د. هەڵمەت غەریب: نێچیرڤان بارزانى کار بۆ یەکگوتارى کورد دەکات میدیا

نوچەنێت:

لەسەر سەردانى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، بۆلاى سەرجەم هێزە سیاسییەکان، د. هەڵمەت غەریب لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رووداو لە (4-5-2021)دا، لە بارەى ئەو دەستپێشخەریەکەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێیوایە، پەیوەندى هەیە بە بارودۆخى ناوخۆى هەرێمى کوردستانەوە، چونکە ناکرێ تۆ هەوڵى یەکڕێزى و یەکخستنى هێزە سیاسییەکانى عێراقییەکان بکەى و لەسەر مێزى دانوستاند کۆیان بکەیتەوە بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکان، لە کاتێکدا ناوخۆى هەرێمى کوردستان گرفت هەبێ.

هەروەها دەشڵێت، زۆر شت هەیە لە دواى هەڵبژاردنەکان یەکلایى دەبێتەوە، چونکە ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنێکى یەکلایی کەرەوەیەبە نیسبەت عێراقەوە. یەکەم، نێچیرڤان بارزانى باش دەزانى زۆر ئەستەمە هەردوو پارتى سەرەکى پارتى و یەکێتیى نیشتیمانى لە ناو یەک هاوپەیمانى جێگەیان بکاتەوە، هەریەکەو تێڕوانینى سیاسى خۆیان هەیە، بەڵام ئەو بەو ئاراستەیە سیاسەت دەکات، کە ناکۆکییە سیاسییەکانى ناوخۆى کوردستان نەبێتە هۆى دوورکەوتنەوەى زیاترى ناوخۆ بەرامبەر بەغدا.

 

دەقى دیمانەى د. هەڵمەت غەریب لە سەنتەرى لێکۆڵینەوەى رووداو:

ــ بۆچى لەم کاتەدا ئەو هەموو کۆبوونەوەیە ئەنجام دەدرێت؟

د. هەڵمەت غەریب: لە دواى جەژنى ڕەمەزانەوە حەڕاکێکى فراوانترى دیپلۆماسى لە کوردستان دەست پێدەکات، یاخود دەتوانم بڵێم هەولێر دەبێتە ترافیکێکى سیاسى و دیپلۆماسى زۆر گرنگ، هۆکار زۆرە، یەکێک لەو هۆکارانە ئەوەیە کە نێچیرڤان بارزانى، چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لە بەغدا، دەستپێشخەرێکى عێراقى هەیە، دەستپێشخەرى عێراقى بە بێ یەکخستنى گوتارى ناوخۆى کوردستان زۆر ئەستەمە سەر بگرێ، ئەو دەستپێشخەرێکى عێراقییە گەڕانە بەدواى چارەسەرکردنى دۆسیە و کێشەکانى عێراق لە تیڕوانینێکى نیشتیمانییانەى عێراقییانە، کە عێراقییەکان خۆیان بڕیاردەدەن، لەڕووى نێودەوڵەتیشەوە لەلایەن ئەمەریکا و ڕۆژئاواوە پشتیوانى دەکرێ.

بەشێکى دەستپێشخەریەى نێچیرڤان بارزانى پەیوەندى هەیە بە بارودۆخى ناوخۆى هەرێمى کوردستانەوە، چونکە ناکرێ تۆ هەوڵى یەکڕێزى و یەکخستنى هێزە سیاسییەکانى عێراقییەکان بکەى لەسەر مێزى دانوستاند کۆیان بکەیتەوە بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکان، لە کاتێکدا ناوخۆى هەرێمى کوردستان لە گرفتێکى گەورەدایە، ناڕێکى و نەبوونى یەک گوتارى لە هەرێمى کوردستان زۆر بەروونى دیارە. لەوڕووەوە جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەیەوێ لە هەرێمى کورستانیش ئامادەکارى بکات و لە ڕێگەى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان هەموو هێزە سیاسییەکان ناچار بکات لە دەورى گوتارێکى نیشتیمانى ڕێکبکەون. 

ــ مەبەستت چییە لە دواى هەڵبژاردنەکان، تەنها بۆ پێکهێنانى حکوومەتە؟

د. هەڵمەت غەریب: زۆر شت هەیە لە دواى هەڵبژاردنەکان یەکلایى دەبێتەوە، چونکە ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنێکى یەکلایی کەرەوەیەبە نیسبەت عێراقەوە. یەکەم، نێچیرڤان بارزانى باش دەزانى زۆر ئەستەمە هەردوو پارتى سەرەکى پارتى و یەکێتیى نیشتیمانى لە ناو یەک هاوپەیمانى جێگەیان بکاتەوە، هەریەکەو تێڕوانینى سیاسى خۆیان هەیە، بەڵام ئەو بەو ئاراستەیە سیاسەت دەکات، کە ناکۆکییە سیاسییەکانى ناوخۆى کوردستان نەبێتە هۆى دوورکەوتنەوەى زیاترى ناوخۆ بەرامبەر بەغدا، چونکە ئەم هەڵبژاردنە ئێجگار گرنگە بۆ عێراق بە گشتى، وە بۆ هەرێمى کوردستان بە تایبەتى، بۆ عێراق گرنگییەکەى ئەوەیە بۆ یەکەمجار دواى پەسندکردنى دەستوورى عێراق لە (2005)، هەڵبژاردنێک دەکرێ کە تەواو جیاوازە، کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ هێنانە پێشەوەى هێزى سیاسى نوێ، ئەوە وا دەکات هەرێمى کوردستان خۆى یەکبخاتەوە، لەبەرامبەر ئەو گۆڕانکارییانەى عێراقى دواى هەڵبژاردنەکان بە خۆیەوە دەبینێ.

بە کوردییەکەى نێچیرڤان بارزانى دەیەوێ چارەسەرى کوردى بە دەستى کوردى بێت نەک گرفتەکانى کورد بچێتە گۆڕەپانى سیاسى عێراق.    

ــ ئەم مەسەلەیە کاک نێچیرڤان بارزانى دەتوانێ چى بکات، چونکە ئەم هەڵبژاردنە سیستەمێکى تەواو جیاوازە، کوردیش بێگومان ناتوانێ بە یەک لیست بەشدار بێ، چونکە ئەسڵەن لیست نییە، کاک نێچیرڤان بارزانى دەتوانێ چۆن ئەمە بکات؟

د. هەڵمەت غەریب: سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە ڕابردوو کۆمەڵێک دەستپێشخەرى زۆر گرنگى هەبووە، بۆ لێک نزیکردنەوەى لاینەکان، واتە بە لایەنى کەم نەک وەک یەککردنى گوتارى سیاسى لە هەرێمى کوردستان، چونکە ئەوە ئەستەمە، لەبەر ئەوەى سروشتى کارکردن و گوتارى سیاسى پارتە سیاسییەکان لە کوردستان جیاوازە، نێچیرڤان بارزانى و کارەکانى بەو ئاراستەیەیە، دەیانەوێ هەندێ جیاوازى نەبێتە هۆى درووکەوتنەوەى گوتارى نیشتیمانیى هاوبەش لە نێوان هێزە سیاسییەکان، پارتى و یەکێتى لەگەڵ بزووتنەوەى گۆڕان و نەوەى نوێ چەند لێک دووربن کۆمەڵێک خاڵى هاوبەش هەیە کە پێویست دەکات لەگەڵ یەکتر لەسەرى کۆک بن، نێچیرڤان بارزانى کار لەسەر خاڵە هاوبەشەکان دەکات، بۆیە دەیەوێ سەرۆکایەتیى هەرێم و پێگەى خۆى بەکاربهێنێ بۆ ئەوەى ئەو خاڵە هاوبەشانە بزر نەبن لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا، وەک دەبینین هەوڵێکى زۆرى داوە، وە لەپێشتریش دەستپێشخەرى هەبووە، ئێستاش دەستیپێکردووە، چونکە دەزانێ کاتە کاتێکى زۆر هەستیارە و بەرەو هەڵبژاردنەکان دەچین، بۆیە ئەگەر ئەو چوارچێوەیە بۆ یەکگرتوویى و یەکگوتارى نەدۆزرێتەوە، لەوانەیە لێک بترازێن و گوتارى رێکلامى هەڵبژاردنەکان زۆر توند بێ. بۆیە کە بەرەو هەڵبژاردن دەچین دەبێ گوتارى هەڵبژاردنەکان گوتارێک بێت بایى ئەوەى تێدا بهێڵێتەوە، دواجار جورئەتى ئەوە هەبێ لەسەر تاوڵەى دانوستاندن کۆببینەوە.  

ــ ئەوە لایەنى ناوخۆیى و لایەنى عێراقیش، لە لایەنى نێودەوڵەتى، شاندێکى ئیدارەى جۆبایدن بەیانى دەگەنە هەولێر لەگەڵ بەرپرسان گفتووگۆ دەکەن، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى بە تایبەت گفتووگۆ دەکەن، فشارێکى نێودەوڵەتى هەیە لە ناوچەکە، ئەوە بۆ چییە؟ 

د. هەڵمەت غەریب: خاڵێکى تر هەیە لەو دەستپێشخەریەى نێچیرڤان بارزانى، کە جیاوازترە لەو دەستپێشخەریەى لە عێراق کردوویەتى، ئەویش مەسەلەى دەستوورى هەرێمى کوردستانە، کە من حەزم لێیە بە درێژى قسەى لەسەر بکەم، سەرۆکایەتیى پەرلەمانى کوردستان بڕیارێکیان داوە، کە پێویستە هێز و لایەنە سیاسییەکانى کوردستان بۆچوونى خۆیان دەربارەى پڕۆژەیاساى دەستوور و چارەنووسى دەستوورى هەرێمى کوردستان یەکلایی بکەنەوە، لەوڕووەوە پێویسیتیان بە پاڵپشتى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان هەیە، بۆیە ئەو دەستپێشخەریەى نێچیرڤان بارزانى پاکێجێکیان بریتییە لەوەى کە چۆن قەناعەت بە هێزە سیاسییەکان بهێنێ، کە ڕێکبکەون لەسەر سیغەیەک کە دەستوورێک بۆ هەرێمى کوردستان بنووسرێتەوە، ناکرێ لە (1992)وەوە کوردستان خاوەنى دەستوور نییە، ئێستاش بۆ چارەسەرکردنى دۆخێک دەبێ پەنا ببیەنە بەر یاساى هەموارکراوى سەرۆکایەیتى هەرێمى کوردستان.

بۆیە لەم خولەدا پەرلەمانى کوردستان زۆر جددیە و بڕیارى سیاسیشى وەرگرتووە، کە بە هاوبەشى لەگەڵ سەرۆکایەتیى هەرێم و سەرۆکایەتیى حکوومەت کار لەسەر تێپەڕاندنى دەستوور بکات، بە دواى ئالیەتێکدا دەگەڕێن کە ئایا ئەو ئالیەتە هەمان ئەو ئالیەتەیە کە لیژنەى بۆ دروست دەکەن یان ئالیەتێکى ئاسانتر هەیە، کە بیروبۆچوونى هەموو هێزە سیاسییەکانى تێدا کۆبکرێتەوە، وە لیژنەکەیە بتوانێ دەستوورێکى نوێ بۆ هەرێمى کوردستان بنووسێتەوە و بیخاتە ڕاپرسییەوە و کۆتایی بەو کێشانە بێنێ، کە لە کاتى کۆتایى هەر خولێکى هەڵبژاردن کێشەى گەورە روودەدات.لەوڕووەوە سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان پێویستى بە پاڵپشتى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستانە ئەمە لەلایە.

 لە لایەکى ترەوە سەبارەت بەو جووڵە دیپلۆماسییەى کە باستکرد، وەک باسمکرد لە دواى جەژنى ڕەمەزانەوە جووڵەکان فراوانتر دەبێ، کە پەیوەندى هەیە بە هەڵبژاردنەکانى عێراق، پەیوەندى هەیە ڕۆڵى نەتەوەیەکگرتووە هەیە لە هەڵبژاردنەکانى عێراق. لە ڕابردوودا نەتەوەیەکگرتووە کارى تەنها نووسینى ڕاپۆرت بوو لەسەر سەرپێچییەکانى هەڵبژاردن، لەم هەڵبژاردنە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆڵى فراوانترە، بە جۆرێک لە جۆرەکان لە بازنەى هەڵبژاردنەکان ڕۆڵى گرنگى دەبێ لە یەکلاییکردنەوەى هەڵبژاردنەکان، وە پەیوەندییەکى زۆر بەهێز ئێستا دروستبووە لە گەڵ کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان، وە نەتەوەیەکگرتووەکانى پاڵپشتى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان دەکات، چونکە کۆمیسیۆنێکى تازە و بێ ئەزموونە، لەوڕووەوە ئەم هەڵبژاردنە ڕۆڵى نەتەوەیەکگرتووەکان تێیدا بارزە، سەربارى ئەوەش بەرژەوەندى هەرێمى و نێودەوڵەت لە هەرێمى کوردستان و عێراق دواى هەڵبژاردنەکان یەکلایی دەبێتەوە.

ئەمەریکا چاوى لەوەیە دۆست و هاوپەیمانە نزیکەکانى ئەم هەڵبژاردنە ببنەوە، وە ئێرانیش هەموو هەوڵى خۆى دەدات بۆ ئەوەى دەست بەسەر پرۆسەى سیاسى عێراق دا بگرێ، ئەو کۆنترۆڵەى کە هەیەتى دەستبەردارى نەبێ، هەموو ئەوانە هۆکارن بۆ ئەوەى جووڵەى دیپلۆماسى و سیاسى و هەرێمى و نێودەوڵەتى و ئەمەریکى لە ناوچەکەدا هەبن.

سەرچاوە: رووداو

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە