ئایا له‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى ئێران دووانه‌ محافیزەکار و ڕیفۆرمخواز سەرهەڵدەداتەوە؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور [ئەنجومەنی چاودێری] لە ئێران ڕۆژی دووشەممە ١٧ی ئایاری ٢٠٢١، یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی بۆ دەنگدان سەبارەت بە شیاوی و لێهاتوویی کاندیده‌کانى سێزەدەهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئەو وڵاتە، بەڕێوە برد.

ئاژانسی هەواڵی "یورۆنیۆز" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، هەرچەندە ژمارەی کاندیده‌کانی سەرۆک کۆماریی ئەمساڵی ئێران لە دوو خولی پێشووتر زیاتر نین بەڵام بەشداربوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتییە سیاسییە ناسراوەکانی سەر بە ڕەوت و بەرە جیاوازە سیاسییەکان و هەروەها بەشداربوونی فەرماندە باڵاکانی ئێستا و پێشووی سوپای پاسداران وەک کاندید، گرنگی زیاتری بە ئەم خولەی هەڵبژاردنەکان داوە. 
سەرەڕای ئەوە، عەباس عەلی کەدخۆدایی، گوتەبێژی ئەنجومەنی چاودێری، ڕۆژی یەکشەممە وێرای ڕاگەیاندنی ئەوەی کە لە ناو ئەو ٥٩٢ کەسەدا کە ناوی خۆیان وەک کاندید بۆ هەڵبژاردنەکان تۆمار کردووە، نزیکەی ٤٠ کەسیان ئەو مەرجانەیان هەبووە کە لە لایەن ئەو ئەنجومەنەوە دیاری کراون، چارەنووسی نزیکەی ٥٥٠ کاندیداکەی تری یەکلایی کردەوە. 
کەدخۆدایی گوتی، "ئەنجومەنی چاودێری، کار لەسەر پەروەندەی ئەو کەسانە ناکات کە مەرجەکانی کاندیدبوونیان نییە، چونکە ئەو ئەنجومەنە، تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانە بە فەرمی ناناسێت".


٤٠ کاندیدی ژن بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ناوی خۆیان تۆمار کردووە


بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆی ئێران، لە ناو ٥٩٢ کەسایەتی سیاسیی و هاووڵاتی ئاساییدا کە ناوی خۆیان بۆ سێزەدەهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامیی تۆمار کردووە، ٤٠ ژن و ٥٥٢ پیاو هەن. هەروەها بە پێی ڕاگه‌یێندراوی وەزارەتی ناوخۆی ئێران، ٢٧٢ کەس لەوانە خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆس و لەوە خوارتر، ٣٢٠ کەس خاوەن بڕوانامەی ماستەر و دکتورا و ٨٩ کەسیان ژێر ٤٠ ساڵ تەمەن و ٤٩٥ کەسیان لە نێوان ٤٠ بۆ ٧٥ ساڵ تەمەنیان هەیە و هەشت کەسیشیان زیاتر لە ٧٥ ساڵ تەمەنیان هەیە.


دوای قۆناغی تاوتوێکردنی شیاوی و لێهاتوویی کاندیداکانی سەرۆک کۆماریی لە ئەنجومەنی چاودێریدا، واتە دوای سڕینەوەی ناوی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی ئاسایی کە ناوی خۆیان وەک کاندید تۆمار کردووە، دەکرێ بگەینە لیستێکی بچووکتر لەو کاندیدانەی کە ناسراوترین کەسانی سیاسیی و سەربازین. 
بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاو کراونەتەوە، بەرەی محافیزەکار زیاترین ڕێژەی کاندیدی تۆمار کراوی هەیە. پۆلێنبەندی ئەو کاندیدانە دەری دەخات کە ئەوان سەر بە باڵە جیاوازەکانی بەرەی محافیزەکارن. 
بەپێی هەڵوێستە ڕاگەیێندراوەکانی کاندیدةکانی ئەم خولەی سەرۆک کۆماریی، دەکرێ بەشێک لەو کاندیدانە لە باڵێکدا دابنین کە دژی گفتوگۆ لەگەڵ ڕۆژئاوان و پێداگری لەسەر پێگەی سەرتری "مەیدان" لە بەراورد لەگەڵ "دیپلۆماسی" دەکەن. 
ناسراوترین کەسایەتییەکانی ئەو باڵەی بەرەی محافیزەکار کە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریدا ناویان تۆمار کردووە، بریتین لەوانەی خوارەوە: 
سەعید جەلیلی، نوێنەری ڕابەری ئێران لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی لە سەردەمی مەحمود ئەحمەدی نەژاد. 
عەلیڕەزا زاکانی، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان و نوێنەری پەرلەمانی ئێران.

 

بەرەی محافیزەکار زیاترین ڕێژەی کاندیدی تۆمار کراوی هەیە

فەرماندەکانی هێزە چەکدارەکانیش ناویان تۆمار کردووە


فەرماندەکانی پێشوو یان ئێستای سەر بە هێزە چەکدارەکانیش لەو کەسانەن کە لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدارییان کردووە و بە پێی هەڵوێستەکانیان دەکرێ لە بەرەی محافیزەکاردا دابنرێن، لەوانە:
موحسێن ڕەزایی میر قائێد، سەرلەشکەری سوپای پاسداران، سەرۆکی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی و فەرماندەی باڵای پێشووتری سوپای پاسداران. 
سەعید محەمەدی، سەرلەشکەری سوپای پاسداران و فەرماندەی باڵای پێشووی قەرارگای خاتم الانبیاءی سوپای پاسداران.
حسێن دێهقان، سەرلەشکەری سوپای پاسداران، ڕاوێژکاری سەربازیی ڕابەری ئێران و وەزیری پێشووی بەرگریی و پشتیوانی هێزە چەکدارەکانی ئێران. 
ڕۆستەم قاسمی، سەرلەشکەری سوپای پاسداران و یاریدەدەری سەرۆکی بەشی ئابووری هێزەکانی فەیلەق قودسی سوپای پاسداران و وەزیری نەوت لە کابینەی ئەحمەدی نەژاد. 
عەلیڕەزا ئەفشار، سەرلەشکەری سوپای پاسداران و یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی هێزی زەمینی.

ئەحمەدی نەژاد و ئەندامانی محافیزەکاری کابینەکەیشی ناویان تۆمار کرد


دەستەیەکی تر لە کاندیداکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی مانگی داهاتوو، کە دەکرێ ئەوانیش لە بەرەی محافیزەکاران دابنرێن، بریتین لە مەحمود ئەحمەدی نەژاد و ئەندامانی محافیزەکاری کابینەکەی: 
مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆک کۆماریی پێشووی ئێران و ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی
سادق خەلیلیان، وەزیری کشتوکاڵ لە کابینەی ئەحمەدی نەژاد
محەمەد حسێن نامی، وەزیری پەیوەندییەکان لە کابینەی مەحمود ئەحمەدی نەژاد و سەرلەشکەری "ئەرتەش"ی ئێران. 
محەمەد عەباسی، وەزیری وەرزش و لاوان لە کابینەی مەحمود ئەحمەدی نەژاد. 
شەمسەدین حسێنی، وەزیری ئابووری لە کابینەی مەحمود ئەحمەدی نەژاد
محەمەد شەریف مەلەکزادە، سەرۆکی ڕێکخراوی میراتی کلتووریی، پیشەسازیی دەستی و گەشتیاری لە کابینەی ئەحمەدی نەژاد
فەرەیدون عەباسی دوانی، نوێنەری ئێستای پەرلەمان و سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی. 
مەسعوود زەریبافان، سەرۆکی بنکەی شەهیدان لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی مەحمود ئەحمەدی نەژاد. 
محەمەد حسێن قەدیری ئەبیانە، باڵوێزی پێشووتری ئێران لە ئوسترالیا و مەکسیک لە کابینەکانی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی و مەحمود ئەحمەدی نەژاد.
ڕامین مێهمانپەرەست، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە لە سەردەمی مەحمود ئەحمەدی نەژاد. 
هەڵبەت کەسانێکی تری نزیک لە محافیزەکارانیش هەن کە لە چەند مانگی ڕابردوودا و بە نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی، بە گرتنەبەری هەڵوێستی توند لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا، لە هەواڵەکاندا دەرکەوتن. لەوانە عێزەتۆڵا زەرغامی، سەرۆکی پێشووتری دەنگ و رەنگی ئێران. 
بەڵام ناونووسی دوو کەسایەتی ناسراوی بەرەی محافیزەکار کە هەر دووکیان لە (دوایین ڕۆژی ناونووسی کاندیده‌کاندا) سەردانی وەزارەتی ناوخۆیان کرد و ناوی خۆیان وەک کاندیدی سەرۆک کۆماریی تۆمار کرد، شانۆی هەڵبژاردنەکانی بۆ بەرەی محافیزەکار تووشی گۆڕان کرد. 
"عەلی لاریجانی، ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی لە کابینەی مەحمود ئەحمودی نەژاد و هەروەها سەرۆکی پێشووتری دەنگ و رەنگی ئێران" و "ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی دەزگای داد و کاندیدی سەرەکی بەرەی محافیزەکار لە هەڵبژاردنەکانی خولی پێشووی سەرۆک کۆماریی کە لە بەرانبەر حەسەن ڕۆحانیدا تووشی شکست بوو" وەک دوو کاندیدی سەرەکی محافیزەکاران ناو دەبرێن. 
هەندێ لە چاودێرانی سیاسیی لەو بڕوایەدان دوای ئەوەی ئەنجومەنی چاودێری لیستی کاندیدة شیاو و لێهاتووەکان بڵاو بکاتەوە، زۆربەی کاندیدةکانی سەربە بەرەی محافیزەکاران وەک هەڵوێستێک بۆ لایەنگری لە ئیبراهیم ڕەئیسی، لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن دەکشێنەوە، ئەو چاودێرانە بۆ سەلماندنی ئەو بۆچوونەی خۆیان ئاماژە بە ڕێژەی بەرفراوانی ڕەخنەکان لە عەلی لاریجانی لە میدیاکانی سەر بە بەرەی محافیزەکار لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەکەن.

ڕیفۆرمخوازانیش هاتن


ڕیفۆرمخوازان کە بە نەیارانی محافیزەکاران دەناسرێن، ئەگەرچی ڕەخنەیان لە هەڵوێستی لایەنگرانەی ئەنجومەنی چاودێری سەبارەت بە "سڕینەوەی" ناوی کاندیدة ڕیفۆرمخوازەکان لە هەڵبژاردنەکاندا گرتووە، بەڵام ئەمجارەیش بە مەبەستی تۆمارکردنی ناوی خۆیان و بەشداریکردن لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن، سەردانی وەزارەتی ناوخۆیان کرد. 
لە ناسراوترین کەسایەتییەکانی سەر بە بەرەی ڕیفۆرمخواز کە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ناویان نووسیەوە، دەکرێ ئاماژە بەوانەی خوارەوە بکرێت:
ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی حەسەن ڕۆحانی، وەزیری پیشەسازیی لە کابینەی محەمەد خاتەمی و پاڕێزگاری پێشووتری شاری ئیسفەهان. 
موحسێن هاشمی، سەرۆکی ئەنجومەنی شاری تاران و سەرۆکی نووسینگەی سەرۆک کۆماریی ئێران لە سەردەمی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی. 
مەسعوود پزشکیان، وەزیری تەندروستی لە کابینەی محەمەد خاتەمی و جێگری سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی ئێران. 
عەباس ئاخۆندی، وەزیری ڕێگا و بان لە کابینەکانی ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانی و حەسەن ڕۆحانی. 
موحسێن مێهر عەلیزادە، پارێزگاری پێشووتری ئیسفەهان و جێگری سەرۆک کۆمار لە سەردەمی سەرۆکایەتی محەمەد خاتەمی و کاندیدای هەڵبژاردنەکانی خولی نۆهەمی سەرۆک کۆماریی  لە ئێران. 
زەهرا شوجاعی، سەرۆکی ناوەندی ڕاوێژکاریی کاروباری ژنان لە کابینەی محەمەد خاتەمی. 
مستەفا کەواکبیان، نوێنەری خولەکانی پێشووی پەرلەمانی ئێران و بەرپرسی ڕۆژنامەی "مەردمسالاری". 
مەحمود سادقی، نوێنەری خولی دەهەمی پەرلەمان. 
هەروەها موحسێن ڕەهامی، ڕەسوول مۆنتەخەب نیا، محەمەد جەواد حەقشناس لەو کەسایەتییە ڕیفۆرمخوازانەن کە بۆ ئەو خولەی هەڵبژاردنەکان ناویان تۆمار کردووە. 
هەڵبەت ناونووسی مستەفا تاجزادە، جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران لە سەردەمی محەمەد خاتەمی کە دوای خۆپیشاندانەکانی دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٨ زیندانی کرا، شانۆی هەڵبژاردنەکانی بۆ بەشێک لە ڕیفۆرمخوازان گۆڕی. مستەفا تاجزادە گوتی کە هاتووە بۆ ئەوەی ڕیگری لەوە بکات ئایدیا و ئامانجەکانی ڕیفۆرمخوازانی ئێران لەو بارودۆخەی ئێستادا لەبیر بکرێن. 
هەڵبەت لە پاڵ کەسایەتییە ناسراوەکانی ڕیفۆرمخواز یان محافیزەکار، کەسانێکی تریش ناوی خۆیان وەک کاندیدی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی نووسیوە کە بە هۆی هەڵوێست یان کردەوەکانیان لە ساڵانی ڕابردوودا، دەکەونە ڕیزی ڕیفۆرمخوازان. لەو کەسانەی کە متمانەی ڕیفۆرمخوازانیان لەگەڵە، دەکرێ ئاماژە بەوانەی خوارەوە بکرێت:
محەمەد شەریعەتمەداری، وەزیری کار لە کابینەی حەسەن رۆحانی و وەزیری بازرگانی لە کابینەی سەید محەمەد خاتەمی. 
عەبدولناسر هێمەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران. 
عەلی موتەهەری، نوێنەری خولەکانی پێشووی پەرلەمان کە لە هەڵبژاردنەکانی خولی یازدەهەمی پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا لە لایەن ئەنجومەنی چاودێرییەوە ڕەت کرایەوە.

هەمووان چاوەڕوانی ئەنجومەنی چاودێرین


ئێستا هەمووان چاوەڕوانی ئەنجومەنی پارێزەری دەستوور [ئەنجومەنی چاودێری] دەکەن، بۆ ئەوەی بزانن شیاوی و لێهاتوویی چەند کاندیدی بەرەی محافیزەکاری ڕادیکاڵ تا ڕیفۆرمخوازی میانرِةو، ڕادەگەیێنێت. 
هەڵبەت بەگوێرەی (ياسايي جێی مشتومڕی ئەنجومەنی چاودێری)، ئەو ئەنجومەنە تەنیا لێکۆڵینەوە سەبارەت بەو کەسانە دەکات کە لە کاتی ناونووسیدا لە نێوان ٤٠ بۆ ٧٥ ساڵ تەمەنیان بێت، ئەزموونی چوار ساڵ کارکردن لە وەزارەتيَك هەبێت یان ئەزموونی پارێزگاری یان شارەوانی لەو گەورە شارانەیان هەبێت کە زیاتر لە دوو ملیۆن کەس دانیشتوویان هەیە، یان کەسانێک بن لە ڕیزی بەرپرسانی حەوزەی علمیە یان زانکۆی ئازادی ئیسلامیی یان ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی بن. ئەنجومەنی چاودێری بۆ کاندیداکانی سەر بە هێزە جەکدارەکانیش کە پلەی سەرلەشکەریی یان لەوە سەرتریان هەبێت ڕێگای خۆبەربژێرکردنی داوە. 
یەکێکی تر لە مەرجەکانی ئەو ياسايةى ئەنجومەنی چاودێری ئەوەیە کە دەبێ کاندیدةکان بەڵگەیەک پێشکەش بکەن کە سەلمێنەری ئەوە بێت هیچ ئەزموونێکی زیندان و دادگایان نییە و تاوانباران و ئەو کەسانەی بە هۆی خۆپیشاندانەکانی دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ساڵی ٢٠٠٨، لە دادگاکاندا دۆسیەیان هەبووە، مافی خۆبەربژێرکردنیان نییە.

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین