونجاو بێ لەگەڵ دەستوورى عێراق و پێچەوانەى نەبێ، بەڵام هەندێ خاڵ هەیە تایبەتمەندى کوردستان دەپارێزێت، وە ئەوەى گرنگە پاراستنى قەوارەى سیاسیى هەرێمى کوردستانە و کۆمەڵێگ بابەتى دیکەیە، کە پەیوەستە بە بەهێزبوونى ئەزموونى هەرێمى کوردستانە و ڕەچاوى مافى تاک و پێکهاتەکانى کوردستان بکرێ، وە ئەو خاڵانەى لەگەڵ دەستوورە مەدەنى و دیموکراسییەکانى دونیا دەگونجێ، بە تایبەت تایبەتمەندى ئێمە کە دەوڵەت نین، ئێمە هەرێمێکى سەر بەدەوڵەتێکى فیدراڵیین، دەبێ ئەو تایبەتمەندیانە بپارێزى بۆ ئەوەى کیانى دەستوورى و سیاسیى ئێمە پارێزراو بێ. 

ــ هەندێ لایەن دەوا دەکەن کە هاوشێوەى دەستوورى عێراق، بۆ نموونە هەندێ بڕگە و ماددەى تێدایە دەبێ وەکو دەستوورى عێراق بێ، جگە لەوەش بابەتى دابەشکردنى دەسەڵاتە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستان، کە پێشتر یەکێک بوول ە گرفتەکان، بابەتى ئایینى ئیسلام و ئەوەى کە بنەماى سەرەکى دەستوور بێ، کە هەندێ لە پێکهاتەکانى دیکەى نیگەران کردبوو، ئەو خاڵانە جێگەى ئەوەن کە کۆتاییان پێبێ و ناکۆکییەکان نەمێنێ و هەرێمى کوردستان لەم خولەى پەرلەمان ەستوورێکى هەبێ؟

عەلى حسێن: بێگومان هەندێ خاڵ هەیە پێویستى بە گفتوگۆ هەیە، بەڵام باوەڕ ناکەم گرفتى جەوهەرى بن، وە ئێمە ڕەچاوى ئەوە دەکەین کە دەستوورى هەرێمى کوردستان پێچەوانەى دەستوورى عێراق نەبێ، چونکە ئێمە بەشێکین لە عێراق، بەڵام لە هەمانکاتیشدا تایبەتمەندى خۆمان هەیە، وەک تایبەتمەندى سیاسى، کولتوورى، ئایین و مەزهەبى، جیاوازى پێکهاتەکان، بە تاکید ڕەچاوى بنەماکانى مافى مرۆڤ و دیموکراسیش دەکرێ، ئەمانە هەمووى لەلاى ئێمە گرنگن، بۆیە دەبێ لەو تایبەتمەندییانەى هەرێمى کوردستان کە باسمکرد لە دەستوورى هەرێمى کوردستان، ئەوە خواستى هەموو لایەک دەبێ لەبەر چاو بگیرێ.

ــ لە ماوەى ڕابردوو پەیوەندییەکانى پارتى و یەکێتى بەڕاستى پەیوەندییەکى باش نەبوو، گرژى هەبوو لە نێوانیاندا، پێتوایە ئەم سەردانییە و یەکتر بینینى جێگرى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان نێچیرڤان بارزانى لەگەڵ هاوسەرۆکانى یەکێتى، کە من باسى پۆستە حیزبییەکەى دەکەم، بەتایبەتى لاوهور شێخ جەنگى، وا دەکات پەیوەندییەکانى پارتى و یەکێتى ئاسایی ببێتەوە یان کەمێک گرژییەکان کەم بێتەوە؟

عەلى حسێن: ئێمە دوو حیزبى جیان، لە کۆمەڵێک بایەت دوو دیدگاى جیاوازمان هەیە، بەڵام بە تاکید خاڵى هاوبەشیشمان زۆرە، لە ڕابردووى سیاسیمان پێکەوە کارمان کردووە، چە لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان و عێراق چە لەسەر ئاستى هەرێمایەتیى و نێودەوڵەتیش، لە کۆنگرە جیهانییەکان ڕۆڵى پارتى و یەکێتى ڕۆڵەکى بەرچاو بووە، ئەوە ماناى ئەوە نییە لە هەندێ وێستگەى پێکەوە کارکردنمان گرژى هەبێ و ببێتە هۆکارى ئەوەى کە پێکەوە نەتوانین کاربکەین، یاخود نەتوانین هەماهەنگ و هاوپەیمانییەک پێکەوە دروست بکەین، بەلایەنى کەم لەسەر خاڵە بنەڕەتییەکان کە لەبەرژەوەندى هەرێمى کوردستانە، لە سەر ئاستى هەرێمى کوردستان و عێراق پێکەوە کار بکەین، بۆیە بێگومان چەندە گرژیش هەببووبێ، بەڵام خاڵى هاوبەشیشمان هەیە، ئەو خاڵە هاوبەشانە وایکردووە ئەمڕۆ پێکەوە دابنیشین.

ــ خاڵى هاوبەشتان زۆرە لەگەڵ یەکێتى یان خاڵى ناکۆک؟

عەلى حسێن: خاڵى هاوبەشمان گەلەک زۆرترە، ئەگەر خاڵى هاوبەش نەبوایە بێگومان نەمانتدەوانى لە حکوومەت و پەرلەمان پێکەوە بین و تیمەکانى حکوومەت پێکەوە بچنە بەغدا، بۆیە خاڵى هاوبەشمان زیاترە، بەڵأم بێگومان ناکۆکیش هەیە، چونکە ئێمە دوو حیزبى جیان، ئەگەر وەکو یەک بیربکەینەوە دەبێ یەک حیز بین، وە ئاسایشە بیکردنەوە لە هەندێ خاڵدا جیاواز بێ، دەشکرێ بە دواى بەدیل و خاڵى هاوبەش بگەڕێین، ئەوە بە دیالۆگ و گفتووگۆ دەتوانین بیکەین.

سەرچاوە: رووداو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە