داهاتووی ئابووریی ڤەنزوێلا دوای مادورۆ راپۆرت و شیکاری

نوچە نێت:

ئامادەكردنی:  ژیوار سلێمان سەلكە

بەرەبەیانی سێیەم ڕۆژی ساڵی نوێ،  هێزی دەلتای ئەمریکا هێرشی کردە سەر ڤەنزوێلای خاوەن یەدەگی گەورەی وزەی جیهان، بە ئامانجی دەستگیركردن و  لادانی سەرۆکەکەی، کە بەگوتەی ئەمریکا، مادورۆ لە دۆسیەی بازرگانی نایاسایی بە ماددەی هۆشبەر و تیرۆر تێوەگلاوە، ئەمەش نارەزایی بەشێک لە وڵاتانی لێکەتەوە و کاریگەریی ڕاستەخۆشی لەسەر کەرتی وزەی جیهانی دروستكرد.

جوگرافیا و مێژووی ڤەنزوێلا 

 ڤەنزوێلا کۆتا وڵاتی باکوورە لە ئەمریکای باشوور، هاوبەشی سنورری هەیە لەگەڵ دەریای کاریبی و زەریای ئەتڵەسی، ڕووبەرێکی فراوانی هەیە و پایتەختەکەی کاراکاسە، لە (23) ویلایەت پێکدێت، یەکێکە لە وڵاتە شارستانییەکانی ئەمریکای باشوور، لە (1811)دا لە خاکێکی داگیرکراوی ئیسپانی-ئەمریکییەوە سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند، بوو بە یەکەم کۆماری فیدراڵی کۆڵۆمبیا، لە ساڵی (1830) بە تەواوی جیابوونەوەی خۆی راگەیاند، تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم دیکتاتۆریەت باڵی بەسەر وڵاتەکەیدا کێشابوو، تا ئەوكاتەی لە (2013) نیکۆلاس مادورۆ وەک سەرۆکی وڵات هەڵبژێردرا.

ئابووریی ڤەنزوێلا

ڤەنزوێلا لە پلەی یەکەم دێت لەو وڵاتانەی خاوەن یەدەگی نەوت و گازن، بە پێی داتاکانی پلاتفۆرمی وزەی جیهانی (EIA) یەدەگەکەی بە (303) ملیار بەرمیل نەوت مەزندە دەکرێت، کە ڕێژەی (17-20٪) کۆی وزەی جیهانی پێکدەهێنێت، کوالێتی نەوتەکەی لە جۆری نەوتی قورسە، زۆرێك لە پاڵاوگەكانی جیهان پشتی پێدەبەستن، ڕێژەی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی بە تێکرایی (700-800) هەزار بەرمیل نەوتە، بەڵام ئاستی هەناردەکردنی زۆر کەمە بەهۆی سزا نێودەوڵەتیەکانی ئەمریکا، هەروەها سنوردارکردنی کڕیارەکانی و لە کارکەوتن و  تێکچوونی کێڵگە نەوتییەکان و چەندین هۆکاری تر. 

خاکی ڤەنزوێلا، بەر لە پیشەسازی نەوت کانگای چاندنی قاوە و کاکاو بووە و هەناردەی دەرەوەیان کردووە، ئەمەش وەک سەر چاوەیەکی  داهاتی وڵات دانراوە، بەڵام کاتێک نەوت دەدۆزرێتەوە و دەبێتە سەرچاوەی سەرەکی ئابووریی بۆ ئەو وڵاتە. دوای دەستبەکاربوونی هۆگۆ شاڤێز، لە نێوان ساڵانی (1999-2013) نەوت بوو بە ناوەندێک بۆ سیستەمی ئابووریی و سیاسی لە ڤەنزوێلا، لە میانەی هەوڵەکانی شاڤێزدا هەژموونی حکومەت بەسەر (PDVSA) کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی زیادکرا، داهاتی هەناردەکردنی نەوت گەیشتە (90٪)، ڕۆژانە سێ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەکرا، بەهای دراوی ڤەنزوێلا بەرامبەر دۆلار جێگیربوو.

بەڵام سەردەمی نیکۆلاس مادورۆ لە (2013) تاوەکو (03/01/2026) بەسەردەمی داڕووخانی ژێرخانی ئابووری و قەیرانەکانی ئەو وڵاتە دادەنرێت، بەهای دراوی وڵاتەکەی بەرامبەر دۆلار هەمیشە روو لە دابەزین بووە، خراپ بەرێوەبردنی کەرتی نەوت بووە هۆی داڕمانی ئەو کەرتە، كە ئەم هۆكارانە  وایکرد، دەنگی خۆپێشاندان و نارەزایەتی میللەت بەرامبەر حکومەت بەرزبێتەوە.

دەستپێکی ململانێکانی ئەمریکا و ڤەنزوێلا

ململانێکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی (2018) و (2019)، نیکۆلاس مادورۆ لە هەڵبژاردنەکانی (2018) خۆی بە سەرکەوتوو دانا و ئەمەش لەلایەن ئەمریکا و چەند وڵات ڕەتکرایەوە، وەک سەرۆکێکی ناشەرعی ناوزەند کرا، هەروەها لە (2019)دا، دۆناڵد ترەمپ سزای بەسەر کۆمپانیای (PDVSA)ـی سەپاند بۆ ڕێگریکردن لە کڕینی نەوتی ڤەنزوێلا لەلایەن وڵاتانەوە، ئەمەش بەرهەمهێنانی نەوتی ڕۆژانەی ڤەنزوێلای لە سێ ملیۆن بەرمیل نەتەوە هێنایە سەر (900) هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ڤەنزوێلای ناچارکرد بە فرۆشتنی نەوتەکەی بە ڕێگەی نایاسایی. هەروەها لە (2020)دا نیکۆلاس مادورۆ لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمریکا  بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و پتشیوانی لە تیرۆریز تۆمەتبارکرا. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا لە (2020) ئەمریکا لێخۆشبوونی بۆ (هندستان و چین) لە کڕینی نەوتی ڤەنزوێلا دەكرد و بوونە کڕیاری سەرەکی نەوتی ئەو وڵاتە.

بە گەرانەوەی دۆناڵ ترەمپ بۆ خولی دووەمی سەرۆکی ئەمریکا لە (2024)دا، هەروەها داڕشتنەوەی سیاسەتی نوێی وزەی وڵاتەکەی گرژییەکان لەگەڵ وڵاتانی خاوەن نەوت بە تایبەتیش  ڤەنزوێلا پەرەی سەند. هاوكات لە کۆتاییەکانی (2025)دا، ئەمریکا ڤەنزوێلای بەوە تۆمەتبار کرد، کە نەوتی وڵاتەکەی دەدزێت، لە هەمان کاتدا ئەمریکا هێزی سەربازی لە دەریای کاریبی جێگیر کرد و وای بڵاوکردەوە، کە ئامانجیان وەستانەوەیە لە دژی بازرگانی نایاسایی ماددەی هۆشبەر، كە لە ڕاستیدا ئەم هەنگاوە بۆ فشار خستنە سەر حکومەتی ڤەنزوێلا بوو، هەروەها لە (2025/12/16) بە فەرمانی ترەمپ گەمارۆ خرایەسەر تەواوی ئەو کەشتییە نەوت هەڵگرانەی، کە دەچنە وڵاتەکە و لێوەشی دەردەچن، لە بەرامبەردا نیکۆلاس مادورۆ سیاسەتی دژە ئەمریکای بەکارهێنا و چەندین وەڵامدانەوەی میدیایی هەبوو، کە ئەمەش گرژییەکانی نێوان هەردوولای زیاتركرد، تەنانەت بۆ مەبەستی گواستنەوەی نەوت  بە رێگەی نایاسایی لە کۆتا رۆژەکانی ساڵدا  ڤەنزوێلا رایگەیاند، بەم نزیکانە کەشتییە پارچەپارچەکراوەکان کە بە کەشتی زۆمبی ناودەبرێن، دەگەنە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە و نەوت دەگوازنەوە، بەمجۆرە خۆیان لە گەمارۆکانی ئەمریکا دەپارێزن.

هێرشی ئەمریکا بۆ سەر كۆشكی كۆماریی

لە ڕۆژی (2026/01/02)، واتە ڕۆژێك لەبەر لە هێرشەكەی ئەمەریكا، مادورۆ لە لێداوانێکدا لاری نەبوونی وڵاتەکەی راگەیاند، بۆ کارکردنی  کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا، هاوشێوەی کۆمپانیا شیڤرۆن، بەڵام ئەم پەیامە ئیتر بۆ ئەمریکا درەنگ بوو و دۆخەكە گەیشتبوو بە بنبەست، هەر ڕۆژێک دوای لێدوانەکە ئەمریکا بە هێزی سەربازی  هێرشی کردە سەر  کاراکاسی پایتەختی ڤەنزوێلا، مادورۆ  و هاوژینەکەی دەستگیرکران و بەرەو ئەمریکا گوازرانەوە، ئەمەش نارەزاییەکی جیهانی لێکەوتەوە وڵاتی چین کە کڕیاری سەرەکی نەوتی ڤەنزوێلایە، ئیدانەی هێرشەکانی ئەمریکای بۆ سەر ئە وڵاتە کرد و داوای ئازادکردنی نیکۆلاس مادورۆی کرد، هەروەها وڵاتی ئیسپانیاش نارەزایەتی دەربری سەبارەت بەم رووداوە، ئەمە لە کاتێکدا ئیسرائیل پشتیوانی گەورەی لە ئەمریکا کرد و پاڵپشتی خۆی بۆسەرکەوتنەکان دووپاتکردەوە.

لە لێدوانێکی دوای دەستگیركردنی، دۆناڵد ترەمپ  هۆکاری دەستگیرکردنی مادورۆی تاوانباركرد بە بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر و تیرۆر  و دزینی نەوتی ئەمریکا، ئاماژەی بەوەشدا بۆ ماوەیەکی کاتی حکومدارێتی ئەو وڵاتە دەکەن، هەروەها هەناردەکردنی نەوت دەگەرێتەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی ئەمریکا تاوەکو پێکهێنانی حکومەتی نوێی ڤەنزوێلا، لەگەڵ ئەوەشدا کاردەکەن  بۆ گەڕاندنەوەی کۆمپانیا ئەمریکیەکان بۆ ناو ڤەنزوێلا و دەست بە دەرهێنان و وەبەرهێنان دەكەن لە کەرتی نەوتدا، چونکە ڤەنزوێلا نازانن وەبەرهێنان لەو بوارەدا بکەن، هاوکات بە بڕیارێک، ترەمپ لە دوای هێرشەکان هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتەی بە تەواوەتی ڕاگرت، لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مارۆکۆ رۆبیۆ ڕایگەیاند،کار لەگەڵ بەرپرسانی ڤەنزوێلا دەکەن بۆ ئەوەی بڕیاری دروست بدەن ئەگەر بە پێچەوانەی ئەمریکا کار بکەن ،کارتی فشاری زیارتریان لە بەردەستە.

داهاتووی وزە و ئەگەرەكان

لە ڕۆژی (2026/01/04)بە بریارێکی دادگای باڵای ڤەنزوێلا، دێڵسی ڕۆدریگز جێگری نیکۆلاس مادورۆ وەک سەرۆکی وڵات بۆ بەرێوەبردنی کاروبارەکانی دەوڵەت بە وەکالەت هەڵبژێردرا، بەڵام ئەم هەنگاوەی ئەمریکا كاریگەری بەسەر جیهانەوە لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە دەبێت، بە تایبەت کەرتی وزە. دەست بەسەرداگرتنی کەرتی وزەی ئەم وڵاتە لەلایەن ئەمریکاوە، کاریگەریی دەکاتە سەر نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، هاوكات بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی ڤەنزوێلا، كە (900) هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە بازارەکاندا کەم دەبێتەوە، هەروەها کوالێتی نەوتی ڤەنزوێلا لە جۆری قورسە، بەشێک لە پاڵاوگە جیهانییەکان پشت بەو نەوتە دەبەستن، دواکەتن و نەگەیشتنی بە پاڵاوگەکان دەبیتە هۆی کێشە لە دابینکردنی ئاسایشی وزە، هەروەها  چین کە کڕیاری سەرەکی نەوتی ڤەنزوێلایە لە ئەنجامی گەڕانەوەی هەناردەکردنی نەوت  بۆ ژێر دەسەڵاتی ئەمریکا، زەرەرمەندی سەرەکی دەبێت، بەتایبەت بەهۆی ئەو جەنگە ئابورییەی کە لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا هەیە و ناتوانێت چیتر پشت بە نەوتی ڤەنزوێلا ببەستێت.

لەلایەکی دیکەوە دابەزینی نرخی نەوت لە بازارەکانی وزەی جیهان یەكێكە لە ئەگەرەكان، كە لە ئەنجامی گەڕانەوەی کۆمپانیا ئەمریکەکان بۆ وەبەرهێنان لە نەوتی ڤەنزوێلا، چونكە خاوەن شارەزایی و کەرەستەی پێشکەوتوون لە توانایاندا هەیە ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت لەو وڵاتە بەرزبکەنەوە، بەمەش نەوتێکی زیاتر دێتە بازارەوە و نرخی نەوت دادەبەزێت، کاریگەریی لەسەر  داهاتی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت دەبێت، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستن، لە نێویشیاندا وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانە عێراق کە (90٪)ـی ئابوورییەکەی  پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت دابەزینی نرخی نەوت کاریگەری ڕاستەخۆی دەبێت لەسەر کورتهێنان لە داهات و بودجەی دەوڵەت. 

پەیامی ئەم رووداوە، لە ڕووی سیاسیەوە ئەوە دەردەخەن، کە پێکهێنانی حکومەتێکی ئاشتیانە بە ڕەزامەندی ئەمریکا دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی سزاکان بۆ سەر وڵاتی ڤەنزوێلا و ئەو وڵاتانەش کە بازرگانی لەگەڵدا دەکەن، لە لایەکی دیکەوە هێرشەکان پەیامێکی کورتی دۆناڵد ترەمپە بۆ هەر وڵاتێکی دیکە کە گرژی و ئاڵۆزییەکان بگەیەنێتە بنبەست و ئامادەی رێککەوتن نەبێت لە بواری سیاسی و ئابووری، هەرچەندە ئەوە ئاشکرایە  گەر ڤەنزوێلا خاوەن یەدەگێکی وزە نەبایە جێگەی خواستی ئەمریکا نەدەبوو بۆ ڕووخانی دەسەڵاتەکەی و کۆنترۆڵکردنی کەرتی وزەی ئەو وڵاتە.

سەرچاوەکان:

1-           https://zaniary.com/blog/62fb8d9a36667

2-           https://channel8.com/kurdish/news/170368

3-           https://www.nuche.net/post-19884.html

4-           https://www.congress.gov/crs-product/ 

5-           https://cbhenews.cbhe.org.bo/index.php/noticias/74675-venezuela-posee-303-mil-millones-de-barriles-de-petroleo-la-mayor-reserva-probada-del-mundo-confirmada-por-organismos-internacionales

6-           https://www.rudaw.net/sorani/world/171220254

7-           https://www.wishe.net/details.aspx

8-           https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=3094

9-           https://www.reuters.com/business/energy/venezuelan-oil-industry-worlds-largest-reserves

10-        https://www.reuters.com/business/energy/chevron-us-refiners-shares-surge-after-trumps-move-toward-venezuela-oil.

11-        Trump says U.S. will run Venezuela after U.S. captures Maduroity-2026-01-03/

12-        https://www.reuters.com/business/energy/venezuelas-oil-exports-paralyzed-amid-political-turmoil-sources-say.

13-        https://www.nuche.net/post.

14-        https://www.rudaw.net/sorani/world/0301202616

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین