د. سەردار قادر: لە هەر شوێنێک دەرفەتێک هەبووبێت، نێچیرڤان بارزانى هەوڵیداوە پەیامى کورد بەو شوێنە بگەینێت میدیا

نوچەنێت:

لە (23)ى حوزەیرانى (2021)، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، بە سەردانێکى فەرمى گەیشتە ئوردن و لەلایەن شاى ئوردن شا عەبدوڵڵاى دووەم و بە دانانى ئاڵاى کوردستان پێشوازی لە سەرۆکى هەرێمى کوردستان.

لەسەر گرنگى کۆبوونەوەى هەردوو سەرۆک و ڕۆڵى ئوردن لەسەر ئاستى وڵاتانى عەرەبى و ناوچەکە، د. سەردار قادر، لە دیمانەیەکى رووداو دا، لە (23-6-2021) دەڵێت، ئوردن یەکێکە لەو دەوڵەتانەى کە بەینى لەگەڵ دەوڵەتەکانى ناوچەکە خۆشە، وە یەکێکە لەو دەوڵەتانەى لەو ململانێیە ناوچەیى و ئایدۆلۆژیییەکان تێوەنەگلاوە، وە هەمیشە پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ ئوردن ناچێتە ئەوەى کە دژى دەوڵەتێکى تر بێت، بێگومان یەکێکە لەو دەوڵەتانەى نێوانى لەگەڵ ئەمەریکا خۆشە، وە یەکێکە لەو دەوڵەتانەى کە ئێمە بەرامبەر بە واقیعى عەرەبى و ئەو دەوڵەتانەى هەیە، ئێمە لە ڕوانگەى ئوردنەوە دەتوانین چەندان پەیام بنێرین بۆ واقیعى عەرەبیش.

لە بارەى سەردانییەکەى نێچیرڤان بارزانى و دیپلۆماسیەتیى سەرۆکایەتیى هەرێم گووتى، لە مەسەلەى هەموو ئەو سەردانانەى سەرۆکى هەرێم دەیکات بۆ دەرەوە، لەو ڕوانگەیەوە دێت کە پرسێکى نیشتمانى کورد پێویستى بەو دیپلۆماسییەتە هەیە، بۆیە هەموو سەردانییەکان گرنگییەکى تایبەتى هەیە لەسەر ئاستى پرسى نەتەوەیى و نیشتیمانى، وە دەسەڵاتى هەرێمى کوردستان هەندێ ڕۆڵ هەیە پێویستە بیگێڕێ، بۆیە ئەم سەردانیە گرنگییەکى تایبەتى هەیە. 

 

دەقى دیمانەى د. سەردار قادر، پسیۆڕى یاساى دەستوورى و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان:

ــــ چۆن سەیرى ئەم سەردانییە دەکەن، ئەو گفتوگۆیانەى ئەمڕۆ دەکرێ چەندە گرنگە؟

د. سەردار قادر: بێگومان ئێمە گرنگییەکمان هەیە سەبارەت بە دەسەڵاتى سیاسى لە هەرێمى کوردستان، کە وەک هەرێمێک لەناو عێراقدا، بە نیسبەت ئێمەوە ئەوە گرنگە، وە خودى بابەتەکە بۆ هەرێمى کوردستان و سەرۆکى هەرێمى کوردستان کاتێک دەچێتە ئوردن، ئەمە دوو بابەتى تەواوکەرى یەکترین. سەبارەت بە رەهەندى یەکەم، ئێمە لە هەرێمى کوردستان دەسەڵاتى سیاسییدابین لە ناو دەسەڵاتێکى سیاسى گەورەتردا، بێگومان هەموو دەسەڵاتێکى سیاسى دەبێ عیلاقاتى خارجى و دیپلۆماسییەتێکى باشى هەبێ، لە پێناو ئەو ئامانجانەى هەیەتى بیپێکێ، یانى ناکرێ سەرۆکایەتیى هەرێم خۆى داببڕێت لە مەسەلەى دیپلۆماسیەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، خودى بوونى دەسەڵاتێکى سیاسیى لە هەر شوێنکدا وا پێویست دەکات، کە دەبێ پەیوەندییەکانى دەرەوەى پلانڕێژ و پتەوبێت، وە دەبێ بە دواى ئامانجەکانیدا بگەڕێ، لە ڕوانگەى دیپلۆماسییتێکەوە کە پێشتر پلانى بۆ دانراوە.

چەمکێک هەیە من دەمەوێ لەم میانەوە بە باشى بیخەینەڕوو، ئەویش ئەوەیە ئایا هەرێمى کوردستان لە ناو عێراق دا وحدەیەکى فەرمانڕەوایە یان وحدەیەکى کاریگەرە، ئێمە بەپێى دەستوورى عێراقى وحدەیەکى فەرمانڕەوایان، ئێمە دەتوانین عیلاقاتى خاریجیمان هەبێ لە دەرەوەى هەرێمى کوردستان، بەو پێیەى لە دەستووردا بوارمان پێدراوە. ئێمە هەڵدەستین بە پەیوەندیى دیپلۆماسى و سیاسى، ئەمە هیچ دژوارێک یان پێچەوانەى تێدا نییە لەگەڵ سەروەرى عێراق، بۆیە سەبارەت بە کوردستانەوە دەبێ دیپلۆماسییەتمان هەبێ، کە زۆر گرنگە، چونکە بەڕاستى ئێمە پرسێکمان لەبەردەمە، پرسێکى نەتەوەیى و نیشتیمانییە، هەمیشە پرسە نیشتمانى و نەتەوەییەکان بەبێ گەیاندنى پەیامەکە و دیپلۆماسییەتەمە ناگەنە ئەنجام.

لە مەسەلەى هەموو ئەو سەردانانەى سەرۆکى هەرێم دەیکات بۆ دەرەوە، لەو ڕوانگەیەوە دێت کە پرسێکى نیشتمانى کورد پێویستى بەو دیپلۆماسییەتە هەیە، بۆیە هەموو سەردانییەکان گرنگییەکى تایبەتى هەیە لەسەر ئاستى پرسى نەتەوەیى و نیشتیمانى، وە دەسەڵاتى هەرێمى کوردستان هەندێ ڕۆڵ هەیە پێویستە بیگێڕێ، بۆیە ئەم سەردانیە گرنگییەکى تایبەتى هەیە. 

ــــ ئوردن لە کویى ئەو پلانەدایە، گرنگى ئوردن لە ناوچەکە چییە بەتایبەت بۆ هەرێمى کوردستان؟

د. سەردار قادر: ئێمە دەبێ بیر لەوە بکەینەوە لە هەر شوێنێکدا مەنفەزێکى دەرەوە یان دیپلۆماسییەتێکى دەرەوە هەبێ، دەبێ ئێمە لە هەرێمى کوردستان بیقۆزینەوە، وە خۆمان بگەینینە ئەو مەنفەزە دیپلۆماسیە بۆ ئەوەى پەیوەندییەکانمان و دیپلۆماسیەتەکانمان فراوانتر بکەێن، بۆ ئەوەى بەرژەوەندییەکانى هەرێمى کوردستان لە ڕوانگەى دیپلۆماسیەتى نێودەوڵەتى بیهێنینەدى، وە دەتوانین بە خەڵکى تریش بڵێین هەندێ لە بەرژەوەندییەکانى ئێوەش لەلاى ئێمە دابین دەبێت.

کاتێ تۆ باسى ئوردن دەکەى، ئوردن یەکێکە لەو دەوڵەتانەى کە بەینى لەگەڵ دەوڵەتەکانى ناوچەکە خۆشە، وە یەکێکە لەو دەوڵەتانەى لەو ململانێیە ناوچەیى و ئایدۆلۆژیییەکان تێوەنەگلاوە، وە هەمیشە پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ ئوردن ناچێتە ئەوەى کە دژى دەوڵەتێکى تر بێت، بێگومان یەکێکە لەو دەوڵەتانەى نێوانى لەگەڵ ئەمەریکا خۆشە، وە یەکێکە لەو دەوڵەتانەى کە ئێمە بەرامبەر بە واقیعى عەرەبى و ئەو دەوڵەتانەى هەیە، ئێمە لە ڕوانگەى ئوردنەوە دەتوانین چەندان پەیام بنێرین بۆ واقیعى عەرەبیش، بۆ نموونە چەند ڕۆژێک لەمەوپێش سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە ئیمارات بوو ئەمڕۆ لە ئوردنە، ئەمانە بووە پانتایى کۆمەڵگەى عەرەبى کارێکى ئیجابیە و ئێمە دەتوانین لە ڕێگەى ئوردنەوە چەندان مەسائیلى وەبەرهێنان بهێنینە کوردستان.

کەواتە ئوردن یەکێکە لەو دەوڵەتانەى ئیعتمادى دەکرێتەسەر، نەک هەرێمى کوردستان بۆ نموونە تازەترین پلانى سیاسى و ستراتیژیەتیى عێراقى ئەوەیە کە یەکێک لەو دەوڵەتانەى کە ئیعتمادى دەکاتە سەر، بۆ ئەوەى قەیرانەکانى خۆى دەربچێت، لە قەیرانى سیاسى و ئاسایش و ئابوورى، ئەوەیە عێراق دەتوانێ لە ڕێگەى ئوردنەوە دەتوانێ بگاتە دەریاى سوور، دەتوانێ چەندان بەرژەوەندیى خۆى دەستەبەر بکات. 

ــــ کەواتە لە نێوان عێراق و ئوردن دا، هەرێمى کوردستان لە کوێیدایە، گرنگى ئەو بەتایبەت بۆ ئوردن؟ 

د. سەردار قادر: بێگومان سەبارەت بە ئوردنییەکان کوردستان شوێنێکى سەقامگیرە و بۆ وەبەرهێنان باشە، شوێنیکە لەو پانتاییەى کە لە عێراق دا هەیە، دەتوانێ ئیعتیمادى بکرێتەسەر، وە هەرێمى کوردستان یەکێکە لەو شوێنانەى بەنیسبەت ئوردنەوە لەوانەیە هەندێ معادلاتى سیاسى کۆیان بکاتەوە لە هەندێ مەسائیلى تیرۆر و ململانێى ستراتیی لەناوچەکەدا هەیە، دەتوانێ ئەمانە کۆیان بکاتەوە، بۆیە هەرێمى کوردستان و ئوردن جۆرێک لە پەیوەندییەکى مێژووییش لایان دروستبووە، کە بەرژەوەندییەکانى هەرێمى کوردستان تا ئێستا بە شێوازێکى ئیجابى بووە لەگەڵ ئوردن، وە چەندان وەبەرهێنەرى ئوردنى هەیە لە هەرێمى کوردستان، بۆ نموونە کونسۆڵخانەى ئوردن لە هەولێر هەیە، ئەوانەى بۆتە خاڵى ئیجابى کە هەرێمى کوردستان تا ئێستا بۆتە هۆکارێکى ئیجابى لە پەیوەندییەکاندا، وە هەرێمى کوردستان بەرژەوەندى تێدا بەدیهاتووە، سوودى لێ بینیوون بەبێ ئەوەى ڕێژەى ململانێیەکانى هەرێمى کوردستان هەم لەگەڵ عێراق هەم لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکەدا بەرز نەکاتەوە. 

ــــ پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و ئوردن پەیوەندییەکى کۆن و مێژووییە، شەش جاران سەرۆک مسعود بارزانى ئوردنى کردووە، هەر لەسەر داخوازیى فەرمى ئوردن بوو ئەو سەردانییانە، سەرۆک وەزیرانى کوردستان مەسرور بارزانى سەردانى ئوردنى کردووە، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشتریش سەردانى ئوردنى کردووە، چەندین کۆبوونەوە لە نێوان ئەو و شا عەبدوڵڵا ئەنجامدراوە، ئەمجارەش سەردانى ئوردنى کرد، ئەو هەموو سەردانییە چە گۆڕانکارییەک بۆ باشترکردنى پەیوەندییەکانى ئوردن و هەرێمى کوردستان دەکات، بەتایبەت بۆ ئوردن و پاراستنى ئەو پەیوەندییانە؟

د. سەردار قادر: بێگومان هەموو پەیوەندییەکان لەسەر پانتاییەکى بوونى بەرژەوەندییەکى هاوبەش دەبێ لە نێوان هەردوولادا، هیچ وڵاتێک و سیاسەتێک لەسەر ئەساسى پەیوەندییەکى کۆمەڵایەتى، پەیوەندیى دیپلۆماسی نابەستێتت، بێگومان خودى بوونى ئەو پەیوەندییە لە نێوان هەرێمى کوردستان و ئوردن، کەواتە جۆرێک لە بەرژەوەندیى سیاسى و ئابوورى لە نێوان هەرێمى کوردستان و ئوردن دا هەیە.

ئێمە ئەگەر بە شێوەیەکى دیکە لێکیبدەینەوە، ئێمە وەک هەرێمێک لە ناو عێراق دا پێویستمان بە دەوڵەتانى دەرەوە هەیە، بەڵام ئایا لە ماوەى ئەو ساڵانەى پێشوودا ئەگەر بەهاتایە ئوردن بەرژەوەندیى لە هەرێمى کوردستان دا نەبوایە، لەوانە نەبوو بەو شێوازە گەرمگوڕییە بێت بەپیلى هەرێمى کوردستانەوە، وە بەتایبەت تەواوى سەردانەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ئوردن لەسەر داواى فەرمى شانیشینى ئوردنى بووە، نەک لەوەى هەرێمى کوردستان بیەوێ سەردانى ئوردن بکات، وەک پێش دەستییەک بۆ ئەو سەردانانە، بۆیە تەواوى سەردانەکان بۆ ئوردن لەو میانەوە هاتووە، کە شانیشینى ئوردن یاخود لە ئاستى بەرزى شاى ئوردنەوە، بە شێوازێکى فەرمى هەرێمى کوردستان بانگهێشتکراوە، کەواتە بەرژەوەندییەکى سیاسى و ئابوورى لە نێوان هەرێمى کوردستان و ئوردن، کە ئەمان مەبەستیانە گرنگى پێبدەن و بەرەوپێشەوەى ببەن.

هۆکارى تریش هەیە ئێمە پێویستە ئاگامان لێى بێت، ئەویش ئەوەیە ئایا هەرێمى کوردستان لەو چوارچێوەیە موجەڕدە یاخود بەو شێوازە بچووکییە مامەڵەى لەگەڵ دەکرێ، یاخود یەکێکە لەو هەرێمە بچووکانەى کە ناگاتە ئاستى دەوڵەت، بەڵام دەتوانێ لەسەر پرسەکانى سیاسەت و ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئیعتیمادى بخرێتەسەر.

ئوردن بێگومان لەناو هەندێ هاوکێشەى سیاسییدا کە هەیە، وەک ململانێیەکى نێودەوڵەتى، هەندێ خاڵى هاوبەش لە نێوان ئوردن و هەرێمى کوردستان کۆک و هاوبەشن، کە هەردووکیان پێویستیان پێیەتى. 

ــــ لەو بەرژەوەندییە کامیان زیاتر پێویستیان بە یەکترە، کە هەرێمى کوردستان و ئوردن زیاتر لێکنزیک دەکاتەوە، بۆ نموونە ئایا زیاتر لە بوارى ئابووریدایە یان سیاسى؟

د. سەردار قادر: بێگومان بەرژەوەندییە سیاسییەکان پێش ئابوورییەکەیە، کە هەرێمى کوردستان بمانەوێ و نەمانەوێ جۆرێک لە تایبەتمەندیى سیاسى خۆى هەیە، لەسەر ئاستى سیاسى و ئەو جوگرافیایەى کە هەیەتى، هەرێمى کوردستان جارێک تێوەنەگلاوە لە هەندێ ململانێى ئایدۆلۆژیى و ململانێى نێوان هەندێ دەوڵەتى ناوچەکە، بەڵام هەمیشە هەرێمى کوردستان وەک تەواوکەرى بەرەیەکى ترى وەک ئەمەریکا ئەوروپا، حیساب دەکرێ کە ئێستا هەیە، بۆیە هەموو ئەو دەوڵەتانەى تر کە پشتگیرى لە ئەمەریکا و سیاسەتەکانى ئەمەریکا دەکەن بەدەم هەرێمى کوردستانەوە دێن وەک لەو دەوڵەتانەى لەبەرمبەردا کە بەرژەوەندییەکانیان بە شێوازێکى تر دەبینن.

بۆیە لێرە هەرێمى کوردستان وەک عاملێکى تەواوکەرە بۆچى؟ بۆ ئەو هەموو هاوکێشە سیاسیانەى کە لە ڕۆهەڵاتى ناوەڕاست دەکرێت، هەرێمى کوردستان، هەرێمى کوردستان یەکێکە لەو هەرێمانەى بە گوزارشتە کوردەوارییەکە ئەوەیە، کە لەڕووى سیاسییەوە شتێکى لەدەستدایە یاخود جێگەیەک دەگرێ کە بتوانێ سەقامگیرییەک بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕست بگەڕێتەوە، وە لە پرسى تیرۆر و ئاسایش و ساسییدا. لەوانەیە هەرێمى کوردستان بەپێى پێویست لە ئاست ئەو هەموو جموجۆڵە لەڕووى ئابوورییەوە سوودێکى ئەوتۆى نەکردبێ، بەڵام لەڕووى سیاسییەوە گرنگییەکى تایبەتى هەیە، وە پێى سوودمەند بووە.

من قسەکە بۆ دوو شت دەڵێم، ئەم دیپلۆماسیەتانە هەمیشە بۆتە ئەوەى کە پرسى کورد باشتر بێت ڕۆژ دواى ڕۆژ، ئێمە دەتوانین ئاماژە بە دوو شت بکەین، دوو شت پرسى کوردى لە عێراق لەسەر پێى خۆى هێشتۆتەوە، کە بتوانێ برەوى هەبێ، یەکێک لەوانە دەستوور، ئەویتر عاملى دیپلۆماسیەتى خارجییە، دواى 16ى ئوکتۆبەر هەوڵى ئەوە دەدرا کە تەواوى ڕایەڵە دیپلۆماسییەکان و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دەرەوەدا نەهێڵن، بەڵام ئەوەبوو هەر دەوڵەتانى ئەوروپى خۆیان پشتیوانى ئێمەیان کرد، وە خۆیان سەرۆک وەزیرانى ئەوکاتە کە ئێستا سەرۆکى هەرێمى کوردستانە لەگەڵ جێگیرى سەرۆک وەزیران دا، بانگهێشتکران و چوون بۆ ئەوروپا  ئەو کەناڵە دیپلۆماسییەیان کردەوە.

کەواتە فاکتەرى دیپلۆماسیەتیى دەرەکى فاکتەرێکى زۆر گرنگە بۆ هەرێمى کوردستان، کە نابێ هەرگیز لەو بابەتە دوابکەوین، وە دەبێ پلانێکى تایبەتمان هەبێ، وە دەبێ هەمیشە خۆمان بگەینینە ئەو دەوڵەتانەى کە کاریگەرن لەسەر واقیعەکە، بۆ نموونە ئوردن یەکێکە لەو دەوڵەتانەى کە لە کۆمکارى عەرەبى کاریگەرییەکى تایبەتى خۆى هەیە.

ــــ تۆ باسى کوردستانت کرد کە دەبێ بە دواى دەرفەتى دیپلۆماسییدا بگەڕێ و بتوانێ لەو دەرفەتانە سوود ببینى، ڕۆڵى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى، لە سوودوەگرتن لەو دەرفەتانە و بەکارهێنانیان چۆن دەبینین؟

د. سەردار قادر: بێگومان سەرۆکى هەرێم، چەند تایبەتمەندییەکى خۆى هەیە کە لە ماوەى حوکمڕانیەتیى سەرۆک وەزیران و سەرۆکى هەرێمى کوردستان، کە توانیویەتى تەوزیفى بکات بۆ ئەم مەسەلەیە ئەویش ئەوەیە، لە هەر شوێنێکدا دەرفەتێک و مەنفەزێکى دیپلۆماسى هەبووبێ قۆستیتیەوە، هەوڵدراوە کە پەیام و وەفد و دیپلۆماسیەتیى کورد  بگات بەو شوێنانە، لە داڤۆس لە چەندان شوێنى تر کە ئەمە خاڵێکى ئیجابییە. دووەم، هەمیشە ئێمە دەمانەوێ لەسەر ئاستى سەرۆکایەتیى هەرێم کە ئێستا لەسەر ئاستى کاک نێچیرڤان کە خۆى دەیەوێ ئەو پەیامە بگەینى، ئەویش دەیەوێ کە پەیامەکە بە خەڵکى تر بدات، کە هەندێ لە بەرژەوەندییەکانى ئێوەش لەلاى ئێمە هەیە.

یەکێک لەو پەیامانەى کە هەمیشە هەوڵى داوە بیگەینى، کە ئێمە دەتوانین ببینە عاملێکى ئیجابى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، دواى ئەوەش ئێمە دەبێ ئاگامان لێ بێت، وەک سەرۆکایەتیى هەرێم وەک پیاوى حکوومەت یەک وەزیفەى ئەساسى هەیە کە دەبێ هەموو پیاوێکى دەسەڵات بەو ئەرکە ئەساسییەى خۆى هەڵسێ کە ئێستا کاک نێچیرڤان بارزانى هەمیشە خۆى پێهەڵساوە، ئەویش ئەوەیە کە وەزیفەکى دیپلۆماسییە، کە دەبێ بە شێوەیە ئەدابکرێ لە پرسە نەتەوەیى و نیشتیمانییەکە خۆماندا، ئەمانە هەمووى عاملى ئیجابین کە تا ئێستا کراوە، وە یەکێکى تر لەو شتانە ئەوەیە کە سەرۆکى هەرێم لە ئێستا و لە پێشتردا، هەمیشە بە دواى بابەتێکدا گەڕاوە کە ئەویش خاڵە هاوبەشکانە، لە نێوان ئێمە و دەوڵەتانى تردا کە هەیە، بۆیە لەو بابەتە ئێمە سوودمەند بووین، وە پێویستە ئەو دیپلۆماسیەتە بەردەوام بێ، بۆ ئەوەى داخوازییە نەتەوەیی و هەرێمەکەمان سوودمەند بێ لە چەندان دەسکەوت کە لەسەر ئاستى ناوخۆ و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

ــــ ئەگەر هەر باسى ئەو سەردانییەى نێچیرڤان بارزانى بکەین، بەتایبەت لەو دواییانە سەردانى وڵاتانى دیکەى عەرەبى کرد، وەکو قەتەر، ئیمارات، ئێستاش لە ئوردن، ئەمە ماناى ئەوەیە نێچیرڤان بارزانى دەیەوێ لەگەڵ وڵاتانى عەرەبى بەهێزت بکات لەڕێگەى ئەم سەردانى و کۆبوونەوانەدا؟ 

د. سەردار قادر: بێگومان من لەگەڵ ئەوەدا نیم لاسەنگى هەبێ لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانماندا، هیچ دەسەڵاتێکى سیاسى ئەگەر بێتوو لاسەنگى هەبێ، بە مانایەکى تر بایەخ بە هەندێ دەوڵەت بدات و بایەخ بەهەندێ دەوڵەت نەدات، ئەوە کارێکى ئیجابى باش نییە، بۆیە لە سیاسەتى حکوومەتى هەرێمى کوردستان دا ئەو شتە ئاماژەیەکى ئیجابیە، بۆ نموونە چەند هەفتەیەک لەمەو پێش سەرۆکى هەرێم لە ئیمارات بوو، سێ ڕۆژ لەمەوپێش پەیوەندییەکى تەلەفۆنى لەگەڵ سەرۆکى هەڵبژێردراوى ئێران دا کرد، ئەمڕۆ لە ئوردنە، ئێمە هەمیشە پێویستمان بەوە هەیە، کە دیپلۆماسیەتێکى هاوسەنگمان هەبێ بەرامبەر بە دەوڵەتانى ناوچەکە، چونکە ئێمە ئەوەمان لە یاد نەچێت کە دەوڵەتانى ناوچەکە لەگەڵ یەکترى هەموویان لە ململانێیەکى ئایدۆلۆژى و مەزهەبى دان، ئێم ناکرێت بچینە بەرەیەکەوە لە دژى بەرەیەکى تر، چونکە لەوانەیە ئێمە لێی زەرەمەند بین، بەڵام دەکرێ عاملێکى ئیجابى بین، دەکرێ عاملێکن بین کە ئەوانیش کۆ بکەینەوە یاخود لە نێوەنەدەدا بتوانین بەرژەوەندییەکانى خۆمان تێیدا بەدى بکەین.

بەڵام لێرە بابەتەکە ئەوەیە، ئایا چەندە پانتایى عەرەبى بۆ ئێمە سوودى هەیە، بێگومان سوودێکى زۆرى هەیە، ناکرێ ئێمە واقیعێک پشتگوێ بخەین لە دیپلۆماسیەتماندا کە خاڵى هاوبەشمان زۆرە وەحەقێکى جوگرافیمان هەیە کە دراوسێمانن، ناکرێ لەگەڵ دراوسێیەکەمان خراپ بین لەگەڵ یەکێکى تردا کە دوورە دەستە باش بین، هەمیشە زیانى دەبێ بۆ هەرێمى کوردستان، بۆیە ئێمە چۆن دەڵێن دیپلۆماسیەتێکى هاوسەنگ هەبێ، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ ئێمە ئاگامان لێ بێت کە پانتایى عەرەبى کە چەندان خاڵى هاوبەش هەیە، دەبێ خۆمانى لێ نزیک بکەینەوە، ئینجا ئێمە ئیستفادەى چەند شتێک دەکەین لەوڕووەوە، یەکێک لەوانە، بمانەوێ نەمانەوێ خەڵکى کوردستان لەڕووى کۆمەڵایەتى و ئایینیەوە نزیکن لەو گەلانەوە، بۆ نموونە ئێستا ئەوانەى بڕیاردەدەن لە ناوەندى جیهانى ئیسلامى و عەرەبى کێین؟ ئیمارات و سعودیە و میسر و ئوردنە، ئەمانە دەوڵەتێکن کە ئەوانن ناوەندى بڕیار دروستکردنى جیهانى عەرەبین، ناکرێ ئێمە بەدەر لەوانە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانمان بە شێوازێکى دروست نەبێ.

کەواتە لە ڕووى ئابوورییەوە ئەو دەوڵەتانە خاوەن ئیمکانیەت و ئەزموونێکى ئابووریین، ڕاستە لەوانەیە وەک دەوڵەتێکى ئەوروپى نەبێ، بەڵام ئێمە دەتوانین سوودى لێ ببینین، پێشتر لەگەڵ ئیمارات وەبەرهێنانى ئیمارات تا نزیکەى زیاتر لە (20) وەبەرهێنەر ڕۆیشت، بەڵام ئێمە ئەگەر بیتۆ لە هەر یەکێک لەو وڵاتانە ئەگەر کەمیەکى بەیستیش لەڕووى ئابوورییەوە یان چەند ملیار دۆلارێک بێت دەبێتە مایەى بوژانەوەى ئابوورى کوردستان.

کەواتە لێرەدا ئەو پانتاییە عەرەبییە چەندان خاڵى ئیجابى تێدایە و هاوبەشە لەگەڵ ئێمە جا چ لەڕووى قیەمەوە، یان لەڕووى ئابوورى و سیاسەتەوە بێ، کۆمەڵێک پرد هەیە لە نێوانماندا کە پێشتر بونیادنراوە لەڕووى دەروونى و کۆمەڵایەتییەوە، ئێمە پێویستە سوود لەوانە وەربگرین، بەتایبەت ئەو دەوڵەتانەى کە تەرکیزیشمان لەسەریانە، ئەوانن کە بەشدارى سەرەکین لە دروستکردنى بڕیارى سەرەکى جیهانى ئیسلامى و عەرەبى. 

س: رووداو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە