نه‌خشه‌ى پێشبڕكێى هه‌ڵبژاردن له‌ دهۆك و سلێمانى چۆن ده‌بێت؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

زۆربه‌ى حزبه‌ ركابه‌ره‌كان له‌ سلێمانى و دهۆك په‌رله‌مانتارانى خۆیان به‌ كاندیدى نوێ بۆ هه‌ڵبژاردنى تشرینى داهاتوو گۆڕیوه‌. له‌ كاتێكدا دهۆك ته‌نیا دوو په‌رله‌مانتارى كاندید كردووه‌ته‌وه‌، یه‌كێك له‌ حزبه‌كان ته‌واوى په‌رله‌مانتارانه‌ براوه‌كانى له‌ساڵى 2018 به‌ كاندیدى نوێ گۆڕیوه‌ته‌وه‌، كه‌چى حزبه‌كانى تر په‌رله‌مانتاره‌كانیان وه‌ك كاندیدى سه‌ربه‌خۆ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

له‌ 93 كاندیدى سلێمانى و دهۆك ته‌نیا هه‌شت كاندید دووباره‌ن

 

له‌م دوو شاره‌ى هه‌رێمى كوردستان 93 كاندید له‌ هه‌شت بازنه‌ى هه‌ڵبژاردنى دوو پارێزگاكه‌ ركابه‌رى ده‌كه‌ن له‌سه‌ر 29 كورس، جیا له‌وه‌یش كورسییه‌ك له‌ دهۆك بۆ كۆتاى مه‌سیحییه‌كانه‌، كه‌ شه‌ش كاندید ركابه‌رى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.

بازنه‌كانى سلێمانى

كه‌شى هه‌ڵبژاردن له‌ سلێمانى ئارامه‌، هه‌ر حه‌وت كاندیدێك له‌سه‌ر دوو كورسى ركابه‌رى ده‌كه‌ن، كۆى كاندیده‌كانى ئه‌و شاره‌ 63 كاندیده‌، كه‌چى 18 كورسى هه‌یه‌. له‌و شاره‌دا كه‌ ملیۆنێك و 400 هه‌زار كه‌س مافى ده‌نگدانیان هه‌یه‌، به‌سه‌ر پێنج بازنه‌دا دابه‌شكراوه‌.

بازنه‌ى یه‌كه‌م چوار كورسى هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ 12 كاندید، ئه‌مه‌یان بازنه‌ى سه‌نته‌رى شاره‌. بازنه‌ى دووه‌م كه‌ ئه‌ویش سه‌نته‌رى شاره‌ سێ كورسى هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ 15 كاندید. بازنه‌ى سێیه‌م بازنه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ كه‌ سێ كورسى بۆ ته‌رخان كراوه‌ و ته‌نیا حه‌وت كاندیدى هه‌یه‌، چواره‌م بازنه‌ دوكان و رانیه‌یه‌، چوار كورسى و 14 كاندیدى هه‌یه‌.

بازنه‌ى پێنجه‌م و كۆتایى، ئه‌و بازنه‌یه‌ چه‌مچه‌ماڵ، كفرى، كه‌لار له‌خۆ ده‌گرێت، چوار كورسى بۆ ته‌رخان كراوه‌ و 15 كاندید هه‌یه‌.

گۆڕینى په‌رله‌مانتاران

دیارترین ركابه‌ر له‌و شاره‌ یه‌كێتى نشتیمانى كوردستانه‌، كه‌ خاوه‌نى پێگه‌ى یه‌كه‌م بوو له‌ هه‌ڵبژاردنى 2018  زیاتر له‌ 260 هه‌زار ده‌نگى هێنا.
ئه‌و حزبه‌ كه‌ له‌ژێر ناوى هاوپه‌یمانى كوردستان چووه‌ته‌ ناو هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، ته‌واوى هه‌شت په‌رله‌مانتاره‌ براوه‌كه‌ى "له‌ سلێمانى" هه‌ڵبژاردنى به‌ كاندیدى نوێ گۆڕیوه‌. دیارترین دوورخراوه‌ى ئه‌و حزبه‌ میران محه‌مه‌ده‌، كه‌ له‌دوایین هه‌ڵبژاردن 55 ده‌نگى هێنا بوو. 
جگه‌ له‌وه‌یش جێگره‌وه‌ى ئه‌و رێزان شێخ دلێر و بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان كه‌ ئه‌وه‌یان 27 هه‌زار ده‌نگى له‌ هه‌ڵبژاردنى 2018 به‌ده‌ست هێنابوو. 
بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان سێ په‌رله‌مانتارى له‌ لیسته‌كانى خۆى دوورخستووه‌ته‌وه‌، چواره‌میان سه‌ربه‌خۆ دابه‌زیوه‌. له‌ هه‌ڵبژاردنى رابردوو گۆڕان له‌ سلێمانى 150 هه‌زار ده‌نگى هێنابوو، پێنج كورسى له‌ په‌رله‌مان هه‌بوو" چواریان سلێمانى بوون".  په‌رله‌مانتاره‌ دوورخراوه‌كان له‌ لیسته‌كانى گۆڕان بریتین له‌ به‌هار مه‌حموود، هۆشیار عه‌بدوڵا، یوسف محه‌مه‌د، كه‌چى غالب محه‌مه‌د به‌ سه‌ربه‌خۆ دابه‌زیوه‌، كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى رابردوو 23 هه‌زار ده‌نگى هێنابوو.

یه‌كێتى هیچ كاندیدێكى دووباره‌ى له‌ سلێمانى نییه‌


سه‌باره‌ت به‌ په‌رله‌مانتارانى نه‌وى نوێ، هه‌ر یه‌كه‌ له‌ سه‌ركه‌وت له‌تیف و یوسرا ره‌جه‌ب ئه‌وا وه‌ك كاندیدى سه‌ربه‌خۆى به‌شدار ده‌بن و سروه‌ عه‌بدولواحیدیش وه‌ك ئه‌وان له‌ هه‌ولێر به‌شدار ده‌بێت. 
ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى له‌ سلێمانى جارێكى تر دێنه‌وه‌ ناو هه‌ڵبژاردن بریتین له‌: ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید له‌ كۆمه‌ڵى دادگه‌رى كوردستان جارێكى تر له‌ لیستى حزبه‌كه‌ى به‌شدار ده‌بێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ موسه‌نا ئه‌مین كه‌ ئه‌و كاندیدى سه‌ربه‌خۆ ده‌بێت، پێشتریش كاندیدى یه‌كگرتووى ئیسلامى بوو. 
رێبوار كه‌ریم كه‌ پێشتر له‌ ساڵى 2018 له‌ لیستى هاوپه‌یمانى بوو، ئه‌و جاره‌ كاندیدى سه‌ربه‌خۆ ده‌بێت. 


هه‌ڵبژاردن له‌ دهۆك


له‌ دهۆك كه‌متر له‌ ملیۆنێك كه‌س مافى ده‌نگدانیان هه‌یه‌ و له‌ناو ئه‌واندا ده‌یان هه‌زار ئاواره‌ هه‌یه‌. ده‌نگده‌رانى دهۆك به‌مشێوه‌یه‌یه‌ : 778 هه‌زار ده‌نگده‌ر، 51 هه‌زار ده‌نگده‌رى تایبه‌ت، 70 هه‌زار ئاواره‌.
پارێزگاى دهۆك بۆ هه‌ڵبژاردن به‌سه‌ر سێ بازنه‌ دابه‌شكراوه‌، یه‌كه‌میان سه‌نته‌رى شار و ئامێدى له‌خۆ ده‌گرێت كه‌ چوار كورسى هه‌یه‌، 15 كاندید ركابه‌رى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن. بازنه‌ى دووه‌م زاخۆیه‌ كه‌ سێ كورسى و هه‌شت كاندیدى هه‌یه‌ و بازنه‌ى سێیه‌میش كه‌ بازنه‌ى ئاكرێیه‌ چوار كورسى بۆ ته‌رخان كراوه‌ و كه‌چى حه‌وت كاندیدى هه‌یه‌.
كۆى كورسییه‌كانى دهۆك 11 كورسییه‌ و له‌گه‌ڵ كورسییه‌كى كۆتاى مه‌سیحییه‌كان، ژماره‌ى كاندیده‌كانیش 30 كاندیده‌، واته‌ له‌سه‌ر هه‌ر دوو كورسى پێنج كاندید ركابه‌رى ده‌كه‌ن.
پارتى دیموكراتى كوردستان گه‌وره‌ترین حزبه‌ له‌ دهۆك، له‌ هه‌ڵبژاردنى رابردوو به‌ زیاتر له‌ 350 هه‌زار ده‌نگ پله‌ى یه‌كه‌مى له‌ شاره‌كه‌ هێنا. پارتى به‌ ته‌واوى كاندیدى نوێى داناوه‌ و ته‌نیا ڤیان سه‌برى نه‌بێت كه‌ ئێستا سه‌رۆكى فراكسیۆنه‌كه‌یه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنى رابردوو 21 هه‌زار ده‌نگى هێنا بوو، له‌ ده‌ره‌وه‌ى كۆتاى ژن ده‌رچوو.
په‌رله‌مانتارانى پارتى له‌سه‌ر شارى دهۆك له‌ په‌رله‌مانى عێراق، 10 په‌رله‌مانتارن، دیارترین ئه‌وانەى‌ ئه‌م جاره‌ به‌شدار نیین، به‌یار تاهیر، دالیا فه‌رهاد، هندرین له‌زگین، دیار ته‌یب. جه‌مال كۆچه‌ر كه‌ پێشتر له‌ ساڵى 2018 له‌سه‌ر لیستى یه‌كگرتووى ئیسلامى بوو، جارێكى تر خۆى كاندید كردووه‌ته‌وه‌. 

سلێمانى و دهۆك دوو كاندیدى دووباره‌ى حزبى هه‌یه‌
شه‌شه‌كه‌ى تر خۆیان به‌ سه‌ربه‌خۆ كاندید كردووه‌ته‌وه‌


كورسی مه‌سیحییه‌كان له‌ دهۆك


ئه‌م كورسییه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ كۆتاى مه‌سیحى شه‌ش كاندید كێبڕكێى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن و كه‌ سه‌ربه‌ پێنج ره‌وتى جیاوازى مه‌سیحین، یه‌عقوب گورگیس له‌ بزووتنه‌وه‌ى دیموكراتى ئاشوورى، به‌یدا خزر له‌ بابلیۆن، سامى گورگیس له‌ هاوپه‌یمانى حه‌مورابى، جیا له‌ دوو كاندیدى حزبى ئاشوورى و ئه‌نجوومه‌نى كه‌لدانى و كاندیدێكى سه‌ربه‌خۆ. پێشتر له‌ ساڵى 2018 په‌رله‌مانتارى شاره‌كه‌ عه‌مانوئیل خۆشابا بوو كه‌ ئه‌م جاره‌ بۆ كورسى كۆتایى كه‌ركووك رۆیشتووه‌.

 

سه‌رچاوه‌ : مه‌دا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین