كۆمیته‌یه‌كى نێوده‌وڵه‌تى داواى ئازادكردنى رۆژنامه‌نووسانى كورد له‌ ئێران ده‌كات ئێران

نوچه‌نێت

"کۆمیتەی جیهانیی پاراستنی ڕۆژنامەوانان" ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی ئایاری ٢٠٢١، لە ڕاگەیێندراوێکدا داوای لە حکومەتی ئێران کرد کۆتایی بە دەستبەسەرکردن و ئازاردانی ڕۆژنامەوانانی کورد بێنێت.

ڕۆژی هەینی ١٤ی ئایاری ٢٠٢١، ماڵپەڕی "ئیران ئێمروز" بڵاوی کردەوە، "جۆستین شیلاد" بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو کۆمیتەیەدا گوتویەتی، "ئێران لە پاڵ جیاکاریی و هەلاواردنی ئیتنیکی و کولتوری، پەرەی بە سەرکوتکردن و دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی ڕۆژنامەوانان و چالاکوانانی بواری میدیا داوە. پێویستە حکومەتی ئێران تۆمەتەکان و ئەو تاوانانەی کە بێ بنەما خستوویەتیە پاڵ ڕۆژنامەوانانی کورد هەڵبوەشێنێتەوە و هەموویان ئازاد بکات". 
هەروەها یەکێک لە پارێزەرانی چەند کەس لەو ڕۆژنامەوانە دەستبەسەرکراوانە بە کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاندووە کە سوپای پاسدارانی ئێران سەبارەت بە ڕۆژنامەوانانی کورد و ئەو بابەتانەی کە ئەوان لەسەریان کار دەکەن زۆر هەستیارن. بە تایبەت ئەگەر داواکارییەکانیان پەیوەندی بە یەکڕیزی کوردەکانی ڕۆژهەڵات، باشوور، باکوور و ڕۆژئاواوە هەبێت یان باسی پرسی نەتەوەی کورد لە ناوچەکەدا بکەن. 
ئەو پارێزەرەی دادگا کە ناوی لە ڕاگەیێندراوەکەی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەواناندا نەهاتووە، هەروەها گوتویەتی دامودەزگاکانی ئاسایشی ئێران سەبارەت بە سەفەری ڕۆژنامەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ "هەرێمی کوردستان" ئێجگار هەستیارن وهەموو هاتوچووەکانیان بۆ ئەودیوی سنوورەکان و کۆبوونەوەکانیان دەخاتە ژێر چاودێری. 
ئەو کۆمیتەیە لە ڕاگەیێندراوەکەی خۆیدا بە گەڕانەوە بۆ ڕاپۆرتەکانی میدیاکان و بەڵگەکانی سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایگەیاندووە لە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا لانیکەم هەشت ڕۆژنامەوانی کورد دەستبەسەر کراون. سێ کەس لەو ڕۆژنامەوانانە بە ناوەکانی "نەوید سەید محەمەدی"، "جەعفەر ئەوسافی" و "نەسروڵا لشانی" هێشتا لە زینداندان. 
کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان هەروەها لە ڕاگەیێندراوەکەی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە "نەوید سەید محمەمەدی"، ڕۆژنامەوانی کوردی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی لە مانگی ئایاری ٢٠٢٠دا، دوای گەڕانەوە لە سەردانێکی بۆ هەرێمی کوردستان، لە لایەن کارمەندانی ڕێکخراوی هەواڵگریی سوپای پاسداران لە پیرانشار دەستبەسەر کرا و لە کۆتاییدا حەوت ساڵ حوکمی زیندانی بەسەردا سەپاوە. 
لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە کراوە کە ، ڕۆژنامەوانی تاوان نییە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین