فه‌رمانده‌یه‌كى سوپاى پاسداران كوژرا ئێران

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، سه‌ید ئه‌حمه‌د قوڕه‌یشى فه‌رمانده‌ له‌ سوپاى پاسداران و سه‌رپه‌رشتیارى میلیشیاكانى فاتمیون له‌ سووریا كوژراوه‌، بێئه‌وه‌ى واده‌ و شێوازى كوژرانه‌كه‌ى دیار بێت.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 25ى ته‌مووز، رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ كوژرانى سه‌ید ئه‌حمه‌د قوڕه‌یشى  له‌ سووریا ده‌كات و تارانیش هه‌واڵى كوژرانه‌كه‌ى پشتڕاست كردووه‌ته‌وه‌. به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌ سه‌رچاوه‌كان باسیان له‌ واده‌ى كوشتن و شێوازه‌كه‌ى نه‌كردووه‌.

رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت ده‌ڵێ، "نازانرێ هۆكاره‌كه‌ى بۆردومانه‌كه‌ى ئیسرائیل بووه‌ له‌ ده‌شتاییه‌كانى حه‌له‌ب و حومس له‌ دوو رۆژى رابردوودا، یانیش له‌ بۆردومانى ئه‌مریكا بووه‌ كه‌ چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ نزیك سنوورى عێراق ئه‌نجام دراوه‌".

روانگه‌ى سوورى بۆ مافه‌كانى مرۆڤ بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، فه‌رمانده‌یه‌كى سوپاى پاسدارانى ئێران له‌سه‌ر خاكى سووریا كوژراوه‌، به‌ دیارترین سه‌ركرده‌ى لیواى فاتمیون داده‌نرێت و ناوى سه‌ید ئه‌حمه‌د قوڕه‌یشییه‌، به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك ئێرانى و به‌ یاوه‌رى قاسم سوله‌یمانى فه‌رمانده‌ى پێشووى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسداران به‌شدارى چه‌ندان شه‌ڕى كردووه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه‌یش كراوه‌، قوڕه‌یشى چه‌ندان به‌رپرسیارێتى له‌ناو هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى ئێران هه‌بووه‌، له‌وانه‌ به‌رپرسى به‌سیج بووه‌ له‌ كه‌ره‌ج، دواتر له‌ سوپاى پاسداران كارى كردووه‌، له‌شه‌ڕى عێراق و ئێرانیش به‌شدار بووه‌. له‌ساڵى 2013 له‌سه‌ر داواى قاسم سوله‌یمانى لیواى فاتمیونى داناوه‌، بۆئه‌وه‌ى به‌شدارى له‌شه‌ڕى سووریا بكات.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین