له‌باره‌ى خۆپیشاندانه‌كانى ئێران داوایه‌ك له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌كرێت ئێران

نوچه‌نێت

لە کاتێکدا قەیرانی گەورەی کەمئاوی لە پارێزگای خوزستان، لە چەند ڕۆژی رابردوودا بووەتە هۆی سەرهەڵدانی چەندین خۆپیشاندانی بەربڵاوی دانیشتوانی ئەو پارێزگایە و بە هۆی پێکدادانی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان لانیکەم دوو کەس کوژراون. هەروەها لە هەلومەرجێکدا کە بەرپرسانی ئێران پلانێکیان بۆ دابینکردنی ئاوی ئەو پارێزگایە نەخستووەتە ڕوو، ناوەندی "بەرەکەت" کە بەشێکە لە "بنکەی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی ئیمام"، بە مەبەستی گەیاندنی ئاو لە رێگای بۆری و تانکەرەوە، گرێبەستێکی ١٥٠ ملیار تمەنی لەگەڵ کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای خوزستان واژۆ کردووە.

رۆژی یەکشەممە ١٨ی تەمووزی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دەنگی ئەمریکا" بڵاوی کردەوە، بەرەکەت هەمان ئەو ناوەندەیە لە ئێراندا بەرپرسیاریەتی بەرهەمهێنان و دابەشکرنی پیکوتەی کۆرۆنای بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە ئەستۆیە.

بەگوێرەی ئەو گرێبەستە کە رۆژی یەکشەممە ١٨ی تەمووز ئیمزا کراوە، ناوەندی بەرەکەت بەڵێنی داوە لە ماوەی نۆ مانگدا، ئاوی خواردنەوەی ٤٧١ گوند و ١٣ شارۆچکەی پارێزگای خوزستان کە تووشی قەیرانی کەمئاوی بوونەتەوە، لە رێگای بۆری و تەنکەرەوە دابین بکات. 

ئەوە لە کاتێکدایە زۆرێک لە دانیشتووانی ناوچە جیاجیاکانی خوزستان بۆ درێژەدان بە ژیان و بژێوی خۆیان پێویستی خێرایان بە ئاوی خواردنەوە و ئاو بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری هەیە. 

دانیشتووانی شارەکانی ئەهواز، کرخە، سوسەنگرد، شادگان، کوت عەبدوڵا، حەمیدیە و شوش بۆ گەیاندنی دەنگی ناڕەزایی خۆیان چەندین خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانەیان بەڕێوە بردووە، و ئەو خۆپیشاندانانە تا ئێستا لانیکەم دوو کوژراوی لێکەوتووەتەوە.

هاوکات، ناوەندی بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ بە ناردنی نامەیەک بۆ کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، داوای لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە هەموو توانای خۆیان بە مەبەستی ڕێگریکردن لە درێژەدان بە سەرکوتکردنەکان بخەنە گەڕ. 

ناوەندی بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ، کۆپییەک لەو نامەیە بۆ جاوید رەحمان راپۆرتنێرى تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران، ئەگنیس کالامار راپۆرتنێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کوشتنە نایاساییەکان، کلمێنت ڤۆلی راپۆرتێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بواری ئازادی کۆبوونەوە ئاشتیخوازانەکان و رێکخستنەکان و هەروەها کۆپییەکی بۆ گرووپی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی دەستبەسەرکردنە نایاساییکان ناردووە. 

ئەو ناوەندە ئێرانیە بەرگریکارەی مافەکانی مرۆڤ، لەو نامەیەدا، وێڕای ئاماژەدان بە کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران و دەستبەسەرکردنی ژمارەیەکی تر، نیگەرانی خۆی سەبارەت بە بەردەوامی و ئاڵۆزتربوونی دۆخەکە دەربڕیوە. 

دەگوترێت تا ئێستا چەند کەس لە خۆپیشاندەرانیش بریندار و دەستبەسەر کراون. 

بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە، چالاکوانان باسی رەوانەکردنی ژمارەیەکی زیاتر لە هێزە ئەمنییەکان بۆ ئەهواز، بە مەبەستی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران دەکەن. 

لە شاری سوسەنگرد، یەکێک لە شارەکانی پارێزگای خوزستان کە خۆپیشاندانەکان بەردەوامن، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر خۆپیشاندەران. 

دانیشتووانی ئەو شارەیش، وێنە هەڵواسراوەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییان دڕاندووە و دروشمیان گوتووەتەوە.  خۆپیشاندانەکان لە کاتێکدا بەردەوامن کە قاسم سلێمانی دەشتەکی، پارێزگاری خوزستان گوتوویەتی، "پلانێکی هەمەلایەنە" سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی کەمئاوی لە پارێزگای خوزستان ئامادە دەکرێت، بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیدا تاوتوێ بکرێت. 

هاوکات، محەمەد باقر نەوبەخت، جێگری سەرۆک کۆمار و سەرۆکی رێکخراوی بەرنامە و بودجەی ئێران، رۆژی یەکشەممە گوتی، شاندێکی حکومەت بودجەیەکی هەزار و ١٥٠ ملیار تمەنی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خوزستان تەرخان کردووە. 

 

 

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین