رووسیا به‌ كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا پێشبینی شێوانی دۆخی ئەفغانستان دەکات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رووسیا پێشبینی دەکات لە سەروبەندی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، دۆخی ئەو وڵاتە بە خێرایی روو لە شێوان بکات، ئامادەییش دەردەبڕێت بۆ هاریکاریی تاجیکستان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی ئەفغانستان.

سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى رووسیا، بە ئیمام عەلی رەحمانۆڤ-ی سەرۆکی تاجیکستانى وت، کە مۆسکۆ ئامادەی هاریکاریی تاجیکستانە لەبارەی لێکەوتەکانی رووداوی وەرگرتنی ئەو هێزە سەربازییانەی ئەفغانستان کە بەرەو تاجیکستان هەڵاتوون.

لاڤرۆڤ وتی، "ئێمە لە نزیکەوە تەماشای ئەوە دەکەین کە لە ئەفغانستان رووده‌دات کە مەیلە وئەوەیە بە خێرایی بشێوێت، بە تایبەت لە سەروبەندی کشانەوەی دەمودەستی هێزەکانی ناتۆ و ئەمریکا لە ئەفغانستان".

لاڤرۆڤ وتیشی کە ناتۆ و ئەمریکا دوای چەندان ساڵان مانەوە لە ئەفغانستان نەیانتوانیوە ئەنجامی بەرجەستە دەستبخەن لەرووی سەقامگیرکردنی دۆخی ئەو وڵاتەوە.

رۆیتەرز لە زاری لاڤرۆڤەوە گواستوویەتییەوە کە وتوویەتی رووسیا ئامادەیە، "هەموو شتێک بکات بۆ ئەو دۆخەی ئەفغانستان، بەوەشەوە بە تواناکانی بنکەی سەربازیی رووسیا لەسەر سنووری تاجیکستان- ئەفغانستان بەکاربهێنێت بۆ رێگریی لە هەر هێرشێک کە بکرێتە سەر تاجیکستانی هاوپەیمان".

ئیمام عەلی رەحمانۆڤ رایگەیاندووە کە تاجیکستان ٢٠ هەزار سەربازی جووڵە پێکردووە بۆ پاراستنى سنووری وڵاتەکەی لەگەڵ ئەفغانستان، دوای هەواڵی هەڵاتنی هەزار سەربازی ئەفغانی بەرەو تاجیکستان لە سەروبەندی پێشڕەوییەکانی هێزەکانی تاڵیباندا لەناو خاکی ئەفغانستان.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین