ئەو تاوانەی ئێرانی هەژاندووە ئێران

نوچەنێت:

کوشتنی دڵتەزێنی بابەکی خۆڕەمدین، دەرهێنەری سینەماکاری ئێرانی بە دەستی دایک و باوکی، پەردەی لەسەر تاوانێکی خێزانی هەڵداوەتەوە. ئەو دایک و باوکە دانیان بەوەدا ناوە جگە لە کوشتنی کوڕەکەیان،  کچ و زاواکەی خۆیشیان کوشتووە و تەرمەکانیان پارچە پارچە کردوون.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "فرارو" بڵاوی کردووەتەوە، سێ ڕۆژ دوای دۆزینەوەی تەرمی پارچە پارچە کراوی بابەک خۆڕەمدین، دەرهێنەری بەناوبانگی سینەما و دانپێدانانی دایک و باوکی بە کوشتنی دڵتەزێنی کوڕەکەیان و بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ونبوونی کچ و زاوەکەشیان، دادوەر محەمەد شەهریاری سەرۆکى داداگای تاوانەکان ڕایگەیاند، ئەو دایک و باوکە دانیان بەوەدا ناوە، کچ و زاواکەشیان هەر بەو جۆرە کوشتووە.

شەهریاری گوتیشى: "باوک و دایکی خۆڕەمدین لە ساڵی ٢٠١١دا زاواکەیان و لە ساڵی ٢٠١٧یشدا کچەکەی خۆیان کووشتووە و دوای پارچەپارچە کردنی تەرمەکانیان، گواستوویانەتەوە بۆ زبڵدانەکانی شاری تاران". 

شەهریاری وێرای ئاماژەکردن بەوەی کە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی زیاترن سەبارەت بە دۆسیەی ئەو سێ کەسە، هەروەها ڕاشیگەیاند: "دەروونناسی تایبەت گوتویەتی ئەو دایک و باوکە تەندروستن و کێشەی دەروونییان نییە، دایک و باوکە بکوژە گوتویانە منداڵەکانیان ماددەی هۆشبەریان بەکارهێناوە". 

ئەو باوک و دایکە پێشتریش بابەک خۆڕەمدینیان بەوە تۆمەتبار کردبوو کە لە ڕووی ئاکار و ئەخلاقەوە کێشەی هەبووە. 

بەرەبیانەی ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی ئایار، میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند، تەرمی پارچە پارچە کراوی پیاوێک لە زبڵادانێکدا لە گەڕەکی ژمارە ٣ی شارۆچکەی ئێکباتان لە تاران دۆزراوەتەوە. دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت ئەوە تەرمی بابەکی خۆڕەمدین دەرهێنەری بەناوبانگی سینەمای ئێرانە. دوای ئەوە دەرکەوت کە باوک و دایکی کوڕەکەیان کوشتووە. 

باوکی ئەو دەرهێنەرە، دەربارەی هۆکاری ئەو تاوانە گوتبووی: "هەڵسوکەوتەکانی کوڕەکەم ماندوویان کردبووم و هەندێ جار لێیدەداین و دەیویست ئێمە کارەکانی ئەنجام بدەین و بڕوا بکەن ڕۆژێک ئاسایشمان نەبوو و لە خۆمان بێزار ببووین". 

باوکی بابەک خۆڕەمدین کارمەندێکی خانەنشینی سەر بە هێزە چەکدارەکانی ئێرانە و ٨١ ساڵ تەمەنیەتی. دایکیشی ٧٠ ساڵ تەمەنە. 

ئەو دایکە لە دانپێدانانەکانیدا گوتویەتی: "بابەک ئازاری دەداین و ڕۆژێک بە دەستیەوە ئاسایشمان نەبوو، هەموو هاوڕێکانی کە ئافرەتیش بوون دەیهێنانەوە بۆ ماڵەوە و ئێمەی ناچار دەکرد پێشوازییان لێ بکەین و تەنانەت پێمان گوت هاوسەرگیری بکات و لێمان جودا ببێتەوە بەڵام قەبووڵی نەکرد و تەنانەت جارێکیش ویستمان دەرفەتی بدەینێ بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە هەڵسوکەوتەکانیدا بکات، بەڵام گوێی نەدا و هەموو ڕۆژێک بە کردەوەکانی ئازارمانی دەدا، بۆیە لەگەڵ هاوسەرەکەم بڕیارمان دا بیکوژین". 

باوکی بابەک دەڵێت: "بە کوڕەکەم گووت ئامادەم سەیارەکەم بفرۆشم بۆ ئەوەی خانوویەک بۆ خۆی بکڕێت و لەگەڵ ئێمە ژیان نەکات بەڵام بابەک دەیگوت مەگەر تەرمی من لەم ماڵە بچێتە دەرەوە و هیچ کات قەبووڵی نەکرد ئێمە بە تەنیا بە جێ بهێڵێت". 

ئەو باوکە گوتی بۆیە بە ناچار، هاوسەرەکم حەبی خەوی کردە ناو چێشتی کوڕەکەم و دوای ئەوە بێهۆش بوو، من بە چەپۆ کوشتم، لەبەر ئەوەی نەمدەتوانی تەرمەکەی ببمە دەرەوە، بردمانە حەمام و نزیکەی ٧ کاتژمێر تەرمەکەمان پارچە پارچە کرد و دواجار کردمانە ناو ٨ عەلاگەی زبڵ و و ٣ جانتاوە و هەر یەکێکمان لە ناو زبڵدانیک فڕێ دا.  

کوشتنی بابەکی خۆرەمدین ڕای گشتیی هاووڵاتیانی ئێرانی هەژاندووە. بابەک دەرهێنەرێکی سینەما بوو و بە تایبەت دایک و باوکی لە بەرهەمەکانیدا زۆر بەرجەستە بوون. دایک و باوکی وەک ئەکتەر لە چەند فیلمێکیدا بەشدار بوون و دەگوترێت بابەک بەهۆی دووربوون لە دایک و باوکی و دڵتەنگی ئەوان، چەند ساڵ پێش ئێستا ژیانی بەریتانیای بەجێهێشتووە و گەڕاوەتەوە ئێران. 

ئەو باوک و دایکە ڕایانگەیاندووە لە تاوانەکەیان پەشیمان نین و باوکی چەندین جار شوکری خودای کردووە کە توانیویەتی کوڕەکەی بکوژێت. 

پێشتر، بڵاوبوونەوەی ڤیدۆیەک لە گواستنەوەی تەرمی پارچە پارچە کراوی بابەک لایەنی ترسناکی تاوانەکەی دەرخستبوو. 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی ئێراندا باس و مشتومڕی زۆر لەو بوارەوە هاتووەتە ئاراوە و هەندێ پێیان وایە ئەوە دەرخەری بارودۆخی نالەبار و کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتەیە کە لە خێزانەکاندا ڕەنگی داوەتەوە. 

هێشتا هەموو لایەنەکانی ئەو تاوانە ئاشکرا نین، بەڵام پێدەچێت سەرەکیترین پاڵنەری ئەو دایک و باوکە بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە، ناڕەزایەتی لە شێوازی ژیان و هەڵسوکەوتی منداڵ و زاواکەیان بووە. هەندێکیش باس لەوە دەکەن کە کێشەی پارە و میرات لە ئارادا بووە، ڕەنگە ئەو دایک و باوکەیش نەخۆش بن.

کوشتنی بابەک خۆڕەمدین ڕای گشتیی هاووڵاتییانیی ئێرانی هەژاند و ئێستاش بە بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە کە ئەو دایک و باوکە زاوا و کچەکەی خۆیشیان کوشتەوە، دەبێ چاوەڕوان بین کاردانەوەی هاووڵاتاینی ئێران چۆن دەبێت، بە تایبەت کە کوشتنی زاوا و کچەکەیش هەر بە شێوەی پارچە پارجەکردنی تەرمەکانیان بووە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین