حكوومەتی هەرێم: ماوەی (11) ساڵە حكومەتی عێراق بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانی بڕیوە
نوچە نێت
ئەمڕۆ پێنجشەممە (12/حوزەیران/2025) ماڵپەڕی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاپۆرتی بەناونیشانی "پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.. مامەڵەكردن لەگەڵ ستەمێكی بەردەوامدا" بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، "حكومەتی هەرێم هەموو مانگێك بیانووەكانی بەغدای بڕیوە و كێشەكانی لیستی مووچەی چارەسەر كردووە، بۆ ئەمەش سیستەمی پەیرۆڵی دامەزراند و یاسای یەكگرتووی خانەنشینیی عێراق و سیستەمی بەبانكیكردنی مووچەی جێبەجێ كرد و لەسەر داوای حکومەتی فیدڕاڵ دامەزراندنی هەمیشەیی و گرێبەست ولەجێدانانی فەرمانبەرانی بە هەموو شێوەیەک ڕاگرت."
سەبارەت بە نەوتی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات، "عێراق جگە لەوەی مووچە و بودجە بۆ هەرێمی كوردستان نانێرێ، ئاستەنگیش لەبەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دروست دەكات، تاكوو نەتوانێت ئابوورییەكەی ببووژێنێتەوە و مووچە دابین بكات، لە كاتێكدا ماددهی 111 و 112ی دهستووری عێراق مافی وەبەرهێنانی وزە بۆ كوردستان دەستەبەر دەكات، هەرێم هەموو ئاسانكارییەكی بۆ مەرجەكانی عێراق و ڕێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیاكان كردووە و گرێبەستەكانی نێوان هەرێم و كۆمپانیاكان بەپێی بڕیاری دادگاكانی عێراق یاسایین. بەڵام حكومەتی عێراق ئاستەنگی نوێ لەبەردەم پرۆسەكە دروست دەكات، تاكوو هەرێم لەڕووی ئابوورییەوە لاواز بکات و توانای خۆبژێویی نەبێت وەک لە سەرەتای 2014ەوە ڕووی داوە."
دەقی ڕاپۆرتەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا:
لە چەند ساڵی ڕابردوودا، حكومەتی فیدراڵیی عێراق، لەسەر ئاستە سیاسی و ئابووری و داراییەكان، گەمارۆی خستووەتە سەر خەڵكی هەرێمی كوردستان و فشاری بەردەوامی بۆ بچووككردنەوە و لاوازكردنی هەرێمی كوردستان كردووە.
لەگەڵ ئەوەی پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان، فاكتەری ئارامی و گەشەی ناوچەكەیە و لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا ڕۆڵی لە گێڕانەوەی سەقامگیری و لەخۆگرتنی ئاوارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا بینیوە، بەڵام حكومەتی فیدراڵی لە جیاتی هاوبەشی و ڕێككەوتن، هەموو ئامرازێكی بۆ سزادانی هەرێم خستووەتە گەڕ.
بڕینی مووچە خەڵكی كوردستان
بۆ ماوەی 11 ساڵە حكومەتی فیدراڵی بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانی بڕیوە. لە بەرانبەردا هەموو مانگێك بیانووی جۆراوجۆری بۆ نەناردنی مووچە دروست كردووە. سەرباری ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاری داوە مووچەی خەڵكی كوردستان بێ دواکەوتن خەرج بکرێت و بە هیچ بابەتێكەوە نەبەسترێتەوە.
حكومەتی هەرێم هەموو مانگێك بیانووەكانی بەغدای بڕیوە و كێشەكانی لیستی مووچەی چارەسەر كردووە، بۆ ئەمەش سیستەمی پەیرۆڵی دامەزراند و یاسای یەكگرتووی خانەنشینیی عێراق و سیستەمی بەبانكیكردنی مووچەی جێبەجێ كرد و لەسەر داوای حکومەتی فیدڕاڵ دامەزراندنی هەمیشەیی و گرێبەست ولەجێدانانی فەرمانبەرانی بە هەموو شێوەیەک ڕاگرت. بەڵام حكومەتی فیدراڵی هەموو مانگێك مووچەی مووچەخۆرانی دوا خستووە و هیچ ساڵێكیش هەر 12 مووچەكەی بۆ هەرێم نەناردووە، ئەمە جگە لە پیادەنەكردنی دادپەروەری لە دامەزران و پلەبەرزكردنەوە بەراورد بە ناوچەكانی دیكەی عێراق.
لە دوابڕیاری ستەمكارانە و سزادانێكی نوێدا، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری دا مووچەی 8 مانگی ساڵی 2025 نەنێرێ لە كاتێكدا لە 13 ملیار دیناری پشكی هەرێم بۆ ساڵی 2025، تەنیا 4 ملیار دینار نێردراوە.
گەمارۆكانی بەغدا لە بواری بودجەدا
بەغدا لە ڕێگەی سكاڵای نێودەوڵەتییەوە لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٣ ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانی ڕاگرت، كە بە هۆیەوە عێراق و هەرێمی كوردستان 25 ملیار دۆلار زیانیان بەر كەوتووە.حکومەتی هەرێم لە 4ی نیسانی 2023 لەگەڵ عێراق ڕێکكەوتنی ئیمزا کرد کە نەوتی هەرێم لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرێت.هەرێم 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ كردووە، بەڵام عێراق هیچ تێچوویەكی ئەو بەرهەمهێنانەی خەرج نەكردووە.جگە لەوەی 50%ی داهاتی نانەوتیی ڕادەست كردووە، بەڵام بەغدا بۆ ماوەی 11 ساڵە بودجەی كوردستانی بڕیوە و بەوهۆیەوە پرۆژە و گەشەی شارەكانی وەستاندووە، سەرەڕای پەسندكردنی بودجە بۆ ساڵی 2023، 2024 و 2025.
ئەمە جگە لەوەی بەغدا هیچ قەرەبوویەكی خەڵكی كیمیابارانكراو و جینۆسایدكراو و ئەنفالكراوی كوردستانی نەكردووەتەوە، كە ماددەی 132ی دەستوور ئاماژەی پێداوە.
ڕێگری لە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم
عێراق جگە لەوەی مووچە و بودجە بۆ هەرێمی كوردستان نانێرێ، ئاستەنگیش لەبەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دروست دەكات، تاكوو نەتوانێت ئابوورییەكەی ببووژێنێتەوە و مووچە دابین بكات.
لە كاتێكدا ماددهی 111 و 112ی دهستووری عێراق مافی وەبەرهێنانی وزە بۆ كوردستان دەستەبەر دەكات، هەرێم هەموو ئاسانكارییەكی بۆ مەرجەكانی عێراق و ڕێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیاكان كردووە و گرێبەستەكانی نێوان هەرێم و كۆمپانیاكان بەپێی بڕیاری دادگاكانی عێراق یاسایین. بەڵام حكومەتی عێراق ئاستەنگی نوێ لەبەردەم پرۆسەكە دروست دەكات، تاكوو هەرێم لەڕووی ئابوورییەوە لاواز بکات و توانای خۆبژێویی نەبێت وەک لە سەرەتای 2014ەوە ڕووی داوە.
سەرباری ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو پاساوەكانی بەغدای لە بواری دارایی و نەوتدا بڕیوە، هاوكات ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ و كاركردن بە دەستوور و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی پیشان داوە، بەڵام سزادان و گەمارۆكانی بەغدا بۆ سەر خەڵكی كوردستان بەردەوامن و نیازی حكومەتی فیدراڵی لە دژایەتیی قووڵی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەیدا بۆ ناوخۆ و دەرەوە ڕوون بووەتەوە، ئەمەش ناڕەزایەتییەكی توندی حزبەكانی كوردستان و عێراق و سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق و سیاسەتمەدار و چاودێرانی دەرەوەی لێكەوتووەتەوە.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment