کارەبای چەندین شاری ئێران دەپچڕێت ئێران

نوچه‌نێت

شەوی رابردوو لە زۆربەی شوێنەکانی تاران و کەرج، کارەبا پچڕا. بەگوێرەی راپۆرتەکان، پچڕانی کارەبا لە تاران لە کاتژمێر ١١ی شەو تا پێنجی بەیانی بەردەوام بوو.

ئەمڕۆ یەکشەممە چواری تەمووزی ٢٠٢١، تۆڕی میدیایی "ئێران ئێنتەرنەشنال" بڵاوی کردەوە، پچڕانی کارەبا بەو شێوەیە، پێشتر بە دانیشتوانی ئەو شارانە رانەگەیێندرابوو.

لە تاران تەنانەت گڵۆپەکانی سەر زۆربەی شەقامەکان کوژانەوە. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، لە چەند رۆژی رابردوودا، لە چەندین شاری تری ئێران و لەوانە، قەزوین، بەندەر عەباس و رەشت کارەبا پچڕاوە.

هاوکات راگەیێندراوە، لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان کە لە دۆخی سووری کۆرۆنادایە، رۆژی شەممە، کارەبای زۆرێک لە شار و گوندەکان بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر پچڕاوە.

لە پارێزگای هۆرمۆزگان و لە گەڕەکە جیاوازەکانی بەندەر عەباس ناوەندی ئەو پارێزگایە، لە لووتکەی گەرما و شێدارى، بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، کارەبا بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر پچڕا.

پچڕانی لەناکاو و رانەگەیێندراوی کارەبا لە رۆژی رابردوودا (شەممە)، جگە لەو پچڕانانەیە کە پێشتر وەزارەتی وزە و کۆمپانیای "توانیر" لە هەموو پارێزگا و شارەکانی ئێران رایگەیاندبوو و رۆژانە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، کارەبا دەپچڕێت.

هاوکات مستەفا رەجەبی مەشهەدی، گوتەبێژی پیشەسازیی کارەبای ئێران، وێرای ئاماژەدان بەوەی کە "پیشەسازیی کارەبا بە دۆخێکی زۆر دژواردا تێدەپەڕێت"، رایگەیاند، مەودای نێوان بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی کارەبا لە ئێران "بە هۆی گەرما" ئێجگار زۆر بووە و تەنانەت گەیشتووەتە ١١ هەزار مێگاوات.

گوتەبێژی پیشەسازیی کارەبا گوتیشی، توانای بەرهەمهێنانی وێستگەکانی کارەبای ئێران لە ئێستادا نزیکەی ٥٤ هەزار مێگاواتە، ئەو لە کاتێکدایە نزیکەی ٦٥ هەزار مێگاوات بۆ بەکارهێنان پێویستە. کێشەی کارەبا لە ئێران لە کاتێکدایە کە کە ئەو وڵاتە، کارەبا هەناردەی وڵاتانی تر، و لەوانە عێراق دەکات.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین