عەبدوستار مەجید: وا سەیرى سەرۆکایەتیى هەرێم دەکەین؛ چەترێکە بۆ کۆکردنەوەى بیروڕاجیاوازەکان میدیا

نوچەنێت:

لە میانى دیمانەیەکى دا لەگەڵ رووداو لە (3-5-2021)دا، عەبدوستار مەجید ئەندامى ئەنجوومەنى باڵاى کۆمەڵى دادگەرى کوردستان و سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵى دادگەرى لە پەرلەنى کوردستان، لە سەر سەردانى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، بۆ لاى کۆمەڵى دادگەرى و هێز و لایەنە سیاسییەکانى دیکە، دەربارەى پرسى دەستوورى هەرێمى کوردستان و هەڵبژاردنى پێشوەختەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، دەڵێت، ئەم کۆبوونەوەى ئەمڕۆى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ سەرۆکى کۆمەڵى دادگەرى، پەیوەندى هەیە بەو زنجیرە کۆبوونەوەى کە پێشتر لە سەرۆکایەتیى هەرێم ئەنجام دراون، لە بارەى کۆمەڵێک پرس و بابەت کە پەیوەندییان هەبووە بە هەرێمى کوردستان و عێراقەوە هەیە، وە بە تایبەتیش ئەو بابەتانەى پەیوەندییان هەیە بە نێوخۆى کوردستانەوە هەیە.

هەروەها لەسەر دەستوور، بە گووتەى عەبدوستار مەجید، کۆمەڵى دادگەرى، دەستوور بۆ هەرێمى کوردستان بە پێویست دەزانێ، نوێنەریشیان لە لیژنەى دەستوورى هەرێمى کوردستانیش هەبووە. وە دەشڵێت، هەمیشە دوپاتمانکردۆتەوە، کە هەرێمى کوردستان پێویستى بە دەستوور هەیە، بۆ ئەوەى ببێتە چەترێک بۆ سەقامگیریى سیاسى و کۆمەڵایەتى، بەتایبەتیش بۆ پێکەوەژیانى هەموو چین و بۆچوون و توێژە جیاوازەکان. ئێمە تەنها ئەوەمان داواکردووە، نابێ پێچەوانەى دەستوورى عێراق بێ، چونکە بەو دەستوورى عێراق، ئێمە لە کوردستان هەموومان دەنگمان پێداوە، نابێ لە عێراق یاسایەک دەربکرێ پێچەوانەى سەوابتى شەرعى بێ، واتە بابەتە چەسپاوەکانى شەریعەت، ئێمە هەر ئەوە داواکاریمانە.

ــ ئەجنداى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ لاى کۆمەڵى دادگەرى دیارە، ئەوەى کە باس دەکرێ دەستوور ڕەنگە یەکێک بێ لە تەوەرە سەرەکییەکان و ڕەنگە هەڵبژاردنى پێشوەختەى عێراق بابەتێکى دیکە بێ، وردەکارى سەردانەکە چییە بۆ لاى ئێوە؟

عەبدوستار مەجید: دیارە ئەمڕۆ سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەردانى سەرۆکى کۆمەڵى دادگەرى دەکات، پێشتر دیارە زنجیرەیەک کۆبوونەوە هەبووە لە سەرۆکایەتیى هەرێم، وە پەیوەندى هەبووە لە بارەى کۆمەڵێک پرس و بابەت کە پەیوەندییان هەبووە بە هەرێمى کوردستان و عێراقەوە هەیە، وە بە تایبەتیش ئەو بابەتانەى پەیوەندییان هەیە بە نێوخۆى کوردستانەوە هەیە، کە ئێمە چە لە کۆبوونەوە و دیدارى سەرۆکایەتیى هەرێم، وە چە لەگەڵ هەر لایەن و حیزبێکى دیکە کۆبووینەوە، بەشێکى گفتوگۆ و قسەکانمان لەسەر ڕەوشى خراپى هەرێمى کوردستان و شێوازى حکوومڕانى و بەڕێوەبردنى وڵات بووە، کە خەڵک و هەرێمى کوردستانى تووشى کۆمەڵێک قەیرانى گەورە کردووە، هەرە لە قەیرانى سیاسیى بگرە، قەیرانى ئابوورى، قەیرانى کۆمەڵایەتیى و قەیرانى نەبوونى متمانەى هاووڵاتییان لە دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان.

لەم چوارچێوەیەدا چە لە پەرلەمانى کوردستان چە لە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ سەرۆکایەیتى هەرێم، کە سەرۆکایەیتى هەرێم وا دیارە و وا تەماشامانکردووە کە چەترێک بێ بۆ کۆبوونەوە و کۆکردنەوەى بیروڕاجیاوازەکان و هێز و پارتە سیاسییەکانى کوردستان. ئێمە لەم روانگەوە هەمیشە پێشنیار و پڕۆژەى خۆمان پێشکەشکردووە، کە چۆن دەتوانین لەم واقیعە ڕزگارمان بێ، ئەمە قسەى هەموو لایەنەکانە تەنانەت ئەوانەى حکوومەتیشیان پێکهێناوە، نیگەرانن لەو بارودۆخە، بەڵام بەرپرسیارى یەکەم لەو بارودۆخە ئەوانەن کە حکوومەتیان پێکهێناوە، بە پلە یەک پارتییە، یەکێتییە، ئینجا بزووتنەوەى گۆڕان.

 

بۆیە لەم چوارچێوانە ئەم گفتووگۆیانە هەبووە، پێموایە ئەوە درێژەى ئەو بارودۆخەیە، لێتناشارمەوە لە هەندێ لە کۆبوونەوەکانى ڕابردوو کە بانگهێشتکراوین ئێمە نەچووینە، لەبەر ئەوەى گوتوومانە نابێ هەر کۆبوونەوە بۆ کۆبوونەوە بێ، دەبێ کۆبوونەوەکان بە شێوەیەک بێ، کە ئەو میللەتە دڵخۆش بکەین و بڵێین ئەنجامى ئەم کۆبوونەوەیە ئەوەبووە، ئێمە بەو ئاراستەیە کار دەکەین. هەروەها ئەو هەڵبژاردنەى عێراقیش کە لە (10-10) ئەنجام دەدرێت، دیارە بۆ ئەوەش کۆمەڵێک جمووجۆڵى سیاسى و پەیوەندیى سیاسى هەموو لایەنەکانى گەرمکردۆتەوە، هەر یەکەى بە ئاراستە و شێوەیەک کە چۆن دەڕوانێتە هەڵبژاردنەکە، وە ئێمە چە جۆرە هەڵبژاردنێکمان دەوێ؟ چى بکەین لە هەرێمى کوردستان؟ ئێمە قسەى خۆمان لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ زۆربەى لایەنەکان کردووە، کە هەوڵدەدەین هاوپەیمانى دروست بکەین.

ــ لە بارەى بابەتى دەستوورى هەرێمى کوردستان، کە ڕەنگە گفتووگۆى گەرم لە داهاتوو لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا بێنێتە ئاراوە، وە ڕەنگە ئەمڕۆ سەرۆکى هەرێمى کورستان ئەم بابەتە لەگەڵ کۆمەڵى دادگەرى باس بکات، بۆچى ئێوە لەسەر دەستوورى هەرێمى کوردستان چییە، پێشتر زۆر تاکیدتان لەسەر ئەوە دەکردەوە کە دەبێ ئایینیى ئیسلام ببێتە بنەماى سەرەکى دەستوور، یان یەکێک لە کێشەکانى دەستوور لە نێوان لایەنە سیاسییەکان دا هەبوو، بابەتى شەع و ئایینیى ئیسلام بوو، کە ببێتە بنەمایەکى سەرەکى لە نووسینەوەى دەستوور، بۆچوونى کۆمەڵى دادگەرى لەو بارەیەوە چییە؟ 

عەبدوستار مەجید: ئێمە دەستوور بۆ هەرێمى کوردستان بە پێویست دەزانین، وە کاتى خۆى لە پەرلەمانى کوردستان کە لیژنەى بۆ پێکهێنراوە، ئەندامێکى ئەو لیژنەیە ئەندامى کۆمەڵى دادگەرى بووە، وە ئێمە هەمیشە دوپاتمانکردۆتەوە، کە هەرێمى کوردستان پێویستى بە دەستوور هەیە، بۆ ئەوەى ببێتە چەترێک بۆ سەقامگیریى سیاسى و کۆمەڵایەتى، بەتایبەتیش بۆ پێکەوەژیانى هەموو چین و بۆچوون و توێژە جیاوازەکان. ئێمە تەنها ئەوەمان داواکردووە، دەستوورى هەرێمى کوردستان، کە ئێمە ئێستا لە چوارچێوەى عێراق داین، نابێ پێچەوانەى دەستوورى عێراق بێ، دەستوورى عێراق کە ئێمە لە هەرێمى کوردستان هەموومان دەنگمان پێداوە، نابێ لە عێراق یاسایەک دەربکرێ پێچەوانەى سەوابتى شەرعى بێ، واتە بابەتە چەسپاوەکانى شەریعەت، ئێمە هەر ئەوە داواکاریمانە.

لە ڕاستیدا ئێمە شتێکى تایبەت و شازمان داوا نەکردووە، ئەوەى کە پەیوەندى بە بیروباوەڕ و ئینتیماى ئایینیى زۆرینەى هەر زۆرى هەرێمى کوردستانەوە هەیە، کە زۆرینەى ئیسلامن، خۆ ئێمە لەوە ڕاناکەین، کەس هەیە لەوە ڕا بکات کە ئایینیى ئەم میللەت و وڵاتە ئیسلامە، وە ئێمە ئێستاشى لەگەڵ بێ، کە مافى پێکهاتەکان و ئاینییە جیاوازەکانیش، ئەوانەى باوەڕیان بە غەیرى ئیسلامیش نییە لە دەستووردا ماف و ئازادییەکانیان پارێزراو بێ، ئەگەر یەک کەسیش بێ مافى خۆیەتى لەو هەرێمى کوردستانە بە ئازادیى بژى و دەستوور مافەکەى بپارێزێت. لە هەموو دونیاش زۆرینەى خەڵکەکە چە ئایین و بیروباوەڕێکیان هەبێ ئەو وڵاتە ئەوە تەبەنى دەکات، ئێمەش دەڵێن بەرپرسانى هەرێمى کوردستان، حیزب و لایەنەکان، ئەوەشى کە عەلمانیشە، زۆر دەڵێن ئێمە هەموومان موسڵمانین و ئیسلام ئایینیمانە، دەفەرموون ئەوە دەستوور دێتەپێشى و ئەوە سەنگى مەحەکە، ئایا ئەو سەرکردە و لایەنە عەلمانیانە چەندە ڕاست دەکەن لەگەڵ ئەوەى کە دەڵێن ئێمەش موسڵمانین و ئیسلام ئایینیى هەموومانە، فەرموو با لەو دەستوورەدا پێگەى بەهێز بێ، بە شێوەیەک کە شایستەى میللەتێکى موسڵمان بێ.

ــ لە دوو خولى ڕابردووى پەرلەمان دەستوور نەتوانر لە پەرلەمانى کوردستان تێبەپەڕێندرێ، هەرچەندە لیژنەى دەستوورى بۆ دروستکرا و زۆر گفتووگۆى لەسەرکرا، وە زۆربەى ماددەکانى دەستوور نووسرایەوە، پێتانوایە لەم خولەى پەرلەماندا لایەنە سیاسییەکاندا لەسەر نووسینەوەى دەستوور بگەنەڕێککەوتن و لەم خولە تێپەڕێ؟

عەبدوستار مەجید: ئێمە ئێستاش کاتمان لەبەردەم ماوە، بەڵێ دەکرێ جددى تر کار لەسەر پڕۆژەیاساى دەستوور بکرێ، وە دەشکرێ تێبپەڕێندرێ، من پێموایە ناکۆکییەکان زۆر و گەورەش نین، کاتى خۆشى ئەو بابەتەى کە باستکرد تاڕادەیەک چارەسەرى بۆ دۆزرابوویەوە، بەداخەوە ئەو لایەنانەى کە ناڕازیبوون نەدەبوو وا بکەن، کە میللەتى کورد زۆربەى زۆرى موسڵمانە و ئایینمان ئیسلامە، وە یاسایەک یان بڕیارێک دەربکرێ دژى شەریعەتى ئیسلام بێ.

ــ جگە لە بابەتى دەستوور، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانى لەسەرر هەڵبژاردنەکان پێتانوایە چى لەگەڵ کۆمەڵى دادگەرى باس دەکات، لە کاتێکدا کۆمەڵ لێکتێگەیشتنى لەگەڵ یەکێتى نیشتیمانى هەیە، دواتر پێمانخۆشە وردەکارى ئەوەشمان بۆ باس بکەى، بەڵام ئەمڕۆ پێتانوایە باسى هەڵبژاردن و ئامادەکارییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ هەڵبژاردن بکرێ؟

عەبدوستار مەجید: دیارە ئەو بابەتانەى سەرۆکى هەرێم لەگەڵ سەرۆکى کۆمەڵى دادگەرى باسى دەکات، ئەوە لاى خۆیانە و خۆیان دەیزانن، بەڵام ئەوە لەلاى ئێمە بێ، بەڵێ یەکێک لە بابەتە هەرە گرنگەکان ئەوەیە کە ئێمە باسى هەڵبژاردن دەکەین، باسى ئەوە دەکەین پێویستە هەڵبژاردنێکى پاکوخاوێن بکرێ، با یەک جار هەرێمى کوردستانیش تەزویرى تێدا نەبووە یان زۆر کەم بووە، ئەوە ئامانجمانە، ئەوەمان لەگەڵ سەرۆک کۆمارى عێراقیش باسمانکرد کاتێ سەردانى سەرۆکى کۆمەڵى دادگەرى کرد، ئەم داوایەمان لە پارتى و یەکێتیش هەیە، کە هەر ئەوەیە تەزویر نەکرێ و کەشوهەوایەکى ئازادانە و لەبار و گونجاو بڕەخسێندرێ، کە خەڵک بە ئازادى دەنگى خۆى بدات، وە دڵنیا بێ لەوەى کە دەنگەکەى نافەوتێندرێ، دەتوانم بڵێم هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان، هەر ئەو مافەیان ماوە و لێیان زوت نەکرابێ، وەک دەزانن مووچە و ئازادییان لێزەوتکراوە.

بۆیە ئێمە دەڵێین تەنها تەوزیر نەکرێ، ئەوە یەکێک لەو بابەتانەى کە ئەمڕۆ سەرۆکى کۆمەڵى دادگەرى لەگەڵ سەرۆکى هەرێمى کوردستان باسى بکات.

ــ ئێوە لێکتێگەیشتنێکتان هەیە لەگەڵ یەکێتى نیشتیمانى کوردستان وەکو کۆمەڵى دادگەرى کوردستان بەتایبەت لە هەولێر، چۆن بوو لەگەڵ یەکێتى نزیکبوونەوە، کە پێشتر ئەو هەموو ناکۆکییە سیاسییەتان هەبوو لەگەڵ یەکێتیى نیشتیمانى کوردستان، ئەو لێکتێگەیشتنە چۆن دروست بوو؟ 

عەبدوستار مەجید: من حەز دەکەم هەموو لایەک بیزانن، تا ئێستاکە هیچ ڕێککەوتێکمان لەگەڵ یەکێتیى نییە، وەک ئەوەى باس دەکرێ.

ــ کشانەوەى کاندیدێکیان لە هەولێر لە بەرژەوەندى جەنابت لەسەر چە بنەمایەک بوو؟

عەبدوستار مەجید: ئەوە هیچ پەیوەندى بە ئێمەوە نییە، پێمخۆشە پرسیار لەوان بکەن، کە ئایا ئەگەر لە بەرژەوەندى ئێمە کەسێک بکشێتەوە یەکێکى تر دەبێ دابنرێ، کە وەک باس دەکرێ ڕێباز بیرکۆتى کشاندرایتەوە، ئێستا ئافرەتێکیان داناوە، خەڵک و جەماوەرى یەکێتی هەتا کاندیدێکى خۆیان هەبێ دەنگ بە کاندیدێکى من و تۆ و یەکێکى تر دەدەن.

ــ یانى کشاندنەوەى ڕێباز بیرکۆتى پەیوەندى لەو بازنەى جەنابتى لێیە نییە، پەیوەندى بە ناوخۆیى یەکێتیى نیشتیمانى کوردستانەوە هەیە؟

عەبدوستار مەجید: من لێرەوە ڕایدەگەینم، کاک ڕێباز لەوێ کاندید دەبێ یا هەر کەسێکى دیکە لەوێ کاندید دەبێ، چونکە بەڕاستى من ئەو منتە ناخەمە سەر خۆم، چونکە یەکێکى دیکەیان کاندیدە، زۆر ئاساییە و بازنەکانى هەڵبژاردنیش بە شێوەیەک ڕێکخراوە، کە خەڵک دەنگ بە کاندید دەکات، ئەگەر ئەو کاندیدەى من یان هى لایەنێکى تر حەزى پێ نەکات دەتوانێ دەنگى پێ نەدات، من لێرەوە ڕایدەگەینم هەر کاندیدێکى پێیان باشە، دەرگا کراوەتەوە و من ناتوانم ڕێگە لە کەس بگرم، پێمخۆشە سەرچاوەى ئەو پروپاگەندانە بزانین، ئایا سەرچاوەیەکى فەرمى هەیە کە ئێمە ئاوا ڕێککەوتنمان کردووە، کوا ڕێککەوتنەکەى ئێمە؟. خۆت دەزانى یەکێتیى نیشتیمانى زیاتر لە دەڤەرى سلێمانى دەسەڵاتى هەیە، یانى دەتوانێ چى بکات بۆ کاندیدى لایەنێکى دیکە.

سەرچاوە: رووداو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە