ئەمریکا: داخستنی ماڵپەڕەکانی ئێران پەیوەندیی بە گفتوگۆ ئەتۆمییەکانەوە نییە ئێران

نوچەنێت:

گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، هیچ پەیوەندییەک لە نێوان داخستنی ماڵپەڕەکانی سەر بە ئێران و گفتوگۆکانی ڤێننا نییە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ئیسنا" بڵاوی کردەوە، جین ساکی، گوتەبێژی کۆشکی سپی، دوێنێ (چوارشەممە) لە تویتێکدا نووسی: لەم دواییانەدا خولی شەشەمی گفتوگۆکان کۆتاییان پێ هاتووە و هەموو شاندەکان گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتانی خۆیان و سەرقاڵی راوێژن.

دەشڵێت، ئێمە بەردەوامبوون لە گفتوگۆکان وەک پێشکەوتن لە ئاراستەی گەیشتن بە رێگاچارەیەکی دیپلۆماتیک دەبینین، هیوادارین لایەنەکانی تریش هەر بەو جۆرە سەیری پرسەکە بکەن، جارێکی تر دووپاتی دەکەمەوە داخستنی ماڵپەڕەکانی سەر بە ئێران لە لایەن وەزارەتی دادی وڵاتەکەمانەوە ئەنجام دراوە و پەیوەندییەکی بە گفتوگۆ ئەتۆمییەکانەوە نییە. 

وەزارەتی دادی ئەمریکا رۆژی سێشەممە (٢٢ی حوزەیران) رایگەیاند، ٣٣ ماڵپەڕی سەر بە "یەکێتی رادیۆ و تەلەڤزیۆنە ئیسلامییەکان"ی ئێران و سێ ماڵپەڕی میلیشیاکانی سەر بە کەتیبەکانی حزبوڵای عێراقی داخستووە، بە تۆمەتی ئەوەی گەمارۆکانی ئەمریکایان پێشێل کردووە. 

لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دادی ئەمریکا کە چەند کاتژمێر دوای دەستبەسەرداگرتنی ناونیشانی ئینتەرنێتی ئەو ماڵپەڕانە بڵاوبووەتەوە، تێیدا هاتووە، "نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی داراییە بیانییەکانی ئەمریکا، دەستی بەسەر ناونیشانی ماڵپەڕەکانی یەکێتی رادیۆ و تەلەڤزیۆنە ئیسلامییەکان (ئای ئار تی وی یو) گرت، بە تۆمەتی ئەوەی وەک دامەزراوەیەکی (SND) دیاری کراوە". 

لەو راگەیێندراوەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هۆکاری دیاریکردنی "یەکێتی رادیۆ و تەلەڤزیونە ئیسلامییەکان"ی ئێران وەک "SND" ئەوە بوو کە "رژێمی ئێران بێشەرمانە هەوڵی دا پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە مەبەستی دروستکردنی دووبەرەکی لە ناو دەنگدەران لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشاکارانە لە ئینتەرنێتدا، بکاتە ئامانج". 

لەسەر ماڵپەڕی کەناڵەکانی ئەلعالەم، پرس تی ڤی، کەوسەر و ئەلمەسیرە (کەناڵی میلیشیا حوسییەکان)، دەقی راگەیێندراوێک بڵاوکرایەوە کە مۆری وەزارەتی بازرگانی و پۆلیسی فیدراڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لەسەر بوو. 

پرس تی ڤی کەناڵی ئینگلیسی زمان و ئەلعالەم کەناڵی عەرەب زمانی سەر بە رێکخراوی دەنگ و رەنگی کۆماری ئیسلامین. 

لەسەر ئەو ماڵپەڕانە بە دوو زمانی ئینگلیزی و عەرەبی نووسراوە "چالاکی ئەم ماڵپەڕانە وەستێندراوە". 

شاهرۆخ نازمی گوتەبێژی شاندی نوێنەرانی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "دەستگرتن بەسەر ناونیشانی هەندێ لەو ماڵپەڕانەدا لە لایەن وەزارەتی دادی ئەمریکاوە، پێشێلکردنی ئازادی رادەربڕینە". 

نازمی گوتبووێ، ئێران رێوشوێنی یاسایی لەو بارەوە دەگرێتەبەر. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین