سعوودیە: ئێران هەوڵی درووستکردنی چەکی ئەتۆمی دەدات ئێران

نوچەنێت:

نوێنەری سعوودیە لە ئاژانسی نێودەولەتی وزەی ئەتۆمی، وێڕای تۆمەتبارکردنی ئێران بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، دەشڵێت، خولقاندنی کێشە و گرژی لە لایەن تارانەوە، لەگەڵ قسەکانی بەرپرسانی ئەو وڵاتە سەبارەت بەوەی کە چالاکییە ئەتۆمییەکانیان ئاشتیخوازانەن، دژن و یەک ناگرنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە هەشتی تەمووزی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "فارس" بڵاوی کردەوە، نووسینگەی نوێنەرایەتیی سعوودیە لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بڕیاری ئێران بۆ بەرهەمهێنانی یورانیۆمی کانزای ٢٠٪ پیتێندراو، گوتی، : "هەوڵی ئێران بۆ پیتاندنی یورانیۆمی ٢٠٪ی، جێگای نیگەرانییە. ئێمە سەبارەت بە ئامانجی راستەقینەی ئێران لەو هەنگاوەی تاران، نیگەرانین". 

لە راگەیێندراوەکەی سعوودیە، هاتووە: "روانگەی نەرێنی ئێران کاریگەری لەسەر هەر جۆرە گفتوگۆیەکی ئەتۆمی دادەنێت. خولقاندنی گرژی و پەرەپێدان بە ناکۆکییەکان لە لایەن ئێرانەوە، لەگەڵ قسەکانی بەرپرسانی ئەو وڵاتە سەبارەت بەوەی کە چالاکییە ئەتۆمییەکانیان ئاشتیخوازانەن، لێکدژن و یەک ناگرنەوە". 

سعوودیە، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، رایگەیاند: " ئێران خەریکە لە رووی ئەتۆمییەوە دەگاتە خاڵێک کە ئیتر گەڕانەوەی بۆ نییە". 

نوێنەرایەتی ریاز لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، لە درێژەی راگەیێندراوەکەیدا، گوتوویەتی: "ئامانجەکانی ئێران، دەرخەری ئەوەن کە ئەو وڵاتە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدات. پەرەپێدان بە گرژی و ناکۆکییەکان لە لایەن ئێرانەوە، رێگری لە هەر جۆرە گفتوگۆیەک دەکات و گومانی لای هەموو جیهانیان دروستکردووە". 

رۆژی سێشەممە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بە گێڕانەوە لە ئاژانسی وزەی ئەتۆمی، لە راپۆرتێکدا، رایگەیاندبوو، ئێران دەیەوێت یورانیۆمی کانزای ٢٠٪ پیتێندراو، بەرهەم بهێنێت. 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایش، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی لەو بڕیارەی ئێران، جەختی کردەوە، هێشتا دەلاقەی دیپلۆماسی بۆ گەڕانەوەی تاران و واشنتن بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی کراوەیە.  

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین