عێراق پاره‌ى زیاترى هاتووه‌ته‌ ده‌ست.. به‌ره‌و بودجه‌ى ته‌واوكارى ده‌چێت؟ شیکاری ئابوری

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

له‌ كاتێكدا له‌ عێراق باس له‌وه‌ ده‌كرێت، به‌هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت عێراق داهاتێكى زۆرى هاتووه‌ته‌ ده‌ست بۆیه‌ له‌وانه‌یه‌ به‌ره‌و دانانى بودجه‌ى ته‌واوكاریى بچێت. جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت ره‌تى ده‌كاته‌وه‌، عێراق بتوانێ به‌ره‌و دانانى بودجه‌ى ته‌واوكاریى بچێت و ئه‌و هۆكارانه‌یش ئاشكرا ده‌كات كه‌ له‌و ئامانجه‌ رێگریى له‌ عێراق ده‌كه‌ن.

جه‌مال كۆچه‌ر:
عێراق ته‌نیا له‌ دوو حاڵه‌ت ده‌توانێ بودجه‌ى ته‌واوكاریى دابنێ

چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ میدیاكانى عێراق باس له‌وه‌ ده‌كرێت، عێراق ده‌توانێ بودجه‌ى ته‌واوكاریى دابنێت، چونكه‌ داهاتێكى زۆرى به‌هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت هاتووه‌ته‌ ده‌ست. چه‌ند په‌رله‌مانتارێك باسیان له‌وه‌ كردووه‌ عێراق نزیكه‌ى 50 ملیار دۆلارى گلداوه‌ته‌وه‌.

فه‌لاح خه‌فاجى ئه‌ندامى لیژنه‌ى ئابوورى په‌رله‌مانى عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى عێراقى باسى له‌وه‌ كردووه‌، عێراق پاره‌ى هێنده‌ى هاتووه‌ته‌ ده‌ست تا بودجه‌ى ته‌واوكاریى دابنێ و ده‌ست به‌ پڕۆژه‌ى گه‌وره‌ى ئابوورى بكات.

جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 22ى حوزه‌یران له‌ لێدوانێکی تایبەت بۆ نوچەنێت ره‌تیكرده‌وه‌ عێراق بتوانێ بودجه‌ى ته‌واوكارى دابنێ، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ى په‌رله‌مانى عێراق گوتى،  "حکومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەک لە ئێستادا ناتوانێت پەیڕەوی بودجەی تەواوکاری بکات".

جه‌مال كۆچه‌ر روونى كرده‌وه‌، عێراق له‌ دوو حاڵه‌ت ده‌توانێ به‌ره‌و بودجه‌ى ته‌واوكارى بچێت و ئه‌و وتى، "ئەگەر بودجەی یەکەمی خه‌رجكردبێت ئەو كات ده‌رفه‌ت هەیە بودجەیەکی تریش جێبەجێ بکات. تاکو ئێستا حکومەت بودجەی 2021 جێبەجێ نەکردووە کە 80%ى ماوە".

بڕوا ناكه‌م بودجەی تەواوکاری پێشکەش بکرێت

جەمال کۆچەر دواتر باسى له‌ حاڵه‌تى دووه‌م كرد و گووتی، "حاڵەتی دووەمیش ئەوەیە ئەگەر داهاتەکە زۆر بوو، پارەیەکی زۆری کەوتە دەست، ئەو کات دەتوانێت بودجەیەکی تر جێبەجێ بکات. ئەو دوو حاڵەته‌ لەگەڵ بارودۆخى ئێستای عێراق ناگونجێت، حکومەت نزیکەی 20 رۆژ دەبێت رایگەیاندووه‌، توانیویەتی پێنج ملیار دۆلار گل بداته‌وه‌، لە دەستپێکی ساڵ تاکو ئێستا، پێنج ملیار هی ئەوە نییە ئێمە بتوانین بڵێن بودجەی تەواوکاری پێ دابنێین، لەبەر ئەوەی 20 ملیار دۆلاری له‌ یه‌ده‌گى بانکى ناوه‌ندى راکێشاوه‌".

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژه‌ى به‌وه‌ دانا، له‌ دەستپێکی په‌تاى کۆرۆناوه‌ تا ئێستا حكومه‌ت نزیکەی 20 ملیار دۆلار لە یه‌ده‌گى بانکی راکێشاوە، جارێکی تر گێڕانه‌وه‌ى ئەو بڕە پارەیە پێویستى بە کاتێکى زۆر هه‌یه‌، بۆیه‌ گوتى، "من بڕوا ناكه‌م بودجەی تەواوکاری پێشکەش بکرێت".

جه‌مال كۆچه‌ر وه‌ك چه‌ندان په‌رله‌مانتارى ترى عێراق پێشبینى ئه‌وه‌ ده‌كات، بودجه‌ى ساڵى داهاتوویش دوا بكه‌وێ، ئه‌و گوتى، "ئەگەر هه‌ڵبژاردن لە 10ی تشرینی یەکەم بکرێت، ئه‌وا له‌وانه‌یه‌ بودجەکە دوا بکەوێت، بۆ دوو تا سێ مانگ، ئەمەش شتێکی ئاساییە چونکە ئەگەر دەنگدان لە کاتی خۆی بکرێت تا ئەنجام دەردەچێت، دەچێتە دەستپێکی مانگی 11، ئەگەر زیاتر نەخایەنێت. دوای ئەوە مانگێک ده‌رفه‌ت دەدرێ تا حکومەت پێکدێت ئەگەر توانی ئیتر ئەوەش تا حکومەت پێکدێت و پەرلەمان دادەنیشێ وەزارەتەکان ئەوەش سێ مانگ دەخایەنێت''.

له‌ كۆتایى لێدوانه‌كه‌شى ئه‌وه‌ى ره‌تكرده‌وه‌ داهاتى شەش مانگەی رابردوو 50 ملیار دۆلار بێت، جەمال کۆچەر دەڵێ، "به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك 50 ملیار دۆلار نەهاتۆه‌تە دەست عێراق. حکومەتی عێراق رۆژانه‌ لە سێ ملیۆن زیاتر بەرمیلی نەوتی نەفرۆشتووە، مانگی پێشووتر لە سێ ملیۆن کەمتريشی فرۆشتووە، چونکە لە مانگی یەک و دوو نرخی نەوت بە 30 دۆلار بوو لە مانگی سێ بە 42 دۆلاری فرۆشتووە، نزیکەی مانگێکە گەیشتووە بە 70 دۆلار، رەنگە نزیکەی 32 تا 35 ملیار دۆلاری فرۆشت بێ".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین