بۆچی تورکیا لەسەر سنوورەکانی خۆی لەگەڵ ئێران و سووریا دیواری دروست کردووە؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

تورکیا لەسەر سنوورەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی ئێران و سووریا، بە درێژایی سەدان کیلۆمەتر، چەندین دیواری نوێی ئەمنیی دروستکردووە و پێدەچێت بەم زووانە کاروباری دروستکردنیان تەواو بێت. هەر بەو جۆرە، هەوڵەکانی یۆنانیش بۆ دروستکردنی چەندین دیواری ئەمنیی، بە کەڵکوەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو، لەسەر سنوورەکانی خۆی لەگەڵ تورکیا بەم زووانە بە ئەنجام دەگەن.

ئەمڕۆ شەممە ١٧ی تەمووزی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" راپۆرتێکی لەو بارەوە بڵاو کردووەتەوە و ئاماژە دەکات کە دروستکردنی ئەو دیوارانە دەرخەری هەڵوێستی تووندتری تورکیا و یۆنانە، ئەویش لە کاتێکدا کە لە چەند ساڵی رابردوودا، چەندین ملیۆن کەس هەوڵیان داوە بە تێپەڕاندنی ئەو سنوورانە، بەرەو ئەوروپا کۆچ بکەن. 

بەڵام ئەو هەوڵەی تورکیا، هاوکات لەگەڵ ئۆپەراسیونە سەربازییەکەی لە دژی شه‌ڕڤانە کوردەکان لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی، دەرخەری ئەوەیە، ئەو وڵاتە روانگەیەکی شەڕخوازانەی لە ناوچەکە گرتووەتە بەر و بەو پێیە، یەکەمایەتی بە پرسی ئاسایش دەدات. 

 

دیوارەکانی سەر سنوورەکانی سووریا و ئێران

سلێمان سویلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا، مانگی تەشرینی دووەمی ٢٠٢٠، رایگەیاند، کاری دروستکردنی دیواری ئەمنیی کە بەشێکی زۆر لە سنووری ٩١١ کیلۆمەتری ئەو وڵاتە لەگەڵ سووریا لە خۆ دەگرێت، تەواو بووە.  

بەگوێرەی راپۆرتەکان، دروستکردنی ئەو دیوارە لەسەر سنوور، لە مانگی شوباتی ٢٠١٦وە دەستی پێکرد. بە گوتەی بەرپرسان، مەبەست لە دروستکردنی ئەو دیوارە، بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایش، بەرەنگاربوونەوەی قاچاخ و کەمبوونەوەی رێژەی کۆچەبەری نایاسایی بووە. ئەنقەرە، دوای چەندین ساڵ چوونەناوەوەی نایاسایی پەنابەرانی سووری بۆ ناو خاکی ئەو وڵاتە، بە هۆی شەڕی ناوخۆیی سووریا، بڕیاری دروستکردنی ئەو دیوارەی دەرکرد. 

بەگوێرەی رۆژنامەی "سەباح" کە لایەنگری حکوومەتە، بۆ دروستکردنی ئەو دیوارە، لە بلۆکی چیمەنتۆیی بە پانایی دوو مەتر و بەرزی سێ مەتر کەڵک وەرگیراوە و لەسەریشی تێلی دڕکاوی دانراوە. بەگوێرەی راپۆرتەکان، بەدرێژایی ئەو دیوارە، چەندین تاوه‌رى چاودێریش هەن کە لە مەودای ٣٠٠ مەتری لە یەکتری دروستکراون.

بە پێی راپۆرتی هەواڵنێری حکوومی "ئەنادۆلی"، بۆ دروستکردنی ئەو دیوارە لە "سیستەمە چاودێرییەکانی رێگای نزیک، کامێرا گەرمایییەکان، رادارەکانی چاودێری زەوینی، سیستەمەکانی کۆنتڕۆڵکردن لە رێگای دوورەوە، ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ، سیستەمەکانی هەڵگرتنەوەی وێنە و ڤیدیۆ و سیستەمی ئاگادارکردنەوەی جووڵەیی و دەنگی" کەڵک وەرگیراوە. 

بەگوێرەی راپۆرتەکان دیواری سەر سنوورەکانی تورکیا و سووریا، بە درێژایی ٨٣٢ کیلۆمەتر، دوای دیواری گەورەی چین و دیواری سەر سنووری ئەمریکا و مەکسیک، سێیەمین دیواری درێژی جیهان بە هەژمار دێت. 

جگە لەوە، دروستکردنی دیواری سەرسنوور لەگەڵ ئێرانیش بەم زووانە تەوا دەبێت ؛ واتە ئەو دیوارەی کە زیاتر لە ٢٠٠ کیلۆمەتر لە سنوورە هاوبەشە ٥٦٠ کیلۆمەترییەکەی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە خۆ دەگرێت. بەگوێرەی راپۆرتەکان، دروستکردنی ئەو دیوارە، لە ساڵی ٢٠١٧وە دەستی پێکردووە. 

بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، مەبەست لە دروستکردنی ئەو دیوارە، بەرەنگاربوونەوەی قاچاخکردنی کاڵا و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆچبەریی نایاسایی و هەروەها رێگریکردن لە جووڵەی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ. ک. ک)یە لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا. 

هاوکات، راپۆرتەکان باسیان لە بەرزبوونەوەی ئاستی چاودێریی تورکیا لەسەر سنوورەکانی خۆی لەگەڵ عێراق لە چیاکان و جێگیرکردنی هێز لەو ناوچانەدا لە میانەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی خۆی لە باکووری ئەو وڵاتەدا کردووە.

 

دیواره‌كه‌ى توركیا دواى دیوارى چین و ئه‌مریكا به‌ درێژترین داده‌نرێت

 

بۆچی ئێستا؟

لە ساڵانی سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆیی سووریا، تورکیا سیاسەتی سنوورە کراوەکانی گرتە بەر و رێگای دا ملیۆنان هاووڵاتی سووریی دوای تێپەڕین لە سنوورەکانەوە، بچنە ناو خاکی ئەو وڵاتە. 

بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆیی سووریا تا ئێستا، زیاتر لە ٣ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار هاووڵاتی سووریا، پەنایان بردووەتە تورکیا و ئەو وڵاتە، زیاترین رێژەی پەنابەرانی لەخۆ گرتووە. 

سەرەڕای ئەوە، راپرسییەکان دەرخەری پەرەسەندنی ناڕەزایی گشتیی سەبارەت بە کۆچبەرە سوورییەکانن و لەم ساڵانەی دواییدایشدا ئەنقەرە، سەبارەت بە شەپۆلە نوێکانی پەناخوازان، سیاسەتێکی تووندی گرتووەتە بەر. 

بە پێی ئامار و داتا فەرمییەکان، بە هۆی گرتنەبەری ئەو روانگەیە، ژمارەی ئەو کۆچبەرە سووریانە کە لەژێر چاودێری تورکیادان، لە ساڵی ٢٠١٧وە بەرز نەبووەتەوە. 

تورکیا تەنانەت لە میانەی هەڵمەتە سەربازییە مەرگهێنەرەکەی سووریا و رووسیا لە ئيدلب، لە ساڵی ٢٠٢٠یشدا، سنوورەکانی خۆی نەکردنەوە و رێگای نەدا ئەو هەزاران ئاوارە سوورییە کە دوای بۆردومانە قوورسەکان، ناچاربوون زێدی خۆیان بەجێبهێڵن، سنوورەکانی تورکیا تێپەڕنن. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماریی تورکیا، گوتی، ئەنقەرە ئیتر ئامادە نییە بە تەنیایی باری شەپۆلی نوێی کۆچبەران لە ئەستۆ بگرێت، بەڵام دەستیان کردووە بە کردنەوەی ماڵ و خانووی کەرپووچیی بۆ ئاوارەکانی ئيدلب. 

ئەو گرووپانەی لە بواری مافەکانی مرۆڤ چالاکی دەکەن، هێزەکانی تورکیایان بە گەڕاندنەوە و کوشتنی پەناخوازانی سووریی، تۆمەتبار کردووە. بەگوێرەی راپۆرتێکی روانگەی مافەکانی مرۆڤی سووریا کە لە مانگی ئاداری ئەمساڵ بڵاو بووەوە، لە ساڵی ٢٠١١وە تا ئێستا ٤٦٥ هاووڵاتی سێڤیلی سووریا، بە فیشەکی هێزەکانی پۆلیسی تورکیا لەسەر سنوورەکان، کوژراون. 

پەرەسەندنی شەپۆلی ئاوارەکان لە ئاسیای ناوەڕاستیشەوە، یەکێکی ترە لە هۆکارەکانی تورکیا بۆ دروستکردنی دیواری ئەمنیی لەسەر سنوورەکانی خۆی لەگەڵ ئێران. پەنابەرە ئەفغانییەکان کە بە هۆی ناسەقامگیری و نائەمنیی لە وڵاتەکەیان هەڵهاتوون، هەوڵ دەدەن لە رێگای ئێرانەوە بچنە ناو خاکی تورکیا. 

مەتین کوراباتیر، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی پەنابەریی و کۆچبەریی لە ئەنقەرە، گوتوویەتی: "ئەو سنوورە، ساڵانێکی زۆر بۆ پەنابەران و کۆچبەرانی نایاسایی، تاقە رێگای چوونەناوەوەی تورکیا بووە". 

تۆڕی میدیایی TRT، کە سەر بە حکوومەتە، لە مانگی شوباتدا، باسی رەزامەندی بەرپرسانی تورکیا لە دیوارەکانی سەر سنوورەکانی ئێرانی کرد و بە گێڕانەوە لەو بەرپرسانە گوتی، ئەو دیوارانە "بە شێوەیەکی بەرچاو" کاریگەرییان هەبووە لە "کەمبوونەوەی" رێژەی تێپەڕینی کۆچبەرە نایاساییەکان و قاچاخی کاڵا. 

 

هەڵوێستێک لە دژی کورد؟

هەندێ لە کوردەکان لەو بڕوایەدان، درستکردنی دیوارە ئەمنییەکان، بەشێکە لە هەوڵی تورکیا بۆ تێکدانی یەکڕیزی کوردەکانی چوارپارچە و جیاکردنەوەی زیاتری ئەو چوار کۆمەڵگە. 

ناوچە کوردییەکانی تورکیا، سووریا، ئێران و عێراق هاوسنوورن و هەندێ لە چالاکوانانی کورد، لە مێژەوە یەکخستنەوەی ئەو چوار بەشە، لە رێگای سڕینەوەی ئەو سنوورانەی کە دوای شەڕی یەکەمی جیهانیی، لە نێوانیاندا دانران، وەک ئامانجی سەرەکی خۆیان پێناسە کردووە. 

ناوەندیی زانیاریی رۆژئاوا، لە شاری قامیشلو، کە میدیایەکی ئینگلیزی زمانی لایەنگری کوردەکانە، لە ساڵی ٢٠١٩دا هۆشداری دا، دیوارەکەی تورکیا لەسەر سنوور، دەبێتە هۆی لێکجابوونەوەی زیاتری کۆمەڵگەی کوردی. 

رەمەزان ئاراس، مامۆستای کۆمەڵناسی زانکۆی ئیبن خەلدوون لە ئیستانبوڵ، لە کتێبەکەی خۆیدا لەژێر ناوی "دیوار: کردنەوە و كاوڵكردنى سنووری تورکیا- سووریا"، دیوارەکەی تورکیا لەسەر سنووری سووریا بە بینایەک وەسف دەکات کە زیان بە دانیشتوانی خۆجێیی دەگەیێنێت. 

رەمەزان ئاراس، دەنووسێت: "دیوارە ئەمنییەکانی تورکیا.. بە لێکجیاکردنەوەی تۆڕەکان و پەیوەندییە کولتووریی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان کۆمەڵگەی کوردی لەم بەر و لەوبەری دیوارەکانەوە، وەک لەمپەڕ و ئاستەنگێک کار دەکات". 

تورکیا لەم ساڵانەی دواییدا، هەڵمەتە سەربازییەکانی لە دژی هێزە کوردەکانی سووریا خستووەتە رێ و چەندین جار بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی (پ.ک.ک)ی لە هەرێمی کوردستان، کردووەتە ئامانج. 

رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٧، وێڕای دەربڕینی رەزامەندی خۆی لە دیوارە نوێیەکانی سەرسنوورەکان، وەک کلیلی ئۆپراسیونە "دژە تیرۆریستییەکان" وەسفی کردن. 

ئەردۆغان گوتی: "ئێمە سەرقاڵی دروستکردنی چەندین دیواری زۆر پتەوین... بۆ ئەوەی رێگە لە هاتوچۆی تیرۆریستەکان و گواستنەوەی چەک بگرین... ئەگەر پێویست بێت لەسەر سنوورەکانی خۆمان لەگەڵ عێراق و ئێرانیش کارێکی هاوشێوە ئەنجام دەدەین". 

ئەمبات موئلۆ، لێکۆڵەری بواری ئاسایش، بە رۆژنامەی ینی ئاکیت، یەکێک لەو رۆژنامانەی بە تووندی لایەنگری حکومەت دەکات، گوتوویەتی: "ئەو دیوارانە... بە تەواوەتی رێگری دەکات لە دزەکردنی هێزەکانی پ.ک.ک (...) و قاچاخی کاڵا و کۆچبەری نایاسایی". 

بۆ په‌رته‌وازكردنى كورد توركیا درێژترین دیوارى دروست كردووه‌

 

دیوارە سنوورییەکەی یۆنان

بەڵام پێدەچێت یۆنانیش کە دراوسێی تورکیایە، سیاسەتێکی هاوشێوەی گرتووەتە بەر و بە مەبەستی رێگریکردن لە چوونەناوەوەی کۆچبەرە نایاساییەکان، پلانی داڕشتنی دیواری ئەمنیی بە کەڵکوەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای پێشکەوتووی بەدرێژایی سنووری زەوینی ٢٠٠ کیلۆمەتری لەگەڵ تورکیا، جێبەجێ کردووە، واتە ئەو پرۆژەیەی کە لەم دواییانەدا تەواوی کردووە. 

بەگوێرەی راپۆرتەکان، ئەو دیوارە پێشکەوتووەی سەرسنوور، بە کامێرا دوورمەوداکان، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، سیستەمی چاودێریکردنی شەوانە، تۆپە دەنگییەکان کە فرێکانسیان لە سەرەوەیە و سیستەمی ئاگادارکردنەوە کە بە ژیری دەستکرد کۆنتڕۆڵ دەبن، تەیار کراوە. 

یۆنان دوای چەندین ساڵ چوونەناوەوەی نایاسایی کۆچەران لە سنووری تورکیاوە، بڕیاری درووستکردنی ئەو دیوارەی دا. ئەنقەرە، لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، سنوورەکانی خۆی بۆ تێپەڕینی ئەو کۆچبەرانەی لە رێگای تورکیاوە بەرەوە یۆنان دەچوون، کردەوە، بەڵام ئه‌سینا سنوورەکانی تا رادەیەکی زۆر، بە داخروای هێشتنەوە. 

گرووپەکانی بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ، هێزەکانی سەرسنووری یۆنانیان بە گەڕاندنەوە و بەکارهێنانی توندوتیژی لە بەرامبەر کۆچبەراندا، تۆمەتبار کردووە. ئەو گرووپانە دەڵێن، پۆلیسی سەرسنووری یۆنان، تەقە لە کۆچەران دەکات، دەیانکوژێت یان لە دەریاکاندا بەجێیان دەهێڵێت بۆ ئەوەی نوقم بن. 

بەڵام میدیاکانی سەر بە هێزە کۆنەپارێز و ناسیونالیستەکانی یۆنان، ستایشی ئەو دیوارەی سەر سنوورەکان دەکەن، لەوانە رۆژنامەی پروتۆتما کە نووسیویەتی، ئەو دیوارە، قەڵایەکە کە هیچ کەس ناتوانێ تێیپەڕێنێت. 

بەڵام جگە لەوە، لە میدیاکانی تورکیاشدا، باس لە دیوارەکەی یۆنان کراوە. تۆڕی میدیایی TRT، وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە بودجەی بەشێک لە تەکنۆلۆژیای بەکارهێنراو لەو دیوارەدا، لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە دابینکراوە، وەک "دیواری شەرموشوورەیی" ناوی لێ هێناوە. 

مەیلی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بۆ رێگریکردن لە شەپۆلی کۆچەران، بووە هۆی ئەوەی، لەم ساڵانەی دواییدا، بودجە و دەسەڵاتی زیاتر رادەستی ئاژانسی هاوکاریی سنووریی نێوان وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا (فرانتکس) بکرێت. 

جگە لەوە، بڕۆکسل لە مانگی ئاداری ٢٠١٦دا، رێککەوتننامەیەکی لەگەڵ تورکیا واژۆ کرد کە هەرایەکی زۆری نایەوە و بەو پێیە، تورکیا بەڵێنی دا لە بەرامبەر یارمەتی دارایی یەکێتی ئەوروپادا، رێگری لە رۆیشتنی پەناخوازان بەرەو ئەوروپا بکات. 

کوراباتیر، بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی پەنابەریی و کۆچبەریی لە ئانکارا دەڵێت، تورکیا بەشێک لەو یارمەتییە داراییەی بۆ درووستکردنی دیوارەکانی سەر سنوورەکان خەرج کردووە. 

 

شەپۆلی نوێی کۆچبەران

تورکیا لە کاتێکدا بۆ درووستکردنی ئەو دیوارانە لەسەر سنوورەکان هەوڵ دەدات، کە هاوکات لەگەڵ چوونەدەرەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە ئەفغانستان و پێشڕەویکردنی تاڵیبان لەو وڵاتەدا، راپۆرتەکان باس لە تێپەڕینی رۆژانەی سەدان پەنابەری ئەفغان لە رێگای ئێرانەوە بەرەو سنوورەکانی تورکیا دەکەن. 

کوراباتیر دەڵێت، گۆڕانکارییەکانی ئەفغانستان دەتوانێت "پەرە بە هەوڵەکان بۆ تێپەڕینی زیاتر لە سنوورەکان" بدات. 

هاشتەگی "سنوورەکان دابخەن"، کە رۆژی ١٢ی تەمووز، دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکان دەربارەی هاتنی شەپۆلی کۆچبەرانی ئەفغان بەرەو تورکیا، بە شێوەیەکی بەرفراوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەوە، رەنگە دەرخەری پاڵپشتی گشتیی لە هەوڵەکانی حکوومەت بێت. 

بەڵام ئیسماعیل چاتاکلی، جێگری وەزیری ناوخۆی تورکیا، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پرۆژەی دروستکردنی دیواری ئەمنیی لەسەر سنوورەکانی ئێران، ئەو راپۆرتانەی رەت کردنەوە. 

چاتاکلی گوتی، تا ئەو کاتەی دیوارەکانی سەر سنوور بە تەواوەتی دروست دەکرێن، ئەنقەرە بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی کۆچبەریی نایاسایی، لە هەموو شێوازەکان، و لەوانە بەکارهێنانی هێزە تایبەتەکان، کەڵک وەردەگرێت. 

بەم چەشنە، هەڵوێستی توندی تورکیا سەبارەت بە پرسی ئاسایش و کۆچبەریی، رەنگە لە ساڵانی داهاتوویشدا بەردەوام بێت. 

 

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین