کازمی: سەرکەوتنی گفتوگۆکانی ڤیێنا لە قازانجی عێراق و هەموو ناوچە دەبێت ئێران

نوچه‌نێت

سەرۆک وەزیرانی عێراق وێڕای ئاماژەدان بە گرنگی رێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا رایگەیاند، سەرکەوتنی گفتوگۆکانی ڤیێنا کە بە مەبەستی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لە ئارادان، چارەنووسی هەموو ناوچە یەکلایی دەکاتەوە.

رۆژی یەکشەممە چواری تەمووزی ٢٠٢١، تۆڕی میدیایی "رادیۆ فەردا" بڵاوی کردەوە، مستەفا کازمی وێرای ئاماژەدان بەوەی کە دەکرێ ئێران و ئەمریکا سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی بگەنە رێککەوتن، رایگەیاند، ئەوە یارمەتی سەقامگیری زیاتری عێراقیش دەدات.

ئەو قسانەی کازمی لە ئەکاونتی تویتەر و هەروەها لە ئەکاونتی فەرمیی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاو بوونەتەوە. سەرۆک وەزیرانی عێراق کە سەردانی ئیتالیای کردووە، لە بەشێک لە قسەکانیدا گوتوویەتی، "لەگەڵ ئیدارەی بایدن لە پەیوەندیداین و لەو بڕوایەدام دەتوانین بەرەو قۆناغێکی تر لە گفتوگۆکان سەبارەت بە ناوچەكه‌، هەنگاو بنێین".

ئێران و ئەمریکا لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی ڤیێنا و بە نێوەندگیری وڵاتانی رۆژئاوا و چین و رووسیا، بە شێوەی ناڕاستەوخۆ سەرقاڵی گفتوگۆن بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی. تا ئێستا شەش خولی ئەو گفتوگۆیانە بەڕێوە چوون بەڵام ناکۆکییەکانی نێوان تاران و واشنتن هێشتا بەردەوامن.

کازمی رایگەیاند، وڵاتەکەی چەندین ساڵە بووەتە شانۆی "رووبەڕووبوونەوە و پێکدادان" و ئێستا، کاتی ئەوەیە هەر دوو لایەن، بە مەبەستی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، رێگای گفتوگۆی سیاسیی بگرنەبەر و هەمووان لە "بەرهەمی" ئەو رێککەوتنە سوودمەند بن.

رۆژی 28 ى مانگى رابردوو، بارەگاکانی کەتیبەکانی حزبوڵا و یەکەکانی سەید شوهەدا، کە میلیشیاى عێراقى سه‌ربه‌ ئێرانن، کرانە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا. ئەوە دووەم هێرشی ئەمریکا بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانی ئێران لە عێراق بوو لە سەردەمی ئیدارەی بایدن.

سەرۆک وەزیرانی عێراق وەک کاردانەوەیەک، ئەو هێرشانەی ئەمریکای بە "پێشێلکردنی ئاشکرا"ى سەروەری و ئاسایشی نیشتمانی عێراق وەسف کرد و رایگەیاند ئەوە قەبووڵکراو نییە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەڵێت کۆماری ئیسلامیی، دەستی هەیە لەو هێرشانەدا کە بە درۆن یان شێوازەکانی تر لە دژی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئەنجام دەدرێن. 
ئێران کە چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق بە ئامانجی لەپێشینەی خۆی لە ناوچەکە دەزانێت، سەرکۆنەی هێرشەکەی هەفتەی رابردووی ئەمریکای کردووە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین