فەلاح مستەفا: کۆبوونەوەیەکى زۆر سەرکەوتوو لە نێوان نێچیرڤان بارزانى و شا عەبدوڵڵاى دووەم ئەنجامدرا میدیا

نوچەنێت:

لە بارەى سەردانییەکەى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ شانیشینى ئوردن و کۆبوونەوەى لەگەڵ شاى ئوردن شا عەبدوڵڵاى دووەم، فەلاح مستەفا، ڕاوێژکارى باڵاى سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەڵێت، لە ڕاستیدا سەردانێکى زۆر سەرکەوتووبوو، کۆبوونەوەیەکى زۆر باش بەڕێوەچوو لە نێوان سەرۆکى هەرێم و شاى ئوردن، دواتر لەگەڵ سەرۆک وەزیران و وەزیرى دەرەوە و شازادەى ئوردن لەگەڵ بەرپرسانى ترى باڵا و شاندى هەرێمى کوردستان کۆبوونەوە، ئەو باسانەى کە جێگەى بایەخ و مەبەستى هەردوولا باسکرا.

لە میانى دیمانەیەکدا لەگەڵ رووداو لە (23)ى حوزەیرانى (2021)دا، فەلاح مستەفا دەربارەى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەى هەردوو سەرۆک ئاماژە بەوە دەکات، پەیوەندیى نێوان هەرێمى کوردستان و شانیشینى ئوردنى هاشمى، پەرەسەندنەکانى ناوچەکە، ڕەوشى سیاسى بە گشتى لە عێراق و هەڕەشە ئەمنییەکان، ئەو بەربەستانەى کە لەبەردەم پرۆسەى سیاسیین، گۆڕانکارییەکانى ناوچەکە، ئیدارەى تازەى ئەمەریکا و سیاسەتى بۆ ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، چۆنیەتیى بەرەپێشبردنى ئەو پەیوەندییانە، هەروەها سوود وەرگرتن لەو دەرفەتانەى کەوا هەن بۆ ئەوەى هەرێمى کوردستانیش سوود لە شانیشینى ئوردنى هاشمى وەربگرێ، گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.

 

دەقى دیمانەى فەلاح مستەفا، ڕاوێژکارى باڵاى سەرۆکى هەرێمى کوردستان:

ــ ئامانجى سەردانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ ئوردن چى بوو؟

فەلاح مستەفا: وەک دەبینین هەرێمى کوردستان خوزارى ئەوەیە پەیوەندییەکانى پەرە پێبدات لەگەڵ وڵاتانى عەرەبییەکان و ناوچە، وە لە چوارچێوەى ئەو جموجۆڵە دیپلۆماسییانەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ بەرەودان و پێشبردنەوەى ئەو پەیوەندییانەى کە پێش ئێستاش هەبووە و هەمانە، وە دەمانەو زیاتر بەهێزى بکەین بۆ ئایندنە. وە گرنگى سەردانەکە خۆى لەوەدا دەبینێتەوە، کە ئوردن پێگەیەکى بەهێزى هەیە لە ناوچەکە، وڵاتێکە هەردەم خواستوو ویستى سەقامگیرى هەبووە، وڵاتێکە پێگەى دیارە، ئەویش ژمارەیەکى زۆرى ئاوارە و پەنابەر ڕووى تێکردووە، وڵاتێکە کەبووە نموونەى ئیسلامى میانڕەو، هەروەها کاریکرد لە پێناو لێبوردەیى و پێکەوەژیان، ئەو وایکرد کەوا هەرێمى کوردستانیش کە پەیوەندییەکى لەمێژینەى لەگەڵ شانیشینى ئوردنى هاشمى هەیە، ئەو سەردانە ئەنجام بدرێت.

لە ڕاستیدا سەردانێکى زۆر سەرکەوتووبوو، کۆبوونەوەیەکى زۆر باش بەڕێوەچوو لە نێوان سەرۆکى هەرێم و شاى ئوردن، دواتر لەگەڵ سەرۆک وەزیران و وەزیرى دەرەوە و شازادەى ئوردن لەگەڵ بەرپرسانى ترى باڵا و شاندى هەرێمى کوردستان کۆبوونەوە، ئەو باسانەى کە جێگەى بایەخ و مەبەستى هەردوولا باسکرا. 

ــ سەرەکى ترین ئەو مژار و بابەتانەى کە هەتانبوو لە کۆبوونەوەکاندا چى بوو؟

فەلاح مستەفا: پەیوەندیى دوو قۆڵى نێوان هەرێمى کوردستان و شانیشینى ئوردنى هاشمى، پەیوەندییەکانى عێراق و ئوردن، پەرەسەندنەکانى ناوچەکە، ڕەوشى سیاسى بە گشتى لە عێراق و هەڕەشە ئەمنییەکان، ئەو بەربەستانەى کە لەبەردەم پرۆسەى سیاسیین، گۆڕانکارییەکانى ناوچەکە، ئیدارەى تازەى ئەمەریکا و سیاسەتى بۆ ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، چۆنیەتیى بەرەپێشبردنى ئەو پەیوەندییانە، هەروەها سوود وەرگرتن لەو دەرفەتانەى کەوا هەن بۆ ئەوەى هەرێمى کوردستانیش سوود لە شانیشینى ئوردنى هاشمى وەربگرێ.

ــ ئەو سوودە چییە بۆ نموونە هەرێمى کوردستان دەتوانێ سوود لە شانیشینى ئوردن وەربگرێ؟

فەلاح مستەفا: ئێمە ئەگەر لەڕووى سیاسییەوە باسى بکەین، تێگەیشتنى سیاسى هەروەها بوونى تێڕوانینێکى سیاسى هاوبەش بۆ پرس و بابەتەکان گرنگە، لەڕووى هەڕەشەکان بۆ سەر سەقامگیرى ناوچەکە بە شێوەیەکى گشتى بۆ نموونە تیرۆر و توندڕەوى و داعش هەڕەشەن بۆ هەموو لایەک، پرسى ئاوارەکان، پەرەپێدانى پەیوەندیى ئابوورى، هاندانى وەبەرهێنان، هەروەها سوودوەرگرتن کەوا لەو دەرفەتەى هەیە بەتایبەتى لە چوارچێوەى کۆبوونەوەى یان لوتکە سێ قۆڵییەکانى نێوان عێراق و ئوردن و میسڕ، کە هەرێمى کوردستانیش بتوانێ پشتیوان و هاوکار بێت جگە لەوەش لە لیژنەى وەزارى نێوان هەردوو وڵات، عێراق و ئوردن کە هەرێمى کوردستانیش بتوانێ وەکو ئەندام بەشدار بێ وە ئەو دەرفەتانەى کەوا هەن بۆ هاوکارى لە بوارە جیاجیاکان، بۆ نموونە باس لە تەواوکردنى یەکترى لە بوارى ئاسایشى خۆراک کرا، باس لە هەماهەنگى بیناکردنى تواناکان و پرسى بازاڕکردن کرا.

هەموو ئەوانە کۆمەڵێک پرسن کە دەکرێ هەرێمى کوردستان و عێراقیش لەگەڵ ئوردن هەماهەنگى و هاوکارى بکات. 

ــ لەسەر بابەتى ئەو کۆبوونەوە سێ قۆڵییەى کە باستکرد، عێراق و ئوردن و میسڕ، قەوڵێکتان وەرگرت کە هەرێمى کوردستانیش بەشدارى بکات لەو کۆبوونەوە سێ قووڵیانە؟

فەلاح مستەفا: نەخێر، ئەوە بابەتێکى جیایە، کۆبوونەوەى لووتکەى سێ قۆڵى لە نێوان عێراق و ئوردن و میسڕ وەکو وڵاتێکى خاوەن سەروەرى لەگەڵ ئەو وڵاتانە، بەڵام لیژنەى وەزارى نێوان عێراق و ئوردن هەیە، ئێمە خوازیارى ئەوەیە کەوا هەرێمى کوردستانیش بەشدار بێ، تاوەکو بتوانێ لە چوارچێوەى عێراق ئێمەش سوود لەو دەرفەتە وەربگرین، لەو بوارانەى کەوا دەکرێ هاوکارى و هەماهەنگى یەکتر بکەین.

ــ کەواتە لەسەر ئاستى کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکە عێراق بە تەنها دەبێت؟

فەلاح مستەفا: هەرێمى کوردستانیش بەشێکە لە عێراق، بەڵام وەک هەرێمى کوردستان بەشدار نابین لە کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکە، بەڵام دەکرێ لە لیژنەى وەزارى نێوان عێراق و ئوردن دەکرێ نوێنەرى هەرێمى کوردستان بەشدار بێت، هەروەک چۆن لە دیلۆگى ستراتیژیى نێوان ئەمەریکا و عێراق هەرێمى کوردستان تێیدا بەشدارە.

ــ ئەى سەبارەت بە ئایندەى هەرێمى کوردستان و عێراقیش، هیچ پەیامێک هەیە کە نێچیرڤان بارزانى بۆ نموونە بردبێتییە ئوردن یان لە سەردانى ڕابردووى بۆ ئەبو زەبى، چونکە لەو ماوەى ڕابردوودا سەرۆکى هەرێم کۆمەڵیک سەردانى و چالاکى دیپلۆماسى هەبوو و بەردەوامیشن، ئەو پەیامانە چی بوونە کەپێیەتى لەگەڵ ئەو وڵاتە دۆستانە قسەیان لەسەر بکات؟ 

فەلاح مستەفا: حەزدەکەم ئاماژە بە خاڵێک بکەم، ئەو پەیوەندییانە تازە نین، ئەو پەیوەندییانە پاشخانى هەیە، وە هەروەها پەیوەندیى مێژوویین پێشتریش جەنابى سەرۆکى هەرێم مسعود بارزانى سەردانى ئوردنى کردووە، هەروەها لە دەرەوەى ئوردنیش ئەو دیدارانە ئەنجامدراوە بۆ بونیادنانى ئەو پەیوەندییانە و بەرەوپێشبردنییان، بەڵاک بوونى تێگەیشتنى هاوبەش لەسەر پرسە سیاییەکان، کە هەموو لایەک مەبەستیان سەقامگیریی و ئاشتى و پێکەوەژیانە، هەروەها پەرەپێدانى ئابوورییە، پەیوەندییەکان بە شێوەیەک بن کە هەردوولا براوە بن.

 بۆ نموونە هێڵى ئاسمانى ئوردنى گەشتى ڕاستەوخۆى بۆ هەولێر و سلێمانى هەیە لە هەرێمى کوردستان، زیادکردنى ئەو گەشتانە و هاوکارى زیاتر، خەڵێکى زۆر بە مەبەستى چارەسەرى پزیشکى دەچێتە ئوردن، خەڵێک هەیە بە مەبەستى گەشتیارى سەردانى ئەوێ دەکات، وە هاوشێوەى ئەوە لەوانەیە خەڵکانێک لەوێیەوە بێنە ئێرە، زۆر دکتۆر هەیە هاتوون لێرە کلینکى پزیشیکیان کردۆتەوە یان لە بوارى بازرگانى. بۆ نموونە تواناى ئوردن لە بوارى مرۆییەوە زۆرە، دەکرێ وەک هەرێمى کوردستان و عێراقیش سوود لە دەرفەتانە وەربگرین، وە ئەو پەیوەندییانە لەو چوارچێوەیە دێن کە ئێمە بەتەنها ناژین، ئێمە دابڕاو نین لەو ژینگەیەى لە دەوروبەرمانە، گرنگە تێگەیشتنى هاوبەشمان هەبێ، دواتریش پێگەى ئوردن لە ڕۆژئاوا و ئەمەریکا بە شێوەیەکە، کە یەکەم وڵاتى سەرکردەیە لە ناوچەکە کە سەردانى ئەمەریکا دەکات و کۆبوونەوەى لەگەڵ سەرۆکى ئەمەریکا هەیە.

بۆیە گرنگە ئێمە تێڕوانینێکمان هەبێ بۆ ئەوەى ئەویش ئاشناى ڕەوشى عێراق و هەرێمى کوردستان بێت، لەوانەشە پرسەى عێراق و پرسى ناوچەکە بخرێتە سەر مێزى گفتوگۆ، گرنگە لە تێڕوانینى ئێمەش تێبگات. 

ــ بابەتێکى گرنگیت ورووژاند، پەیوەندییەکانى ئەمەریکا لەگەڵ هەموو ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بەتایبەتى عێراق و هەرێمى کوردستان، بابەتى هێزە ئەمەریکییەکان و مانەوەیان لە عێراق و هەرێمى کوردستان، وە هەڵوێستى ئیدارەى نوێى بایدەن، لە ئەمەریکا شتێک هەیە هەموو سەرۆکێک کە دێتە سەر حکوم بەتایبەتی دیموکراتەکان بەڵێنى ئەوە دەدەن کە هێزەکانیان لە وڵاتانى دیکە بکێشنەوە، ئێستا ئەمەریکا بە کردارى هێزەکانى لە ئەفغانستان دەکشێنتەوە، ئێوە بۆ عێراق مەترسییەک دەبینن کە ئەمەریکا بڕیارى کشانەوەى هێزەکانى بۆ نموونە لە یەک ساڵى داهاتوو دا، ئەگەر بەڵێ، هەڵوێستى هەرێمى کوردستان و سەرۆکایەیتى هەرێمى کوردستان لەمبارەوەیە چییە؟ 

فەلاح مستەفا: وەک دیارە هەرێمى کوردستان هەر لە سەرەتاوە بڕواى تەواوى وابووە، کە ئەو هێزانە لێرەن بۆ ماوەى کاتى، ئەو هێزانە تا هەتایە لێرە نامێننەوە، وە ئێمەش ئەو پێشبینییەمان نەکردووە، بۆیە ئێمە دڵنیاین لەوە ڕۆژێک ئەو هێزانە ئەرکیان تەواو دەبێ، خاڵى دووەم، ئەو هێزانە لەسەر داوا و بانگهێشتى حکوومەتى عێراق لێرە بۆ ئەرکێکى تایبەتمەند، بۆ شەڕى داعش و شتیوانیکردوون و هاوکارییکردنى هێزە عێراقییەکان، هەرچەندە هێزەکانى ئەمەریکا ئێستا کەمبۆتەوە بۆ پشتیوانیکردنى هێزەکانى عێراق، بەڵام شەڕى داعش تەواو نەبووە، هەڕەشەى داعش و دووبارە سەرهەڵدانەوەى تەواو نەبووە، ئەوان تا ئەوکاتە لێرەن، کە حکوومەتى عێراق داوایان لێدەکات کە بمێننەوە.

ــ بەڵام خۆ پەرلەمانى عێراق پێگوتن چى نامانەوێ هێزى ئەمەریکى لە عێراق بمێنێت؟

فەلاح مستەفا: بەڵام کۆمەڵێک نیشانەى پرسیار لەسەر ئەوە هەبوو ئایا ئەمە بڕیارى پەرلەمانى عێراق بوو یان گرووپێک لە نێو پەرلەمانى عێراق بوو بە ناوى پەرلەمانەوە ئەو بڕیارەیان دەکرد.

ــ بەڵام ئەو بڕیارە بەدەنگى زۆرینە تێنەپەڕى؟

فەلاح مستەفا: ئەگەر سەیرى پێکهاتەى کورد و عەرەبى سووننە بکەن، بەشدار نەبوون، کەواتە پێکهاتەیەک لە نێو عێراق ئەو بەرنامەیەى هەیە، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە لایەنى فەرمى لە حکوومەتى عێراق، وە ئەوانەى کە بەرپرسیارن لەبوارى ئاسایشەوە، وەزارەتى بەرگرى، ناوخۆ، ئەنجوومەنى ئاسایشى نیشتیمانى، دانیشتوون لەسەر ئەوەى ئایا عێراق دەتوانێ بەرگرى لە خۆیی و خاک و خەڵکەکەى بکات بە تواناى خۆى، ئایا ئەو توانایەى هەیە کە نەهێڵێت جارێکى تر هەڕەشەى داعش سەرهەڵبداتەوە، ئەگەر عێراق تواناى هەبێ، ئەو کاتە ئەو داوایە بکات هێزەکانى ئەمەریکا لە عێراق بە هەرێمى کوردستانەوە لە چوارچێوەى بەرنامەیە، وە ئەگەر لە عێراق بکشێننەوە بێگومان لە هەرێمى کوردستان دەکشێننەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا سیاسەت و بڕیارى ئیدارەى تازەى ئەمەریکا ئەوەیە کە ئەوان لێرەن، هەڕەشەى داعش ماوە تا ئەو کاتەى عێراق پێویستى بەوان هەبێ.

بەڵام گرنگ ئەوەیە کە لایەنە ناوخۆییەکانى عێراق کێشەکانیان چارەسەر بکەن، وە جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان کە سەردانى بەغداى کرد لەگەڵ هەموو لایەنە فەرمییەکان لە سەرۆکایەتیى کۆمار، لە سەرۆکایەتیى حکوومەت، سەرۆکایەتیى پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان دانیشت، بە ئاشکرا گوتى کاتى ئەوە هاتووە ئێمە ڕاستەوخۆ و ڕاشکاوانە دانیشین بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان لەسەر بنەماى دەستوور، بە شێوازى ئاشتییانە و دیالۆگ.

ئەگەر ئەو پرۆسەیە دەستپێبکات، کێشەکانى عێراق چارەسەر بکرێن لە ناوخۆ، دواتریش عێراق هەوڵى بونیادنانى دراوسێیەتیى باش لەگەڵ دراوسێیەکانى بدات، پەرە بە سیستەمى بەڕێوەبردن و ئابووریى وڵات بدات، بتوانێ لەسەر پێى خۆى بەوەستێ ئەوکاتە بێگومان عێراق پێویستى بە هاوکارى دەرەکى هێزى سەربازیی نییە. 

ــ پێشبینى دەکەن کە هەڵبژاردنەکەى مانگى ئۆکتۆبەر یەکەم شت ئەنجام بدرێت، وە ئەگەر ئەنجامدرا ئەو زەمینەیە دروست ببێ کە سەرۆکى هەرێم پێشنیازى تێدا کردووە، ئەو ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنە نیشتمانییە لە عێراق دا دروست ببێت؟ 

فەلاح مستەفا: تاکو ئێستا بڕیارەکە ئەوەیە کە ئەو هەڵبژاردنە ئەنجام بدرێت، لایەنى فەرمى لە عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانى دۆست و هەرێمى کوردستان، هەموو خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەوەى ئەم هەڵبژاردنە ئەنجام بدرێت، ڕاستە لەوانەیە گرووپ و لایەن هەبێ کە بە باشى نەزانن ئێستا ئەو هەڵبژاردنە ئەنجام بدرێت یان کاتەکەى گونجاو نەبێ بۆ ئەوان، یاخود یاساى هەڵبژاردن لە بەرژەوەندى ئەوان نەبێت، خۆیان ئامادە نەکردبێت بەڵام ئەوە پرسێکى ترە، تاوەکو ئێستا بڕیارى فەرمى ئەوەیە کە هەڵبژاردنەکە ئەنجام بدرێت.

ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، ئەوەى بە دی دەکەین تاوەکو ئێستا لایەنێک ئامادەنەبووە هاوپەیمانى بەر لە هەڵبژاردنەکان، چاوەڕوانى ئاکامى هەڵبژاردنەکان دەکەن، دواى دەرچوونى ئەنجامەکان دەست بەپرۆسەى دیالۆگ و هاوپەیمانییەتى بکەن، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەگەر بڕیارى سیاسى هەبێت وە ئەگەر مەبەستمان سەقامگیرى و لێتێگەیشتن و جێبەجێکردنى دەستوور بێت، دەبێ ئەو دیالۆگە هەبێ بۆ ئەوەى بتوانین پێکەوە حکومڕانیى ئەو وڵاتە بکەین، کە هەموومان لەسەر کۆک بووین کە عێراقێکى تازەیە. 

ــ هیچ ئاماژەیەک دەبینن کە ئەو قۆناغە دەست پێ بکات کە جەنابت دەیڵێى؟

فەلاح مستەفا: نەخێر بەو شێوەیە نییە، بەڵام وڵاتانى دۆست، ئەمڕۆش لە سەردانەکەدا خاوەنشکۆ پاشاى ئوردن بە ئاشکرا ئاماژەیان بەوەکرد، کە ئەوان لەگەڵ سەقامگیرى و خۆشگوزەرانى گەلانى عێراقن، لەگەڵ ئەوەن کەوا حکوومەتێک نوێنەرایەتى هەموو لایەک بکات و گشتیگر بێت، حکوومەتێک کە لە پێناو گەلانى عێراق کاربکات، کە ئەوە خواستوویستى هەموو وڵاتان و هاوپەیمانان و نەتەوەیەکگرتووەکانیشە، کە ئەو هەڵبژاردنە پاکوبێگەرد ئەنجام بدرێت، بەبێ دەستوەردان لە پرۆسەى هەڵبژاردن، لایەنە عێراقییەکان خۆیان لە پرۆسەیەکى تەواو ئاشکرا حکوومەتێک پێکبهێنن، لە پێناو بەرژەوەندەى گەلى عێراق، کە زۆرى چەشتووە و شایستەى ئایندەییەکى باشترە.

ــ  ئەگەر بێمە سەر پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و ئیدارەى نوێى ئەمەریکا، لەوەتەى بادین هاتۆتە سەر حکووم، بەدەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەى کە وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا ئەنتۆنى بلیکن لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ئەنجامى دا، کۆنتاکتێکى دیکەى ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیدارەى بایدن دا هەبووە، وە بەنیازن چۆن چۆنى لەگەڵ ئیدارەى بایدن لەیەک نزیکببنەوە؟

فەلاح مستەفا: ماوەیەکى لەمەوبەر شاندێکى ئەمەریکا لە کۆشکى سپى و وەزارەتى دەرەوە و بەرگرى بە یەکەوە هاتن بۆ دووپاتکردنەوەى پابەندیبوونى خۆیان بەو پەیوەندییانەى کەوا هەن لەگەڵ هەرێمى کوردستان و عێراق، وە هەروەها پەیامێک بوو بینێرین بۆ هاوپەیمانان و دۆستەکانیان لە ناوچەکە، وە بەر لە دوو ڕۆژ باڵیۆزى ئەمەریکا سەردانى بەرپرسانى هەرێمى کوردستانى کرد. 

ــ یەک تۆز زیاتر لەسەر ئاستى کۆشکى سپى پرسیار دەکەم، هەرێمى کوردستان لە کاتى ئۆباما لە دواى ئەوەوە لەگەڵ هاتنى ترەمپ پەیوەندیى لەگەڵ کۆشکى سپى هەر بەردەوام بوو، بەڵام هەتاوەکو ئێستا لەگەڵ ئیدارەى بایدن دا کە چاوەڕێ دەکرا پەیوەندییەکى زۆر توندوتۆڵتر هەبێ لەسەر ئەو باگراوەندەى کە پێشتر هەبوو، بۆ نموونە بادیدن وەکو دۆستى هەرێمى کوردستان دەرکەوتووە، چەند جارێک هاتۆتە هەرێمى کوردستان پێشتر، سەرکردەکانى کوردى بینیووە، ئەوەى چاوەڕێ دەکرا ئەوە ڕووینەدا لەم ماوەییەى ڕابردوودا، واتە لە سەرەتاى ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا هۆکارەکەى چییە یان چۆن چۆنى ئێوە هەوڵدەدەن ئەو پەیوەندییەى کە پێشتر هەبووە ئێوە ئێستا بتوانن وەبەرهێنانى زیاترى تێدا بکەن؟ 

فەلاح مستەفا: ئەوەى ئاشکرا و شارەزا بێ لە سیاسەتى ئەمەریکا، دەزانێ کە لە ماوەى دەستبەکاربوونى هەر سەرۆکێکى تازە و ئیدارەیەکى نوێى ئەمەریکا لە (20) مانگى (1)وە سێ تا (6) مانگیان دەوێ بۆ ئەوەى خۆیان ڕابێنن لەگەڵ ئەو پرس و بابەتانەى کەوا هەن، سیاسەتى خۆیان دادەڕێژن، پەیوەندى دەکەن بە هەموو لایەنەکان بۆ ئەوەى هەموو دامەزراوەکانى حکومڕانى لە ئەمەریکا بیروبۆچوونى خۆیان بخەنەڕوو بۆ داڕشتنى سیاسەتى ئەو ئیدارەیە.

لەو ماوەیەدا شاندەکەیان سەردانى هەرێمى کوردستانى کرد ئەوە لەلایەک، لە لایەکى تر پەتاى کۆرۆنا وایکرد هاموشۆ و پەیوەندی و سەردانەکان زۆر سنوودارن بن. خاڵى تریش ئەوەبوو کە هەموومان ئاگاداربووین هەر لەسەرەتاوەش ئیدارەى تازە ڕایگەیاند، وە سەرۆکى هەڵبژێردراویش ڕایگەیاند کەوا جەخت لەسەر ڕەوشى ناوخۆى ئەمەریکا دەکەنەوە بۆ چاککردنەوەى ئەو درزەى کە پەیدابووە، هەروەها بۆ چارەسەرکردنى پرسى پەتاى کۆرۆنا و پرسى ئابوورى، دواتریش ئەو کارە لە پێشینانەى کە هەیە لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى، چین بۆ ئەوان بابەتێکە، رووسیا بابەتێکە، کۆریاى باکوور بابەتێکى ترە، یەکێتیى ئەوروپا و گەڕانەوەى دیپلۆماسیەتى ئەمەریکا بۆ ئەوروپا گرنگە ئەوە هەمووى لەلایەک.

هەرێمى کوردستان خوازیارى ئەوەیە ئەو پەیوەندییانەى کەوا هەن بەرەوپێشەوەیان ببات، وە لەوەشدا بەردەوامین، وە هەرێمى کوردستان بەشدارە لە شاندى عێراقى لە بابەتى دیالۆگى ستراتیژى نێوان ئەمەریکا و عێراق، لەلایەکى تریش هەرێمى کوردستان کار لەسەر ئەوە دەکات پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەوروپا و وڵاتانى ئەوروپا بەرەوپێشەوە ببات، لەبەر ئەوە نامانەوێ بە تەنها لەگەڵ ئەمەریکا پەیوەندیمان هەبێ، لەگەڵ ئەمەریکا و ئەوروپا و ئاسیا و لەگەڵ وڵاتانى دەوروبەر و وڵاتانى دراوسێ دەمانەوێ لەگەڵ هەموو لایەک پەیوەندیى باشمان هەبێ، چونکە ناکرێ لە جیهانى بە یەک بەستراو و گرێدراوى ئەمڕۆ پەیوەندییەکان تەنها پشت ببەستێ بە یەک وڵات.

رووداو: لەسەر وەڵامەکەى خۆت، لە ڕۆڵى وڵاتانى ئەوروپا، فەرەنسا ڕۆڵێکى گرنگ دەبینێت لەگەڵ ماکرۆندا بەتایبەتى لەو دوو سێ ساڵەى ڕابردوودا، بەهۆى کۆرۆنا ماکرۆن دەیەوێ ئەو ڕۆڵە مێژووییەى دواى جەنگى یەکەمى جیهانى کە فەرەنسا هەیبووە لە باکوورى ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست جارێکى دیکە بیبینێتەوە، وابزانم هەر لەو چوارشێوەیەشدا لە یەکتربینیان لەگەڵ سەرۆکى هەرێمى کوردستان باسى لە پلانێکى وڵاتەکەى خۆى کردووە، ئەو پرۆسەیە چۆن دەڕوات، پرۆسەى هاوکارى فەرەنسا بۆ هاریکاریکردنى عێراق کە لە هەموو ئەم ئەزمانە هەیە دەرچێ کە هەیەتى؟

فەلاح مستەفا: عێراق وڵاتێکى گرنگە بۆ ئەوروپا، وە هەروەها ئەمەریکاش لەبەر ئەوەى کلیلى سەقامگیرییە لە ناوچەکە، بە بایەخەوە سەیرى عێراق دەکات، لەبەر ئەوەى سەرکەوتنى پرۆسەى سیاسى لە عێراق و ئەو ئەزموونە دیموکراسیەى کەوا هەموو لایەک بە نیازین بۆ ئەوەى سەربکەوێ و جێگیر بێت، لەبەرژەوەندى سەقامگیرى ناوچەکەدایە ئەوە لەلایەک، لەلایەکى تر هەرێمى کوردستان تایبەتمەندى خۆى هەیە بۆ فەرەنسا، سۆزێکى زۆر هەیە لە فەرەنساوە بۆ هەرێمى کوردستان، لە چوارچێوەى عێراق دا دەیانەوێ هەرێمى کوردستان سەقامگیر و بەهێز بێت بۆ ئەوەى بتوانێ ڕۆڵێکى هاریکار بگێڕێت لە ناو عێراق دا، بۆیە ئەو گفتوگۆیانەى تاکو ئێستا ئەنجامدرا بوون بە مەبەستى ئەوە بوو کەوا چۆن بتوانین هەموو لایەک کاربکەین بۆ گەڕانەوەى سەقامگیرى، بۆ ئەوەى عێراق سوود لەو پشتیوانییە نێودەوڵەتییە وەربگرێ کە هەیە، پشتیوانى نێودەوڵەتى بۆ عێراق، ئەمەریکا و نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانى دراوسێ پشتیوانى عێراق دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا عێراق نەیتوانیوە سوود لەو پشتیوانیە وەربگرێ بۆ ئەوەى بە شێوازى کردارەکى هاوکار بێت لەبەرەوپێشبردنى دامەزراوەکانى وڵات و حکومڕانیى و کەرتى ئابوورى و کەرتەکانى تر.

ــ لەو پرۆسەیە کە دەستپێکردووە چە بەرەوپێشچوونێک هەیە لەلایەن لایەنە عێراقى و کوردستانییەکان؟

فەلاح مستەفا: لەدوا سەردانى جەنابى سەرۆکى هەرێم بۆ بەغدا لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و بەرپرسانى ترى عێراق، ئەو بابەتە باسکراوە، وە هەموو لایەک خەریکن کاردەکەن، بەڵام بەڕاستى ئەو رووداوانەى لە عێراق روودەدەن هەندێکجار بەرنامەکان دوادەخەن، ئەگەرنا بەرنامە هەیە و ئەو پرسە لەبیر نەکراوە و لەسەر ڕێڕەوى خۆى دەڕوات.

ــ دواین پرسیار لەسەر وڵاتانى دراوسێ دەبێت، تورکیا و ئێران، بارودۆخى تورکیا بەتایبەتى ئەو شەڕوپێکدانانەى کە هەیە لەناو خاکى هەرێمى کوردستان ڕوودەدات، هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر هێزەکانى پارتى کرێکارانى کوردستان، چە پلانێکتان هەیە بۆ ڕێگریکردن و کۆتاییهێنان بەم ئاگر و ئاشوبەى کە لە وڵاتەکەماندا هەیە و کاریگەرى لەسەر ژیانى خەڵى سڤیل و ئابوورى وڵاتەکە هەیە، هەروەها کاریگەرى لەسەر جوتیاران و دانیشتوان و تەنانەت لەسەر دیموگرافیاى ناوچەکەش هەیە، کە گوندى کریستانەکان و کوردەکان چۆڵ دەکرێن؟  

فەلاح مستەفا: خۆزگە هەموو لایەک ڕاستییەکانى ئەو بابەتەى دەزانى و دەیزانى کە ئەوە کێشەیەکى ناوخۆى تورکیا، پەڕیوەتەوە ئەودیو سنوور، بۆتە کێشەیەک بۆ هەرێمى کوردستان، وە باجەکەى خەڵکى هەرێمى کوردستان دەدات، ئێمە دوور لە موزایەدات و سۆزیى نەتەوەیى، ئێمە باسى هەرێمى کوردستانى عێراق دەکەین، هەرێمى کوردستان بەشێکە لە سەروەرى خاکى عێراق.

یەکەم، پێویستە عێراق زیاتر بێتەپێش بۆ ئەوەى داکۆکى لەو بابەتە بکات وە هەروەها لەگەڵ تورکیا و هەرێمى کوردستان بەیەکەوە هەوڵى چارەسەرکردنى ئەو بابەتە بدەن. ئێمە نامانەوێ هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەک و پێکدانانى سەربازیى ڕووبدات، بڕواى تەواومان وایە کە شەڕ کێشەکە چارەسەر ناکات، ئەمە پرسێکى سیاسییە پێویستى بە چارەسەرکردنى سیاسیى هەیە لە ناوخۆى تورکیا، بەڵام کەى کەشوهەوا لەبار بوو تاوەکو ئەم پرسە بە سیاسییانە چارەسەر بکرێ، بەڵام تا ئەوکاتە ئێمە هیوادارین کە خاکى هەرێمى کوردستان دژى هیچ وڵاتێکى دراوسێ بەکارنەهێندرێت، وە ڕێز لە سەروەرى هەرێمى کوردستان و خاکى هەرێمى کوردستان بگیرێت، ڕێز لە ڕێنمایى و ڕیساکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بگیرێت، چونکە ئێمە نە بەشێکین لەو شەڕە، وە نامانەوێ ئەو شەڕە بەردەوام بێ، بەردەوامبوونى لە زیانى هەرێمى کوردستان و خەڵک و گوندنیشینەکانى ئێمەیە، کە ماوەیەکى زۆرە نەماتوانیووە ئەو گوندانە ئاوەدان بکەینەوە بۆ ئەوەى خەڵکەکە بگەڕێتەوە، بۆیە واقیعبینانە سەیرى ئەو کێشەیە بکەین، نە دەستکردى ئێمە وە نە ئێمە لایەنێکین هیوادارین کەوا تورکیا، وە لایەنى کوردى ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، چونکە ئەو کێشەیە کێشەیەکى ناوخۆیى تورکیایە کێشەى هەرێمى کوردستان نییە، بەڵام ئێمە باجەکەى دەدەین، بەڵام پێویستە عێراقیش هەڵوێست و سیاسەتى روون بێت سەبارەت بەو پرسە بۆ ئەوەى بەغدا و هەولێر و ئەنقەرە بە یەکەوە ئەو پرسە چارەسەر بکەن تاوەکو بتوانین ئاشتى و سەقامیگرى بگەڕێنینەوە.

س: رووداو 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە