محه‌مه‌د بن زاید  بۆ نێچیرڤان بارزانى: پشتگیریى بەردەوامى وڵاته‌كه‌مان بۆ كوردستان دووپات دەکەینەوە کوردستانی

نوچەنێت:

نێچیڕڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لەگەڵ شێخ محه‌مه‌د بن زاید ئال نهیان، جێنشینى ئه‌بو زه‌بى و جێگرى فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى ئیمارات کۆبۆوە، بەپێى ڕاگەینێدراوى سەرۆکایەیتى هەرێم، جێنشینى ئه‌بو زه‌بى، "به‌رده‌وامیى پشتگیریى وڵاته‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان و عیراق و خواستى بره‌ودانى به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان و فراونكردنى بواره‌كانى هاوبه‌شى دووپات كرده‌وه‌."

ئەمڕۆ ئێوارەى دوازدەى حوزەیرانى (2021)، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ جێنشینى ئه‌بو زه‌بى و جێگرى فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى ئیمارات کۆبۆوە، کە تێیدا هەردوولا گفتوگۆى "په‌یوه‌ندییه‌كانى ئیمارات له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى كوردستان، پرۆسه‌ى سیاسى و هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عیراق، هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، گرنگیى هاریكارى و هه‌ماهه‌نگیى هه‌مه‌لایه‌نه‌ بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیرى له‌ ناوچه‌كه‌." تاوتوێکرد.

هەروەها لە ڕاگەیێندراوەکەى سەرۆکایەتیى هەرێمدا هاتووە، "سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سوپاسى ئیماراتى كرد بۆ یارمه‌تییه‌ مرۆیییه‌كانى، به‌تایبه‌تیش دوایین یارمه‌تییان به‌ ناوى ده‌ستپێشخه‌ریى خاتوو شێخه‌ فاتیمه‌ بنت موباره‌ك كه‌ تیایدا هه‌زاران دۆزى ڤاكسینى دژه‌كۆرۆناى پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد."

 

دەقى ڕاگەیێندراوى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان:

به‌ڕێز شێخ محه‌مه‌د بن زاید ئال نهیان، جێنشینى ئه‌بو زه‌بى و جێگرى فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى ئیمارات، له‌ كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌رده‌وامیى پشتگیریى وڵاته‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان و عیراق و خواستى بره‌ودانى به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان و فراونكردنى بواره‌كانى هاوبه‌شى و هاریكارى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان، دووپات كرده‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2021/6/12 به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێز باڵیۆزی عیراق له‌ ئه‌بو زه‌بى به‌ڕێوه‌ چوو، هه‌ردوولا په‌یوه‌ندییه‌كانى ئیمارات له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى كوردستان، پرۆسه‌ى سیاسى و هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عیراق، هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، گرنگیى هاریكارى و هه‌ماهه‌نگیى هه‌مه‌لایه‌نه‌ بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیرى له‌ ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى جێى بایه‌خى هاوبه‌شیان تاوتوێ كرد.

سه‌رۆك نیچیرڤان بارزانى پیرۆزبایى له‌ ئیمارات كرد بۆ هه‌ڵبژاردن و به‌ئه‌ندامبوونى له‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى بۆ ماوه‌ى 2022 ـ 2023 كه‌ به‌ڵگه‌ى متمانه‌ى جیهانه‌ به‌ سیاسه‌ت و پێگه‌ و ڕۆڵى گرنگى ئیمارات، هه‌روه‌ها ئاستى به‌رزى دیپلۆماسى و په‌یوه‌ندییه‌كان و كاریگه‌ریى ئیمارات له‌ڕووى هاریكارى و په‌ره‌پێدان له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى، نیشان ده‌دات.

به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سوپاسى ئیماراتى كرد بۆ یارمه‌تییه‌ مرۆیییه‌كانى، به‌تایبه‌تیش دوایین یارمه‌تییان به‌ ناوى ده‌ستپێشخه‌ریى خاتوو شێخه‌ فاتیمه‌ بنت موباره‌ك كه‌ تیایدا هه‌زاران دۆزى ڤاكسینى دژه‌كۆرۆناى پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینى بۆ ڕۆڵى مانگى سوورى ئیماراتى و به‌ڕێز كونسولى گشتیى ئیمارات له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ زه‌مینه‌ى له‌بارى بۆ وه‌به‌رهێنان، ئاماده‌یه‌ هه‌موو ئاسانكارییه‌ك پێشكه‌ش به‌ وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزاریى ئیماراتى له‌ هه‌موو كه‌رت و بواره‌كاندا بكات و پێشوازى له‌ كۆمپانیا ئیماراتییه‌كان و كار و پرۆژه‌كانیان ده‌كات.

له‌باره‌ى دۆخى ناوچه‌كه‌وه‌، هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ هاوبه‌شى هاریكاریى وڵاتانى ناوچه‌كه‌ بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیرى و نه‌هێشتنى مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر و توندڕه‌وى و بره‌ودان به‌ بواره‌كانى په‌ره‌پێدان له‌ هه‌موو كه‌رته‌كاندا پێویسته‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش‌ ئاماده‌یى و ڕۆڵى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ئیماراتیان له‌گه‌ل وڵاتانى ناوچه‌كه‌ به‌ گرنگ زانى.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین