ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا لە بڕیارێکی ئێران نیگەرانن ئێران

نوچه‌نێت

ئەڵمانیا، فەرەنسا و به‌ریتانیا نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە، سەبارەت بە بڕیاری ئێران بۆ بەرهەمهێنانی کانزای یۆرانیۆم کە بە رێژەی ٢٠٪ پیتێندراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە حه‌وتی تەمووزی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردووەتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایش هۆشداری بە ئێران داوە کە ئەو بڕیارەی دەتوانێت زیان بە گفتوگۆکانی ڤیێنا بگەیێنێت کە بە مەبەستی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لە ئارادان.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، دوێنێ سێشەممە، بە بڵاوکردنەوەی راپۆرتێک رایگەیاند، ئێران دەیەوێت کانزای یۆرانیۆمی پیتێندراو بە رێژەی ٢٠٪ بەرهەم بێنێت، بۆ ئەوەی لە ریاکتۆری تاران لێ وەربگرێت.

کازم غەریب ئابادی، نوێنەری ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی گوتی، "ئێران نۆ رۆژ پێشتر، ئەو رێکخراوەی لە بڕیارەکەی خۆی ئاگادار کردبووەوە و دوای ئەوە، خێرا بە کردەوە دەستی کرد بە بەرهەمهێنانی رووپەڕێکی سووتەمەنی سیلیسیاد بە کەڵکوەرگرتن لە یۆرانیۆمی پیتێندراوی ٢٠٪ی، بۆ ئەوەی لە ریاکتۆری تاران کەڵکی لێ وەربگرێت".

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو راپۆرتە، سێ وڵاتی ئەوروپیی و ئەمریکا رایانگەیاند، ئەو چالاکییە ئەتۆمییە نوێیە  لە چوارچێوەی پێشێلکردنی رێککەوتننامەی ئەتۆمی دادەنرێت. 
ئەڵمانیا، فەرەنسا و بریتانیا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا کە لە لایەن وەزیری دەرەوەی بەریتانیاوە بڵاو بووەوە، رایانگەیاند، "ئێران پێویستی بە لێکۆڵینەوە و پەرەپێدان و هەروەها بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی کانزا بۆ چالاکی ئەتۆمی نییە".

ئەو وڵاتانە، لە راگەیێندراوەکەی خۆیاندا، ئەو بڕیارەی ئێرانیان بە "هەنگاوێکی سەرەکی بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی" ناو بردووە. سێ وڵاتی ئەوروپی هەروەها لە راگەیێندراوەکەی خۆیاندا داوایان لە ئێران کردووە، "دەستبەجێ هەموو ئەو چالاکیانە کە رێککەوتنی ئەتۆمی پێشێل دەکەن، راوەستێنێت و بگەڕێتەوە بۆ گفتوگۆکانی ڤیێنا".

نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایش گوتی: "ئەوەی کە ئێران بڕیاری داوە درێژە بە پێشێلکردنی مەرجەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی بدات، جێگای نیگەرانییە".

پرایس، رایگەیاند چالاکییە نوێکەی ئێران لە ئاراستەی لێکۆڵینەوە بە مەبەستی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی، پرسێکی گرنگە.

ئێران و ئەمریکا لە مانگی نیسانەوە، بە نێوەندگیری گرووپی ١+٤ (کە ئەو سێ وڵاتە ئەوروپیش لەخۆ دەگرێت)، سەرقاڵی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ بە مەبەستی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمین. تا ئێستا شەش خولی ئەو گفتوگۆیانە لە ڤیێنا بەڕێوە چوون، بەڵام هێشتا رێککەوتنێک ئەنجام نەدراوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین