ئەمریکا: چارەنووسی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان بەستراوەی بڕیاری خامنەییە ئێران

نوچه‌نێت

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لە گفتوگۆکانی ڤیێنا ماونەتەوە، بەندن به‌ بڕیاری تاکەکەسی عەلی خامنەیی، رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١، تۆڕی میدیایی "ئێران ئێنتەرنەشنال" بڵاوی کردەوە، دوێنێ ئەنتونی بلینکن لەمیانەی دیمانەیەکدا گوتی، چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ڤێینا، بە گشتی بەستراوەی بڕیارێکە کە عەلی خامنەیی، رابەری کۆماری ئیسلامیی، لە تاران دیدات.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئێستا پێویستە ئێران بڕیار بدات، چەندە خوازیاری زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمییە.

قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای ئەوە دێن کە رۆژی دووشەممەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، لە میانەی دیدار لەگەڵ روڤین ریڤلین، سەرۆک کۆماری ئیسرائیل، گوتی: "رێگە نادەم ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات".

لە لایەکی ترەوە عەلی رەبیعی، گوتەبێژی کابینەی حەسەن رۆحانی، دوێنێ سێشەممە دەربارەی گفتوگۆکانی ڤیێنا، گوتی، "ئەگەر تا کۆتایی کابینەی رۆحانی ئەو گفتوگۆیانە نەگەنە ئەنجام، ئەوا کابینەی داهاتوو درێژەی گفتوگۆکان ئەنجام دەدات".

رەبیعی جەختی کردەوە، "هەموو ئەوانە بەستراوەی بڕیاری کۆماری ئیسلامیی و چۆنیەتی پێشکەوتنی گفتوگۆکانە".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین