چه‌ند كه‌سێك له‌ خۆپیشاندانه‌كانى ئێران كوژران ئێران

نوچه‌نێت

میدیاکانی ئێران بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، گه‌نجێكى تەمەن ١٧ ساڵ کە رۆژی هەینی لە کاتی خۆپیشاندان لە شاری ئەهواز لە ئێران، بە فیشەک بریندار ببوو، لە نەخۆشخانەی ئەو شارە گیانی لە دەست دا.

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی تەمووزی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردەوە، هاوکات چەندین ڤیدیۆی جیاواز لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە کە دەری دەخەن، خۆپیشاندانەکان بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە کەمئاوی لە پارێزگای خوزستان بەردەوامن.

بەگوێرەی میدیاکان ئەو گه‌نجه‌ کوژراوە، لە خۆپیشاندانەکانی کوت عەبدوڵای ئەهواز بەشدار بوو و "بە هۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکان بریندار ببوو" و ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

پێشتریش راگەیێندرابوو، گەنجێکی ٣٠ ساڵ تەمەن، لە کاتی خۆپیشاندانەکان لە شاری شادگان سەر بە پارێزگای خوزستان، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە کوژراوە.

چەند راپۆرتێک سەبارەت بە کوژرانی کەسێکی تریش بڵاو بوونەتەوە، بەڵام هێشتا پشتڕاست نەکراوەتەوە. هاوکات چەندین ڤیدیۆی نوێ بڵاوبوونەتەوە کە دەری دەخەن، خۆپیشاندانەکان لە شارە جیاجیاکانی پارێزگای خوزستان،  لەوانە سوسەنگرد بەردەوامن. ژمارەیەک خۆپیشاندەریش لە بەردەم قایمقامی شوش کۆبوونەتەوە.

چەند ڤیدیۆیەکی بڵاوکراوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەری دەخەن، خۆپیشاندەران جادەی ئەهواز- ئەندیمشکیان داخستووە و لە چەندین وێنە و ڤیدیۆی تردا دەر دەکەوێت، هێزە ئەمنییەکان بە کەلوپەلی تایبەت و بە مەبەستی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران بڵاوەیان پێ کراوە.  بەگوێرەی میدیاکان لە ناوچەی خەفاجیەی شاری سوسەنگرد کە ژمارەیەکی بەرچاو خۆپیشاندەر کۆبوونەتەوە، دەنگی تەقە بیستراوە. 
شەوی هەینی، واتە لە دووەم شەوی خۆپیشاندانەکانی پارێزگای خوزستان، دانیشتووانی ئەو پارێزگایە لەسەر شەقامەکان لە دژی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی دروشمیان گوتووەتەوە. 
لە کاتێکدا خۆپیشاندانەکان بەردەوامن، قاسم سلێمانی دەشتەکی پارێزگاری خوزستان، هەواڵ و راپۆرتی میدیاکان سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی رەت کردووەتەوە و رایگەیاندووە ئەو وێنە و ڤیدیۆیانە ساختەن. ئەوە لە کاتێکدایە کە دەشتەکی پێشتر گوتبووی، قەیرانی ئاوی ئەو پارێزگایە لە کۆبوونەوەی سێ سەرۆکی باڵای ئێران (سەرۆکی حکومەت، پەرلەمان و دەزگای داد) تاوتوێ دەکرێت.

پێشتر عەبدوڵا ئیزەدپەنا، نوێنەری ئیزە و باغلمەک لە پەرلەمان، گووتبووی، خوزستان پارێزگایەکی گرنگە بۆ ئێران و "نەبوونی ئاسایش لە خوزستان، بە واتای نەبوونی ئاسایشە لە هەموو ئێران". ئیزەدپەنا، داوای کۆتاییهێنان بە هەوڵەکان بۆ گواستنەوەی ئاوی کردبوو.

لە ساڵانی رابردوودا گواستنەوەی ئاو لە پارێزگای خوزستانەوە بۆ شوێنەکانی تری ئێران، چەندین جار کاردانەوەی دانیشتووان و بەرپرسانی ئەو پارێزگایە لێکەوتووەتەوە.  پارێزگای خوزستان ئەمساڵ یەکێک لە گەرمترین ناوچەکانی ئێران بووە و بەرپرسانی ئەو شارە چەندین جار بە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما داودەزگا حکوومییەکانیان داخستووە و پشوویان راگەیاندووە. ئەو پارێزگایە وەک ناوچەکانی تری ئێران، ئەمساڵ رووبەڕووی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی رێژەی بارانبارین بووەتەوە.جگە لە خوزستان، پارێزگاکانی سیستان و بەلووچستان، خوراسان، هۆرمۆزگان و کرمانیش تووشی کەمئاویی بێ وێنە بوونەتەوە.


 


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین