ئەمریکا: نامانەوێت لەگەڵ میلیشیاکانی سەر بە ئێران شەڕ بکەین ئێران

نوچەنێت:

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بەرامبەر گرووپ و میلیشیاکانی سەر بە ئێران رایگەیاند، کارتان بەسەرمانەوە نەبێت با ئێمەش کارمان بەسەرتانەوە نەبێت.

ئەمڕۆ شەممە ١٠ی تەمووزی ٢٠٢١، تۆڕی میدیایی "ئەلعەرەبیە" بڵاوی کردەوە، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دوێنی هەینی، بەو کەناڵەی گوتووە، سەرەڕای هێرشەکانی ئەم دواییانەی ئەمریکا بۆ سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە خاڵە سنوورییەکانی سووریا و عێراق، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نایەوێت لەگەڵیان شەڕ بکات. 

جودی هود، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "من لەوە تێدەگەم هەندێ لەو میلیشیایانە، بە تەواوەتی دژی بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکا لەگەڵ داعش لە عێراقدان، بەڵام ئێمە داوایان لێ ئەکەین کاریان پێمانەوە نەبێت با ئێمەش کارمان بەوانەوە نەبێت، بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ دوژمنە هاوبەشەکەمان، واتە داعش، شەڕ بکەین". 

هود، سەبارەت بە سوپای لوبنانیش گوتی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرقاڵی هاوئاهەنگییە لەگەڵ هاوپەیمانان، و لەوانە سعوودیە و فەرەنسا بۆ ئەوەی یارمەتییان بدات. هود راشیگەیاند، سوپای لوبنان ناوەندی سەرەکی جێگیرکردنی سەقامگیری ئەو وڵاتەیە و دەشڵێت: "پێویستە دڵنیا ببینەوە سوپا، بەلایەنى کەم ئەو پێداویستیانەی هەیە کە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی پێویستییەتی". 

هود لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە "ئایا واشنتن هێشتا هەوڵی رووخاندنی بەشار ئەسەد لە سووریا دەدات؟"، گوتی، ویلایەتە یەکگرتووەکان "هەوڵی گۆڕینی ڕێژیمی دیمەشق نادات". 

ناشیشارێتەوە: "ئەوەی ئێمە بۆ سووریا دەمانەوێت، پرۆسەیەکی سیاسییە لەژێر چاودێری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، بۆ ئەوەی حکوومەتێک لە سووریا دەسەڵات بە دەستەوە بگرێت کە بە تەواوەتی نوێنەری گەلەکەی بێ و پارێزگاری لێ بکات، ئەشکەنجەیان نەدات، بە هۆی روانگە سیاسییەکانیان نەیانخاتە زیندان،  یارمەتییان بدات،  بە گازی کیمیاوی دەرمانخوادیان نەکات و بۆمب نەڕێژی بەسەریاندا.  رژێمی ئەسەد هەموو ئەو کارانەی ئەنجام داوە". 

هود لە کۆتاییدا، دانی بەوەدانا ئێستا زەمینەی جێبەجێکردنی پرۆسە پێشنیازکراوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبار نییە، چونکە "لە ئێستادا بەشار ئەسەد گوێی پێنادات". 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین