ژیاننامەی ئیبراهیم رەئیسی سه‌رۆكى نوێى ئێران وەرگێڕان

نوچه‌نێت

هەر ئەو رۆژەوەی ئیبراهیم رەئیسی، کاندیدی سەرەکی موحافیزەکاران، لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ساڵی ٢٠١٧دا نەیتوانی سەر بکەوێت، زۆرێک لە شارەزایان چاوەڕوانی ئەوەیان دەکرد ببێتە سەرۆکی دەزگای دادی داهاتووی کۆماری ئیسلامیی. کەمتر لە دوو ساڵ دوای ئەوە، واتە لە ئاداری ٢٠١٩دا وەک یەکەمین هەنگاو بۆ نزیکبوونەوە لە پۆستی سەرۆک کۆماریی، بە حوکمی عەلی خامنەیی، بووە سەرۆکی دەزگای داد و جێگای سادق لاریجانی گرتەوە.

سەرەڕای ئەوە، جارێکی تر بڕیاری دا بەختی خۆی بۆ سەرۆک کۆماریی تاقی بکاتەوە. جیاوازییەکەی ئەوە بوو ئەمجارە رکابەرێکی بەتواناى وەک حەسەن رۆحانی لە بەرانبەریدا نەبوو. 
ئەگەرچی رەئیسی یەکێک بوو لەو پێنج کاندیدە موحافیزەکارەی کە ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور رێگای دابوون لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا بەشدار بن، بەڵام زۆر کەس رەئیسیان بە کاندیدی سەرەکی دەزانی و پێیان وابوو لە کۆتاییدا کاندیدەکانی تر لە قازانجی ئەو دەکشێنەوە. هەڵبەت هەم رەئیسی و هەم کاندیدەکانی تر ئەو بانگەشەیانە رەت دەکردەوە.

ته‌مه‌نى 20 ساڵ بووه‌ كراوه‌ته‌ دادوه‌ر
 

 
سەرەڕای ئەوە لە دیبەیتەکاندا باس و گفتوگۆ زیاتر لە نێوان رەئیسی و عەبدولناسر هێمەتی، کاندیدی نزیک لە بەرەی ریفۆرمخوازەکان دەهاتنە ئاراوە و تا رادەیەکی کەمیش دوو جەمسەرییەک لە ناو ئەو دوو کاندیدەدا دروست بوو.

ئیبراهیم رەئیسی چوار ساڵ دوای شکستی لە هەڵبژاردنەکان، لە کاتێکدا دووبارە هاتەوە ناو گۆڕەپانی کێببەرکێیکان کە ئەمجارە سەرۆکایەتی یەکێک لە سێ دەسەڵاتە سەرەکییەکەی ئێرانیشێ لە ئەستۆیە (دەزگای داد)، بەڵام نەیارانی رەئیسی هێشتا لەو بڕوایەدان گەورەترین خاڵی لاوازیی رەئیسی ئەوەیە کە ئەزموونێکی ئەوتۆی لە بواری بەڕێوەبەرایەتی نەبووە و چوار دەیە کارکردن لە پۆستە باڵاکانی دەزگای داد بۆ ئیدارەدانی وڵات بەس نییە. 
نەیارانی رەئیسی دەڵێن بە لەبەرچاوگرتنی رەتکردنەوەی بەرچاوی کاندیدە ریفۆرمخواز و میانڕه‌وه‌کان، ئەمجارە بە هەموو شێوەیەک زه‌مینە ئامادە کراوە بۆ ئەوەی ببێتە هەشتەمین سەرۆک کۆماری ئێران و تەنانەت هەندێ کەس لەو بڕوایەدان کە هۆکاری بەشداریکردنی ئەمجارەی لە هەڵبژاردنەکاندا ئەوە بووە بە سەرکەوتن لەو هەڵمەتەدا زەمینە فەراهەم بکات بۆ ئەوەی دوای مردنی خامنەیی جێگای بگرێتەوە. 
رەئیسی لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا ئەزموونێکی تری بە کارنامەی خۆی زیاد کرد، ئەوەیش بریتی بوو لە سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی لیژنەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی شارەزایان. ئەوە لە کاتێکدا بوو رکابەرەکەی سادق لاریجانی، سەرۆکی پێشوی دەزگای داد و یەکێک لە کاندیدەکانی رابەرایەتی داهاتووی ئێران بوو.

چل ساڵ دادوەری

ئیبراهیم رەئیسی بە پێچەوانەی سێ سەرۆکی پێشووی دەزگای داد (دوای رابەرایەتی عەلی خامنەیی و پێداچوونەوە بە دەستووری ئەو وڵاتەدا) ئەزموونێکی دوورودرێژی لە دەزگای دادا هەبووە. لە هەموو ساڵانی دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران (١٩٧٩)، لە پۆستە جیاوازەکانی دەزگای داد پۆستی هەبووە. تەنانەت دوای ئەوەی پۆستی دادوەری گشتیی وڵاتی ئێرانی بەجێهێشت و بووە بەڕێوەبەری ئاستانی قودسی رەزەوی [زیارتەگاکانی مەشەهد]، هێشتا دادوەری دادگای تایبەتی پیاوانی ئایینی بوو.

رەئیسی لە دیبەیتەکان و هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئەمجارەدا، رایگەیاند لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا کە سەرۆکی دەزگای داد بووە، کارنامەیەکی سەرکەوتووی تۆمار کردووە، سەرەڕای ئەوە زۆرێک لە نەیارانی لەو بڕوایەدان دەزگای داد لە سەردەمی رەئیسیدا، بە تایبەت لە بواری مافەکانی مرۆڤدا هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ قۆناغەکانی پێشوودا نەبووە. 
دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی چالاکانی مافی مرۆڤ و چالاکنی سیاسیی، بەردەوامبوون لە دەستبەسەرکردنی چالاکانی ژینگەپارێز، لە سێدارەدانی خۆپیشاندەران و لەوانە نەوید ئەفکاری و روحۆڵا زەم، پشتگوێخستنی سکاڵای بنەماڵەی قوربانیانی فڕۆکە گەشتییەکەی ئۆکرانیا و کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی تەشرینی دووەمی ٢٠١٩، داخستنی چەندین ماڵپەڕ و تۆڕی کۆمەڵایەتی و دەستبەسەرکردنی چەندین رۆژنامەوان، ئەو نموونانەن کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی رەئیسی لە دەزگای داد روویان داوە.

ئەگەرچی ئیبراهیم رەئیسی لە یەکێک لە دیبەیتەکانی ئەمساڵدا کە لە دەنگ و رەنگی ئێران بڵاو دەکرایەوە گوتی بەرپرسیاریەتی هەموو ئەو کارانەی لە ماوەی چل ساڵدا لە دەزگای داد ئەنجامی داوە لە ئەستۆ دەگرێت، بەڵام پێناچێت لە وەڵامی ئەو هەموو پرسیارەدا کە لە ئارادان بتوانێ قەناعەت بە رای گشتیی بێنێت.

لە دەزگای دادوە تا بەڕێوەبەرایەتی ئاستانی قودسی رەزەوی

دانانی ئیبراهیم رەئیسی وەک بەڕێوەبەری ئاستانی قودسی رەزەوی [بەڕێوەبەری کاروباری دارایی و وەقفەکانی زیارتگای ئیمام رەزا لە مەشهەد] لە ئاداری ٢٠١٩دا، ناوی رەئیسی خستە سەر زاران. رەئیسی کە وەک کەسێک سەیر دەکرا کە ئەستێرەی بەختی لە دەزگای داد رووی لە کوژانەوەیە، لەناکاو بووە بەڕێوەبەری یەکێک لە گەورەترین دامودەزگا ئابوورییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە سەرۆکەکەی راستەوخۆ لە لایەن رابەری کۆماری ئیسلامییەوە دیاری دەکرێت.

دانانی رەئیسی لەو پۆستەدا بە رادەیەک بووە هۆی ناساندنی کە وەک یەکێک لە کاندیدەکانی داهاتووی رابەرایەتی کۆماری ئیسلامیی ناوی دەرکرد.

ساڵێک دوای ئەوە، ئەو کاتەی موحافیزەکاران هیوایێکیان بە سەرکەوتن لە بەرانبەر حەسەن رۆحانیدا نەبوو، بەشوێن کەسایەتییەک دەگەڕان بۆ ئەوەی بتوانن لە هەڵبژاردنەکاندا رۆحانی شكست بدەن. هەندێکیان روویان لە ئیبراهیم رەئیسی کرد کە ئەزموونێکی زۆری لە کاروباری بەڕێوەبەرایەتیدا نەبوو و ئەوەی هەیبوو پەیوەندی بە دەزگای دادوە بوو. 
ئیبراهیم رەئیسی دەرئەنجام قەبووڵی کرد بێتە ناو شانۆی هەڵبژاردنەکانەوە. راشیگەیاند ئامانجەکەی بریتییە لە "بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و گەندەڵی".

موحافیزەکاران کە چەند کاندیدیان لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا هەبوو، جگە لە یەک، دوو گرووپ (وەک حزبی موتلفە) دەرئەنجام لەسەر ئیبراهیم رەئیسی گەیشتنە کۆدەنگی و محەمەد باقر قالیباف، کاندیدێکی تری موحافیزەکاران لە رۆژانی کۆتایی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا لە قازانجی رەئیسی کشایەوە. لە کۆتاییدا ژینگەی هەڵبژاردنەکان بووە دوو جەمسەری [ لەنێوان رۆحانی و رەئیسیدا]، واتە ئەو شتەی کە خامنەیی خوازیاری نەبوو. 
ئەو خاڵەی کە لایەنگرانی رۆحانی لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا دەستاین دەخستە سەری، کارنامەی دادوەریی رەئیسی (بە تایبەت لە هەشتاکاندا) بوو.

تەنانەت خودی رۆحانی لە گەرماوگەرمی هەڵمەتەکاندا بە رەئیسی گوت: "خەڵکی ئێران دەنگ بەو کەسانە نادەن بە درێژایی ٣٨ ساڵی رابردوو تەنیا لەسێدارەدان و زیندانیان دەزانی". 

به‌ سه‌ركوتكارى و له‌ناوبردنى زیندانییه‌كان تۆمه‌تبار ده‌كرێت


رۆحانی و لایەنگرانی ئاماژەیان بەو ساڵانە دەکرد کە ئیبراهیم رەئیسی، جێگری دادوەری تاران بوو. 
ناوی رەئیسی لە چەند لە نووسراوە و راپۆرتێکی پەیوەندیدار بە لەسێدارەانی زیندانیانی سیاسیی ساڵی ١٩٨٨ لە پاڵ لیژنەی سێ کەسی پارێزگای تاران، واتە حسێن عەلی نەیێری، مورتەزا ئەشراقی و هەروەها نوێنەری وەزارەتی ئیتلاعات (مستەفا پورمحەمەدی)دا هاتووە، کە لە لایەن خومەینیەوە وەک بەرپرسی دۆسیەی زیندانیانی سیاسیی و لەسێدارەدانی ئەو زیندانیانە کە هێشتا لەسەر بیروبڕوای خۆیان پێداگری دەکەن، دیاری کران.

نزیکەی سێ ساڵ پێش ئێستا، دوای بڵاوبوونەوەی فایلی دەنگی دیداری نێوان ئایەتۆڵا حسێن عەلی مونتەزری لەگەڵ ئەو چوار کەسە، جارێکی تر ناوی ئیبراهیم رەئیسی هاتە ئاراوە. 
دوای هاوینی ساڵی ١٩٨٨ و نیشتنەوەی شەپۆلی لەسێدارەدانەکان، خومەینی "چەندین دۆسیەی گرنگی بە مەبەستی بڕیاردانی داداگا" رادەستی رەئیسی و حسێن عەلی نەیێری، کرد بۆ ئەوەی "حوکمی خودا" سەبارەت بەو "دۆسیانە کە لە ئەنجومەنی باڵای دادگا مابوونەوە" جێبەجێ بکەن.

دوای دەستپێکردنی رابەرایەتی خامنەیی و دوای ئەوە دەستپێکردنی سەرۆکایەتی محەمەد یەزدی لە دەزگای دادی ئێران لە ساڵی ١٩٨٩دا، پێگەی ئیبراهیم رەئیسی لە یاریدەدەری دادوەری گشتیی تارانەوە بەرز بووەوە بۆ دادوەری تاران و پێنج ساڵ لەو پۆستەدا مایەوە و پاشان بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بووە سەرۆکی پشکنینی گشتیی وڵات. 
رەئیسی لە ساڵی ١٩٩٤وە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ جێگری یەکەمی سەرۆکی دەزگای داد بوو و بە کردەوە کەسایەتی دووەمی دەزگای دادی ئەو وڵاتە بە هەژمار دەهات.

لەو ساڵانەدا کە جێگری یەکەمی دەزگای داد بوو، بە لەبەرچاگرتنی کارنامەکەی، بە کردەوە زۆر کەس رەئیسیان بە هەمەکارەی دەزگای داد دەزانی، بەڵام بە دەگمەن لە کۆڕ و کۆبوونەوە گشتییەکاندا قسەی دەکرد، بەپێچەوانەی ئێستا کە یەک کەس (غولامحسێن ئێژەیی) هەم جێگری یەکەم و هەم گوتەبێژی دەزگای دادە.

ئەو دادوەرە گەنجەی کە بووە قوتابیی رابەرەکەی

دەگوترێ قورسایی راستەقینەی پیاوانی ئایینی گەورە نەک بە پێی مامۆستاکانیان، بەڵکو بە لەبەرچاوگرتنی قورسایی قوتابییەکانیان دەپێورێ. 
خامنەیی یەک، دوو ساڵ دوای ئەوەی بووە رابەری کۆماری ئیسلامیی، لە ساڵی ١٩٨٩دا، دەستی کرد بە وتنەوەی وانە بەرزەکانی حەوزەی علمییە، وتنەوەی ئەو وانانە یەکێکە لە پێشمەرجەکانی مەرجەعیەت.

ئیبراهیم رەئیسی کە لەو کاتەدا سی ساڵ تەمەنی بوو یەکێک بوو لە قوتابییەکانی خامنەیی و بۆ ماوەی چواردە ساڵ قوتابیی ئەو بوو. هەڵبەت لە سەرەتاکانی شۆڕشی ئێرانیشەوە ماوەیەک لە قوتابخانەی باڵای مۆتەهەری، شاگردی خامنەیی بوو.

ئیبراهیم رەئیسی بە پێچەوانەی ژمارەیه‌ک لە پیاوانی ئایینی هاوتەمەنی خۆی کە ئێستا لە پۆستە باڵاکانی حکومەتدان، سەر بە نەوەیەک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییە کە هەر لە گەنجییەوە سەرقاڵی کاروباری دادوەری بووە، واتە ئەو نەوەیە کە هەر لە ساڵانی سەرەتای شۆڕشەوە کە بیست و چەند ساڵێک تەمەنیان بوو وەک پیاوی ئایینی پۆستی گرنگیان لە دەزگای داد بە دەستەوە گرت.

ئیبراهیم رەئیسی سادات، ناسراو بە رەئیسی، لەدایکبووی ١٩٦٠، کەمتر لە ٢٠ ساڵ تەمەنی بوو کە یەکەم جار بەرپرسیاریەتی دادوەری (دادوشاری کەرەج) لە ئەستۆ گرت و تا ئەمڕۆکە (کە دادوەری گشتیی تایبەتی پیاوانی ئایینییە) درێژه‌ی هەیە و بە گوتەی خۆی، بەدرێژایی ئەو ساڵانە هاوکات هەم خوێندکار بووە و هەم مامۆستا.

رەئیسی خۆی دەڵێت، دوای شۆڕشی ئێران، ناوی لەناو ئەو ٧٠ قوتابییە گەنجەی حەوزەی علمییەدا بووە کە محەمەد بەهەشتی بۆ پەروەردەکردنی کادر بە مەبەستی دابینکردنی پێویستییەکان لە بواری بەڕێوەبەرایتەی لە دەسەڵاتی نوێی کۆماری ئیسلامیدا هەڵیبژاردبوون و پێی وابوو ئەو گەنجانە دەتوانن بەرپرسیاریەتییە جیاوازەکانی وڵات لە ئەستۆ بگرن.

دوای ئەوەی چەند پۆستی گرنگی لە دەزگای داد لە شارە جیاوازەکان و لەوانە دادوەری شارەکانی کەرەج و هەمەدان و دواجار دادوەری گشتیی پارێزگای هەمەدان لە ئەستۆ گرت، لە ساڵی ١٩٨٥دا چووە تاران و جێگای دادوەری تارانی گرتەوە و لە کاتی لەسێدارەدانی زیندانییە سیاسییە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی لە هاوینی ١٩٨٨دا لەو پۆستەدا بوو.

ئەو کاتەی رەئیسی لە ساڵی ٢٠١٧دا جێگای "عەباس واعز تەبەسی" لە ئاستانی قودسی رەزەوی گرتەوە، هەندێ کەس پێیان وابوو دیارترین کاندیدی رابەرایەتی کۆماری ئیسلامییە.

هەر چاوپێکەوتنێک لەگەڵ رەئیسی لە مەشهەد، بە جۆرێک وەک بەڵێنی پێش رابەرایەتی تەفسیر دەکرا. بە تایبەت ئەگەر ئەو چاوپێکەوتنە لەگەڵ فەرماندەکانی سوپا بووایە. تەنانەت هەڵسوکەوتنی میوانان و شیوازی رێزگرتن لە رەئیسی لە رووی وێنە و ڤیدیۆکانی ئەو چاوپێکەوتنانە دەکەوتنە ژێر زەڕەبین.

کاتێ لە مانگی تەشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو ئەو هەواڵە بڵاو کرایەوە کە رەئیسی دەستی کردووە بە وتنەوەی وانەی فیقە، واتە باڵاترین وانەکانی حەوزەی علمییە، هەندێ لە شارەزایان گوتیان ئەوە هەنگاوێکی ترە لە ئاراستەی ناساندنی ئەو کەسایەتییە، وەک سەرەکیترین کاندیدی رابەرایەتی داهاتووی ئێران. 
پێدەچێت ئەوەی کە رەئیسی شاگردی خامنەیی بووە و سەیدە و  خوراسانییە و تەنانەت ئەوەی کە بە رەواڵەت لە خامنەیی دەچێت، وای کردبێ کە زۆر کەس پێشبینی ئەوە بکەن کە جێگای خامنەیی دەگرێتەوە.

سەرەڕای ئەوە، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی خولی پێشووی سەرۆک کۆماریدا شکستی هێنا، ئەستێرەی بەختی بۆ گرتنەوەی جێگای خامنەیی رووی لە کوژانەوە کرد. دەگوترا خەڵک دەنگی نەرێیان پێداوە و هەندێکیش لەو بڕوایەدا بوون کە بەرزبوونەوەی رێژەی دەنگەکانی حەسەن رۆحانی لە بەراورد لەگەڵ خولی پێشووتری، لە راستیدا دەنگی نەڕی بە ئیبراهیم رەئیسی بووە.

رەنگە هەر ئەو هۆکارانە قەناعەتی پێهێنابێت جارێکی تر لە هەڵبژاردنەکاندا لەگەڵ رکابەری لاوازتر (بە هۆی رەتکردنەوەی هەموو کاندیدە ناسراوەکان و تەنانەت عەلی لاریجانی سەر بە بەرەی موحافیزەکار، لە لایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورەوە) تامی تاڵی شکستی پێشوو لە بیر بباتەوە و دەستی بگاتە پۆستی سەرۆک کۆماریی.

رەئیسی ئەمجارە هاتە ناو کێبرکێیەکەوە کە چ براوە بووایە، چ دۆڕاو، هەر وەک سەرۆکی دەسەڵاتێکی سەرەکی (دەزگای داد یان سەرۆک کۆمار) دەمایەوە. بەڵام سەرکەوتنی بە واتای لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیاریەتییەکە کە رەنگە بیکاتە ئامانجی رەخنەی توند تەنانەت لە لایەن زۆرێک لە هاوبەرەکانییەوە و رەنگە ئەو پاڵپشتییەی کە وەک سەرۆکی دەزگای داد لە لایەن خامنەییەوە لێی دەکرا، لە پێگەی سەرۆکایەتیدا لێی نەکرێت.

ئیبراهیم رەئیسی لە چاوخشاندنێکدا
- لە ساڵی ١٩٦٠، لە مەشەهد لەدایکبووە
- لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا دەستی کردووە بە خوێندن لە حەوزەی علمی
- لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا هاوکات دادوەری کەرەج و هەمەدان بووە
- لە ساڵی ١٩٨٥وە تا ١٩٨٩، جێگری دادوەری تاران بووە
- لە ساڵی ١٩٨٩وە تا ١٩٩٤، دادوەری تاران بووە
- ١٩٩٤ تا ٢٠٠٤، سەرۆکی رێکخراوی پشکنین گشتیی وڵات بووە
- ٢٠٠٤ تا ٢٠١٤، جێگری یەکەمی سەرۆکی دەزگای داد بووە
- ٢٠١٣ تا ٢٠١٦، دادوەری گشتیی ئێران بووە
- ٢٠١٥ تا ٢٠١٨، بەڕێوەبەری ئاستانی قودسی رەزەوی بووە
- ٢٠١٢ تا ئێستا، دادوەری تایبەتی پیاوانی ئایینی بووە
- لە ساڵی ١٩٨٨وە تا ئێستا ئەندامی ناوەندیی کۆمەڵەی پیاوانی ئایینی تارانییە
- ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایانی رابەری لە خولەکانی چوارەم و پێنجەم لە پارێزگای خوراسانی رەزەوی بووە
- جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی شارەزایانە
- سەرۆکی دەزگای داد لە ئایاری ٢٠١٩وە تا ئێستا
- یەکەمین سکرتێری رێکخراوی زیندووکردنەوەی رێنوێنی بۆ چاکە و دوورکردنەوە لە خراپە (امر بە معروف و نهی از منکر)
- وتنەوەی وانەی فیقە و یاسا لە زانکۆی ئازاد، زانکۆی مۆتەهەری و زانکۆی ئیمام سادق
- هەروەها زاوای ئەحمەد عەلەمولهۆدا، ئیمام جمعەی مەشهەد و نوێنەری رابەری ئێران لە پارێزگای خوراسانی رەزەوییە

ئاستی خوێندەواری:
-ئاستی چواری فیقە و بنەماکان لە حەوزەی علمیی قوم
-ماستەری یاسای تایبەتیی نێودەوڵەتی 
-دکتۆرای فیقە و بنەماکانی یاسا، لقی یاسای تایبەت لە زانکۆ مۆتەهەری

 

سەرچاوە: بی بی سی فارسی
 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین