قوتابخانەیەکی مۆدێرین لە ڕانیە لەسەر ئەرکی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دروست دەكرێت کوردستانی

نوچە نێت:

لەسەر ئەرکی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە بەسەرپەرشتی دەزگای ڕوانگە، باڵەخانەی (قوتابخانەی بنەڕەتیی ڕوانگە) لە گەڕەکی هەواری شاری سەر بە شاری ڕانیە لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین لە پارێزگای سلێمانی، تەواوکرا.

ڕۆژی یەکشەممە (2026/09/27) حەسەن شێخ عەلائەدین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای ڕوانگە لەبارەی ئامانجی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە ڕایگەیاند، "لەسەر ئەرکی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت و تەندروست بۆ پڕۆسەی خوێندن، دەزگای ڕوانگە سەرپەرشتی دروستکردنی قوتابخانەی بنەڕەتیی ڕوانگەی گرتە ئەستۆ؛ کە ئامانجی سەرەکی دەزگای ڕوانگە لە بنیاتنان ئەم پڕۆژەیە، ڕەخساندنی ژینگەیەکی نمونەیی و هاوچەرخە بۆ منداڵان و قوتابیانی سنووری ئیدارەی ڕاپەرین".

سەبارەت بە سیستمی پاراستی ژینگە و تەکنەلۆژیی قوتابخانەکە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای ڕوانگە دەڵێت، "قوتابخانەکە بە سیستمی پێشکەوتووی پاراستنی ژینگە و تەکنەلۆژیای نوێ بەهێزکراوە، لەوانە بەکارهێنانی سیستمی وزەی خۆری (On-Grid) بە توانای (15KW) گەرمکەرەوەی ئاوی خۆر، وێستگەیەکی کارەبای (KIOSK) بە توانای (160KVA) کارەبای جێگرەوەی (UPS) بە توانای (10KVA) و ڕووناککەرەوەی لید بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوونی وزە".

هاوکات حەسەن شێخ عەلائەدین گوتیشی، دابینکردنی (34) کامێرای چاودێریی (18) دەرەکی و (16) ناوەکی، سیستمی ئاگادارکردنەوە لە ئاگر بە (53) هەستەوەر، سیستمی ئاگرکوژێنەوە بە بڕوانامەی نێودەوڵەتی، بەستنەوەی پۆلەکان بە تۆڕی زانیاری و پڕۆجێکتەر؛ سیستمی کۆکردنەوە و بەردەوام بەکارهێنانەوەی ئاوی باران بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو و سیستمی پێشکەوتووی فێنککەرەوە و هەواگۆڕکێ بە سپلیتی (9) هەزار تاوەکو (36) هەزار (BTU) تێدایە.

هاوکات بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای ڕوانگە ئاماژە بەوەش دەکات کە، "پڕۆژەکە بە گوژمەی ملیارێک و (741) ملیۆن و (275) هەزار و (300) دینار جێبەجێکراوە، کە ماوەی (547) ڕۆژی خایاندووە و کۆی گشتی ڕووبەری زەوی پڕۆژەکە حەوت هەزار مەتری چوارگۆشەیە، کە دوو هەزار و (923) مەتری ڕووبەری باڵەخانەیە و چوار هەزار (770) مەتریشی ڕووبەری کراوەیە".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین