ئەمریکا و ئەڵمانیا بەرەنگاریی رووسيا دەبنەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەڵـمانیا بەڵێن دەدەن شانبەشانی یەک دژی هەر کردەیەکی هەراسانکەری رووسی بوەستنەوە، هەوڵیش بدەن ناکۆکییەکانیشان لەبارەی هێڵی گواستنەوەی گازیی (نۆرد ستریم ٢) چارەسەر بکەن بەر لە وادەی سەردانەکەی راوێژکاری ئەڵمانیا بۆ کۆشکی سپی.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ هایکۆ ماس، هاوتا ئەڵمانییەکەی، دەڵێت "ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەڵمانیا بەردەوام دەبن لە راوەستان شانبەشانی یەک لە بەرانبەر هەر چالاکییەکی مەترسیدار یان هەراسانکەری رووسیا، جا بە دەستدرێژی بێت بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا بێت یان زیندانیکردنی بەرهەڵستکاری رووسیا ئەلێکسی ناڤالنی یان بڵاوکردنەوەی زانیاریی چەواشەکارانە لەناو سیستمە دیموکراسییەکانمان".

لەبارەی هێڵی گازی (نۆرد ستریم ٢)، بلینکن وتی، “خوازیارە کە لەگەڵ ئه‌ڵمانیا بگەنە رێگەچارەیەک. ئەو هێڵە بڕیارە گازی رووسیا بۆ ئەوروپا بگوێزێتەوە بەبێ ئەوەی بە ئۆکرانیادا تێپەڕببێت، ئەمریکا دژیەتی و ئەڵمانیا پشتیوانیەتی”.

بلینکن دەڵێت نابێ ئاساییشی وزەی ئەوروپا بکەوێت بەر مەترسی و هەروەها نابێت وزە بکرێتە کارتی فشاری رووسیا وەکو چەک بەکاربێت لە دژی ئۆکرانیا.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش وتی "کە وڵاتەکەی درک بە گرنگیی ئامانجەکانی ئەمریکا دەکات و بۆ ئەڵمانیا گرنگە بە ئەنجامێک بگات کە ئەمریکاش بتوانێت مامەڵەی لەگەڵ بکات و بۆ ئەوەش کۆمەڵێک ڕێوشوێنیان پێشنیازکردووە بۆ لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا".

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین