ژووری بازرگانی سنە: تورکیا دەستی بەسەر بازاڕی هەرێمی کوردستاندا گرتووە کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

كه‌مال حسێنى سەرۆکی ژووری بازرگانی پاریزگای سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، تورکیا هەموو سنوورەکانی بەزاندووە و بە پشتبەستن بەو ژینگەیەی کە حکومەتی ئەو وڵاتە بۆ چالاکانی بواری ئابووری ڕەخساندووە و هەروەها بە پشتبەستن بەو هزره‌ ئابوورییەی لەو وڵاتەدا زاڵە، بازاڕی هەرێمی کوردستانی داگیر کردووە، لە کاتێکدا کە سەردەمانێک ئەوە بازاری ئێران بوو.

ڕۆژی هەینی ٢٨ی ئایاری ٢٠٢١، سەید کەمال حسێنی لە میانەی دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "ئیلنا" سەبارەت بە دۆخی بازرگانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان ده‌ڵێ، "هەندێ جار ڕێگای هەرێم بەرەو بەغدا دادەخرێت و ڕێگا بە گواستنەوەی کاڵا ئێرانییەکان بۆ شارەکانی باشووری ئەو وڵاتە نادرێت. بە هۆی هەناردەکردنی بێ بەرنامە هەندێ جار کاڵای زۆر بۆ هەرێمی کوردستان هەناردە دەکرێ و ئەوەش دەبێتە هۆکارێک بۆ دابەزینی نرخەکان، بۆیە یان کاڵاکانمان لە سنوورەکاندا دەمێننەوە یان دەگڕێنەوە بۆ ناوخۆ".

حسێنی گوتیشى، "هەندێ جار بە هۆی کوالیتەی خراپی کاڵا هەناردەکراوەکان، بارەکان دەگەڕێننەوە و لە شارەکانی سەر سنووردا دەفرۆشرێن. هەڵبەت ئەوە زۆر بە دەگمەن ڕوو دەدات. هۆکاری گەڕاندنەوەی ئەو کاڵایانە پەیوەندی بە تەندروستییەوە نییە بەڵکو بە هۆی هەستیاربوونی کۆنتڕۆڵکردنی کواڵیتیه‌ لە عێراق".

حسێنی له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانى ده‌ڵێ، "کێشەیەکی تر لە ناوبردنی کاڵا بێ کواڵیتیەکان لە عێراقە و ئەوەش وا دەکات هەناردەکاران تووشی زیانێکی بەرفراوان بن". 
سەرۆکی ژووری بازرگانی پارێزگای سنە سەبارەت بە هەناردەکردنی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان لە بەراورد لەگەڵ تورکیا گوتی، "ئێمە لە بەراورد لەگەڵ تورکیا هەناردەی کەمترمان هەیە بۆ عێراق. هۆکاری ئەوە پشتیوانی نەکردنی ڕاستەقینە لە هەناردەکردنە. جگە لەوە کێشەی گەڕاندنەوەی پارەکان لە ئارادایە. هەروەها لە بەراورد لەگەڵ تورکیا هەناردەکارانی ئێرانی یارمەتی نادرێن و خەڵێت ناکرێن و حکومەت هانیان نادات".

حسێنی گوتیشى، "تورکیا هەموو سنوورەکانی بەزاندووە و بە پشتبەستن بەو ژینگەیە حکومەت بۆ چالاکوانانی ئابووریی ڕەخساندووە و هەروەها بە پشتبەستن بە فکری ئابووری زاڵ، بازاری هەرێمی کوردستانی کە سەردەمانێک بە دەستی ئێمەوە بوو، داگیر کردووە و لە دەستی ئێمەی دەرهێناوە". 
حسێنی وێرای ئاماژەکردن بە سێ فاکتەری کاریگەر بۆ ڕاکێشانی کڕیار گوتی، "کوالیتى و نرخ و کات هەر سێکیان لە بازاڕدا گرنگن. ئێمە لە نرخ و کاتی گەیشتنی کاڵا بە کڕیارەکان لە دواوەین. کواڵیتی پێچانەوەی کاڵاکانیش لە ئاستێکی نزمدایە. بە گشتی دەکرێ بڵێین ئاستی بەرهەمەکانمان لە خوارەوەیە".

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین