كوشتنى عیساوى تیرۆریست گومان دروست ده‌كات راپۆرت و شیکاری

 

نوچه‌نێت

رۆژى پێنجشه‌مى رابردوو مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق كوشتنى ئه‌بویاسرى عیساوى سه‌ركرده‌ى تیرۆریستى داعشى راگه‌یاند، كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ عێراقییه‌كان كوژراوه‌. دواتر میلیشیاكانى شیعه‌ ڤیدیۆی كوشتنى ئه‌و تیرۆریسته‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ گومانێكى زۆر ده‌وروژێنێ.

سه‌ره‌تا هه‌واڵه‌كه‌ له‌لایه‌ن ته‌حسین خه‌فاجى گوته‌بێژى فه‌رمانده‌یى ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانى عێراق بڵاوكرایه‌وه‌ و دواتر كازمى و به‌رپرسانى ترى عێراق دووپاتیان له‌سه‌ر كوشتنه‌كه‌ كرده‌وه‌.

دواى حكومه‌تى عێراق هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تیش دووپاتیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌شداریان له‌ كوشتنى ئه‌بویاسر عیساوى تیرۆریست كردووه‌.

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌لایه‌ن به‌رپرسانى ئه‌منى عێراق بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، ئۆپراسیۆنه‌كه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كى دووره‌ده‌ستى باشوورى كه‌ركووك بووه‌ و 16 كاتژمێرى خایاندووه‌ و فڕۆكه‌ى جه‌نگى به‌شدارى تێدا كردووه‌ و دواتر هێزێك دابه‌زێنراوه‌ و دووپاتیان له‌سه‌ر كوشتنه‌كه‌ى كردووه‌ته‌وه‌.

كازمى كوشتنى عیساوى به‌ "بڕینى سه‌رى ماره‌كه‌" وه‌سف كرد، به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌ دواى نه‌مانى ئه‌بوبه‌كر به‌غدادى به ‌گه‌وره‌ترین تیرۆریست وه‌سف داده‌نرا.

ده‌كرا به‌دیل بگیرێت به‌ڵام له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ كوژراوه‌



ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت ئه‌مڕۆ میدیاكانى نزیك له‌ ئێران ڤیدیۆیه‌كیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ دوایین ساته‌كانى كوشتنى عیساوى نیشان ده‌دات.

له‌ ڤیدیۆكه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت عیساوى كه‌وتووه‌ته‌ ژێر پاشماوى داڕووخانى خانوو و ده‌نگى لێوه‌ دێت و دوو سێ كه‌سیش قسه‌ ده‌كه‌ن له‌وه‌ ده‌چێ یه‌كێك به‌رپرسیان بێت چونكه‌ به‌"سه‌یدى" ناوى ده‌به‌ن، پێى ده‌ڵێن "سه‌یدى چاوى كرده‌وه‌" مه‌به‌ستى چاوى تیرۆریسته‌كه‌یه‌، له‌ ڤیدیۆكه‌ ده‌رده‌كه‌وێت تیرۆریسته‌كه‌ له‌ژێر پاشماوه‌كانه‌ و له‌و كاته‌دا قسه‌كه‌ره‌كان ده‌ڵێن ته‌قه‌ی لێ بكه‌ و دوو فیشه‌ك ده‌نیرێت به‌ سه‌رى تیرۆریسته‌كه‌ و له‌گه‌ڵ فیشه‌كى یه‌كه‌م نوزه‌یه‌ك به‌رز ده‌بێته‌وه‌! دواى فشه‌كى دووه‌م ته‌واو ده‌كوژرێت.

دیاره‌ ئه‌و ڤیدیۆیه‌ له‌لایه‌ن پێگه‌ى سابڕین نیوز بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ پێگه‌یه‌كى سه‌ربه‌ حزبوڵاى عێراقى و ئێران و دواتریش ماڵپه‌ڕه‌ فه‌رمییه‌كانى ئێران وه‌ك ماڵپه‌ڕى عاله‌م ڤیدیۆیكه‌یان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ته‌نیا 27 چركه‌یه‌.

ئێران گرته‌ى دواساتى كوشتنى تیرۆریسته‌كه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌
كه‌چى عێراق به‌شێك له‌ ڤیدیۆكانى ده‌سڕێته‌وه‌

چه‌ند پرسیار و گومانێك دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌و ڤیدیۆیه‌ ده‌وروژێنرێت، یه‌كه‌م ئه‌گه‌ر به‌گوێره‌ى ڤیدیۆكه‌ بێت ئه‌وا ده‌كرا ئه‌و تیرۆریسته‌ گه‌وره‌یه‌ به‌دیل بگیرێت، بۆچى ئه‌مه‌ نه‌كراوه‌؟

دووه‌م بۆچى عێراق به‌ فه‌رمى وێنه‌كانى بڵاونه‌كرده‌وه‌ و دواتر له‌لایه‌ن میلیشیاكانه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌؟ بۆچى ئه‌و ڤیدیۆیه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى عێراق  كه‌ به‌ فه‌رمى بڵاوكرایه‌وه‌ و چۆنیه‌تى جێبه‌جێكردنى پلانى كوشتنى عیساوى تیرۆریستى ده‌رده‌خست له‌چه‌ندان ماڵپه‌ڕ سڕانه‌وه‌؟

شاره‌زایانى بوارى تیرۆر دووپات له‌سه‌ر گرنگى كوشتنى ئه‌بویاسر عیساوى ده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌ڵێن كوشتنى ئه‌و خاڵێكى وه‌رچه‌رخان ده‌بێت له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆردا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و پرسیارانه‌ى له‌ سه‌ره‌وه‌ن ئه‌گه‌ر دره‌نگیش بێت ئه‌وا پێویستیان به‌ وه‌ڵام هه‌یه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین