دەرهێنەرێک لە ئێران بە شێوەیەکی دڵتەزێن بە دەستی دایک و بابی دەکوژرێت ئێران

نوچه‌نێت

بابەک خۆڕەمدین، دەرهێنەری سینەمای ئێران کوژراوە. خۆڕەمدین ٤٧ ساڵ تەمەنی بوو. ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردەوە، پێشتر چەند ڕاپۆرتێک باسی ئەوەیان دەکرد کە تەرمی پارچە پارچەکراوی پیاوێک لە حاوییەکانی زبڵی شارۆچکەی ئێکباتان لە تاران دۆزراوەتەوە.

ئێوارەی یەکشەممە ئاژانسی هەواڵی "رکنا" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە ئەوە تەرمی خۆڕەمدین بووە.

ئەمڕۆ محەمەد شەهریاری، سەرپەرشتی دادگای تاوانی تاران وێرای پشتڕاستکردنەوەی کوژرانی خۆڕەمدین گوتی: "تەرمەکەی لە ئێکباتان دۆزراوەتەوە و دوای لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دایک و بابی دەستبەسەر کراون و دانیان بە کوشتنیدا ناوە".

پاشماوەی تەرمی ئەو دەرهێنەرە لە ناو جانتایەکدا بووە. ئاژانسی ڕکنا لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا نووسیویەتی دایک و بابی ئەو دەرهێنەرە دانیان بە کوشتنی منداڵەکەیاندا ناوە. دادگای تاوانی تارانیش لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "ئیسنا" ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا نووسراوە بابی بابەک خۆڕەمدین لە دانپێدانانەکانیدا بۆ پۆلیس، جگە لە ناکۆکی نێوان خۆی و کوڕەکەی ئاماژەی بە سەڵتبوونی کوڕەکەی کردووە. هێشتا دیار نییە بۆچی دەبێ ژن نەهێنانی منداڵەکەیان ئەو چارەنووسەی بۆ دیاری بکات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی "رکنا"، سەرەتا بابی مادەی سڕکەری پێداوە و بێهۆشی کردووە و پاشان بە چەقۆ کوشتویەتی و دوای پارچە پارچەکردنی تەرمەکەی خستوویەتیە ناو حاوی زبڵەوە. 
بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی بابەک خۆڕەمدین و پارچە پارچەکردنی تەرمەکەی، وای کردووە زۆرێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چارەنووسی ئەو دەرهێنەرەی سینەما لەگەڵ چارەنووسی بابەکی خۆڕەمدین کەسایەتی مێژوویی بەراورد بکەن.

بابەکی خۆڕەمدین، ناوی فەرماندەیەکی مێژووییە کە لە دژی خەلافەتی عەباسی ڕاپەڕی. کاتێ دەستبەسەریان کرد و ڕەوانەی سامەرایان کرد، خەلیفەی عەباسی سەرەتا فرەمانی کرد دەستیان بڕی و دواجار لە سێدارەیان دا.

 


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین