25 ملیار دۆلارى حه‌واڵه‌كراوى عێراق دیار نییه‌ کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى جه‌زیره‌ ئه‌مڕۆ له‌ راپۆرتێكدا به‌ پشتبه‌ستن به‌ زانیارییه‌ فه‌رمییه‌كانى عێراق ئاشكراى ده‌كات، 25 ملیار دۆلارى حه‌واڵه‌كراوى عێراق دیار نییه‌، چونكه‌ عێراق له‌ ساڵى 2020 به‌ به‌هاى 15 ملیار دۆلار شتومه‌كى هاورده‌ كردووه‌، كه‌چى 40 ملیار دۆلار پاره‌ى حه‌واڵه‌ى ده‌ره‌وه‌ كردووه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 14ى ئاب ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى جه‌زیره‌ راپۆرتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا باس له‌ ناكۆكى ئه‌و ژماره‌یە ده‌كات كه‌ له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانى عێراق بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌ به‌گوێره‌ى زانیارییه‌ فه‌رمییه‌كانى وزاره‌تى پلاندادانى عێراق ساڵى رابردوو 2020  قه‌باره‌ى هاورده‌كردنى شتومه‌ك بۆ عێراق به‌ به‌هاى 15 ملیار دۆلار بووه‌. 

وه‌زاره‌تى پلاندانان كاتێك ویستوویه‌تى قه‌باره‌ى هاورده‌كردنى ساڵى رابردوو ئاشكرا بكات ده‌ڵێ، “به‌ بڕى 15 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار شتومه‌ك هاورده‌ كراوه‌ و ئه‌مه‌یش به‌ رێژه‌ى 25.9% له‌ ساڵى 2019 كه‌متره‌، كه‌ ئه‌و كات گه‌یشته‌ 29 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار بوو”.

كه‌چى له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ بانكى ناوه‌ندى عێراق ئامارى حه‌واڵه‌كردنى پاره‌ى بۆ ده‌ره‌وه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و گوتوویه‌تى له‌ ساڵى 2020  بڕى 40 ملیار دۆلار حه‌واڵه‌ى ده‌ره‌وه‌ كراوه‌.

په‌رله‌مانتاران و ئابووریناسان سه‌رسوڕمانى خۆیان له‌و دیارده‌یه‌ ده‌ربڕیوه‌ و له‌وانه‌ جه‌مال كۆچه‌ر په‌رله‌مانتارى كورد و ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق  بۆ كه‌ناڵى جه‌زیره‌ قسه‌ى كردووه‌ و گوتوویه‌تى، "ئه‌و جیاوازییه‌ى له‌نێوان حه‌واڵه‌كردنى پاره‌ و كه‌لوپه‌لى هاورده‌كراو هه‌یه‌ نزیكه‌ى پێنجیه‌كى بودجه‌ى گشتى عێراقه‌ بۆ ئه‌مساڵ".

له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانى كۆچه‌ر باس له‌وه‌ ده‌كات له‌ مێژه‌ هه‌ستیان به‌و دیارده‌یه‌ كردووه‌ و كۆبوونه‌وه‌شیان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى دارایى و بانكى ناوه‌ندى كردووه‌، له‌سه‌ر بابه‌تى مه‌زادكردنى دراو له‌ بانكى ناوه‌ندى. كۆچه‌ر دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ بانكى ناوه‌ندى و وه‌زاره‌تى دارایى و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان به‌رپرسیارێتى ئه‌وه‌یان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ ژماره‌ راسته‌قینه‌كان ده‌ربخه‌ن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین