ئه‌حمه‌دى نه‌ژاد: به‌رپرسى دژه‌ سیخوڕیی له‌ ئێران سیخوڕى ئیسرائیل بوو
ئەحمەدی نەژاد، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران دەڵێت بەرپرسی باڵای بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل لە وەزارەتی ئیتلاعات (دەزگای هەواڵگریی)، خۆی سیخوڕی ئیسرائیل بوو. ئەحمەدی نەژاد لە دیمانەیەکدا دەربارەی کوژرانی زانایانی ئەتۆمی و دزینی بەڵگە ئەتۆمییەکانی ئێران قسەی دەکرد

. رۆژی شەممە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دویچە ولە" بڵاوی کردەوە، مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆک کۆماریی پێشووی ئێران و ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی لە میانەی دیمانەیەکی ڤیدیۆیی لەگەڵ محەمەد رەزا تەقەوی فەرد، کە لە تۆڕی یوتیوب بڵاو بووەوە، دەربارەی دانپێدانانی زۆرەملێی زیندانییەکان بۆ لەئەستۆگرتنی تاوانی تیرۆرکردنی زانایانی ئەتۆمی قسەی کرد. 

سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران لەو بارەوە گوتی، "وەزارەتی ئیتلاعات سەبارەت بە تیرۆرکردنی زانایانی ئەتۆمی ناچار بوو کاردانەوەیان هەبێت. کوشتنی زانا ئەتۆمییەکان وەک دزینی بەڵگەکانی رێکخراوی ئاسمانی لە تورقوزئاوا نەبوو کە بتوانن بیشارنەوە. زانایەکی ئەتۆمی تیرۆر کرابوو و هەموو خەڵک پێیان زانیبوو و پێویست بوو ئەوانە (ئەو تاقم و تۆڕەی کە دزەیان کردووەتە ناو ئیتلاعات) کاردانەوەیەکیان هەبێت". 

ئەحمەدی نەژاد گوتیشی: "ئەوانە بۆ ئەوەی ئەو تۆڕەی دزەی کردووەتە ناو ئێران بشارنەوە، واتە خەڵک نەزانن و بەرپرسانی باڵاتر تێنەگەن کە تۆڕێک دزەی کردووە و ئەو کارە ئەنجام دەدات، چوون گیریان دا بە چەند کەسی ئاسایی کە زیندانی کرابوون. ئەو تاقمە داوایان لە زیندانییەکان کرد تیرۆرکردنی زانایانی ئەتۆمی لە ئەستۆ بگرن و لە بەرانبەردا ئازاد دەکرێن". 

ئەحمەدی نەژاد، سەرۆکی کابینەکانی نۆهەم و دەهەم لە ئێران دەڵێت، بە وەزیری ئیتلاعاتی گوتووە هێنانی زیندانییەک بۆ تەلەڤزیون و ناچارکردنی بە دانپێدانان زۆر "گاڵتەجاڕە" و تاقە کەسێک توانای ئەنجامدانی ئەو تیرۆرەی نییە. بە گوتەی ئەحمەدی نەژاد، لانیکەم ٥٠ کەس دەستیان لەو جۆرە تیرۆرەدا هەبووە. 

ئەحمەدی نەژاد هەروەها گوتی، زیندانییە داماوەکان بەرپرسیاریەتی ئەو تیرۆرەیان لە ئەستۆ گرت، چونکە حوکمی زیندانی قورسیان بەسەردا سەپاندبوون بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن هاوکاریی بکەن. 

دیمانەکەی ئەحمەدی نەژاد دوو رۆژ دوای قسەکانی یوسی کۆهين، سەرۆکی پێشووی رێکخراوی موساد بڵاو کراونەتەوە. 

کۆهين ئاماژەی بەوە کردبوو کە موساد بۆ ماوەی چەندین ساڵ موحسین فەخری زادە، زانای ئەتۆمی ئێرانی خستووەتە ژێر چاودێری. 

 

سیناریۆی تورقوزئاوا

سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران لەو دیمانەیەدا گوتی، لە سیناریۆی تورقوزئاوادا ئەو تاقمەیە نفوزیان کردووە ویستوویانە دزینی ئەو بەڵگانە وەک شتێکی ئاسای نیشان بدەن و گووتیان دەرگای قاسەکان نەکراوەتەوە و هیچ بەڵگەیەک نەدزراوە. 

بە گوتەی ئەحمەدی نەژاد هۆکاری ئەو پەردەپۆشکردنە تەنیا بۆ ئەوە بوو سیخوڕەکانی ئیسرائیل و ئەو تاقمەی دزەیان کردووەتە ناو ئێران بپارێزرێن.

سەرۆکی پێشووی ئێران لە قسەکانی خۆیدا وێرای ئاماژەکردن بە "تاقمێک کە نفوزیان کردووە"، پرسیار دەکات، ئەوە چۆنە باڵاترین بەرپرسی کۆنتڕۆڵکردنی سیخوڕە ئیسرائیلییەکان لە ئێران، خۆی دەبێتە سیخوڕی ئیسرائیل؟ 

ئەحمەدی نەژاد دەڵێت، چۆن دەکرێت تەنیا یەک کەس لە وەزارەتی ئیتلاعاتدا بەرپرسیاریەتی بەشی بەرەنگاربوونەوەی پەیوەندییەکان و نفوزی ئیسرائیل لە ئێراندا بێت؟ 

ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە تۆڕێک کرد کە دزەیان کردووەتە ناو وەزارەتی ئیتلاعات. 

ئەحمەدی نەژاد دەڵێت، بۆچی هیچ کەس سەبارەت بە بەڵگە دزراوەکانی تورقوزئاوا وەڵامدەرەوە نییە و تا ئێستا کام بەرپرس لێپرسینەوەی لێ کراوە؟

یوسی کۆهين، سەرۆکی پێشووی موسادیش دەربارەی دزینی ئارشیڤی ئەتۆمی ئێران گوتوویەتی ٢٠ ئەندامی موساد کە ئیسرائیلی نەبوون لەو ئۆپەراسیونەدا بەشدار بوون و هێشتا هەموویان زیندوون و تەنیا چەند کەسێکیان لە ئێران چوونەتە دەرەوە. 

کۆهين گوتی، ئەو قاسانەی بەڵگە ئارشیڤکراوەکانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانیان تێدا بوو لە ماوەی چەند خولەکدا کرانەوە و ئەندامانی موساد لە ئێران، راستەوخۆ لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیونەکە لە تەلئەبیب لە پەیوەندیدا بوون و وێنەی بەڵگە فارسییەکان و بەڵگەکانی تری ناو قاسەکانیان بە شێوەی راستەوخۆ دەگواستەوە. 

کۆهين گوتی ئیسرائیل لە رێگای نفوزی هەواڵگریی خۆیەوە،  چاودێری هەموو بەرنامە ئەتۆمییەکانی حکومەتی ئێران دەکات. 

 

 

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین