پچڕانى كاره‌باى ئێران سه‌ر بۆ ته‌نگژه‌یه‌كى ترى سیاسى ده‌كێشێ ئێران

نوچه‌نێت

بە هۆی پچڕانی پەیتا پەیتای کارەبا لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران، کە ژیانی خەڵکی لە گەرمای هاویندا تووشی کێشە کردووە، دوێنێ دووشەممە دانیشتووانی چەند شارێکی ئەو وڵاتە، بە گردبوونه‌وه‌ لە بەرانبەر باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبا، ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی.

ئەمڕۆ سێشەممە شەشی تەمووزی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردووەتەوە، وێنە و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی شەوی دووشەممە دەری دەخەن، دانیشتوانی شاری رەی لە بەرانبەر بەڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتی کارەبا گردبوونه‌وه‌. 
بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیانە، خەڵک لە شاری رەی بە گوتنەوەی دروشم، داوا لە وەزیری وزە دەکەن، دەست لە کار بکشێتەوە. 
چەندین وێنە و ڤیدیۆی دیکەیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بوونەتەوە کە دەگوترێ، دەرخەری گردبوونه‌وه‌ى هاوشێوەن لە چەند شاری تر، لەوانە لە شاری ئامۆل و بابۆلسەر، لە باکووری ئێران. 
چەند ڤیدیۆی تر بڵاو بوونەتەوە و دەگوترێ ڤیدیۆی شاری شیرازن و تیایاندا دروشمی "مەرگ بۆ خامنەیی" دەبیسترێ. 
لە لایەکی ترەوە، بەگوێرەی راپۆرتە بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی وێنە و ڤیدیۆکانی ناڕەزاییەکان سەبارەت بە پچڕانی کارەبا، هێڵی ئینتەرنێتی هەندێ لە ناوچەکانی ئێران تووشی کێشە بووە. 
بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێن، تەنانەت دوای هاتنەوەی کارەبا، ئینتەرنێتیان هێشتا کێشەی هەیە. 
ئەوە لە کاتێکدایە گەرما، پچڕانی ئاوی باڵەخانە گەورەکان لەبەر کوژانەوەی ترۆمپاكان، خراپبوونی خۆراکی ناو سەلاجەکان و فریزەرەکان و سووتانی ئامێرە ئەلکیترۆنییەکانی ناو ماڵ و تێکچوونی تۆڕی مۆبایل و ئینتەرنێت، لە نموونەی ئەو کێشە و گرفتانەن کە هاووڵاتیانی ئێران رووبەڕوویان بوونەتەوە. 
لە چەند راپۆرتێکدا هاتووە، پچڕانی پەیتا پەیتای کارەبا بووەتە هۆی لەکارکەوتنی ئامێرە سەرەکییەکانی نەخۆشخانەکان،  لەوانە ئامێرەکانی بەشی چاودێری تایبەت، ئەوەش گیان و ژیانی هاووڵاتیانی خستووەتە مەترسییەوە. 
چەند راپۆرتێکیش بڵاوبوونەتەوە کە دەری دەخەن، ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان بە هۆی پچڕانی کارەبا لە گاراجدا ماوەتەوە و خەڵک ناتوانن کاروباری رۆژانەیان ئەنجام بدەن. 
محەمەد جەواد ئازەری جەهرۆمی، وەزیری پەیوەندییەکان و ته‌كنه‌لۆژیاى زانیارى ئێران گوتوویەتی: "هەشت كاتژمێر کارەبای بەردەوامی شار پێویستە بۆ بارگاویکردنی باترییەکانی تاوەرەکان، بەڵام لە چەند ناوچەیەکدا ئەو هەشت كاتژمێر کارەبایە نییە". 

ناڕه‌زاییه‌كانى كاره‌با دروشمى سیاسى ده‌ڵێنه‌وه‌


شەوی یەکشەممەیش، هاووڵاتیانی ئێران لە چەند شارێکدا بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان لە پچڕانی پەیتا پەیتای کارەبا، لە دژی عەلی خامنەیی، رابەڕی ئێران، دروشمیان گوتەوە و لە چەند شارێکیشدا کۆبوونەوەیان ناڕەزاییان بەڕێوە برد. 
لە چەند ڤیدیۆیەکدا کە لە شاری تاران گیراون، ناڕازییان لەناو ماڵەکانی خۆیاندا دروشمی "مەرگ بۆ خامنەیی" و "مەرگ بۆ دیکتاتۆر" دەڵێنەوە. لە شاری گونبەدی کاووس لە پارێزگای گوڵستان، بە هۆی ناڕەزایی دانیشتوانی ئەو شارە سەبارەت بە پچڕانی کارەبا، کەشی شارەکە زۆر ئەمنی بووە و هێزە ئەمنییەکان بڵاوەیان پێکراوە. 
بەشێک لە دانیشتووانی شاری کوردکوی لە پارێزگای گوڵستان لە باکووری ئێران، ناڕەزایی خۆیان لە پچڕانی پەیتا پەیتا و درێژخایەنی کارەبا لە رۆژانی رابردوودا ئەنجام داوە. ناڕازییان دوێنێ شەو، لە یەکێک لە مەیدانە سەرەکییەکانی ئەو شارەدا کۆبوونەوە. 
بەگوێرەی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە، دەستەیەک لە خەڵکی شاری کازرون لە پارێزگای فارس، دوێنێ شەو لە بەرانبەر باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتی شارەکەیان ناڕەزاییان نیشان دا. هاوشێوەی ئەو کۆبوونەوە، لانیکەم لە بەرانبەر یەکێک لە باڵەخانەکانی بەڕێوەبەرایەتی شاری تارانیش رووی داوە. 
محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، روو لە حکومەت گوتوویەتی: "ئەگەر بەرزبوونەوەی بەکارهێنان و زیادەی خواست بە هەر هۆکارێک لە کورت ماوەدا قەرەبوو ناکرێتەوە، لانیکەم خشتەیەک بۆ دیاریکردنی کاتی پچڕانی کارەبا ڕابگەیێنن بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن چارەیەک بۆ کێشەکانیان بدۆزنەوە، خەڵک لەو هەموو بێ بەرنامەییە ماندوون". 
حکومەت بە داڕشتنی خشتەی پچڕانی کارەبا، رایگەیاندبوو رۆژانە دوو جار و لە کاتی دیاریکراودا کارەبا دەپچڕێ، بەڵام هەندێ لە هاووڵاتیانی ئێران دەڵێن، پچڕانی کارەبا زیاتر لە دوو جار و لە دەرەوەی ئەو خشتەیە کە راگەیێندراوە، ئەوەش ژیانی تێکداون.
بەڵام مستەفا رەجەبی مەشهەدی گوتەبێژی پیشەسازیی کارەبا دەڵێت، پچڕانی کارەبا لە دەرەوەی بەرنامە، ناچارەکییە و هیچ کارێکی پێ ناکرێ. 

چالاكوانان لێدوانێكى خامنه‌یى 
بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌باره‌ى خراپى كاره‌باى عێراق دایبوو


مستەفا رەجەبی مەشهەدی گوتوویەتی، "رێژەی بەکارهێنانی کارەبا لە ئێران، ١٠ هەزار مێگاوات زیاترە لە رێژەی بەرهەمهێنانی، ئەوەش دەبێتە هۆی گوشار لەسەر وێستگەکان". 
هاوکات لەگەڵ پچڕانی کارەبا لە شارە جیاوازەکان، هاووڵاتیانی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەشێک لە لێدوانێکی عەلی خامنەیی لە مانگی ئەیلولی ٢٠٠٧یان بڵاو کردووەتەوە کە رابەری ئێران لەو لێدوانەدا سەبارەت بە دۆخی عێراق لە دوای هێرشی ئەمریکا قسە دەکات. 
خامنەیی لەو لێدوانەدا گوتبووی: "خەڵکی عێراق کێشەی کارەبایان هەیە، کێشەی ئاوی خواردنەوەی تەندروستیان هەیە، پێویستە ئەوانە وەڵام بدرێنەوە، دەبێ ئەمریکییەکان وەڵام بدەنەوە، ناتوانن خۆیان لە وەڵامدانەوە بدزنەوە. ئێستا ئەو بابەتانە پشتگوێ دەخەن، بەڵام هەمیشە رەوتەکە بەو جۆرە نامێنێتەوە". 
بەرپرسانی حکومەت، هۆکاری پچڕانی بەرفراوانی رانەگەیێندراو و درێژخایەنی کارەبا دەگەڕێننەوە بۆ لەکارکەوتنی دوو وێستەگە لەم دواییانەدا، گەرچی مەحموود جەعفەری، سەرۆکی وێستگە و کارگێڕی گشتیی کۆمپانیای بنکەی ئەتۆمی بوشەهر باسی ئەوەی کردووە کە ئەو بنکەیە چالاکییەکانی خۆی لە تۆڕی سەرانسەری کارەبای ئێراندا، دەست پێکردووەتەوە. 
بەرپرسانی حکومەتی ئێران، گەمارۆکانی ئەمریکا بە هۆکاری سەرەکی ئەو دۆخە دەزانن، بەڵام رەخنەگران سەرچاوەی ئەو دۆخە دەگەڕێننەوە بۆ لێنەهاتوویی و گەندەڵی لە بەشە جیا جیاکانی حکومەتدا.

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین