ئیبراهیم ڕەئیسی کێیە و بۆچی تۆمەتبارە بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ؟ وەرگێڕان

و: نوچەنێت

ئیبراهیم ڕەئیس ساداتی ناسراو بە ئیبراهیم ڕەئیسی وەک کاندیدی دڵخوازی کۆماری ئیسلامیی لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا بەشدارە. پێدەچێت ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور بە پەسەندکردنی چەند کەسایەتی دیاری ناو دەسەڵات، زەمینەی بۆ گەیشتنی ڕەئیسی بە کورسی سەرۆک کۆماریی ئێران فەراهەم کردووە. بەڵام ئایا لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ساڵی ٢٠٢١دا، ڕەئیسی دەبێتە سەرۆک کۆمار؟

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، ئیبراهیم ڕەئیسی، ساڵی ١٩٦٠ لە گەڕەکی نەوغان لە شاری مەشهەد لەدایک بووە. لە ٢٠ ساڵەیی تەمەنیدا لە دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیدا دەستی بە کار کرد، هیچ خوێندەوارییەکی لە بواری یاسادا نەبوو و پێشتر تەنیا لە حەوزەی عيلمی مەشهەد و پاشان قوم خوێندبووی. بە وردی دیار نییە کە ئایا دوای شۆڕشی ئیسلامیی لە ئێران (ساڵی ١٩٧٩) بڕوانامەی لە زانکۆ یان تەنانەت لە حەوزەی عيلمی وەرگرتووە یان نا. هەڵبەت دەگوترێت لە زانکۆی "شەهید موتەهەری" (یان حەوزەی عيلمی سوپاسالاری پێشوو) لە بواری شەریعە و یاسای تایبەت، بڕوانامەی دکتۆرای وەرگرتووە. 

بەگوێرەی میدیاکان، ئیبراهیم ڕەئیسی لە خوێندکارانی حسێن نوری هەمەدانی، ئەبولقاسم خەزعەلی و عەلی مشکینی بووە. ئەو سێ پیاوە ئایینیە کەسانێکی تۆندڕۆ و مەرجەعی تەقلید و نزیک لە عەلی خامنەیی، ڕابەر کۆماری ئیسلامین. هەروەها ڕەئیسی زاوای ئەحمەد عەلەمولهودا، ئیمام جمعەی مەشهەد و نوێنەری وەلی فەقێ لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوییە، بۆیە توانی لە ساڵی ٢٠١٥دا، تەنیا چەند ڕۆژ دوای مردنی عەباس واعز تەبەسی، لە لایەن ڕابەری کۆماری ئیسلامییەوە ببێتە سەرپەرستیی ئەوقاف‌ و زیارەتگاکانی مەشهەد. 

 

به‌هێزترین كاندیدى سه‌رۆكایه‌تى ئێران له‌ لیستى سزادراوه‌كانى ئه‌مریكایه‌
 

ڕەئیسی و لەسێدارەدانەکانی ساڵی ١٩٨٨

ئیبراهیم ڕەئیسی لە ساڵانی دەیەی ١٩٨٠ بەملاوە بەردەوام وەک یەکێک لە ئەنجامدەران و بڕیاردەرانی سەرەکی لەسێدارەدانی نەیارانی کۆماری ئیسلامیی و لەسێدارەدانە بە کۆمەڵەکانی زیندانیانی سیاسیی هاوینی ١٩٨٨ دەناسرێتەوە. 

ڕەئیسی لە پۆستی یاریدەدەری "دەستەی" دادوەری شۆڕشی ئیسلامیی ناوەند، ڕۆڵێکی بەرچاوی لە ڕەشکوژی ساڵی ١٩٨٨دا هەبوو. لەو سەردەمەدا دادوەری شۆڕشی ئیسلامیی ناوەند سێ ڕێکخراوی یاریدەدەری هەبوو: ڕێکخراوی یاریدەدەر لە بواری مادە هۆشبەرەکان و مونکرات (سەید ئەحمەد زەڕگەر بەرپرسی بوو)، یاردیدەدەر لە بواری ئابووری (ڕەمەزانی بەرپرسی بوو) و یاردیدەدەری "دستە" (سەید ئیبراهیم ڕەئیسی بەرپرسی بوو). هەموو دۆسیە سیاسییەکان لە بەردەستی ڕەئیسیدا بوون، بۆیە بووە یەکێک لە ئەندامانی "ليژنەی مەرگ". 

زیندانیانی سیاسیی و گرووپە چاودێرەکانی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران باس لەوە دەکەن حسێن عەلی نەیێری (حاکمی شەرع)، مۆرتزا ئەشراقی (دادوەر)، ئیبراهیم ڕەئیسی ( جێگری دادوەر) و مستەفا پورمحەمەدی (نوێنەری دەزگای هەواڵگریی لە زیندانی ئەوین) ئەندامانی "ليژنەی مەرگ" بوون. 

فایلێکی بڵاوکراوە لە لایەن نووسینگەی حسێن عەلی مۆنتەزری، جێگری پێشووی ڕابەری کۆماری ئیسلامیی لە نێوان ساڵانی ١٩٨٥ تا ١٩٨٩، یەکێک لە بەڵگە قایمەکانە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ڕۆڵی ئیبراهیم ڕەئیسی لە ڕەشکوژی زیندانیانی سیاسیی لە هاوینی ١٩٨٨دا. 

٣٣ ساڵ پێش ئێستا، لە نێوان مانگەکانی تەمووز تا ئەیلول، هەزاران زیندانی سیاسیی دوای پرسینی پرسیارێک و وەڵامێکی کورت، ڕادەستی دەستەی نەیارکوژ کران. هەندێ لەو زیندانیانە تەنانەت ماوەی دیاریکراوی زیندانیان تێپەڕاندبوو و چاوەڕوانی هەواڵی ئازادی خۆیان بوون. 

نووسراوەکان و چالاکییەکانی ئەو کەسانەی لەو کارەساتە گیانیان دەرباز کرد دەرخەری ئەوەیە بە درێژایی دەیەی ١٩٨٠ و بە تایبەت لە هاوینی ساڵی ١٩٨٨دا دەیان هەزار زیندانی سیاسیی ئەندامی ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق، ڕێکخراوی فداییانی خەلق، حزبی تودە، ڕێکخراوی پەیکار و چەند گرووپ و ڕێکخراوی سیاسیی تر، بە بێ دادگاییکردن ڕادەستی دەستەی نەیارکوژ کران و لە گۆڕە بێ ناو و نیشانەکاندا نێژران. 

ساڵی ٢٠١٦ و دوای ئەوەی ئیبراهیم ڕەئیسی ڕایگەیاند لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا ئامادە دەبێت، ئەحمەد مۆنتەزری، کۆڕی حسێن عەلی مۆنتەزری، بەشداربوونی ڕەئیسی لە هەڵبژاردنەکاندا بە هۆی وەڵامنەدانەوە سەبارەت بە کوشتنی زیندانیانی سیاسیی ساڵی ١٩٨٨ و هەروەها ئەو ڕۆڵەی کە لە سەرکوتکردنی چالاکانی مەدەنی و سیاسیدا هەیبووە، بە "بێ ڕێزیکردن بە گەلی ئێران" وەسف کرد. 

ره‌ئیسى به‌ ئه‌ندامى لیژنه‌ى مه‌رگ ده‌ناسرێت
 

 

حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێرانیش کە کاندیدی هەڵبژاردنەکان بوو، ڕۆژی دووشەممە ٨ی ئایاری ٢٠١٧ لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنەکان لە شاری هەمەدان، گوتی: 

"گەلی ئێران ڕایدەگەیێنن دەنگ بەوانە نادەن کە بە درێژایی ٣٨ ساڵ تەنیا کاریان لەسێدارەدان و زیندانیکردن بووە". 

ئەو قسانە ئاماژە بوو بۆ ئیبراهیم ڕەئیسی کە نەک هەر ئەندامییەتی "ليژنەی مەرگ" لە کارنامەیدا هەبوو بەڵکو لە ساڵی ١٩٧٨وە چەندین پۆستی لە دەزگای داد و لەوانە پۆستی دادوەریی وڵات و جێگری سەرۆکی دەزگای دادی لە ئەستۆ بوو. 

کەمتر لە یەک مانگ دوای ئەوە و لە ڕێکەوتی ٤ی حوزەیرانی ٢٠١٧دا، عەلی خامنەیی، ڕابەری کۆماری ئیسلامیی خۆی هاتە مەیدان و هۆشداری دا کە سەبارەت بە دەیەی ١٩٦٠ نابێت جێگای شەهید و بکوژ بگۆڕدرێ. 

خامنەیی ڕەخنەی گرت و گوتی "هەندێ لە بەرپرسان" (ئاماژە بۆ حەسەن ڕۆحانی)، بە گێڕانەوەی ڕووداوەکانی دەیەی ١٩٨٠، کاندیدی بەرانبەریان کردووەتە ئامانج و گوتی:

"ئەوە [دەیەی ١٩٨٠] قۆناغی یەکلاکەرەوەی چارەنووسی ئێران و ئێرانی و قۆناغێکی زۆر گرنگ و هەستیارە و هاوکات ئەو قۆناغە بە وردی نەناسراوە و لەم دواییانەشدا لە لایەن هەندێ کەسەوە کە بڵندگۆیان بە دەستەوەیە پەلاماری ئەو قۆناغە دەدرێت". 

بەڵام ئیبراهیم ڕەئیسی ساڵێک دوای شکست لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ساڵی ٢٠١٧دا، لە ئایاری ٢٠١٨دا سەبارەت بە ڕەشکوژی هاوینی ١٩٨٨، وێرای جەختکردنەوە لەوەی کە حوکمی لەسێدارەدانەکان لەو ڕووداوەدا لە لایەن ئەوەوە دەرنەکراوە، گوتی: 

"من ئەو کاتە دادوەر بووم. سەرۆکی دادگا حوکم دەر دەکات و ئەوە کە دادوەری گشتییە... موجاهدینی خەلق لەو ساڵەدا ١٧ هەزار کەسیان شەهید کرد و ڕەوتی فیتنە ڕەوتێکی مەترسیدار بوو لە وڵاتدا". 

  وێرای تێپەڕینی چەندین ساڵ بەسەر ڕەشکوژی هاوینی ١٩٨٨ و دەیەی ١٩٨٠ لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا، هێشتا هیچ بەرپرسێکی حکومەت تیشکی نەخستووەتە سەر ئەو ڕەشکوژییە. واتە ئەو بابەتەی کە بنەماڵەی لەسێدارەدراوان و چالاکانی سیاسیی و مافی مرۆڤ هێشتا پێداگری لەسەر دەکەن و خوازیاری دادگاییکردنی ئەنجامدەران و بڕیاردەرانی ئەو تاوانانەن. 

 

ڕەئیسی لە پۆستی دادوەری دادوەران

ساڵ و نیوێک دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ساڵی ٢٠١٧، ڕابەری کۆماری ئیسلامیی، ئیبراهیم ڕەئیسی کە "سەرپەرشتی ئەوقاف و زیاره‌تگا"ی ئیمامی هەشتەمی شیعەکان بوو، لە مەشهەدەوە بانگهێشتی تاران کرد و لە پۆستی سەرۆکایەتی دەزگای داد داینا. (٧ی ئازاری ٢٠١٩). 

ڕەئیسی "دادپەروەریی" و "ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گەندەڵی" وەک جدیترین دروشمەکانی خۆی هێنایە ئاراوە و لە ئاراستەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گەندەڵی، لە ناوخۆ و دەرەوەی دەزگای داد چەند هەنگاوی هاوێشت. لەو ئاراستەیەدا توانی یەکێک لە گرووپە ڕکابەرەکانی "جێنشینی" [خامنەیی] واتە خانەدانی لاریجانییەکان لە دەسەڵات لا بدات. شێوازی دەستبەسەرکردنی ئەکبەر تەبەری، یەکێک لە بەرپرسانی جێبەجێکاری دەزگای داد لە سەردەمی سەرۆکایەتی سادق ئامۆلی لاریجانیدا ( تەبەری لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا میوانی لاریجانی بوو و لە لایەن تیمێکەوە بە ناوی "٥١ کەس" دوای دەرگیری لەگەڵ تیمی پارێزەری ئامۆلی لاریجانی دەستبەسەر کرا)،  دەرخەری شێوازی هەڵسوکەوتی ڕەئیسی و ئەو ڕەوتە بوو کە لایەنگرییان لێ دەکرد . واتە ئەو ڕەوتەی کە پێدەچوو دەیویست هەر بەو جۆرەیش لەگەڵ ئامۆلی لاریجانیش مامەڵە بکات و دەستبەسەری بکات، بەڵام ڕابەری کۆماری ئیسلامیی خۆی هاتە مەیدان و پشتیوانی لە سادق لاریجانی، سەرۆکی پێشووی دەزگای داد و سەرۆکی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی کرد. بەڵام ڕەئیسی گرنگی بە سیاسەتی لەسێدارەدان دا و ئەو سیاسەتەی بە جدی گرتە بەر. 

ساڵ و نیوێک دوای دەستبەکاربوونی ڕەئیسی لە پۆستی سەرۆکی دەزگای داد (هاوینی ساڵی ٢٠٢٠)، دوای ئەوەی ملیۆنان هاووڵاتی ئێرانی و لەوانە چەندین کەسایەتی سیاسیی، ڕۆژنامەوان و هاووڵاتی ئاسایی داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی سێ کەس لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی تەشرینی دووەمی ٢٠١٩یان کرد و هەروەها دوای ئەوەی چەند بەرپرسێکی وڵاتانی تر داوایان کرد حوکمی نامرۆڤانەی لەسێدارەدان لە ئێراندا هەڵبوەشێتەوە، ئیبراهیم ڕەئیسی وەک کاردانەوەیەک لە بەرانبەر ئەو داواکاریانەدا گوتی، دەزگای داد "لەسەر بنەمای شەرع و یاسا" حوکم دەدات و ئەو "هەرا و هورا و پڕۆپاگەندە" کاریگەری لەسەر بڕیارەکان دانانێت. 

ڕەئیسی بە بێ ئاماژەکردن بە داواکاری ملیۆنان هاووڵاتی ئێرانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، گوتی، "سیستەمی دادگاییکردن لە دەزگای داددا لەسەر بنەمای بەڵگە و لەبەرچاوگرتنی ماف و دادپەروەرییە و ڕێوشوێنە یاساییەکان و پرۆسەی دادگاییکردن، هەم زامنی مافی هەموو گەل و هەم زامنی مافەکانی سکاڵاکەر و تۆمەتبارە". 

ڕەئیسی و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان

ئیبراهیم ڕەئیسی لە ناوەڕاستەکانی تەشرینی دووەمی ٢٠١٩ و پێش سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکان لە هەموو ئێران لەو مانگەدا، لەگەڵ هەشت کەسی تر لە پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ کە لە عەلی خامنەیی نزیک بوون، لە لایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکاوە گەمارۆیان خرایە سەر. بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ئەو کەسانە لە "سەرکوتکردنەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران" دەستیان هەبووە. 

لەو ڕاگەیێندراوەدا سەبارەت بە ڕەئیسی هاتووە کە، یەکێکە لە کەسایەتییەکانی نزیک لە عەلی خامنەیی و ناوی ڕەئیسی گرێدراوی "پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ"ە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە ڕەئیسی ئەندامی ليژنەی مەرگ لە ساڵی ١٩٨٨دا بووە و ئێستاش کە بووەتە سەرۆکی دەزگای داد بەردەوامبووە لە سەپاندنی سزای بێبەزەییانە و دەستبەسەرکردنە نایاساییەکان و ئازار و ئەشکەنجەدانی تۆمەتباران. 

هەروەها دەگوترێت دوای ئەوەی حەمید نوری (عەباسی) لە وڵاتی سوید بە تۆمەتی ئەوەی کە دەستی لە ڕەشکوژی زیندانیانی سیاسیی هاوینی ١٩٨٨دا هەبووە و ئەگەری پشتڕاستبوونەوەی ڕۆڵی ئیبراهیم ڕەئیسی لەو تاوانەدا هاتووەتە ئاراوە، ڕەنگە ڕەئیسی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران دۆسیەی دادگای بۆ بکرێتەوە و داوای بکرێت. هەڵبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە سەرۆک کۆماری وڵاتان مافی پارێزراوی سیاسییان دەبێت، ئەگەری ئەوە کەمە کە دادگایەکی نێودەوڵەتی داوای ڕادەستکردنی ڕەئیسی بکات، بەڵام بەرزبوونەوەی دەنگی بەکۆمەڵ بۆ دادخوازی و هەستیاری ڕای گشتیی بۆ بەدواداچوونی ئەو دۆسیە، دەتوانێ ڕەئیسی بخاتە دۆخێکی دژوارەوە.

سەرچاوە: ڕادیۆ زەمانە

 

 

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین