کارگەیەکی وزەی ئەتۆمی ئێران دەکرێتە ئامانج ئێران

نوچەنێت:

میدیاکان باس لەوە دەکەن رۆژی چوارشەممە (٢٣ی حوزەیرانی) کارگەیەکی دروستکردنی ئامێرەکانی پیتاندنی یورانیۆم سەر بە رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران لە پارێزگای کەرەج، کراوەتە ئامانج و زیانی پێگەیشتووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردەوە، بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتانە لە کاتێکدایە کە رێکخراوی وزەی ئەتۆمی پێشتر ڕایگەیاندبوو "هەوڵێکی تێکدەرانە" بۆ سەر یەکێک لە دامەزراوەکانی سەر بەو رێکخراوە پووچەڵ بووەتەوە و هیچ زیانێکی لێ نەکەوتووەتەوە. 

بەگوێرەی کەناڵی ١٣ی ئیسرائیل، لەو هێرشەدا ئەو کارگەیەی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران زیانی بەرکەوتووە. ئەو کەناڵە راشیگەیاندووە، لەو کارگەیەدا ئامێری پیتاندنی یورانیۆمی تێخەی ئەلەمینیوم دروست دەکرا. 

لە تەمووزی ٢٠٢٠یشدا کە بنکەی ئەتۆمی نەتەنز کرایە ئامانج، بەرپرسانی ئێرانی لە لێدوانە سەرەتاییەکاندا هەوڵیان دەدا رووداوەکە و زیانەکانی بچووکتر نیشان بدەن.

هەروەها رۆژنامەی ئەمریکیی نیویۆرک تایمز بە گێڕانەوە لە سەرچاوەیەکی ئێرانی ڕایگەیاندووە، ئەوەی دوێنێ رووی دا هێرش بووە بۆ سەر ئەو کارگەیە. بەرپرسێکی باڵای هەواڵگریی ئەمریکایش رایگەیاندووە، ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج "یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی" دروستکردنی ئامێری پیتاندنی یۆرانیوم بۆ بنکەکانی فۆردۆ و نەتەنز بووە. 

چەندین میدیای ئیسرائیل بە بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە باسی ئەوەیان کردووە ئەو هێرشە بۆ سەر دامەزراوەکانی کەرەج بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان  ئەنجام دراوە و زیانی گەورە بەر ئەو کارگە کەوتووە.

لە ماوەى یەک ساڵی رابردوودا چەندین جار دامەزراوە و بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران کراونەتە ئامانج و زۆر جار ئیسرائیل تاوانبار کراوە بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین