کرێکارانی رۆژهەڵاتی کوردستان پاڵپشتی مانگرتن دەکەن ئێران

نوچه‌نێت

کۆمەڵێک کرێکار و چالاکوان لە پارێزگای سنە، لە رۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوانی خۆیان لە مانگرتنی کرێکارانی کەرتی وزەی ئێران ده‌ربڕى.

مانگرتنەکانی کرێکاران لە ئێران کە بە سەرەتا بە مانگرتنی کرێکارانی سێکتەری پیشەسازی نەوت، گاز و پترۆکیمیا دەستیان پێکردبوو، هێشتا بەردەوامە. تا ئێستا کرێکارانی چەندین کۆمپانیا، پاڵاوگە و وێستگەی وزە لە پارێزگا جیا جیاکانی ئێران بەشداری ئەو مانگرتنەیان کردووە.

بەگوێرەی راپۆرتەکان، ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارە مانگرتووەکان، شوێنی کارەکەیان بەجێهێشتووە و گەڕاونه‌تەوە بۆ شارەکانی خۆیان. ئەو کرێکارانە داوای زیادکردنی مووچەی مانگانە و زیادکردنی رۆژانی پشوو دەکەن.  بە گوتەی ئەنجومەنی رێکخستنی خۆپیشاندانەکان، کرێکاران چەندین داواکاریی تریان هەیە،  لەوانە پێدانی مووچە بە بێ دواکەوتن، کەمکردنەوەی دەسەڵاتی بەڵێندەران لە سێکتری پیشەسازیی نەوت و رێگریکردن لە دەرکردنی کرێکاران لە لایەن بەڵێندەرانەوە.

ژمارەیەکی بەرچاو لە رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، و لەوانە فیدراسیۆنێکی کرێکاران کە نوێنەرایەتی دەیان ملیۆن کرێکار لە سێکتەرەکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل، پۆڵا، نەوت و پترۆکیمیا و چنین دەکات، پاڵپشتی خۆیان لە کرێکارانی مانگرتووی ئێران دەربڕیوە.

رۆژی دووشەممە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ماڵپەڕی "ئەخبار روز" راگەیێندراوێکی کرێکارانی رۆژهەڵاتی کوردستانی بڵاو کردووەتەوە کە پشتیوانی خۆیان بۆ کرێکارانی مانگرتوو دەردەبڕن.

زیاتر لە سەد کرێکار و چالاکی کرێکاری لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەو راگەیێندراوەیان ئیمزا کردووە، وێرای دەربڕینی پاڵپشتی خۆیان لە مانگرتنی کرێکارانی ئێران و هەوڵدان بۆ دابینکردنی خواستەکانیان، جەختیان لەسەر چارەنووسی هاوبەشی چینی کرێکار لە ئێران کردووەتەوە.

ئەو کەسانەی ناویان لەو راگەیێندراوەدا هاتووە، گوتوویانە، خۆشبژێوی، ئاسایشی شوێنی کار، مافی خۆپیشاندان و مانگرتن لە شوێنی کار لە مافە سەرەتاییەکانی کرێکارانن، بۆیە بە تووندی سەرکۆنەی دەرکردنی زیاتر لە ٧٠٠ کرێکاری پاڵاوگەی تاران دەکەین.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین