رەئیسی و خامنەیی... دووبارەبوونەوەی ئەزموونی ئەحمەدی نەژاد یان کابینەیەکی گوێڕایەڵ؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

کابینەی موحافیزەکاری "ئیبراهیم رەئیسی" نزیکەی مانگێکی تر کارەکانی دەست پێدەکات. گەرچی بارودۆخی ئابووری ئێران بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکا جیاوازە لەو کاتەی کە کابینەی موحافیزەکاری پێشوو بە سەرۆکایەتی "مەحموود ئەحمەدی نەژاد" دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت، بەڵام بارودۆخی ناوخۆیی زۆر هاوشێوەی ئەو سەردەمەیە [١٦ ساڵ پێش ئێستایە].

ئەحمەدی نەژادیش وەک رەئیسی لە کاتێکدا دەستی بە کار کرد کە دەسەڵات بە شێوەی یەکپارچە پشتیوانی لێ دەکرد، لە پەرلەمانی موحافیزەکارەوە بگرە تا دامەزراوە سەربازیی و ئابوورییەکان و میدیاکانی نزیک لە رابەری کۆماری ئیسلامیی.

ئەو بارودۆخە هاوشێوەیەی سەردەمی رەئیسی و ئەحمەدی نەژاد، ئێستا ئەو پرسیارەی ورووژاندووە کە ئایا ئیبراهیم رەئیسیش وەک مەحموود ئەحمەدی نەژاد هەڵسوکەوت دەکات و لە کۆتاییدا رووبەڕووی عەلی خامنەیی دەبێتەوە؟

بۆیە، لە پاڵ پێداهەڵگوتن و ستایشەکانی لایەنگرانیدا، هەر لە ئێستاوە هۆشداریدان و تانە و تەشەرەکان لە رەئیسی و لایەنگرانی دەستیان پێ کردووە.

هەندێ لە شرۆڤەکاران لەو بڕوایەدان کەسایەتی رەئیسی جیاوازە لە ئەحمەدی نەژاد و رەئیسی بە کەسایەتییەکی گوێڕایەڵ دەزانن و دەڵێن، لەبەر ئەوەی رەئیسی پیاوێکی ئایینییە، باشتر لە كه‌سایه‌تى خامنەیی و کەسانی نزیک لە خامنەیی تێدەگات و ناگاتە شوێنێک کە كارى نافەرمانی بکات. بە پێچەوانەوە دەستەیەکی تر لە شرۆڤەکاران دەڵین، بەردەوام لەنێوان دوو پێکهاتەی رابەرایەتی و سەرۆک کۆماریدا ناکۆکی هەبووە، ئەو شرۆڤەکارانە لەو بڕوایەدان ئەو پێکهاتە [ستراکتۆر / Structure] جیاوازانە لە کۆتاییدا وا دەکات سەرۆک کۆمارەکان بەرەو ئاراستەی دەرگیری لەگەڵ رابەری کۆماری ئیسلامی رابکێشرێن، چونکە بە پێچەوانەی رابەر، سەرۆک کۆمار لە لایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێت و رووبەڕووی شەپۆلی چاوەڕوانییەکانی دەنگدەران دەبێتەوە، لە لایەکی تریشەوە، دامەزراوەکانی سەر بە خامنەیی کە هەڵنەبژێردراون ئاژاوە دەنێنەوە.

چاوه‌ڕوان ده‌كرێـت ره‌ئیسى وه‌ك ئه‌حمه‌دى نه‌ژاد
رووبه‌ڕووى رابه‌رى گشتى ببێته‌وه‌



"غۆلامعەلی حەداد عادل" کە خۆی سەرەتا لایەنگری ئەحمەدی نەژاد بوو، بەڵام لە کۆتایی خولی حەوتەمی پەرلەمان بەرهەڵەستی ئەحمەدی نەژادی کرد، وێرای ئەوەی هیوای خواستووە پەرلەمانی موحافیزەکاری ئێستا و حکومەتی موحافیزەکاری رەئیسی پێکەوە و هاوئاراستە کار بکەن، گوتوویەتی، "دەبێ سوپاسی خودا بکەین کە حکومەتێک هاتووەتە سەر کار لە قسەکانی رابەر تێدەگات و قەبووڵیان دەکات و هەوڵی جێبەجێکردنیان دەدات".

حەداد عادل ده‌شڵێ، "من لە چوار کابینەی رابردوودا (لە سەردەمی هاشمی رەفسەنجانییەوە تا حەسەن رۆحانی) ئەو هەستەم نەبووە، بەڵام ئێستا رۆژێکی نوێ سەری هەڵداوە و پێویستە پەرلەمان و حکومەت پێکەوە هاوکاریی بکەن".

چەند کاتژمێر دوای ئەو قسانە، "ئەسەدوڵا بادامچیان"، سکرتێری گشتیی حزبی موحافیزەکاری "موتلەی ئیسلامیی" هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەی سەرۆک کۆماریی بە "ئاڵوگۆڕی هێمنانه‌ی دەسەڵات لە ئێران" وەسف کرد و گوتی: "رۆژئاوا لەوە تێگەیشت کە لایەنێک (ریفۆرمخوازان) لە ئێراندا سەرمایەی مرۆیی خۆی لە دەست داوە".

بەڵام پێداهەڵگوتنەکانی کەسایەتییە موحافیزەکارەکان کاردانەوەی رەخنەگرانی ناوخۆیی لێ کەوتووەتەوە؛ لەوانە رۆژنامەی "کۆماری ئیسلامیی" [جمهوری اسلامی] لە بەرانبەر ستایشەکانی "ئەحمەد عەلەمولهۆدا"، ئیمام جومعەی مەشهەد لە ئیبراهیم رەئیسی هەڵوێستی نواندووە و نووسیویەتی، "تکایە کابینەکەی گڕی مەدەنەوە بە ئیمام زەمانەوە".

کاردانەوەی ئەو رۆژنامە لە بەرانبەر خوتبەکانی نوێژی هەینی رابردووی عەلەمولهودا (خەزووری ئیبراهیم رەئیسی) بوو کە گوتبووی، "سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراو لەسەر خوانی ئیمام زەمان گەورە بووە و بۆیە بووەتە سەرۆک کۆمار کە دەیەوێت خزمەتی بارەگای پیرۆزی ئیمام زەمان بکات".

رۆژنامەی (جمهوری اسلامی) ئاماژەی بە "بەپیرۆزکردنی بەرپرسان" لە سەردەمی سەرۆکایەتی مەحموود ئەحمەدی نەژاد کردووە و نووسیویەتی، "پێدەچێت دوای دەسەڵاتگرتنی کابینەی نوێ، بینەری بەپیرۆزکردنی بەرپرسان و ئەو جۆرە لێدوانانە بین".

لە سەردەمی ئەحمەدی نەژاد دەگوترا، کاتێ ئەحمەدی نەژاد لە کۆڕبەندی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لێدوانی پێشکەش کردووە، "خەرمانەیەک رووناکی" دەوری داوە، هەروەها دەگوترا ئەو پارەیە وەک یارمەتی بە خەڵک دەدرێت پارەی ئیمام زەمانە و ئەو نامەیە ئەحمەدی نەژاد بۆ جۆرج بۆش، سەرۆکی پێشووی ئەمریکای نووسی "ئیلهامی خودا" بووە و هەروەها دەگوترا فەرمانبەری لە ئەحمەدی نەژاد فەرمانبەری لە ئیمام زەمانە، ئەوانە نموونەی بەپیرۆزکردنەکان بوون.

"ئەکبەر ئەعلەمی"، نوێنەری پێشووی پەرلەمانیش چەندین لێدوانی جیاوازی رابەری کۆماری ئیسلامیی کە پشتیوانی لە ئەحمەدی نەژاد کردووە، بە شێوەی پی.دی.ئێف کۆکردووەتەوە و لە کەناڵی تلێگرامی خۆی بڵاوی کردووەتەوە و هیوای خواستووە: "لانیکەم لەمەبەدوا لە پێداهەڵگوتن و ستایشکردنی رەئیسی زێدەڕۆیی نەکرێت، بۆ ئەوەی ئەگەر هاتوو لە داهاتوودا رەئیسیش وەک ئەحمەدی نەژاد، ئاراستەی خۆی گۆڕی و وەک سەرۆک کۆمارە پێشووەکان بە فیتنەچی، ناهۆشیار، لادەر و هتد ناو برا، دەرفەتی پاساوهێنانەوە و قەرەبووکردنەوە هەبێت".

"رەسووڵ جەعفەریان" کە پیاوێکی ئایینیە و لە سەردەمی سەرۆکایەتی عەلی لاریجانی لە پەرلەمان، ئەویش سەرۆکی کتێبخانەی پەرلەمان بوو، هۆشداری بە رەئیسی داوە، چاوێک لە ئەزموونی کابینەی ئەحمەدی نەژاد بخشێنێت بۆ ئەوەی نەکەوێتەوە ئەو داوە. 
جەعفەریان لە تویتێکدا نووسیویەتی: " ئێستا ئیتر هاتن و بوون بە سەرۆک کۆمار، بەڵام خراپ نابێت جارێکی تر چاوێک بخشێننەوە بە ئەزموونی ئەو کابینەیەدا کە هاوشێوەی خۆتان بوو، واتە کابینەکەی ئەحمەدی نەژاد. سەیری ئەو هەڵسوکەوتانە بکە کە لە خۆی نواند، گەمەکردنی بە چەمکە مەزهەبی و ئایینییەکان، دابەشکردنی پارە لە ناو خەڵک، سووککردنی زانست، بیروبڕوای بێ بنەما و داهێنانی دروشمە بێ ناوەڕۆکەکان، بۆ ئەوەی ئێوەش نەکەونەوە ناو ئەو داوە".

پێدەچێت جەعفەریان جگە لەوەی ئاماژەی بە پێداهەڵگوتن و ستایشەکانی لایەنگرانی حکومەتی رەئیسی کردووە، تانەیەکیشی لە ئەندامانی کابینەی رەئیسی داوە، کە ناوی هەندێکیان پێشوەختە بڵاو بووەتەوە.

لە زۆربەی ئەو لیست و ناوانەی کە وەک ئەندامانی کابینەی داهاتوو ناویان لێ دەبرێت، ناوی چەند وەزیرێکی کابینەکەی ئەحمەدی نەژاد دەبینرێ؛ لە "عەلی نیکزاد"، سەرۆکی بنکەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ئیبراهیم رەئیسییەوە بگرە کە وەزیری نیشتەجێکردنی کابینەی ئەحمەدی نەژاد بوو تا "کامران باقری لەنکەرانی" (وەزیری تەندروستی ئەو کات)، "فەرهاد رەهبەر" و تەنانەت "سەعید جەلیلی" کە بە پێشنیازی ئەحمەدی نەژاد ببووە سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی.

بۆ پێشبینی داهاتووی ئیبراهیم رەئیسی، فاکتەرێکی تریش کاریگەری هەیە کە کەمتر لەگەڵ ئەحمەدی نەژاد دێتەوە، ئەویش کەسایەتی رەئیسییە. هەندێ کەس وێرای ئاماژەدان بە کارنامەی ٤١ ساڵەی رەئیسی لە خزمەتکردنی دەسەڵات و گوێڕایەڵبوونی، پێیان وایە رەئیسی وەک ئەحمەدی نەژاد نافەرمانی رابەری کۆماری ئیسلامیی ناکات. تەنانەت هەندێ لە رەخنەگرانی رەئیسیش بە ئاماژەدان بەو تایبەتەمەندیانە، هیوایان پێ بەستووە و دەڵێن ئەوە دەتوانێ خاڵێکی پۆزەتیڤ بێت.

بۆ نموونە، "عەباس عەبدی"، رۆژنامەنووسی ریفۆرمخواز بە تۆڕی میدیایی "ئەلمەیادین"ی گووتووە: "سیاسەتی دەرەوەی ئەحمەدی نەژاد هیچ لۆژیکێکی لە پشتەوە نەبوو، بۆیە بووە هۆی ئەوەی خەڵک باجێكى زۆر بدەن. لەو بڕوایەدام رەئیسی هەرگیز بەو جۆرە نابێت و یەکێک لە نیشانەکانی، لێدوانەکەیەتی دەربارەی رێککەوتنی ئەتۆمی. جگە لەوە کەسایەتی و هەڵسوکەوتی رەئیسی بە تەواوەتی لە ئەحمەدی نەژاد جیاوازە. بۆیە لەو بڕوایەدام، لە بنەڕەتدا کابینەی رەئیسی لە کابینەی ئەحمەدی نەژاد جیاواز دەبێت".

تەنانەت داوای لە ریفۆرمخوازان کردووە بە روانگەی ئەرێنی چاو لە کابینەی رەئیسی بکەن. عەبدی دەربارەی ئەندامانی کابینەكه‌ش گوتوویەتی، "من دڵنیا نیم ئەندامانی کابینەکەی کێن، ئەوە وەک شووتییەکی لەت نەکراوە و پێویستە بکرێتەوە تا بزانین ناوەوەی چۆنە".

هەروەها "عەلی موتەهەری"، جێگری سەرۆک پەرلەمان لە خولی پێشوودا، ئیبراهیم رەئیسی بە کەسێکی ژیر وەسف کردووە. موتەهەری گوتوویەتی رەئیسی "لە سەرەوەی حزب و لایەنەکان" و بە گشتی بە شێوەیەکی پەسەندکراو هەڵسوکەوت دەکات، گەرچی کەسانی توندڕۆ دەورەیان داوە.

هه‌میشه‌ سه‌رۆك كۆمار و رابه‌رى كۆمار
له‌ ئێران له‌ ململانێدان

 

سەرباری ئەوەش، پێکهاتەی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیدا و تایبەتەمەندییەکانی ئەو سیستەمە، یەکێکی تر لە فاکتەرە  گرنگەکانە کە زۆرێک لە شرۆڤەکاران بۆ پێشبینیکردنی رەفتار و چارەنووسی سەرۆک کۆمارە پێشووەکان لەبەرچاویان گرتووە. ئەم بابەتە پێشتریش چەندین جار لە لایەن کەسایەتییە سیاسییەکانەوە ئاماژەی پێدراوە.

"ئەبولحەسەن بەنی سەدر"، یەکەمین سەرۆک کۆماری ئێران گوتوویەتی، "رابەر و سەرۆک کۆمار لە سیستەمی ئێراندا هەمیشە پێکناکۆکن. هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکی ئەو دووانە لە جێبەجێکردنی کار و ئەرکەکاندا. خامنەیی پەیوەندییەکی یەکلایەنەی لەگەڵ خەڵک و داودەزگای حکومەت دروست کردووە و دەڵێت، پێویستە هەمووان گوێڕایەڵی ئەو بن. شێوازی کاردکردنی سەرۆک کۆمار رێک پێچەوانەی ئەوە، چونکە رووبەڕووی چاوەڕوانی و پێداویستییەکانی خەڵک و کۆمەڵگە دەبێتەوە و ناتوانێ پشتگوێیان بخات. هەر لە سەرەتای دەسەڵاتگرتنی کۆماری ئیسلامییەوە، ئەو ناکۆکییە لە نێوان رابەر و سەرۆک کۆماردا هەبووە".

هەروەها "ئەحمەد فەعال"، لە ماڵپەڕی [تحکیم ملت] پرسی گۆڕانکاریی رەفتار و هەڵسوکەوتی سەرۆک کۆمارە پێشووەکانی گرێ داوەتەوە بە پێکهاتەی سیاسیی ئێرانەوە (نەک بە کەسایەتی سەرۆک کۆمارەکانەوە) و لەو بارەوە گوتوویەتی: "هۆکاری گۆڕانی هاشـمی رەفسەنجانی لە خولی دووەمی سەرۆک کۆماری بە بەراورد لەگەڵ خولی یەکەم و هەروەها هۆکاری گۆڕانی ئەحمەدی نەژاد، نە پەیوەندی بە کەسایەتی ئەو کەسانەوە هەیە و نە ئەوەی لە بەها و بایەخەکانی موحافیزەکاری لایان دابێت، بەڵکو ئەوە پەیوەندی بە سیستەمی کۆماری ئیسلامییەوە هەیە".

لەو نێوەدا جگە لە ناکۆکییە ئاساییەکانی نێوان سەرۆک کۆمار و ئەو دامەزراوانەی لەژێر چاودێری رابەری کۆماری ئیسلامیدا چالاکی دەکەن، زەقبوونەوەی ناوی ئیبراهیم رەئیسی وەک یەکێک لە بژاردەکانی جێنشینی "عەلی خامنەیی"، رەنگە ئەو ناکۆکییانە چڕتر بکاتەوە، چونکە ئەگەر "موجتەبا خامنەیی" بیەوێت ببێتە رابەر، ئەوا هەوڵ دەدات رەئیسی لە سەردەمی سەرۆک کۆماریدا رەزیل و ریسوا بکات. سەرەڕای ئەوە، رەنگە فورم و شێوازی ئەو دەرگیریانە لەگەڵ دەرگیرییەکانی سەردەمی ئەحمەدی نەژاد جیاواز بن و هەواڵ و پەراوێزەکانی کەمتر لە دەرەوە باس بکرێن.

سەرچاوە: ئێران ڤایەر
 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین