خۆدزینەوەی کۆشکی سپی لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکان دەربارەی تاوانەکانى رەئیسی ئێران

نوچەنێت:

گوتەبێژی کۆشکی سپی خۆی بوارد لە وەڵامدانەوەی پرسیارێک سەبارەت بە رۆڵی ئیبراهیم رەئیسی لە رەشکوژییەکەی ساڵی ١٩٨٨ و بە وەڵامێکی ناڕوون، خۆی لە وەڵامدانەوە بەو پرسیارە دزییەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردەوە، جین ساکی، گوتەبێژی کۆشکی سپی، لە وەڵامی ئەو پرسیاردەدا گوتی: "ئاشکرایە سەرۆک کۆماری نوێی ئێران دەبێ لە بەرامبەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، کە لە سەردەمی ئەودا ئەنجام دراوە وەڵامدەرەوە بێت". ساکی روونی نەکردەوە ئایا مەبەستی ئەو قۆناغەیە کە رەئیسی سەرۆکایەتی دەزگای دادی لە ئەستۆ بوو یان ساڵانی ١٩٨٨ و ١٩٨٩ کە ڕەئیسی دەستی هەبوو لە رەشکوژییەکەدا

خاتوو ساکی، لە درێژەى قسەکانیدا بە گشتی داوای لە دەسەڵاتی ئێران کرد "بە چاوپۆشین لەوەی کێ سەرۆکایەتی لە ئەستۆیە، زیندانیانی سیاسیی ئازاد بکات و ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت و دان بە ئازادییە بنەماییەکاندا بنێت". 

ئەوە لە کاتێکدایە کە رۆژنامەنووسەکە بە دیاریکراوی ئەو پرسیارەی لێ کردبوو کە رەئیسی "بە هۆی لەسێدارەدانەکانی شەستەکان لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکادایە، ئێستا چی دەکەن؟"

بەڵام خاتوو ساکی لە وەڵامەکەی خۆیدا، سەرنجی خستە سەر گەمارۆ ئابوورییەکانی ئێران. 

ئیبراهیم رەئیسی ئەندامی لێژنەیەکی دادوەری بۆ پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی زیندانیانی سیاسیی بوو کە لە هاوینی ساڵی ١٩٨٨دا لە زینداندا بوون، هەزاران کەس لەو زیندانیانە دوای دادگاییکردنێکی کورت ڕادەستی دەستەی لەسێدارەدان کران، ئەوە لە کاتێکدا بوو کە زۆربەیان حوکمی لەسێدارەدانیان لەسەر نەبوو. 

زۆرێک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی، دوای تێپەڕینی ساڵانێکی زۆرهێشتا سەرقاڵی ڕەتکردنەوە ئەوەن کە گوایە ئاگاداری رووداوەکانی ئەو قۆناغە بوون و دەیانەوێت ناوی خۆیان لەو رەشکوژییە دوور بخەنەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە رەئیسی لە یەکەمین کۆنفڕانسی رۆژنامەوانی دوای سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا بە گشتی بەرگری لە کارنامەی خۆی کرد و تەنانەت گوتی پێویستە لەبەر ئەو رۆڵەی لەو سەردەمەدا گێڕاویەتی "خەڵات" بکرێت. 

خاتوو ساکی هەروەها گوتی ئەمریکا نیگەرانی گۆڕانی روانگەی ئێران سەبارەت بە گفتوگۆ ئەتۆمییەکان نییە، ساکی گوتیشى بڕیاردەری سەرەکی نەگۆڕدراوە. 

لە ئێران هەمیشە خامنەیی بڕیاری کۆتایی دەدات، "پێش هەڵبژاردنەکان، دوای هەڵبژاردنەکان و تەنانەت دوای دەسەڵاتگرتنی سەرۆک کۆماری نوێ، دوایین بڕیاردەرە". 

گفتوگۆ ئەتۆمییەکان بە شێوەی کاتی و بە مەبەستی راوێژکردنی شاندەکان لەگەڵ حکومەتەکانیان راوەستاون. ئێران و ئەمریکا لەم خولەی گفتوگۆکاندا بە شێوەی راستەوخۆ پێکەوە گفتوگۆ ناکەن، بەڵکو ئەورووپییەکان نیوەندگیری نێوان تاران و واشنتۆن دەکەن. 

رێککەوتنی ئەتۆمی لە سەردەمی باراک ئۆباما واژۆ کرا، لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ، ئەمریکا ئیمزاکەی وەرگرتەوە و لەو رێککەوتنە چووە دەرەوە، ئێستا بە دەسەڵاتگرتنی جۆ بایدن، ئەمریکا دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو رێککەوتنە. 

دوای ئەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنەکە چووە دەرەوە بە سەپاندنی چەندین گەمارۆی توند، گوشارەکانی لەسەر ئێران زیاد کرد، ئێرانیش بڕیاری تۆڵەکردنەوەی دا و هەنگاو بە هەنگاو لە رێککەوتنەکە کشایەوە.

گفتوگۆکانی ئەم دواییانە رێگایەکە بۆ ئەوەی هەم ئێران بەڵێنەکانی جێبەجێ بکاتەوە و هەم ئەمریکا بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنەکە و بە هەڵووەشاندنەوەی گەمارۆکان، گوشارەکان لەسەر ئێران کەم بکاتەوە. 

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەى وتەبێژى کۆشکى سپى، یەکێک لە رۆژنامەنووسان گوتی تەنانەت ئەگەر رێککەوتن ئەنجام بدرێت، رەنگە کۆنگرێس رێگری لە هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان بکات، ساکی لە وەڵامدا گوتی، "حکوومەت ئێستا هەوڵی گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران دەدات و بیر لەو قۆناغە ناکاتەوە."

زۆرێک لە نوێنەرانی ئەنجوومەنی پیران، بە هۆی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی، دژی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی سەر ئەو وڵاتەن. خاتوو ساکی ئاماژەی بەوەش کرد و رایگەیاند: "ئێران لە بوارە جیاوازەکاندا، ئەکتەرێکی باش نییە. چ لە بواری مافەکانی مرۆڤ، چ لە بواری چالاکییەکانی لە ناوچەدا". ساکی گوتی بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەمریکا "ئاگاداری تواناکانی ئێران بێت و بزانێت ئەو وڵاتە چەندە لەگەڵ چەکی ئەتۆمی مەودای هەیە". 

خاتوو ساکی گوتی ئاگاداری ئەوە نییە گفتوگۆکان کەی کۆتاییان پێ دێت، بەڵام ئەمریکا تامەزرۆی بەشداریکردنە لە گفتوگۆکاندا. 

هەروەها دەربارەی ئەوەی کە رەئیسی گوتبووی هیچ مەیلێکی نییە لەگەڵ بایدن دیدار بکات، پرسیاری لێ کرا، وتەبێژی کۆشکی سپی لە وەڵامدا گوتی، "لە ئێستادا ئەو دوو وڵاتە پەیوەندی دیپلۆماتیکیان نییە و بڕیاریش نییە رابەرانی هەر دوو وڵات پێکەوە دیدارێکیان هەبێت."

 

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین