هۆشیار زێبارى: لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مان ده‌سه‌ڵاتى یاریكردنى به‌ بودجه‌ نییه‌ کوردستانی

نوچه‌نێت

هۆشیار زێبارى وه‌زیرى پێشووترى دارایى عێراق روونكردنه‌وه‌ى داوه‌ و ده‌ڵێ، ئه‌وه‌ى ئێستا لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مان ده‌یكات یاریكردنه‌ و له‌ ده‌ستووردا ئه‌و مافه‌ به‌ لیژنه‌ى دارایى نه‌دراوه‌.

هۆشیار زێبارى له‌ لاپه‌ڕه‌ى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك په‌یامێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و سه‌ره‌تا به‌گوێره‌ى ده‌ستوور ئه‌ركى لیژنه‌ى دارایى و په‌رله‌مان دیار ده‌كات و ده‌ڵێ، "ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران پرۆژه‌ یاساى بودجه‌ى گشتى و حیسابى كۆتایى دیار ده‌كات و به‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى ده‌دات بۆئه‌وه‌ى په‌سندى بكات. دووه‌م، ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران بۆی هه‌یه‌ به‌شه‌كانى خه‌رجكردن له‌ناو بودجه‌كه‌ بگوازێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆى داهاته‌كه‌ى، له‌ كاتی پێویستیش ده‌توانێ پێشنیار بۆ ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران بكات تا كۆى خه‌رجییه‌كان زیاد بكات".

هۆشیار زێبارى دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ ئه‌مه‌ له‌ ماده‌ى 62ى ده‌ستوورى عێراق به‌ رۆشنى هاتووه‌ و دواتر ده‌ڵێ، "ئه‌مه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتى په‌رله‌مان و لیژنه‌ى دارایى، به‌گوێره‌ى ده‌ستوور هه‌رگیز بۆى نییه‌ یارى و گۆڕانكاریى به‌ بودجه‌ بكات".

دواى ئه‌م روونكردنه‌وه‌یه‌ هۆشیار زێبارى سه‌رنجى خۆى له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق ده‌خاته‌ڕوو و ده‌ڵێ، "ئه‌وه‌ى ئێستا رووده‌دات بازدانه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى جیاكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كان و كه‌ بنه‌ما‌یه‌كى دیموكراسییه‌، قووڵبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان له‌ ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن و داده‌وه‌رى كارێكى ناشیاوه‌ و له‌ زۆربه‌ى وڵاتان ده‌ستوورى و دیموكراسى نییه‌".

له‌ كۆتایى روونكردنه‌وه‌كه‌ى هۆشیار زێبارى وه‌زیرى دارایى پێشووترى عێراق ده‌ڵێ، "بۆ په‌رله‌مانتاران نییه‌ به‌گوێره‌ى ئاره‌زووى سیاسى و تایفه‌گه‌رییان یارى به‌ بودجه‌ بكه‌ن.. واز له‌وه‌ بهێنن له‌سه‌ر ژێى تایفه‌گه‌رى و ره‌گه‌زپه‌رستى بێزراو یارى بكه‌ن".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین