ئه‌نه‌كه‌سه‌ وه‌ڵامى لێدوانى دژ به‌ هه‌رێمى كوردستانى هه‌سه‌ده‌ ده‌داته‌وه‌ کوردستانی

نوچه‌نێت

ئه‌نجوومه‌نى نیشتمانى كورد له‌ سووریا كه‌ به‌ "ئه‌نه‌كه‌سه‌" ده‌ناسرێت له‌ راگه‌یێندراوێكدا وه‌ڵامى ئه‌و لێدوانانه‌ ده‌داته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌كانى هه‌سه‌ده‌ و په‌یه‌ده‌ دژ به‌ هه‌رێمى كوردستان دراون و ده‌ڵێ، "ئه‌مه‌ خزمه‌تى ئاینده‌ى گه‌لى كورد ناكات و له‌به‌رژوه‌ندى دوژمنانیه‌تى".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ سێى ئاب، ئه‌نجوومه‌نى نیشتمانى كورد له‌ سووریا "ئه‌نه‌كه‌سه‌" راگه‌یێندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا ئه‌و لێدوانانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌كانى هێزه‌كانى سووریاى دیموكرات"هەسەدە" دژ به‌ پێشمه‌رگه‌ و هه‌رێمى كوردستان دراون.
له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌ هاتووه‌، "ئه‌و هه‌ڕەشانه‌ى كه‌ به‌م دواییه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسانى پارتى یه‌كێتى دیموكراتى "په‌یه‌ده‌" و فه‌رمانده‌كانى هه‌سه‌ده‌ له‌ دژى هه‌رێمى كوردستان دراون، به‌ وه‌رچه‌رخانێكى ترسناك داده‌نرێن له‌ هه‌ڵوێستدا، به‌ تایبه‌تى ده‌زانرێت هه‌سه‌ده‌ خۆى به‌ هێزێكى سه‌ربازى نیشتمانى سوورى ده‌زانێت و له‌ ریزه‌كانى چه‌ندان جه‌نگاوه‌رى پێكهاته‌ى عه‌ره‌بى و سریانى و ئاشوورى هه‌یه‌".
له‌و روانگه‌یه‌وه‌ ئه‌نه‌كه‌سه‌ روونى ده‌كاته‌وه‌ ئه‌و لێدوانانه‌ى به‌رپرسانى هه‌سه‌ده‌  تایبه‌تمه‌ندى هه‌سه‌ده‌ وه‌ك هێزێكى ناوخۆیى سووریا و به‌شدار له‌ هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژ به‌ داعش ره‌ت ده‌كاته‌وه‌، چونكه‌ هه‌رێمى كوردستان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یش به‌شێكى سه‌ره‌كین له‌ هاوپه‌یمانییه‌كه‌ و له‌گه‌ڵ عێراقن كه‌ سه‌روه‌ریى خۆیان هه‌یه‌.
ئه‌نه‌كه‌سه‌ دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ له‌ خزمه‌ت ئاینده‌ى كورد و خواسته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى نابێت، جارێكى تریش داوا له‌ په‌كه‌كه‌ ده‌كات رێز له‌ سه‌روه‌رییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بگرێت.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین