نێچیرڤان بارزانى و شێخ محه‌مه‌د بن زاید كۆده‌بنه‌وه‌ کوردستانی

نوچه‌نێت

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و شێخ محه‌مه‌د بن زاید ئال نهیان جێنشینى ئه‌بوزه‌بى كۆببنه‌وه‌ و به‌رپرسێكى ئیماراتیش ده‌ڵێ، "نێچیرڤان بارزانى رۆڵێكى كاریگه‌رى له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ و جیهان هه‌یه‌".

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 12ى حوزه‌یران له‌ ئه‌بوزه‌بى، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و شێخ محه‌مه‌د بن زاید ئال نهیان جێنشینی ئه‌بو زه‌بی و جێگری فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى ئیمارات، له‌ ئه‌بوزه‌بى كۆببنه‌وه‌.

دوێنێ هه‌ینى 11ى حوزه‌یران له‌سه‌ر داوا و بانگهێشتى محه‌مه‌د بن زاید، نێچیرڤان بارزانى گه‌یشته‌ ئه‌بوزه‌بى، سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ راگه‌یێندراوێكدا بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى له‌لایه‌ن ئه‌حمه‌د عه‌لى ئه‌لسایغ وه‌زیرى ده‌وڵه‌تى ئیمارات پێشوازى لێكراوه‌.

راگه‌یێندراوه‌كه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ به‌پێى به‌رنامه‌ى سه‌ردانه‌كه‌، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى نێوان نێچیرڤان بارزانى و شێخ محه‌مه‌د بن زاید ئه‌نجام ده‌درێت.

سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ده‌ڵێ، "له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا پته‌وترکردنی په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ئیمارات و چۆنیه‌تیى فراوانكردنى بواره‌كانى هاوبه‌شى و هاریكاریى نێوان هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ ئیمارات تاوتوێ ده‌که‌ن، له‌باره‌ی دوایین پێشهات و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى بیروڕا ده‌گۆڕنه‌وه".

ئه‌حمه‌د ئیبراهیم زاهیرى كونسوڵى گشتى ئیمارات له‌ هه‌ولێر له‌ لێدوانێكى بۆ رۆژنامه‌ى "المصری الیوم" سه‌ردانه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى به‌ گرنگ ده‌زانێ و دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان رۆڵێكى گه‌وره‌ له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ و جیهان هه‌یه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین