بۆچی رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان هێشتا بۆ خامنەیی گرنگە؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

هەڵبژاردنەکانی ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە ئێران چەندین تایبەتمەندی هەیە. هەم میرحسێن موسەوی کاندیدی ناڕازی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٩ کە لە ماڵەوە زیندانە و هەم مەحموود ئەحمەدی نەژاد، کە لە بەرانبەر موسەویدا سەرکەوت و دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت، هەر دووکیان هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەیان بایکوت کردووە.

راپرسییەکان دەرخەری ئەوەن رێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا کەم دەبێت، بەڵام خامنەیی، رابەری کۆماری ئیسلامیی لە لێدوانەکەی دوێنیی (چوارشەممە ١٦ی حوزەیران) خۆیدا وێرای ئاماژەکردن بە کێشەی ئابووری و بژێوی خەڵک رایگەیاند، چارەسەری کێشەکان، بەشداری بەرفراوانی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانە و بایکوتکردنی دەنگدان، هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات.

خامنەیی گوتی: "هەندێ لەو کەسانەی کە گومانیان هەیە لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار بن یان دوودڵ و دڵساردن، لە چین و توێژی بێبەش و هەژاری کۆمەڵگەن. لەوە ئاگادارم. ئەو کەسانە چاوەڕوانییەکانیان رەوایە و گلەییان هەیە کە داواکارییەنیان جێبەجێ نەکراون، کێشەی نیشتەجێکردن، خۆشبژیوی و هتد. پێویست بوو بەرپرسان ئەو کێشانەیان چارەسەر بکردایە، بەڵام نەیانکردووە، بۆیە مەیلی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانیان نییە. گلەیی ئەوانە رەوایە، بەڵام بڕیاردانەکەیان بۆ بەشدارینەکردن رەوا نییە. پێویستە کابینەی داهاتوو چارەسەرکردنی کێشەی ئەو کەسانە لە سەرەوەی بەرنامەی خۆی دابنێت. بەڵام بەشدارینەکردن و بایکوتکردنی هەڵبژاردنەکان هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات".

بۆچی رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ عەلی خامنەیی گرنگە؟

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ئێران ڤایەر" لە راپۆرتێکدا هەوڵی داوە وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە و نووسیویەتی: "ئەنجامی راپرسییەکان لە هاووڵاتیانی ئێران دەرخەری ئەوەیە رەنگە ئەم خولەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی، دوای چوار ساڵى پڕ هەوراز و نشێو کە دەنگدەرانی خولی پێشووی بێزار و پەشیمان کردووە، کەمترین رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری بێت".

گوتەبێژی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور گوتوویەتی، "کەمبوونەوەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا نابێتە هۆی ئەوەی کاندیدی هەڵبژێردراو رەوایی خۆی لە دەست بدات". ئەو قسەیە لە لایەن زۆرێک لەو سیاسەتوانانەوە کە هەوڵ دەدەن "ئیبراهیم رەئیسی" ببێتە سەرۆک کۆمار، چەندین جار دووپات بووەتەوە.

هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ، نۆیەمین هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئەو وڵاتەیە کە لە ماوەی ٣٢ ساڵ رابەڕایەتی خامنەییدا بەڕێوە دەچێت. جگە لە دوو هەڵبژاردنی سەرەتا کە "ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانی" بووە سەرۆک کۆمار، بە هەر هۆکارێک بێت رێژەی بەشداریکردن بۆ خامنەیی گرنگ بووە.

بۆ یەکەم جار کە پرسی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لای هاووڵاتیانی ئێران گرنگیی پەیدا کرد، کاندیدی نەخوازراوی خامنەیی، واتە "محەمەد خاتەمی" بە دەنگی ٢٠ ملیۆن هاووڵاتی سەرکەوت کە ژمارەیەکی چاوەڕوانکراو بوو.

خامنه‌یى به‌رزیى رێژه‌ى به‌شداربوون
به‌ ره‌وایه‌تى كۆمارى ئیسلامى ده‌به‌ستێته‌وه‌ 

رابەری کۆماری ئیسلامیی بەردەوام رێژەی بەشداریکردنی بە نیشانەی "رەوایی" کۆماری ئیسلامیی وەسف کردووە. خامەنیی دوو جار دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٩ (کە سەرکوتکردنی توندوتیژانە و خوێناوی ناڕازیان بە ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە زەمینەی بایکوتکردنی گشتیی و دەنگنەدانی فەراهەم کردبوو) وێرای بانگهێشتکردنی خەڵک بۆ دەنگدان بە "ئێران" و ئاشتکردنەوە لەگەڵ سندووقەکانی دەنگدان، تەنانەت ئەگەر خودی خامنەییشیان خۆش نەوێت، هەوڵی دا رێژەی بەشداریکردن بەرز بکاتەوە.

ئەگەرچی دوای دەنگدانەکان، بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی لە قازانجی خۆی بەکارهێنا و وەک دەنگدان بە کۆماری ئیسلامیی وەسفی کرد. خامنەیی نەورۆزی ساڵی ١٩٩٨، کە هاشمی رەفسەنجانی جێگای خۆی بە خاتەمی دابوو، رێژەی بەشداریکردنی پێناسە کرد و بە درێژایی ساڵانی دوای ئەوە، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی گریمانەیان ئەوە بووە هاتنە ئارای دۆخێکی پێچەوانەی ئەو پێناسەیە بە واتای لە دەستدانی رەوایی خۆیان لە ناو خەڵکدایە.

خامنەیی لە پەیامەکەی خۆیدا بە بۆنەی نەورۆزی ئەو ساڵەوە، گوتی: "یەکێک لە گرنگترین پێوەرەکانی دیاریکردنی ئەوەی کە دەسەڵاتێک خەڵکییە یان نا، بریتییە لەوەی کە خەڵک چەندە لە هەڵبژاردنە نیشتمانییەکاندا بەشداری دەکەن... دەسەڵاتی رەوا دەسەڵاتێکە کە تیایدا هەست بە بەشداریکردنی خەڵک دەکرێت. ئەم هەڵبژاردنانە بە بەشداری ٣٠ ملیۆن هاووڵاتی و بە دەنگدانی ٢٠ ملیۆن کەس بە کاندیدێک، بەڵگەیەکی قایم بوو بۆ کۆماری ئیسلامیی کە بە پێچەوانەی بانگەشە و خواستی دوژمنان، لەناو خەڵکدا خۆشەویستە. ئەوە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێجگار پڕ بایەخ بوو".

لە کاتی ئەو لێدوانەدا، خامنەیی ٦٠ ساڵ تەمەنی بوو. ئێستا نزیکەی چارەطە سەدەیەک لەو کاتە تێپەڕیوە بەڵام رابەری ٨٢ ساڵەی کۆماری ئیسلامیی هێشتا بە ئاشکرا و راشکاوانە هەمان هەڵسەنگاندن و پێناسەی لە دەسەڵاتی "خەڵکی" و "خۆشەویست" هەیە.

بەرپرسانی کابینە جیاوازەکان، لە خاتەمییەوە بگرە تا ئەحمەدی نەژاد و "حەسەن رۆحانی" لەو کاتە هەستیارانەدا کە لە میانەی گەشتەکانی خۆیان بۆ وڵاتانی دەرەوە سەبارەت بە سەرکوتکردن و پێشێلکردنی مافەکانی هاووڵاتییانی ئێران لە لایەن رۆژنامەوانانەوە پرسیاریان لێ کراوە، ئاماژەیان بە رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان وەک بەڵگەی خۆشەویستی دەسەڵاتەکەیان لە ناو خەڵکدا کردووە.

تەنیا سێ مانگ پێش خوێناویترین سەرکوتی هاوچەرخی هاووڵاتیانی ئێران لە لایەن دەسەڵاتەوە، واتە لە تەشرینی دووەمی ٢٠١٩دا، "محەمەد جەواد زەریف"، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی لە میانەی گەشتێکدا بۆ وڵاتی نەرویج لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ناڕەزایی گشتیی لە ئێران و سەرکوتکردنی ناڕازییان لە لایەن دەسەڵاتەوە، گوتبووی: "ئەگەر بەو جۆرە بێت کە ئێوە دەڵێن و کۆماری ئیسلامیی مافەکانی خەڵکی خۆی پێشێل بکردایە و ئێمە خەڵکی خۆمان سەرکوت بکردایە ٧٣٪ی خەڵک نەدەچوونە سه‌ر سندووقەکان بۆ ئەوەی دەنگ بدەن". زەریف ئاماژەی بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی دوو ساڵی پێشتر دەکرد.

خامنەیی دوو رۆژ پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان گوتبووی: "ئیشەڵا خەڵک (ژن و پیاو) لە هەموو وڵات بەشداری دەکەن و ئابڕوو دەبەخشن بە کۆماری ئیسلامیی".

رۆژێک دوای هەڵبژاردنەکانیش پەیامێکی نووسراوەی بڵاو کردەوە، "ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی دوێنێدا سەرکەوت، خەڵکی ئێران و کۆماری ئیسلامیی بوون... هەموو توێژ و چینەکان، هەموو مەیلەکان، هەموو تێڕوانینە سیاسییەکان پێکەوە هاتنە ناو گۆڕەپانەکە و شان بە شانی یەکتری دەنگیان بە کۆماری ئیسلامیی دا".

هەڵبژاردنەکانی خولی پێشووی پەرلەمان لەژێر کاریگەری سەرکوتکردنەکانی تەشرینی دووەمی ٢٠١٩ و کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە گەشتییەکەی ئۆکرانیا کە ١٦٧ کەس گیانیان لە دەست دا و هەروەها لەژێر کاریگەری رەتکردنەوەی ژمارەیەکی بەرفراوان لە کاندیدەکانی پەرلەمان لە ژینگەیەکی سارددا بەڕێوەچوو و رێژەی بەشداریکردن کەم بوو. بەڵام بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە روانگەی خامنەییەوە، وەک هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری رەواییبەخش نییە.

خامنەیی لە سێ دەیەی رابردوودا رێژەی بەشداریکردن و رەوایی کۆماری ئیسلامیی پێکەوە گرێ داوە و گریمانەی ئەوە بووە کە پەیوەندیی ئەو دووانە زامنی ئاسایشە. تا کاتێک خامنەیی دەسەڵاتی بە دەستەوە بێت جوداکردنەوەی ئەو دووانە لە یەکتری گونجاو نییە، تەنانەت ئەگەر ئەندامێکی ئەنجومەنی پاراستن بڵێت رێژەی کەمی بەشداریکردن کاریگەری لەسەر رەوایی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دانانێت.

بۆیە خامنەیی سەبارەت بە بایکوتکردنی هەڵبژاردنەکان هەستیارە و تامەزرۆی بەشداریکردنی بەرفراوانە، تا ئەو رادەیەی کە دوو جار ئاماژەی بە خۆشنەویستنی خۆی کردووە و داوای لە هاووڵاتییان کردبوو تەنانەت ئەگەر ئەویان خۆش ناوێت، لانیکەم بە بۆنەی ئێرانەوە لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار بن.

ئێستا کە بایکوتکردنی هەڵبژاردنەکان لە ئێران زیاتر لە هەموو کات لایەنگری هەیە، خامنەیی لە پەیامێکدا بۆ بایکوتکەران گوتوویەتی بایکوت کێشەیەک چارە ناکات و ئاگادارکردنەوەیەکیش بە لایەنگرانی خۆی گوتووە کۆماری ئیسلامیی پێویستی بە دەنگی ئێوەیە.


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین