سەركردە نەیارەكانى ناوچەکە لە بەغدا بە یەکتر دەگەن راپۆرت و شیکاری

تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

بڕیارە لەكۆتایی ئەم مانگە كۆنگرەی بەغدا بۆ وڵاتانی دراوسێ‌ بەڕێوە بچێت. چاودێرانی سیاسی پێشبینی ئەوە دەكەن زۆر دیدار و گفتوگۆی لەناكاو لەو كۆنگرەیە رووبدات، بە تایبەتی ئەگەر هەموو ئەو رابەرانەی بانگهێشتكراون ئامادەبن، لە کاتێکدا ژمارەیەك ناكۆكیان لەنێواندا هەیە كەچی لە بەغدا بە یەكتر دەگەن.

 

زۆربەی بەشداربووانی كۆنگرەی بەغدا لەگەڵ یەكتر ناكۆكن

 

 چەند رۆژێكە لە میدیاكانی عێراقی و عەرەبی باس لە بەڕێوەچوونی كۆنگرەی بەغدا دەكرێت و كە چاوەڕوان دەكرێت زۆرێك لە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە تێیدا بەشدار بن. ئەمڕۆ سێشەممە 10ی ئاب چەند رۆژنامەیەك باسیان لەو كۆنگرەیە كردووە و پێشبینییان خۆیان خستووەتەڕوو. 

بە چاوپۆشین لەوەی ئەو كۆنگرەیە چ سوودێكی بۆ عێراق دەبێت؟ شرۆڤەكاران دەڵێن چاوەڕوان دەكرێت زۆر دیداری لەناكاو لەو كۆنگرەیە رووبدات، چونكە كۆمەڵێك سەرۆك و رابەر كۆدەكاتەوە كە پێشتر پەیوەندییان لەگەڵ یەكتر نییە و  تەنانەت دژایەتی یەكتریش دەكەن.

بۆ ئەوەی وێنەی كۆنگرەكە روونتر بێتەوە دەبێت سەرەتا ئاماژەیەك بۆ ئەو وڵاتانە بكرێت كە تێیدا بەشدار دەبن، تا ئێستا جیا لە شەش وڵاتەكەی دراوسێی عێراق: ئێران، كوێت، سعوودیە، ئوردن، سووریا، توركیا،  هەر یەكە لە میسڕ و ئیمارات و قەتەڕیش تێیدا بەشدار دەبن. جیا لەوانە نوێنەرانی چەند وڵاتێكی ئەوروپی و ئەمریكا لە كۆنگرەكە بەشدار دەبن. 

تەنیا ئەو ناوانەی سەرەوە كۆمەڵێك ناكۆكییانە لەنێوان هەیە كە ئەمە بەشێكیانە: میسڕ و توركیا لەسەر مەسەلەی دەستوەردانە سەربازییەكانی توركیا لە هەر یەكە لە لیبیا و سووریا و عێراق، داڵدەدانی ئیخوانەكان، دۆسیەی گازی سروشتی لە دەریای سپی ناوەڕاست لەگەڵ یەكتر ناكۆكن. دواتر میسڕ و قەتەڕ ئەم دوویانەیش لەسەر كۆمەڵێك دۆسیەی كە دیارترینیان مەسەلەی ئیخوانەكانە ناكۆكن. ئیمارات و قەتەڕ هەرچەندە دژایەتی نێوان ئەم دوو وڵاتە هێوربووەتەوە، بەڵام ئەم دوو وڵاتە لە تەتگژەی كەنداو بەشدار بوون. تەنگژەی كەنداو ئەوەیانە كە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2017   میسڕ و سعوودیە و ئیمارات و بەحرێن ئابڵۆقەی تەواویان بەسەر قەتەڕ سەپاند و بە هاوكاریكردنی تیرۆر تۆمەتباریان كرد.

جیا لەو ناكۆكیانەی سەرەوە چەندان ناكۆكی باو هەیە كە كارەكتەرەكانیان لە بەغدا بەشدار دەبن، لەوانە ناكۆكی نێوان سعوودیە و ئێران، ناكۆكی نێوان ئەمریكا و ئێران. بەغدا خۆی كە بەدەست كۆمەڵێك قووڵەوە دەناڵێنێ‌ بڕیارە لە 28 یان 29ی ئەم مانگە هەموو ئەو ناكۆكییانە لەسەر مێزی خۆی كۆبكاتەوە.

 تا ئێستا دیار نییە ئێران بەشدار دەبێت یان نا، جیا لەوەیش دیار نییە كە ئاخۆ بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا بانگهێشت دەكرێت. ماڵپەڕی شەفەق نیوز ئەمڕۆ لە سەرچاوەیەكەوە بڵاوی كردووەتەوە، عێراق هەوڵ دەدات لە كۆنگرەكە نزیكبوونەوەیەك لەنێوان ئەمریكا و ئێران بهێنێتە ئاراوە. سەرچاوەیەك لە حكومەتی عێراق دەڵێ‌، "كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق كار دەكات بۆ ئەوەی لە میانەی كۆنگرەكە گفتوگۆیەكی راستەوخۆی تاران و واشنتن بە چاودێری عێراق ئەنجام بدات". ئەو سەرچاوەیە دووپاتی دەكاتەوە، لە لایەن ئێران و ئەمریكایش پێشوازی لەو هەوڵەی عێراق كراوە.

 

سپوتنیك : كۆنگرەی بەغدا تەنیا بۆ جوانكردنی وێنەی كازمییە

 

 ماڵپەڕی مەیادین كە سەر بە ئێرانە لە راپۆرتێكی شیكاری باسی لەوە كردووە، ئەگەر ئەم كۆنگرەیە ببەسترێت و تەواوی بانگهێشتكراوەكان تێیدا بەشدار بن ئەوا كۆمەڵێك دیداری لەناكاو و چاوەڕواننەكراوی تێدا روو دەدات، یەكێك لەوانە دیداری رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر دەبێت.

 سەبارەت بە بەرژوەندییەكانی كۆنگرەكە بۆ عێراق، چاودێرانی سیاسی بەسەر دوو گرووپ دابەش دەبن، یەكێكیان دەڵێ كۆمەڵێك سوودی بۆ عێراق هەیە چونكە عێراق بووەتە گۆڕەپانی ململانێیەكان بەهۆی ئەو كێشانەوە كە لەسەرەوە باس كرا، جا هەر یەكێك لەو كێشانە بەرەو چارەسەر بكرێت ئەوا دەرژێتە بەرژوەندی عێراقەوە، بەڵام لە بەرانبەردا بۆچوونێكی تر هەیە وەك ئاژانسی سپۆتنیكی رووسی ئاماژەی بۆ كردووە ئەویش ئەوەیە دەڵێ‌، ئەو كۆنگرەیە هیچ سوودێكی نییە تەنیا جوانكارییەكە بۆ وێنەی مستەفا كازمی ئەگەرهاتوو هەڵبژاردن شكست بهێنێت ئەو بتوانێ بە پاڵشتییەكی فراوان بمێنێتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین