مانگرتنی کرێکاران لە ئێران بەردەوامە ئێران

نوچەنێت:

مانگرتنی بەرفراوان لە سێکتەری نەوت و پترۆکیمیایى لە ئێران هێشتا بەردەوامە و لە چەند شوێنێک کرێکارانی مانگرتوو کۆبوونەتەوە و رێپێوانیان کردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە هەشتی تەمووزی ٢٠٢١، ماڵپەڕی "ئەخبار روز" ڕایگەیاند، بەگوێرەی راپۆرتی یەکێتی ئازادی کرێکاران لە ئێران، لە ئێستادا ٩٦ دامەزراوەی کرێکاریی لە سێکتەرەکانی نەوت و پترۆکیمیایى مانیان گرتووە. 

مانگرتنەکان سەرەتا بە مانگرتنی کرێکارانی سێکتەری پیشەسازی نەوت، گاز و پترۆکیمیایى دەستیان پێکرد و دوای مانگرتنی کرێکارانی باشووری ئەو وڵاتە لە رۆژی هەینی ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١، زیاتر پەرەیان سەند.

بەگوێرەی راپۆرتەکان، دواتر کۆمەڵێک کرێکار و چالاکوان لە پارێزگای سنە، لە رۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوانی خۆیان لە مانگرتنی کرێکارانی کەرتی وزەی ئێران ده‌ربڕى.

دوای نزیکەی ١٠ رۆژ و بە پەرەسەندنی زیاتری مانگرتنەکانی کرێکارانی سێکتەری نەوت و گازی ئێران، حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، رۆژی ٣٠ی حوزەیران، گوتی، حکومەت هەوڵ دەدات کێشەی ئەو کرێکارانە، چارەسەر بکات.

بەڵام تا ئێستا، هیچ هەواڵ و راپۆرتێک سەبارەت بە قەبووڵکردنی داواکارییەکانی کرێکاران و چارەسەرکردنی کێشەکانیان بڵاو نەکراوەتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین