ئامانجى ئۆپراسيۆنە سەربازییەکانى توركيا لە کوردستان شیکاری

نوچەنێت:

بە پاساوى پارێزگاریکردن لە ئاسايشى نەتەوەيى و كۆتاييهێنان بە پارتى كرێكارانى كوردستان، توركيا بەردەوامە لە ئۆپەراسيۆنە سەربازییەکانى بۆ سەر هەرێمى كوردستان و پێشێلكردنى سەروەرى خاكى عێراق لە شنگال و قەنديل و ناوچەكانى تر.

لە تازەترين پێشهاتدا، رۆژى پێنجشەممە ئەنجوومەنى ئاسايشى توركيا رايگەياند،"لەگەڵ ئەوەى حكومەتى عێراق دژى ئۆپراسيۆنەكانى توركيايە، بەڵام توركيا لە ئۆپراسيۆنە سەربازييەكانى لە ناو خاکى عێراق دژ بە چەكدارانى پارتى كرێكاران بەردەوام دەبێت.

لە دواى كۆبوونەوەیەک بە سەرۆكايەتى رەجەب تەيب ئەردۆغان، ئەنجوومەنى ئاسايشى توركيا بەياننامەيەكدا بڵاويكردەوە" ئۆپەراسيۆنە سەربازييەكانى دەرەوەى سنوورى وڵاتەكەى دژ بە پارتى كرێكاران بەردەوام دەبێت بە ئامانجى قووڵكردنەوەى ئاشتى و ئاسايش لەسەر خاكى توركيا و وڵاتانى دراوسێ".

لە بەشێكى ترى ئەو بەياننامەدا هاتووە، "ئۆپراسيۆنە سەربازييەكانمان بە درێژايى سنوورەكانى توركيا لە باشوورى وڵات بەردەوامە بۆ كۆتايى هێنان بە چەكدارانى پەکەکە، لە پێناو  بەديهێنانى ئاسايش لەسەر سنوورەكانى توركيا، لە ماوەى داهاتووش ئەو ئۆپراسيۆنانە بەردەوام دەبن".

رۆژى سێشەمەى رابردوو رەجەب تەيب ئەردۆغان هۆشداریدا حكومەتى عێراقی، كە وڵاتەكەى ده‌ستده‌كات بە ئۆپراسيۆنى"پاكردنەوەى" كەمپى ئاوارەكانى مەخموور، كە بۆتە پەناگەيەكى ئارام بۆ چەكدارانى په‌كه‌كه‌، ئەردۆغان هەڕەشەى لەشكركێشى زياتری كرد بۆ ناوخاكى عێراق.

ئەردۆغان لە درێژەى هۆشداریه‌كه‌ی گوتى، "لاى ئەنقەرە كەمپى ئاوارەكانى مەخموور مەترسى كەمتر نييە لە قەنديل، ئەو كەمپە بۆتە پەناگەيەك بۆ پەکەکە."

ئەردۆغان بانگەشەى ئەوەشى كرد، " كەمپى مەخموور كە بە دوورى (١٨٠) كيلۆمەتر لە سنوورى باشوورى توركيا دوورە، زياتر لە (٢٠) ساڵە شوێنى ئاوارەكانى توركيايە، بۆته‌ لانكەى چەكدارانی پار، پێويستە  بەو جۆرە مامەڵەى لەگەڵ بكرێت".

 

پێشلێكردنى پەيماننامە نێودەوڵەتييەكان

ساڵى رابردوو توركيا هێرشى كردە سەر كەمپى مەخموور، هەرچەندە پەيماننامە نێودەوڵەتييەكان دژی هه‌موو جۆره‌ په‌لامارێكی ئه‌و  شوێنانەن ، بە پێشێلكردنى ياساى نێودەوڵەتى و سەروەرى خاكى عێراقى دادەنێن، پاراستنى ئاسايشى كەمپى مەخموور لە ئەستۆى  حكومەتى عێراقە، هەر چالاكيەك پێچەوانەى ياسا بێت، ببێتە هەڕەشە بۆ سەر خاكى عێراق، يا وڵاتانى دراوسێ، توركيا مافى هيچ جۆرە كاردانەوەيەكى نييە بەرانبەر ئەو شوێنانە، ئەگەر ئەو كەمپە ببێتە هەڕەشەش بۆ سەر ئاسايشى توركيا، لە دەقى پەيماننامە نێودەوڵەتييەكان هاتووە بۆ چارەسەرى ئەو پرسە ئەمنييانە لە چوارچێوەى ياسا نێودەوڵەتیيەكان، پێويستە توركيا سكاڵا پێشكەش بە حكومەتى عێراقى و ئەنجومەنى ئاسايش بكات، تۆمەتى مەترسى كەمپى مەخموور پشتڕاست بكاتەوە، كە بۆتە مەترسى بۆ سەر ئاسايشى توركيا، ياخود پەکەکە كردویه‌تی به‌ بنكەى دواوه‌ی بۆ گورز وەشاند لە بەرژەوەندى و هێزەكانى توركيا.

 

گێچەڵيەكانى رۆژانە

لە ساڵى رابردوو تا ئێستا هێزە سەربازييەكانى توركيا ئۆپەراسيۆنەكانيان چڕكردۆتەوە بۆ سەر بنكەكانى په‌كه‌كه‌ لە هەرێمى كوردستان، بۆردومانەكانيان بە قووڵايى (٣٠) كيلۆمەترە لە ناو خاكى عێراق بەردەوامە، رۆژانە بە جۆرەها شێوە هێرش دەكەنە سەر خاكى عێراق هێرشەكانى بە دەبابە بێت، ياخود هێرشى ئاسمانى بێت، گوند و كێڵگەكانى پارێزگاى دهۆك دەكەنە ئامانج.

توركيا بە پاساوى ئەمنى هاتۆتە قووڵاى خاكى عێراق، بۆ راوەدونانى چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌، بەڵام بەرپرسانى عێراقى دەڵێن: "ئەنقەرە دەيەوێت ئامانجە مێژووييەكانى بەدەستبهێنێت،ـ كە زيندوكردنەوەى ئيمپڕاتۆرى عوسمانييە".

 

هەڕەشەكانى توركيا بۆ سەر ژینگەى ناوچەکە

بە گوێرەى سەرچاوەيەكى تايبەت بە (نەهارى عەرەبى) راگەياند، توركيا تەنيا لە رێگەى هێرشە ئاسمانى و ئۆپەراسيۆنە سەربازييەكانى زيانى بە هەرێمى كوردستان نەگەياندووە، بەڵکو بەو دواييە لە هەرێمى كوردستان دەستيكردووە بە بڕينەوەى دارستانەكان كردووە، بەوەش هەڕەشە لە سروشت و ژینگەى عێراق دەكات.

سەبارەت بە بڕینی دارستانه‌كان، سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن" هێزەكانى توركيا رۆژانە (٤٥٠) تەن داريان بڕيوە لە رێگەى بارهەڵگرەكان رەوانەى ئەنقەرەيان كردوە بۆ دروستكردنى كەلوپەلى ناوماڵ".

موعين حەبيب رۆژنامەنووسى عێراقى لە لاپەڕەى تايبەتى خۆى لە تويتەر وێنە و ڤيديۆى هێزەكانى توركياى بڵاوكردەوە، كە زۆربەى دارى ناوچە شاخاوييەكانى پارێزگاى دهۆكيان بڕيتەوە. 

 

پێویستى ئەمنى ياخود گرێى عوسمانى؟

حەسەن شاكر، پەرلەمانتارى عێراقى، لە لێدوانێكى بە(نەهارى عەرەبى) راگەياند، "داربڕينى توركيا و وێرانكردنى دارستانەكانى هەرێمى كوردستان، ئەنجامى گرێى گەورەى عوسمانييە بەرانبەر عێراق". ئاماژەى بەوەش كرد، "پەرلەمانى عێراق گفتوگۆ لەسەر هەڵسوكەوتەكانى ئەو دوايەى توركيا لە هەرێمى كوردستان دەكات".

لە بەشێكى ترى قسەكانى گوتى: "توركيا رەچاوى بنەما نێودەوڵەتييەكان ناكات بۆ سياسەتى رێزگرتنى وڵاتانى دراوسێ، هەموو ئەو هەوڵانەى توركيا بەديهێنانى ئامانجى عوسمانييە". لە بەشێكى ترى قسەكانى ئەو پەرلەمانتارە عێراقييە رایگه‌یاند، "پەرلەمانى عێراق هەوڵوێستى توندى دەبێت بەرانبەر ڕەفتارەكانى توركيا لە ناو خاكى عێراق".

لە لايەكى ترەوە محەمەد بەلداوى پەرلەمانتارى عێراقی "داواى خۆپيشاندانى جەماوەرى كرد، بۆ ئيدانەكردنى كارەكانى توركيا". روونيشيكردەوە، "توركيا دەيەوێت هەژموونى عوسمانى لەرێگەى داگيركردنى نەينەوا و كەركووك و پارێزگاكانى تر لە عێراق فراوان بكات".

دواى هەڕەشەكانى ئەردۆغان لە دووى حوزەيران، دوێنێ شەممە (5)ى حوزەیران، تورکیا لە ڕێگەى فڕۆکەى بێفڕۆکەوان بۆردوومانى کەمپى مەخموورى کرد، بەرپرسى مەڵبەندى یەکێتى لە هەولێر بە رووداوى ڕاگەیاند، لە بۆردوومانەکەى تورکیا بۆ سەر کەمپى مەخموور دوو هاووڵاتى بوونتە قوربانى.

لە بەرانبەردا لیندا تۆماس گرینفیڵد، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە لاپەڕەى خۆی لە تویتەر نووسیوییەتی "دوێنێ، بەڕوونی بە بەرپرسانی تورکیام راگەیاند، بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل لە کەمپی مەخموور پێشێلی یاسای نێودەوڵەتی و مرۆییە." 

ليوا يەحيا رەسووڵ وتەبێژى هێزە چەكدارەكانى عێراق لە بەياننامەيەكدا دەڵێت، "دەستيان بە لێكۆڵينەوە كردووە سەبارەت بەو هێرشەى دوێنێ شەممە لە پارێزگاى دهۆك كرايە سەر هێزەكانى پێشمەرگەى سەر بە حكومەتى هەرێمى كوردستان".

لە بەشێكى ترى بەياننامەكە هاتووە" حكومەتى ناوەندى ئيدانەى ئەو هێرشە ترسنۆكانە دەكات".

 هەروەها ئاماژەى بەوەشکردووە "هێزە ئەمنيەكان دۆسيەى لێكۆڵينەوەيان كردووە، ئەوانەى خوێنى عێراقييەكانيان رشتووە، بەسزاى دادپەروەرانەى خۆيان دەگەن".

لە بەشێكى ترى بەياننامەكەدا ئاماژە بەوە دەكات، "هێزە عێراقييەكان دووبارە جەخت لەسەر سەروەرى خاكى عێراقى دەكەنەوە و رێگر دەبن لە هەر دەستدرێژيەكى ناوخۆى و دەرەكى". هەروەها جەخت لە پرەنسيپى دەستوورى دەكەنەوە، كە "رێگە نادات عێراق ببێتە شوێنى هێرشكردنە سەر دراوسێكانى".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین