سه‌رۆكى پێشووى موساد ورده‌كارى ئۆپراسیۆنه‌ گرنگه‌كانى ناو ئێران ئاشكرا ده‌كات وەرگێڕان

نوچه‌نێت

یوسی کۆهین، سەرۆکی پێشووی موساد، له‌ دیمانەیەکی بێ وێنە لەگەڵ کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل چەندین لایەنی نوێی ئۆپراسیونی هەواڵگریی و ئاسایشیی ئیسرائیل لە دژی ئێران ئاشکرا کرد و بە تایبەت باسی لە موحسێن فەخری زادە و بەڵگە ئەتۆمییەکانی ئێران کرد.

ڕۆژی هەینی ١١ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردەوە، بەپێی ئەو دیمانەیە ٢٠ کەس لە ئەندامانی موساد لە ئۆپراسیونی دزینی بەڵگە ئەتۆمییەکان لە تاران دەستیان هەبووە.

کۆهین بە ئاشکرا بەرپرسیاریەتی تەقینەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی نەتەنزی لە ئەستۆ نەگرت بەڵام گوتی، "ئێمە ڕاشکاوانە بە ئێران دەڵێین: ڕێگا نادەین دەستتان بە چەکی ئەتۆمی بگات. لە چى ئەو قسەیە تێناگەن؟".

هەندێ لە کەسایەتییە پەیوەندیدارەکان بە بەرنامەی ئەتۆمی و هەروەها چەند بنکەیەکی ئەتۆمی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا کراونەتە ئامانج کە زۆر جار ئیسرائیل بە تۆمەتبار ناسراوە.

بۆچی فەخری زادە بۆ موساد گرنگ بوو؟

موحسێن فەخری زادە، سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە و داهێنانی وەزارەتی بەرگری ئێران لە مانگی تەشرینی دووەمی ٢٠٢٠ لە جادەی فیروزکوه بە فیشەک کوژرا. 
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی فەخری زادەی وەک بەڕێوەبەری بەرنامەی "ئاماد"ی ئێران ناساندبوو. ئەو بەرنامەیە پەیوەندی بە لایەنی سەربازیی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانەوە هەیە.

یوسی کۆهین، سەرۆکی پێشووی موساد، بە کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی گوت، "ساڵانێکی زۆر لە ڕێگای فەخری زادەوە زانیاریی کۆ دەکراوە ". 
کۆهین گوتی، "موساد بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە نزیکەوە فەخری زادەی خستبووە ژێر چاودێری.

بە گوتەی کوهین، گرنگیی فەخری زادە پەیوەندی بە زانستی ئەتۆمی و ڕێکخستنی "زانایانی بەرنامەی ئەتۆمی سەربازیی ئێران"وە هەبوو.

سەرۆکی پێشووی ئیسرائیل لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە دەربارەی کوشتنی دوژمنە بە دەسەڵاتەکانی ئیسرائیل هەڵوێستی چییە؟ گوتی، "ئەگەر کەسێک دەسەڵاتێکی هەبێت کە ڕەنگە مەترسی بێت بۆ سەر هاووڵاتیانی ئیسرائیل، پێویستە کۆتایی بە ژیانی ئەو کەسە بێت".

ته‌قینه‌وه‌كه‌ى نه‌ته‌نزى ئێران
چه‌ند ساڵێك پێشتر دانراوه‌ 

 

کۆهین هاوکات گوتی، "بەڵام ئەگەر کەسێک کە بڕیارە بکرێتە ئامانج، ئامادە بێت ڕێگای خۆی بگۆڕێت و پەشیمان بێتەوە، ئیسرائیل یارمەتی دەدات. چەند لە زانایەکی ئەتۆمی ئێران دوای هۆشدارەکانی ئیسرائیل، بە تایبەت بە شێوەی ناڕاستەوخۆ، دەستیان لە چالاکییەکانیان هەڵگرتووە".

پێشکەشکارە ئیسرائیلییەکە لە کۆ‌هین پرسیاری کرد ئەگەر ئەو کەسانە ئامادە نەبن دەست لە کارەکانیان هەڵبگرن، چی دەبێت؟ کۆهين گوتی، " دەڕۆن بۆ لای هاوڕێکانیان". 

ئیلانا دایان، پێشکەشکاری ئیسرائیلی دەربارەی په‌لامار بۆ سەر فەخری زادە گوتی هەرچەند یوسی کۆهین ناتوانێت بەرپرسیاریەتی ئەو کارە لە ئەستۆ بگرێت، بەڵام دەکرێ ئیمزای ئەو لەژێر هەموو وردەکارییەکان ببینرێ.

چۆن بەڵگەکانی تورقوزئاوا دزران؟

یوسی کۆهین لە بەشێکی تر لە دیمانەکەیدا باسی لە دزینی بەڵگە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ئەمبارێک لە تورقوزئاوا، لە باشووری تاران کردووە. کۆهین ئاشکرای کردووە کە ٢٠ کەسی سەر بە ڕێکخراوی موساد، کە هیچیان ئیسرائیلی نەبوون، لەو ئۆپەراسیۆنەدا بەشدار بوون.

کۆهین گوتوویەتی دوای دۆزینەوەی ئەو ئەمبارە وەک شوێنێک کە بەڵگە ئەتۆمییەکانی ئێران تیایدا دەپارێزرێن، ماوەی دوو ساڵ بۆ بەدەستهێنانی ئەو بەڵگانە بەرنامە داڕێژرا. سەرۆکی پێشووی موساد گوتی، "بە مەبەستی ئەنجامدانی باشتری ئەرکەکە، نموونەیەکی هاوشێوەی ئەو ئەمبارە دروستکرا".

بە گوتەی کۆهین، ئەندامانی موساد بۆ دزینی بەڵگەکان تەنیا هەفت کاتژمێر دەرفەتیان هەبوو و دوای ئەوە پاسەوانەکان و ئۆتۆمبێلەکان دەگەیشتن و ئەو کات ئیتر "نەیاندەتوانی لەسەر مەحجەرەکەوە باز بدەن یان لە ناو دیوارەکەوە تێپەڕن".
 

20 پیاوى موساد
له‌ناو ئێران به‌ڵگه‌ نهێنییه‌كانیان دزیوه‌ 


یوسی کۆهین گوتی "شەوی ئۆپەراسیونەکە گرفتێکی تایبەت هاتە پێشه‌وه‌، سەرەڕای ئەوە بڕیار درا ئۆپەراسیونەکە بە پێی پلانی پێشوەختە جێبەجێ بکرێت".

تیمەکەی موساد جەرەسەکانی ئاگادارکردنەوەیان لە کار خست و دەرگای ئەمبارەکەی کردەوە و ٣٢ قاسەی کردەوە. یوسی کۆهين گوتی کردنەوەی هەر قاسەیەک "چەند خولەکی پێویست بوو".

کۆهین گوتی "وێنەی بەڵگە فارسییەکان و شتانی تر کە لە قاسەکەدا بوون بە شێوەی ڕاستەوخۆ گوازرانەوە بۆ ناوەندی فەرماندەیی لە تەلئەبیب".

هەروەها گوتی، "تێگەیشتین ئەوەی دەمانویست دەستمان کەوت و بەسەر بەرنامەی ئەتۆمی سەربازیی ئێراندا زاڵین. هەموومان هەستێکی سەیر و خۆشمان هەبوو".

پێشکەشکارە ئیسرائیلییەکە گوتی، "دوای دزینی بەڵگەکان چەندین بارهەڵگر بۆ خەڵەتاندنی بەرپرسانی هەواڵگریی ئێران لە دەوروبەر تاران جوڵەیان پێکرا بۆ ئەوەی ئێرانییەکان نەتوانن ئەو بارهەڵگرەی کە بەڵگەکانی تێدا بوو، بناسنەوە". یوسی کۆهێن ئەو قسەیە ڕەت نەکردەوە.

کۆهین گوتی، "ڕۆژی دواتر بەرپرسانی ئێران ئاگادار کرانەوە کە ئەمباری بەڵگەکان هیچی تێدا نەماوە و هەموو ڕێگاکانی چوونەدەرەوە لە وڵاتیان داخست". دواتر بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە میانەی کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەو بەڵگانەی خستە ڕوو بۆ ئەوەی بە نیشاندانی لێکۆڵینەوەکانی ئێران دەربارەی چەکی ئەتۆمی بڵێت "ئێران درۆی کردووە".

بەرپرسانی ئێران سەرەتا خەزنکردنی بەڵگە ئەتۆمییەکانیان لە تورقوزئاوا و دزینی ئەو بەڵگانەیان ڕەت کردەوە، بەڵام لەم دواییانەدا موحسێن ڕەزایی، فەرماندەی پێشووتری سوپای پاسداران، پشتڕاستی کردەوە: "بەڵگە بە تەواوەتی نهێنییە ئەتۆمییەکانمان دزراون".

تەقینەوەکەی نەتەنز چۆن ئەنجام درا؟

یوسی کۆهین لە میانەی دیمانەکەیدا لەگەڵ کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل جۆرێ قسەی دەکرد کە گوایە لە نزیکەوە لەگەڵ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئاشنایە. ئیلانا دایان بە کۆهینی گوت ئەگەر بتوانین بڕۆین بۆ نەتەنز، من بۆ کوێ دەبەی؟

کۆهین گوتی "بۆ ژێرزەوییەکە"، ئەو شوێنەی کە پێشتر ئامێرەکانی پیتاندن دەسووڕانەوە، بەڵام ئێستا وەک ئەو کاتە نییە. خاتوو دایان گوتی: "مەگەر ئەوەی سەر لە نوێ ڕێیان خستبێتنەوە"، بەڵام کۆهین لە وەڵامدا گوتی: "ئەوێ ئیتر بەو جۆرە نییە کە پێشتر هەبوو".

سەرۆکی پێشووی موساد ڕاستەوخۆ بەرپرسیاریەتی ئەو دوو تەقینەوەیە لە ئەستۆ نەگرت کە لەم دواییانەدا لە نەتەنز ئەنجام دران، بەڵام پێشکەشکاری کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل گێڕانەوەیەکی بە وردەکارییەوە پێشکەش کرد.

ئیلانا دایان لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا گوتی: "ئەو پیاوە بەرپرسی ئەو تەقینەوانەیە، کە پێشتر ئەستوونە مەڕمەڕییەکانی ئەو شوێنەی دابین کردبوو کە ئامێرەکانی تێدا بوو. ئەو کاتەی ئەستوونە مەڕمەڕییەکانیان لە دامەزراوەکانی نەتەنز دادەنا، هەرگیز بیریان لەوە نەدەکردەوە کە قەبارەیەکی زۆر کەرەسەی تەقەمەنی لەو ناو ئەو ئەستوونانەدا شاردرابێتەوە".

گرنگیی دیمانەکەی سەرۆکی پێشووی موساد لە چیدا بوو؟

دیمانەکەی یوسی کۆهین تەنیا چەند ڕۆژ دوای ئەوە ئەنجام درا کە سەرۆکایەتی ئەو ڕێکخراوەیە ڕادەستی دەیڤید بارنیا کرد. ئەو ڕووداوانە کە کۆهین باسی لێکردوون زۆر نوێن.

ئەگەرچی پێشتریش چەندین بەرپرسی باڵای ئیسرائیل  دوای تێپەڕینی کات بەشێک لە نهێنییە پۆلێنبەندیکراوەکانیان بۆ ڕای گشیی باس کردووە، بەڵام ئەو جۆرە دیمانەیە بەو وردەکاریانەوە لە لایەن سەرۆکێکی پێشووی ڕێکخراوی هەواڵگریی ئیسرائیلەوە، ئەویش لە کاتێکدا تەنیا ماوەیەکی کۆرت لەو پۆستەدا نەماوە، بێ وێنەیە.

بەپێی یاسا و رێسای ئیسرائیل، بڵاوکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتانەی کە لە ڕووی سەربازیی و ئاسایشەوە هەستیار بن، پێویستە لە لایەن یەکەی پشکنینی هێزە چەکدارەکان پشتڕاست بکرێنەوە.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بە شێوەی سرووشتی دەزگای ئاسایشی ئیسرائیل مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی دیمانەکەی یوسی کۆهینی داوە، میدیا جیاوازەکان باس لەوە دەکەن کە دەکرێ ئەو دیمانەیە وەک هۆشدارێکی ئیسرائیل بۆ ئێران هاوکات لەگەڵ گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ڤیێنا لێکبدرێتەوە.

ئێران لە بەرانبەر دزەی ئیسرائیل بۆ ناو وڵاتەکەی چی کردووە؟

لەم ساڵانەی دواییدا دەزگا هەواڵگریییەکان و ڕێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ئاسایشی ئێرانەوە، چەندین جار ڕووبەڕووی تۆمەتی گەندەڵی دارایی، ناکارامەیی و تێوەگلان لە سیاسەت بوونەتەوە. بۆ نموونە مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆک کۆماری پێشوو، دەڵیت " تاقمێکی گەندەڵ" دزەیان کردووەتە ناو ئەو دەزگایانە. 
هەروەها موحسین ڕەزایی، فەرماندەی پێشووتری سوپا و سکرتێری ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی گوتوویەتی، "وڵاتمان بە گشتیی تووشی ناپاکییەک لە بواری ئاسایشەوە بووە". 
سەرەڕای ئەوەی ژمارەی ئەو ئۆپراسیونە تێکدەرانە کە ئیسرائیل تۆمەتبار دەکرێ بە ئەنجامدانیان لەم ساڵانەی دواییدا زۆر بوون، دیار نییە بەرپرسانی ئێرانی چۆن بەرەنگاری ئەو کێشەیە بوونەتەوە.

یوسی کوهین گوتوویەتی، "هەموو ئەندامانی موساد کە لە دزینی بەڵگە ئەتۆمییەکاندا ڕۆڵیان هەبوو، تەندروستن، گەرچی ئیسرائیل ناچار بووە چەند کەسێکیان لە ئێران بباتە دەرەوە".

پێشتر دەزگاکانی پەیوەندیدار بە ئاسایش و وەزارەتی دادی ئێران چەندین جار کەسانێکیان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل دەستبەسەر کردووە، بەڵام زۆر جار یان هیچ بەڵگەیەکیان بڵاو نەکردووەتەوە یان زانیاریی لێکدژ یان ساختەیان بڵاو کردووەتەوە.

ساڵی ٢٠١١، ئاژانسى دەنگ و ڕەنگی ئێران بەرنامەیەکی بڵاو کردەوە کە تیایدا چەند کەس، لەوانە مەجید جەمالی فەشی و مازیار ئیبراهیمی، دانیان بەوەدا نا کە دەستیان هەبووە لە تیرۆرکردنی کەسانی پەیوەندیدار بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانەوە. بەڵام ڕاپۆرتێکی لێکۆڵەرانەی ئاژانسی "بی بی سی" فارسی ئاشکرای کرد ئەو کەسانە لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار کراون لە دژی خۆیان دن بە ئەنجامدانی تیرۆر بنێن.

جگە لە چالاکانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان یان نەیارانی کۆماری ئیسلامیی کە لەو کاتانەدا ئەو تۆمەتانەیان دەخرێتە پاڵ و پەروەندەیان بۆ درووست دەکرێ، هەندێ لە لایەنگرانی حکومەتیش، لەوانە محەمەد حسێن ڕۆستەمی، ڕەزا گوڵپوور و چەند مەداحی [ستایشكه‌ر: ئەو کەسانەی لە بۆنە ئایینییەکانى شیعه‌ سروود دەخوێننەوە] ناسراو، لە پەروەندەی جاسوسییەوە تلاون.

جگە لەوانە هەندێ پەروەندەیش هەن کە بە بێ ڕاگەیاندن و شەفافیەت لە کاروباری دادوەری کاریان لەسەر دەکرێ و دواتر زانیاری ئێجگار کەم سەبارەت بەو پەروەندانە دەکەوێتە دەست میدیاکان.

20 پیاوى موساد به‌ڵگه‌ نهێنیه‌كانى
ئێرانیان دزیوه‌

 

بۆ نموونە مەجید ئەنساری، یاریدەدەری کاروباری پەرلەمانی و یاسایی پێشووی حەسەن ڕۆحانی، لە ساڵی ٢٠١٦ گوتی: "بۆچی تا ئێستا دزە نەکراوەتە ناو ئەو دەزگا و ڕێکخراوانە کە ئێستا باسیان لێ دەکرێ؟ ئێمە کەسمان هەبوو دزەی کردووەتە ئەو شوێنانە و لەسێدارەیش دراوە. هەر ساڵی پار ئەوە ڕووی دا".

یەکێک لە ناسراوترین کەسایەتییەکان کە ناوی لە کێشمەکێشی هەواڵگریی نێوان ئێران و ئیسرال لە ئارادایە، عەلی ڕەزا عه‌سگه‌رى، سەرلەشگەری خانەنشینکراوی سوپای پاسدارانە کە ساڵی ٢٠٠٦ لە تورکیا ون بوو. بەرپرسانی ئێران ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار دەکەن کە ئەو فەرماندەیە ڕفاندووە.

عه‌سگەری پێش ئەوەی ون بێت زیاتر لە یەک ساڵ لە ئێراندا بە هۆکاری نادیار دەستبەسەر کرابوو.  ئیسماعیل ئەحمەدی موقەدەم، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی ئاسایش کە بە هۆی گەندەڵی دارایی حوکمی دوورخستنەوە لە کاری حکومیی بەسەردا سەپا، دەربارەی عەلی ڕەزا عەسگەری گوتبووی بۆ ئازادکردنی عەسگەری سەردانی بۆ عەلی ئەکبەر ناتق نووری، پشکێنەری تایبەتی ڕابەری کۆماری ئیسلامیی کردبوو.

بە گوتەی ئیسماعیلی موقەدەم، "ناتق نووری گوتبووی ئەو هەمووە خیانەتیان کرد و قیت قیت دەگەڕێن، ئێستا ئەم حاجی ڕەزا کە هەزاران خزمەتی کردووە ئەگەر هەڵەیێکیشێ کردبێ، نابێ خزمەتەکانی پشتگوێ بخرێن". بۆیە ئەو تۆمەتانەی خرابوونە پاڵ عەسگەری "نەسەلمێندران".

چەند میدیایەکی ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠١٠ ڕایانگەیاند عەسگەری لە زیندانی ئیسرائیل خۆی کوشتووە بەڵام ماوەیەک دواتر بە فەرمانی سوپای ئیسرائیل هەواڵی خۆکوژییەکەیان سڕییەوە. 

 

 

سه‌رچاوه‌ : bbc

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین