خاته‌مى له‌گه‌ڵ بایكۆتكردنى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئێران نییه‌ ئێران

نوچه‌نێت

لە کاتێکدا میرحسێن مووسەوی گوتوویەتی پشتیوانی لەو کەسانە دەکات کە لە هەڵبژاردنە پڕ لە سووکایەتییەکان تەنگیان پێهەڵچنراوە و بایکوتی دەکەن، محەمەد خاتەمی بە شێوەی ناڕاستەوخۆ داوای کردووە لایەنگرانی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریدا بەشدار بن.

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ماڵپەڕی کەناڵی "ئێران ئێنتەرنەشنال" بڵاوی کردەوە، محەمەد خاتەمی، سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران، لە پەیامێکدا بۆ ئەندامانی "حزبی گەنجانی ئێرانی ئیسلامیی"، وێرای ئەوەی ژینگەی سیاسیی ئێستای ئەو وڵاتەی بە "سارد و کز" وەسف کرد، نووسی: "کۆمەڵگە پێویستی بە شادی، هیوا و تامەزرۆیی بۆ بەشداریکردن لە شانۆی دیاریکردنی چارەنووس هەیە".

خاتەمی، سەرۆک کۆماری ریفورمخوازی پێشوو و سەرۆکی کابینەکانی حەوتەم و هەشتەمی کۆماری ئیسلامیی، هیوای خواست هەموو حزبەکان "بتوانن لەم قۆناغە هەستیارەدا، بە دروستی ئاگاداری ئەرکی خۆیان لە بەرانبەر نیشتمان و گەلی خۆیاندا بن و لە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکەدا سەرکەوتوو بن".

خاتەمی لە هەموو خولەکانی پێشووی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێران بەشداری کردووە و پێدەچێت لەم دوایین پەیامەی خۆیشیدا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ داوای بەشداریکردنی کردووە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە میرحسێن مووسەوی، کاندیدی ناڕازی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ساڵی ٢٠٠٩ و یەکێک لە رابەرانی بزووتنەوەی سەوز لە ئێران، لە پەیامێکدا رایگەیاندووە "لەو بارودۆخە ناسەقامگیر و لێڵ"ەدا پاڵپشتی لەو کەسانە دەکات کە " لە هەڵبژاردنە پڕ لە سووکایەتی و کارتۆنییەکان تەنگیان پێهەڵچنراوە" و "ئیرادەی خۆیان تەسلیمی ئەو بڕیارانە ناکەن کە لە پشتی پەردەوە بۆ داهاتووێ ئێران دەدرێن".

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین